هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه یان له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه؟
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه یان له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه؟
خه‌ڵك و كێشمه‌كێشی نێوان دووباڵی ناسیونالیزمی كورد
خه‌سره‌و سایه
Saya.xasraw@yahoo.co.ukبه‌دوای ڕاگه‌یاندنی مه‌سعود به‌رزانی له‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رلمان بۆ دیاری كردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كان و خۆ كاندیدكردنی بۆسه‌رۆكی هه‌رێم، باسی شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌نێو ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا جێگای بۆ په‌یدابوو. له‌مباره‌وه ڕادیۆ نه‌وا له‌به‌رنامه‌یه‌كدا ئه‌وپرسه‌ی خسته نێو گوێگرانی خۆیه‌وه كه‌ئایا پێیان باشه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه هه‌ڵبژێردرێت وه‌یا له‌ڕێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه؟. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ڕۆژنامه ئه‌هلیه‌كان و ئه‌وانه‌شی كه‌سه‌ر به‌ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتدارن به‌شێوه‌ی جیاواز له‌م باسه‌دا هاتنه پێشه‌وه و فه‌زای ئه‌م پرسه‌یان گه‌رم كرد. به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌به‌گشتی له‌وه‌لامی ئه‌م پرسه‌دا خۆی نیشانداوه دوو هه‌ڵوێستی به‌ڕواڵه‌ت پێچه‌وانه به‌یه‌ك و له‌ناوه‌ڕۆكدا دژ به‌خواسته‌كانی خه‌ڵك، سه‌ریهه‌ڵداوه. له‌لایه‌ك ئه‌وانه ڕاوه‌ستاون كه‌لایه‌نگری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمن له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه و پاساویشیان بۆی ئه‌وه‌یه كه‌مادام ئه‌ندامانی په‌رلمان نوێنه‌ری ده‌نگی خه‌ڵكن، ئیتر پێویست به‌ده‌نگدانی گشتی ناكات. به‌لام ئه‌م پاساوه ئه‌و سیاسه‌ت و بۆچوونه‌ی له‌پشته‌وه‌یه كه‌ئه‌گه‌ر په‌رلمان سه‌رۆك هه‌ڵبژێری ده‌شتوانێ هه‌ركات بیه‌وێت لای ببات و به‌مه‌ش مه‌ترسی تاكڕه‌وی و داسه‌پاندنی دیكتاتۆرێك به‌سه‌ر "پڕۆسه‌ی دیموكراسی" كوردستاندا دور خاته‌وه. له‌لایه‌كه‌ی تریشدا ئه‌وانه ڕاوه‌ستاون كه‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك به‌ده‌نگدانی خه‌ڵك ده‌سپێرن و پاساویشیان ئه‌وه‌یه كه‌له‌م ڕێگایه‌وه خودی پڕۆسه‌ی دیموكراسی له‌كوردستان قوڵده‌كاته‌وه. كه‌دیاره له‌پشت ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌وه سیاسه‌تی پێدانی ئیمتیازاتی زۆر به‌سه‌رۆكی هه‌رێم و زامنكردنی هێشتنه‌وه‌ی لهمهودایهكی درێژترو لیسه‌ندنه‌وه‌ی ئیختیاراتی په‌رلمانه بۆلابردنی..
