دروشمی برایه‌تی …..
"دروشمی برایه‌تی" له نێوان و هه‌یمه‌نه‌له‌سه‌رکراو و هه‌یمه‌نه‌داره‌کاندا
ئیبر‌اهیم مهلازادهئایا کورد وه‌کو هه‌یمه‌نه‌له‌سه‌رکراو برای تورک و عه‌ره‌ب و گه‌لانی دیکه‌ی هه‌یمه‌نه‌داره؟ ئه‌و گه‌لانه چۆن بیرده‌که‌نه‌وه به‌رامبه‌ر کورد؟ ئایا له‌ڕاستیدا کورد برای ئه‌وانه؟ ئه‌و برایه‌تییه له‌کوێوه سه‌رده‌گرێت و له‌کوێش کۆتایی دێت؟ بۆ سه‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد هێنده سوورن له‌سه‌ر ئه‌و برایه‌تییه؟ جیاوازی نێوان ئه‌قڵی کۆللـه‌کتیڤی کورد و ئه‌قڵی کۆللـه‌کتیڤی ئه‌و گه‌لانه له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌دا چیه؟
له‌م هه‌فه‌ته‌یه‌دا له‌ده‌ره‌نجامی چه‌ندین ڕاگه‌یاندن و ڕوداوێکی جیاوازدا به‌سه‌ر ئاماده‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌مدا که‌وتم. دوای ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی و به‌ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراق و تورکیا و به بایه‌خپێدانێکی گرنگی ده‌زگا سیاسی و ڕاگه‌یاندنه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کانه‌وه نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و بازاڕه‌کانی نه‌وتی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێکه‌وت، دوای که‌متر له دوو هه‌فته، بۆ جارێکی دی و ئه‌مجاره‌یان به یاوه‌ری وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق عه‌لی ده‌باغ، وه‌زیری نه‌وت شه‌هرستانی نایاساییبوونی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی ڕاگه‌یانده‌وه و عه‌لی ده‌بباغیش په‌سه‌ندی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی شه‌هرستانی کرده‌وه(1). ئه‌مه له‌لایه‌ک. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی حیزبی ئیسلامی عێراقی له به‌یانێکی چاوه‌ڕواننه‌کراودا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌مه‌ڕ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت ده‌ربڕی، به‌وه‌ی که کورد عێراق له‌دڵی خۆیدا هه‌لده‌گرێت(2)، ئاژانسه‌کان گواستیانه‌وه که تاریق هاشمی له‌دوای کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان گوتوویه‌تی "ئێمه هه‌رگیز ڕێگا ناده‌ین ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی له عێراق دابمه‌زرێت"(3)، مالیکیش ڕایگه‌یاند که هه‌ڵس و که‌وتی "پێشمه‌رگه له‌شوێنه جێناکۆکه‌کان کوده‌تایه دژی شه‌رعیه‌ت، چونكه حكومه‌تی ناوه‌ند به‌هه‌ڵبژاردن هاتوه و مافی ته‌واوی خۆیه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر بست به‌بستی پارێزگاكاندا بگرێت"(4). بێجگه له‌وه‌ی که ڕایگه‌یاند "بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌غدا و كوردستان چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 ده‌كات".
هه‌موو ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه له لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵاتی عێراقه‌وه ده‌رده‌چن و که‌سیان باسی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب ناکات و هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌کانیش شێوازێکن له دووپاتکردنه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌داری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند، به‌هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که به‌درێژای مێژووی ڕابردووی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌سه‌ر گه‌لی کوردی‌دا هێناوه، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیانه‌وه شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال. بۆیه ئێمه مافی خۆمانه بپرسین داخۆ له دواوه‌ی په‌رده‌وه چ له دژی هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی کورد ده‌گوزه‌رێت. ئایا ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت زه‌نگی مه‌ترسی هاتنه پێشه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی کورده له‌ناو هاوکێشه سیاسیه‌کانی ناوچه‌که‌دا؟ یا شه‌پڕێوی دامه‌زراندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق و هه‌رێمی کوردستانه؟ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی به‌شداری کورد له به‌غدا و هه‌میشه دوپاتکردنه‌وه‌ی یه‌کێتی خاکی عێراق له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی کورده‌وه، وا پێده‌چێ ته‌نها ئاسنی ساردیان کوتابێته‌وه.
