Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
پلاتفۆرمی ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌

پلاتفۆرمی ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌

Closed
by June 19, 2009 ژنان

 

ده‌ستپێشخه‌ری فێمینیستانه‌ له‌ دونیایه‌ک‌ ده‌ڕوانێت که‌ تێیدا ده‌رفه‌تی باشترین ژیان بۆ هه‌موو که‌سێک وه‌ک یه‌که‌. به‌‌ رواڵه‌ت ئه‌مڕۆ وانیه‌، ژن به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیکی‌ ژێرده‌سته‌ی پیاوه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م رواڵه‌ته‌ بگۆڕین. ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ درێژه‌ به‌و کاروخه‌باته ده‌دات، که‌ ماوه‌یه‌کی درێژه‌ ژنان بۆ باشترکردنی ژیانی خۆیان، به‌ئه‌نجامیان گه‌یاندووه‌. کارکردنی بێوچان تا ئێستاش له‌ ناو ماڵ، له‌ مه‌یدانی کار، له‌سه‌ر شه‌قام، له‌ قوتابخانه‌، له‌ بواره‌کانی ئه‌دبیات‌و مۆسیقا‌‌، له‌سه‌ر شانۆ‌و له‌ میدیاکان به‌رده‌وامه‌‌‌. ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ پرسیاره‌ فێمینیستیه‌کان ده‌خاته‌ پێشی پێشه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ‌رۆژانه‌ی‌کاری سیاسی‌.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ رووی له‌و ژنانه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌و‌ێت نۆرمی پیاوسالاری له‌ناو ببه‌ن، رووده‌کاته‌ ئه‌و پیاوانه‌ش که‌ هاوکاری له‌و خه‌باته‌ی ئێمه‌ ده‌که‌ن.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ پێی‌وانیه‌‌‌ ژنان له‌ هه‌موو شتێکدا کۆکن. ‌ ژنان هه‌موو وه‌ک‌یه‌ک نین. ئێمه‌ حه‌زو خۆزگه‌‌و ئاواتی جیاوازمان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌ڵکه‌وت‌ تواناکانمان وه‌ک یه‌ک نین. ئێمه، به‌هۆی مه‌رجی‌ئابووری، به‌هۆی ئه‌و چینه‌ی که‌ ئێمه‌ به‌ناچاری لێی له‌ دایکده‌بین، ئێمه‌ سه‌ربه‌ کولتووری جیاوازین، به‌هۆی جیاوازی پێست، جیاوازی خه‌سڵه‌ته‌جنسیه‌کانمان، به‌هۆی جیاوازی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌ی لێ له‌دایکبووین، له‌ کۆمه‌ڵگادا پێگه‌ی جیاوازمان هه‌یه‌. ئێمه‌ هه‌تا له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و حیسابکردن بۆ یه‌کتریش جیاوازین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ جیاوازین له‌یه‌کچوونیشمان هه‌یه‌: ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری، ژیانی ئافره‌ت‌و حه‌زو بڕیاره‌کانی، ده‌رفه‌ته‌کانی له‌ ژیان، سنووردار کردووه‌‌. کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری رێگا به‌ پیاو ده‌دات، پێناسه‌ی ژن به‌ئاره‌زووی خۆی بکات، رێگا به‌ پیاو ده‌دات ژن ژێرده‌سه‌ته‌ بکات‌و بیچه‌وسێنێته‌وه‌. نۆرمی ده‌سه‌ڵات بۆ  ژن‌و پیاو وه‌ک یه‌ک نیه‌‌‌و له‌‌ شێوه‌ی جیاجیا گوزارش له‌خۆی ده‌کات، به‌ڵام هه‌رده‌م توشی ژنان ده‌بێت‌.