به‌لام ئایا له‌م موجادهلهیه و له‌م دوو جهمسهریهدا پاساوه‌كان ڕاستیان تێدایه؟ ئایا هه‌وڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م دوولایه‌نه په‌یوه‌ندیان به‌قازانجی خه‌ڵك و مافی هاولاتیانه‌وه هه‌یه؟ سه‌ره‌نجامیش ده‌بێ هاولاتیانی كوردستان له‌كوێی ئه‌م موناقه‌شه‌یه و ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌دا ڕابووه‌ستن؟
سه‌ره‌تا ئهوههی كه‌ده‌بێ له‌سه‌ری ڕاوه‌ستین ئه‌وه‌یه، كه‌ئه‌م موناقه‌شه‌و ئه‌م جه‌ده‌له گۆشه‌یه‌ك له‌كێشمه‌كێشی نێوان دوو باڵی بۆرژوا ناسیونالیزمی كورد دا به‌رپاكراوه، كهلهسهرێكیاندا ده‌سه‌لاتی یه‌كیتی وپارتی وسیستهمێك ڕاوه‌ستاوه، كه 18 ساڵه ژیانی خه‌ڵكی به‌مرۆ گه‌یاندووه وئیستاش په‌له‌قاژه‌ی ڕاگرتنی ئه‌م ده‌سه‌لاته بۆته میحوه‌ری هه‌وڵه‌كانیان و ئاماده‌شن هه‌موو ڕێگایه‌ك بگرنه‌به‌ر، تا ده‌سه‌لاتی پاوانخوازیان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌لكه‌وه بۆده‌یان ساڵی‌تر بهێڵنه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌نرخی تێكه‌ڵ كردنی سیسته‌می په‌رلمانی و سه‌رۆكایه‌تی و ژێرپێنانی ههرپڕهنسیپێكی دیموكراسیشه‌وه بێت.. وه لهجهمسهرهكهی تریشدا باڵێكی ناڕازی ناسیونالیزمی كورد ڕاوه‌ستاوه كه‌به‌رگی"ئۆپۆزسیۆنێكی په‌رلمانی" پۆشیوه و به‌ناوی به‌رگری له‌پرۆسه‌ی دیموكراسیه‌وه، خه‌ریكه هاولاتیانی كوردستان بكاته ئامڕازی ئامانجێكی كونهپهرستانهو چینایه‌تی جیا له‌ئامانجی خه‌ڵكی ناڕازی كوردستان. ئه‌م باڵه كه‌نوێنه‌ری ئه‌وبه‌شه لهدهولهمهندان وسه‌رمایه‌داران و بهرپرسیارانێكی ناڕازین كه‌تازه له‌ڕیزه‌كانی ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتدار هه‌ڵبڕاون وگله‌ییان له‌ڕۆڵی پاوانخوازی و دزین و گه‌نده‌ڵی یه‌كیتی و پارتی هه‌یه وشه‌ڕی به‌شی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ده‌سه‌لات و داهاتی كۆمه‌ڵگا، كه‌ئیستا له‌ده‌ستی دوو حزبی سه‌ره‌كیدا كۆبوتهوه. ئه‌م جه‌مسه‌ره كه‌به‌ناوی گۆڕان وچاكسازی سیسته‌می ئیداری ئێستای كوردستانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، سه‌روبنی زمانی بۆته "جیاكردنه‌وه‌ی حزب له‌حكومه‌ت و دادگا‌و دورخستنه‌وه‌ی ڕۆڵی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كان به‌سه‌ر په‌رلمانه‌وه"، گوایه له‌م ڕێگایه‌وه خه‌ڵكی كوردستان له‌سیسته‌مێكی مه‌ده‌نی و ئینسانی ودادوه‌ری نزیك ده‌خاته‌وه!!. به‌لام له‌واقعدا ئه‌م جه‌مسه‌ره چاوی بڕیوه‌ته ئه‌و قه‌ڵشته‌ی كه‌له‌نێوان خه‌ڵكی ناڕازی كوردستان وده‌سه‌لاتی ئێستای یه‌كیتی وپارتیدا دروست بووه و له‌سه‌ر مه‌زاجی ناره‌زایه‌تی ئه‌و به‌شه له‌خه‌ڵك كارده‌كات كه‌هێشتا گیرۆده‌ی وه‌همی كوردایهتییهو ڕزگارنهبوه لێی. تا له‌م ڕێگایه‌وه سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی گشتی هاولاتیان ببێت وبیان كاته ئامڕازی گۆڕانكاریه‌ك له‌سیسته‌می ئیستادا كهلهقازانجی ده‌وڵه‌مه‌ندان وبهرپرسیارانێكی به‌شداری دوینێی ده‌سه‌لات و ناڕازی ئه‌مرۆ دایه. پاساوێكیش كه‌ئه‌مانه به‌ناوی "دورخستنه‌وه‌ی دیكتاتۆر وتاكڕه‌وی له‌پڕۆسه‌ی دیموكراسی كوردستاندا" ده‌یهێننه‌وه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه فشارێكه بۆ شلكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی یه‌كیتی وپارتی و ناچاركردنیان به ملدان به‌به‌شێك له‌ده‌سه‌لات وداهاتی خڕبووه‌وه له‌ده‌ستی ئه‌م دوو