هۆشیاری کۆللـه‌کتیڤی عه‌ره‌به‌کان (هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست ده‌سته‌ڵات و هه‌موو هێز و ئه‌و ئه‌قڵانه‌یه که به‌و جۆره بیر ده‌که‌نه‌وه) ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که ئه‌وان هه‌میشه ده‌ستیان له‌سه‌ر په‌لاپیتکه‌ی چه‌که‌کانیانه به‌رامبه‌ر به کورد، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر کورد به هه‌ردوو پێیه‌کانیشیان بچنه سه‌ر قورئان و هه‌موو ڕۆژێک وشه‌ی برایه‌تی بکه‌نه وێردی سه‌ر زمانیان، هێشتا باوه‌ڕیان پێ ناکه‌ن، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی کورد ڕه‌فتاری کوردانه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت و ده‌ستبه‌رداری بیرۆکه‌ی هه‌یمه‌نه ده‌بێت و هه‌موو سه‌ره‌داوه‌کانی ده‌سته‌ڵات و هه‌یمه‌نه ده‌داته‌وه ده‌ست به‌غداد، ئه‌و کاته مه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌و مه‌ترسییه بڕه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که‌ی حیزبی ئیسلامی له‌مه‌ڕ ناردنی نه‌وته‌وه بخوێنێته‌وه و ئاگای له هه‌ڵوێستی مالیکی بێت، ته‌واو له‌و ئه‌قڵه تێده‌گات که له‌پشت ئه‌و به‌یاننامه و هه‌ڵوێستانه‌وه قسه ده‌کات، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌کانی مالیکی ئاگادار بێت، ته‌واو له‌وه هۆشیار ده‌بێت که هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵه‌یه که کاراکته‌ره‌کانی عه‌ره‌ب به شیعه و به سوننه‌وه ده‌جوڵێنێت و له ئاست هه‌یمه‌نه‌داری کورددا هیچ جیاوازیه‌کیان نیه. له‌و باره‌یه‌شه‌وه ئێمیل دۆرکایم زۆر به‌وردی باسی ئه‌و ئه‌قڵه کۆللـه‌کتیڤه ده‌کات و هۆکاره‌کانی لێک ده‌داته‌وه، ئه‌م ئه‌قڵه له‌و کۆمه‌ڵگایه‌وه سه‌رده‌گرێت که بیر و باوه‌ڕ و مۆڕاله‌کنیان وه‌کو هێزێکی هاوبه‌ش له کۆمه‌ڵگادا ده‌خه‌نه ڕوو. له کتێبی "دابه‌شکردنی کاردا"، دورکهایم پێی وایه له کۆمه‌ڵگا ترادیسیۆنێل و ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای خێڵ و خێزان و ئاین بیناکراون، هۆشیاری کۆللـه‌کتیڤ به‌هێز ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌ڕووی هاوکارییه‌وه. دیاره ئه‌م هۆشیارییه لای عه‌ره‌به‌کان ڕوانگه‌یه‌کی نێگه‌تیڤی وه‌رگرتووه له ئاست گه‌لانی دیکه‌وه به‌تایبه‌تیش له ئاست خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌گه‌ر چی به‌ڕای من ئه‌مه هۆشیاری ناهۆشیارییه، به‌و مانایه‌ی که ئه‌گه‌ر ئاین له‌و جۆره کۆمه‌ڵگایه‌دا وه‌کو دورکهایم پێی وایه به‌هێزترین هۆکار بێت بۆ ئه‌و هاوکارییه، ئه‌وا له‌و کێڵگه‌یه‌ی که ئێمه باسی لێوه ده‌که‌ین یه‌ک ده‌ره‌نجاممان به‌ده‌سته‌وه ده‌دات، ئه‌ویش ئاین لێره‌دا هۆکارێکه بۆ خۆ به هه‌یمه‌نه‌زان و برا گه‌وره‌یی. هه‌مووگه‌لانی سه‌رده‌ست له‌ناوچه‌که‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که کورد له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا برای ئه‌وانه، له‌دوای ئه‌و رسته‌یه‌شه‌وه دونیایه‌ک ئه‌رک باس ده‌کرێن، بێ ئه‌وه‌ی کورد مافی داواکردنی یه‌ک مافی هه‌بێت ئه‌گه‌ر مافه‌کانی برا بچوکێکیش بن.