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ له‌ ژێر رۆشنایی توێژینه‌وه‌ی فێمینیستانه‌وه مه‌رجه‌کانی خۆی داده‌سه‌پێنێت‌. بنچینه‌ی ئه‌و داواکاریانه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گڕێت که‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژنان به‌ده‌نگی جیاواز ده‌دوێن، له‌ پێگه‌و شوێنی جیاوازدان، به‌ شێوه‌ی جیاواز‌و له‌ هه‌لومه‌رجی جیاوازدا ده‌ژێن، به‌ڵام هه‌موو روبه‌ڕووی یه‌ک ستروکتووری ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه،‌ که‌ تێیدا ژێرده‌سته‌یی ژنان‌و باڵاده‌ستیی پیاوان تێیدا به‌ئاشکرا دیاره‌‌. ئه‌و ستروکتووری ده‌سه‌ڵاته‌ش بریتیه‌ له‌و‌ه‌ی که‌‌ پیاو، به‌وشێوه‌یه‌ی که‌ هه‌یه‌ یان به‌وشێوه‌یه‌ی که‌ قسه‌ده‌کات‌ هه‌ڵسوکه‌ت ده‌کات، به‌نرختره،‌‌ له‌وه‌ی ئافره‌تان هه‌ن‌و ده‌یکه‌ن‌و ده‌یڵێن. ئه‌و جۆره‌ نۆرمه‌ش بریتیه‌ له‌ کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و دادوه‌ری‌، هه‌روه‌ها کێشه‌یه‌کی دیموکراتیشه‌‌‌.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ داواکاریه‌کانی ژنانی له‌به‌رچاوه‌. وێناکردنی به‌رده‌وامی ژنان، وه‌ک ئامێرێکی جنسی، رۆژانه‌ روبه‌ڕوومان دبێته‌وه‌. ژنان هه‌رده‌م‌ ژێرباری زه‌برووزه‌نگی پیاونن‌، پیاوان ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه‌ سه‌ر ژنان‌و کچان. ئه‌و ژنانه‌ش که‌ سنوره‌کان‌ ده‌به‌زێنن، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ له‌مه‌ڕ‌‌ ره‌گه‌ز‌و سێکسوالیتێت دیاری کردووه‌، دووچاری راونان‌و هه‌ڵاواردن دبنه‌وه‌. زۆر له‌و دایکانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان ژیانی ته‌نیایی ده‌به‌نه‌سه‌ر که‌وتوونه‌ته‌ ژێر باری سه‌ختی ئابوریه‌وه‌. بازرگانیکردن به‌ژن، له‌ سوید‌و له‌سه‌رتاسه‌ری دونیاش، رۆژانه‌ به‌رده‌وامه‌. جیهانگیریی بازاڕیکار ماندوبوونی ژنانی هه‌ژار ‌ده‌دۆشێت. له‌سوید شه‌قڵی‌موچه‌ له‌ نێو ره‌گه‌زه‌کان له‌ هه‌راشبووندایه‌‌. له‌و بوارانه‌ی‌کار که‌‌ ژنان تێیدا زۆرینه‌ن، هێشتا ئاستی موچه‌ نزمه‌‌. زۆربه‌ی ئیشی‌ ئافره‌تان تائێستاش له‌به‌رچاو ناگیرێت‌و بێ‌ده‌ستهه‌قه‌‌. ژنان به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیشی ناوماڵی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، له‌ کاری به‌خێوکرد، چ له‌ ماڵ چ له‌ بواری گشتی، به‌رپرسیاریێتی سه‌ره‌کیی خراوه‌ته‌‌ ئه‌ستۆ. ژنان له‌ مه‌یدانی کار، به‌ بیانووی منداڵبوون، منداڵی ببێت یان نا، ده‌چه‌وسێندرێته‌وه. موچه‌ی‌خانه‌نشینی ژنان له‌ هی پیاوان که‌متره‌. ژن له‌ توێژینه‌وه‌ی ده‌رمانسازی‌و چاره‌سه‌ریی‌ته‌ندروستی، پشتگوێخراوه‌. ژنی به‌ساڵاچوو خراپ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. ئه‌و ژنانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ داب‌و نه‌ریتی دونیای رۆژئاوایی‌سپی نایێنه‌وه‌، پێگه‌ی‌ که‌سێکی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌ی ناله‌باری ده‌درێتێ‌و په‌راوێز ده‌کرێت. ژنانی که‌متوانا له‌باری فیزیکی، توشی هه‌ڵاواردن ده‌بن. ژنان، ژیانیان ده‌خرێته‌ گه‌مه‌ی سیاسه‌تی په‌نابه‌ریه‌وه‌، چونکه‌ سیاسه‌تی په‌نابه‌ری تێگه‌یشتن‌و لێکدانه‌وه‌ی بۆ هۆکاره‌‌کانی په‌ناهێنانی ژنان نیه‌. دادگا‌و سیسته‌می دادوه‌ری، ئه‌و پیاوانه‌‌ ئازاد ده‌کات که‌ به‌ ده‌ستدرێژی‌کردنه‌ سه‌ر ژنان‌و کچان تاوانبارن، ئه‌و ژنانه‌ش که‌ ژیانیان لێ تاڵبووه‌ پشتگوێده‌خات. ژنان فه‌زاو ده‌رفه‌تی کارکردنیان له‌  قوتابخانه‌، له‌ کار، له‌ بواری بازرگانی، کولتوور، سیاسه‌ت، دادپه‌روه‌ری‌و میدیاکان له‌هی پیاوان که‌متره‌. ئه‌مانه‌‌و زۆریتریش ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ بیگؤڕین.