حزبه‌دا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا كه‌ئایا به‌چ بارێكدا "دیموكراسی قوڵده‌بێته‌وه" وبهتایبهتیش ئه‌وانه‌ی كه‌لایه‌نگری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمن له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه و ترسیان هه‌یه له‌تاكڕه‌وی و سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆر.. ده‌بێ ئه‌وه بڵێین كه قوڵبوونه‌وه‌ی دیموكراسی لهسیستهمێكدا كهپێشمهرگهو ئه‌حزابی میلیشیایی هه‌موو ئیمكاناتێكی ئابووری و قانونیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ده‌كاته بۆچونێكی خه‌یالاوی، چونكه پێشمه‌رگه‌و چهكدارو داهات هه‌میشه وه‌ك ئامرَِازیكی بڕیارده‌ر له‌سه‌رو دیموكراسی و په‌رلمانه‌وه ڕاگیراوه و ئه‌و فرسهتهشی داوه‌ته ده‌ست ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتدار كه‌هه‌ركات پێویستی كرد وزانیان "قوڵبوونه‌وه‌ی دیموكراسی" به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه، گشت پرۆژه‌ی دیموكراسی وپه‌رلمان ڕاكێشنه نێو خوێن وشه‌ڕی ناوخۆوه. په‌رلمانی سالی 92 و ڕووداوه‌كانی دواتر نمونه‌یه‌كه بۆ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ڕاستیه‌یه. ئه‌وانه‌ش كه له‌تاكڕه‌وی و دیكتاتۆریه‌ت، ده‌ترسن، ده‌بێ ئه‌وه‌یان وه‌بیر بهێنرێته‌وه كهئیفرازاتی ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌حزابی میلیشیایی له‌غیابی ده‌وڵه‌تدا، زۆرتر ترسی په‌لامارو ملهوری به‌رهه‌م دێنێت تا دیكتاتۆری.
به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌خه‌ڵك له‌بازنه‌ی ئه‌م موجادهلهیهو ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوان ئه‌م دووجه‌مسه‌ره ده‌ردێنی و له‌ده‌ره‌وه‌دا ڕایده‌گرێ، ئه‌وه‌یه كهههردوولا به‌ته‌واوی تواناوه خۆبه‌ستن به‌ده‌سه‌لاتی ئێستاوه. هه‌ردوولا مانه‌وه‌ی په‌رلمان و حكومه‌تێكی بێده‌وڵه‌ت وبێدهستور كه‌ئه‌حزابی میلیشیایی له‌پشتیه‌وه ڕاوه‌ستاوه مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شیانه. هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مای نادیاری چاره‌نوسی كۆمه‌ڵگا و دیموكراسی گرێ دراو به‌عێراقی فیدراڵیزم و ئیلحاق به‌ده‌وڵه‌تی سه‌رپا قه‌یراناوی بهعدادهوه، بنه‌مایانه. ته‌نانه‌ت له‌باسی "قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراسی"شدا، هیچ لایه‌ك باسیان له‌سه‌ر مافه مه‌ده‌نی وفهردیهكانی هاولاتیانی كوردستان وئازادی ویه‌كسانی ژنان و ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی نوێنه‌رانی خه‌ڵك نییه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ناوی ڕیفۆرم وچاكسازی گۆڕانه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن چه‌كوشكاری ده‌سه‌لاتی میلیشیای ئه‌حزابی ناسیونالیزمی كورده كهلهپانتایی نه‌بوونی ده‌وله‌تێكی مه‌ده‌نی وسه‌ربه‌خۆی بهڕهمسمیهت ناسروای نێو ده‌وڵه‌تیدا، بهههلواسراوی وبهحوكمی بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه ڕاگیراوه. لهئاوهها هه‌لومه‌رجێكدا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه بێت وه‌یا به‌ده‌نگدان دابنرێ، ژیانی خه‌ڵك گۆڕانێكی به‌سه‌ردانایه‌ت و ئه‌وان له‌گێژاوی گه‌نده‌ڵی و ملهوڕی چه‌كداری و نه‌بوونی وبێكاری و سهروكوت وههلاواردن دهرناكێشێت. هه‌ربۆیه ئه‌وه ئه‌ركی خه‌ڵك نییه كه‌له‌م كێشه‌و موجادهلهیهشدا له‌كه‌نار هیچ لایه‌كدا ڕاوه‌ستێت.17/6/2009