پێشێلکاریه‌کانی سوپای تورک بۆ مافی مرۆڤ له باکووری کوردستان، چه‌ندین جار یه‌کێتی ئه‌وروپایان هێناوه‌ته گفتوگۆ، ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین جار ڕایگه‌یاندووه که بۆردومانه‌کانی سوپای تورک بۆ ناوچه سنووریه‌کانی هه‌رێم زیانی ته‌نها بۆ خه‌ڵکی سڤیلی ئه‌و ناوچانه هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا گوێیان به‌هیچێک له‌و داواکریانه نه‌داوه، چونکه یه‌کێتی وڵات له مه‌ترسی دایه و له‌دژی ته‌رۆر ده‌جه‌نگێت. ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه نابێت کاردانه‌وه‌ش له به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌دا هه‌بێت، بۆیه ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورک دانانیشێت چونکه لاشه‌ی سه‌ربازی تورک به‌به‌رچاوی ئه‌وه‌وه ده‌گه‌نه‌وه تورکیا (5)، وه‌کو ئه‌حمه‌د تورک به‌رپرسیاری ئه‌و جه‌نگه بێت وایه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا پێی وایه که کێشه‌ی کورد له سه‌رده‌می داد و گه‌شه‌پێداندا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات و ده‌ڵێت " ئێستاش له حكومه‌ت كارده‌كه‌ین، یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ین كه زیندانیه‌كان بتوانن به زمانی دایك قسه له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان بكه‌ن". ئایا ئه‌مه گاڵته‌جاڕی به ئه‌قڵی نه‌ک هه‌ر کورد به‌ڵکو به‌ئه‌قڵی هه‌موو ئه‌و چاودێرانه‌ی ئه‌و قسه‌یان گوێ لێ ده‌بێت، نیه؟ له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی هاوڵاتی بوون و دیموکراسیه‌ت و مافی مرۆڤدا ئه‌مه‌یه مافی میلله‌تێکی برای ئه‌وان؟ ئه‌مه ئه‌م یاده‌وه‌ریه کۆللـه‌کتیڤه‌یه که هه‌میشه کورد به برایه‌کی سالار و سه‌ره‌ڕۆ تێده‌گات و مافی ته‌مبێ کردنی ئه‌و برایه‌یان هه‌یه، به‌پێی ئه‌و پێکهاته ئاینیه‌ی که خۆیان ته‌فسیری بۆ ده‌که‌ن شه‌رعیه‌تیان پێ ده‌دات، چونکه ئه‌وه‌ی له ده‌سته‌ڵات هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه و نائارامی دروست بکات، زیان به ئوممه‌ت و به ئاین و به هه‌موو به‌هایه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌و برایه‌تییه له یاده‌وه‌ری عه‌ره‌بیشدا هه‌مان پێگه‌ی هه‌یه، ئه‌و برایه‌تییه‌ی ئه‌وان بڕوایان پێ هه‌یه شاردراوه نیه، که ته‌نها برایه‌تی هه‌ڵگرتنی ئه‌رکه‌کانه، بێ ئه‌وه‌ی هیج مافێکی به‌دواوه بێت، ئه‌وه‌تا کورد نه‌وت بنێرێته ده‌ره‌وه و ئابووری عێراق به‌هێز بکات مانای وایه عێراقی له دڵی خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام گرێبه‌سته‌کان ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ڤینداره‌ی عێراقیش بێت و ته‌واو ئاگای له یه‌کیه‌تی خاکی عێراقیش بێت کارێکی ناڕه‌وا و ناشه‌رعیه، ته‌نها له‌به‌ر یه‌ک هۆ، ئه‌ویش نه‌بادا ئه‌و گرێبه‌سته پێگه‌ی هه‌یمه‌نه‌داری کورد به‌هێز بکات، چونکه له حاڵه‌تێکی ئاوادا کۆمپانیاکان ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم و سه‌ره‌داوه‌کانی شه‌رعیه‌تی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌ده‌ست ئه‌واندا نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌تی گرێبه‌سته‌کان له به‌غداوه بێت و مامه‌ڵه‌کردن به‌و گرێبه‌ستانه‌وه له‌ده‌ست وه‌زاره‌تی نه‌وت بێت، ئه‌وه هه‌م هه‌یمه‌نه له‌کورد ده‌سه‌نێته‌وه و پێگه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌وانیش به‌سه‌ر کورددا به‌هیزتر ده‌کات. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ش له به‌یاننامه‌که‌ی حیزبی ئیسلامی‌دا به‌ڕوونی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و باسی لێوه ده‌کات و ده‌ڵێت "ناردنی نه‌وتی عێراق له‌ڕێی کوردستانه‌وه به هێلی جیهانی تورکییه‌وه، سه‌ره‌تایه‌کی نوێیه و هه‌رێمی کوردستان وه‌کو لایه‌نێکی بنه‌ڕه‌تی له پشتیوانیکردنی بودجه‌ی عێراق دێته ناوه‌وه بۆ به‌هێزکردنی ئابووری عێراق". به‌یانه‌که زۆر به‌وردی و هۆشیاریه‌وه نوسراوه، له‌لایه‌ک ده‌ڵێت نه‌وتی عێراق، له‌کاتێکدا که له زیهنیه‌تی ئه‌واندا عێراق به‌شێکه له نیشتمانی عه‌ره‌ب و له‌هه‌موارکردنی ده‌ستوریشدا کاری بۆده‌که‌ن و هاشمی چه‌ندین جار باسی له‌و پرسه کردووه، ئه‌مه‌ش مانای وایه "نه‌وته‌که هی عه‌ره‌به"، پاشانیش کورد ده‌بێته لایه‌نێکی بنه‌ڕه‌تی نه‌ک له هاوکێشه‌کاندا به‌ڵکو له به‌هێزکردنی بودجه‌ی عێراقدا، که ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا ئه‌رکێکه به‌سه‌ر شانی کورده‌وه، به‌شه‌کانی دیکه‌ی به‌یانه‌که‌ش هه‌مووی هه‌ر پیشاندانی ئه‌رکه‌کانه، وه‌کو پاراستنی یه‌کێتی خاکی عیراق و هه‌ڵگرتنی عێراق له دڵدا، به مانای پاراستنی وه‌کو بیلبیله‌ی چاو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش وه‌کو هاشمی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رگیز قبوڵ ناکات دوڵه‌تێکی کوردی دابمه‌زرێت. ئێمه‌ش مافی خۆمانه بپرسین، ئه‌کوان مافه‌کان له‌و هه‌موو بگره و بێنه‌یه‌دا؟ هه‌رێمی کوردستان ته‌نها بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و بودجه‌یه شه‌ونخونی ده‌کات یان ده‌یانه‌وێت پێگه‌یه‌کی هه‌یمه‌نه‌یان له هاوکێشه‌کاندا ده‌ست بکه‌وێت؟ گرفتی مالیکیش هه‌مان تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ڵس‌و كه‌وتی پێشمه‌رگه له‌شوێنه جێناكۆكه‌كان كوده‌تایه دژی شه‌رعه‌یت، چونكه حكومه‌تی ناوه‌ند به‌هه‌ڵبژاردن هاتوه‌و مافی ته‌واوی خۆیه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر بست به‌بستی پارێزگاكاندا بگرێت" ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و په‌یامه‌یه که له هه‌ڵمه‌تی سوارچاکاندا هه‌ڵی گرت و پێشمه‌رگه به میلیشیاو لاده‌ر له یاسا ده‌زانێت، لێره‌شه‌وه شه‌رعیه‌تی هێرشکردنه سه‌ر پێشمه‌رگه به‌خۆی ده‌دات و هه‌وڵی په‌ڕوباڵ کردنیان ده‌دات، نه‌ک هه‌ر هێنده به‌ڵکو ڕێ به‌خۆی ده‌دات ده‌ست له ناوخۆی هه‌رێمیشه‌وه وه‌ربدات، له هه‌مای تێڕوانینی گه‌لی سه‌رده‌سته‌وه. هه‌ڵبه‌ت گه‌لی سه‌رده‌ستی فارسیش هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه و جیاوازنیه له‌و تێروانینه‌وه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به کورد کێشه‌که لێره‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش دووپاتکردنه‌وه‌ی برایه‌تییه له پێگه‌یه‌کی لاوازه‌وه. دووپاتکردنه‌وه‌ی برایه‌تیش له پێگه‌ی لاوازه‌وه هیچ لایه‌نێک باوه‌ڕی پێ ناکات، چونکه که‌سی لاواز و بێهێز به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خۆی باس له برایه‌تی ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆشن بێت لای خوێنه‌ر که مه‌به‌ستی من لێره‌دا باوه‌ڕنه‌بوون نیه به برایه‌تی، من به‌ته‌واوه‌تی باوه‌ڕم به برایه‌تی گه‌لانه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه، چۆن برایه‌تیه‌ک؟.