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ ده‌بینێت که‌ کێبڕکێی ده‌سه‌ڵاتی‌پیاوسالارانه‌ی دونیا، خۆی به‌ توندوتیژی‌و بواره‌کانی شه‌ڕ په‌ساردووه‌‌و مانه‌وه‌ی خۆی له‌ دابه‌شکردنی ناڕه‌وای سامانه‌کانی سه‌ر زه‌وی‌و دۆشینی بێ مروه‌تانه‌ی ژینگه‌‌و ژه‌هراویکردنیی به‌ستۆته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی توندو تیژی به‌شیکی گه‌وره‌ی دانیشتوانی سه‌رزه‌وی ناچاری ژیانی سه‌ختی‌کوله‌مه‌رگی کردووه‌، به‌ تایبه‌تیش ژن‌و منداڵ. کچان له‌ مافی خوێندن بێبه‌شن. منداڵان ناچاری کاری ناشیاو‌و سه‌خت ده‌کرێن، ناچاری له‌شفرۆشی ده‌کرێن یان ده‌کرێن به‌ چه‌کداری جه‌نگ. ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ هه‌ڵوێستی هاوپیشتوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ فه‌زای ناسه‌ربازی ده‌کاته‌ بناخه‌ی کاری خۆی.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ بیرێکی خۆبه‌ختکه‌رانه‌یه‌ بۆ ئازادکردنی ژن له‌ ناعه‌داله‌تی ره‌گه‌زی. داواکاریه‌کانمان ئاراسته‌ی‌ پیاوسالاری ده‌که‌ین‌. ئێمه‌ به‌وه‌ قایل نین که له‌سه‌ر حیسابی ژن‌، هه‌ندێ‌ ژن له مه‌ڕ‌ کێشه‌ی‌یه‌کسانی سه‌رفراز ببن. ئێمه‌ خه‌بات بۆ ئازادی هه‌موو ژنان ده‌که‌ین. ئێمه‌ هاوپیشتیوانی بۆ ژنان ده‌هێنینه‌ کایه‌وه‌، درێژه‌ به‌ خه‌باتی فێمینیستی ده‌ده‌ین.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ بێزار بووه‌ له‌وه‌ی که‌ هیچ روونادات، تاراده‌یه‌ک گشت پارته‌کان به‌ خۆیان ده‌ڵێن فێمینیست، که‌چی ژیانی ژنان رۆژ دووای رۆژ، ساڵ دووای ساڵ، هه‌ر وه‌ک خۆیه‌تی‌و باشتر نابێت. سه‌رباری خه‌باتی بێوچانی زۆر له‌ ژنانی ناو پارته‌ سیاسیه‌کان، که‌چی هێشتا ویسته‌کانی ژنان نه‌خراوه‌ته‌ خانه‌ی پێشه‌وه‌. سیاسه‌تی جێنده‌ری سوید له‌سه‌ر جۆرێک له‌ سازژشکردن بنیاتنراوه‌ ـــ ده‌ستکه‌وتی زۆرمان ده‌بێت‌و پیاوانیش له‌خۆمان ناڕه‌نجێنین ‌ـــ ده‌ستپێشخه‌ریی‌فێمینیستانه‌ سیاسه‌تی خۆی له‌ژێر رۆشنایی توێژینه‌وه‌ داده‌ڕێژێت، که‌ نیشانی ده‌دات‌ سه‌رده‌ستیی پیاو، له‌ کۆمه‌ڵگادا، بۆته‌ مایه‌ی ژێرده‌ستیی ژنان‌. بۆیه‌ ده‌بێت پیاوان واز له‌‌‌ پێداوه‌کان‌ (ئیمتیازات)یان‌‌ بهێنن. ئێمه‌ هاوشان‌ له‌گه‌ڵ تۆڕی فێمینیستی سه‌رده‌م‌و‌ رێکخراوه‌‌و بزووتنه‌وه‌ی ژنان، که‌ به‌ درێژایی مێژوو کاریان بۆ مافه‌ره‌واکانی مرۆیی ژنان کردووه‌، رامان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌کانه‌‌‌.
ده‌ستپێشخه‌ریی‌ فێمینیستانه‌ فۆرموڵه‌ی سیاسه‌تێک‌ ده‌کات، که‌ له‌ گشت بواره‌کانی ژیان، ململانێ له‌گه‌ڵ پیاوسالاری ده‌کات. ئێمه‌ حیسابی ئه‌وه‌مان کردووه‌ که‌ به‌رهه‌ڵستی زۆره‌، به‌ڵام توانای ویستی فێمینیستی بۆ گۆڕین زۆر له‌وه‌ زۆرتره‌.

Previous
Next