ئه‌گه‌ر له ره‌فتاری سیاسیه‌کانی کورد وردبینه‌وه، له شوێنه دابڕاوه‌کاندا ئه‌و ڕاستیه وه‌کو مانگی چوارده ده‌بینرێت، له که‌رکوک و له موسڵ و شوێنه‌کانی دیکه کورد به لیستی "برایه‌تی" دابه‌زیوه‌ته ناو هه‌ڵبژاردن و ململانێکانه‌وه، به‌ڵام عه‌ره‌به‌کان به‌ره‌یان پێک هێناوه، هه‌ندێک له تورکمانه‌کان که که‌مینه‌شن به‌ڵام به پشتیوانی ڕه‌هه‌ندی گه‌لی سه‌رده‌ست به‌هه‌مان شێوه به‌ره‌یان پێک هێناوه. ئه‌وان که که‌مینه‌ن له‌و شوێنانه‌وه به‌ره‌یان پێک هێناوه، کوردیش که پێی وایه له‌سه‌ر خاکی خۆیه‌تی، به وتاری برایه‌تی و لیستی برایه‌تییه‌وه خۆی پیشان ده‌دات، کێشه‌که‌ش له‌وه‌دایه که باوه‌ڕیشی پێناکه‌ن. من لێره‌دا باس له هه‌ق و ناهه‌ق، له تاکتیک و مامه‌ڵه‌ی مرۆڤانه یا نامرۆڤانه ناکه‌م، ئه‌مه ڕاسته یا ناڕاست، خوێنه‌ر ئه‌و بڕیاره ده‌دات، به‌ڵکو باس له‌و سایکۆلۆژیا خۆ به لاواززان و به‌برابچوکییه ده‌که‌م که کورد هه‌ڵی گرتووه. تا ئێستاش ئه‌گه‌ر نه‌شیتوانیبێت به‌رامبه‌ر بگۆڕێت و په‌یوه‌ندیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه داڕێژێته‌وه، نه‌یتوانیوه خۆیشی بگۆڕێت و له پێگه‌یه‌کی هه‌یمه‌نه‌وه ده‌ستپێشخه‌ر و دروستکه‌ری ڕووداوه‌کان بێت. واته بتوانێت یاریزانێک بێت ئه‌گه‌ر ئه‌رکیشی زیاتر بێت کێشه نیه، به‌ڵام مافه‌کانی وه‌کو ئه‌وانی دیکه بن.
جیاوازی ئه‌قڵی کۆللـه‌کتیڤی کورد و برا گه‌وره‌کانیشی له‌وه‌دایه، که ئه‌وان ئاماده‌نین له مافه‌کانی کورد تێبگه‌ن و ده‌ستبه‌رداری به‌شێک له هه‌یمه‌نه‌که‌یان بن بۆ برا کورده مسوڵمانه‌که‌یان، به‌ڵکو کورد له یاده‌وه‌ری ئه‌واندا هه‌میشه برایه‌کی ئه‌رک قورس و ڕه‌زا قورسه، میوانێکه و داوای مافیش ده‌کات.
(1) http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&article=522911&issueno=11153
(2) http://www.iraqiparty.com/political-news/2009-6-3/362009e/
(3) http://www.rudaw.net/details.aspx?lang=Kurdish&page=articles&c=home&id=9621
(4) 10/06/2009 ماڵپه‌ڕی چاو‌دێر، به‌شی ده‌نگ و باس.
(5) http://www.todayszaman.com/tz-web/detaylar.do?load=detay&link=177824• له ژماره‌ی (4897)ی کوردستانی نوێ‌دا بڵاو بۆته‌وه