Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لەم هەڵبژاردنە چ گۆڕانێک بە قازانجی خەڵک ڕوو دەدات؟

لەم هەڵبژاردنە چ گۆڕانێک بە قازانجی خەڵک ڕوو دەدات؟

Closed
by June 23, 2009 گشتی

لەم هەڵبژاردنە چ گۆڕانێک بە قازانجی خەڵک ڕوو دەدات؟
چەپ ئەم فرسەتەشی لەدەست دا!

سامان سەعید
June 21-2009

سەرەتا لە ووتاری(تێنەگەیشتنی بزووتنەوەی دۆڕان لە گۆڕان) هەندێ ووشەم بەکار هێناوە لە چەشنی(عەوام ، نەفام)، لیرەدا داوای لێ بوردن دەکەم  لە هەرکەسێک کە ئەو بابەتەی خوێندۆتەوە،بە تایبەت کەسانێک کە نیگەران بوون و بە جۆرێک لەئفتزازتێگەیشتوون  زۆر سوپاسی ئەو هاورێ دلسۆزانەش  دەکەم کە کۆمەکیان کرد بۆ راست کردنەوەی ئەو هەڵەیەیە .  بەم پێشەکی یەوە دەمەوێت لەم ووتارەدا لەجیاتی خۆخەریک کردن بە وەڵامی تۆمەتبەخشینەوەو ناوزڕاندن و تیرۆری شەخسی من،  جارێکی تر پێداگری لە بۆچوونەکانم بکەمەوە و هەندێ لایەنی زیاتر ڕۆشن بکەمەوە، نادروستی سیاسەتی زۆربەی بزووتنەوەی چەپ لەبەرامبەر هەلبژاردنەکانی کوردستان دەستنیشان بکەم. بە هیواشم پلمیک و ووتووێژێکی عەقڵانی لەناو چەپدا پێک بهێنێت بە قازانجی گەشەکردنەوەی چەپ.
   باشترە دێری کۆتایی ووتاری پێشوم بەبیری خوێنەران بهینمەوە کە دەڵیم:- (کۆمەڵگاو جەماوەر هەموو کات ئامادە نیە بۆ بەڕێوەبردنی کاری سیاسی گەورە و گۆڕان، هەمو کات گوێی کراوە نیە بۆ قبوڵ کردنی بەرنامەو شیعارە سیاسیەکان. عاقڵ ئەوەیە ئەو فرسەتانە لەدەست نەدات.) من ئەم دەورانەی کۆمەڵگای کودستان بەم جۆرە دەبینم وفرسەتێکی زۆر باشە بۆ هەرهێزێکی کۆمەلایەتی سیاسەت و شیعارەکان و بەرنامەی خۆی بۆ جەماوەری کوردستان بخاتە ڕوو وە هێز بۆ بزووتنەوەکەی کۆبکاتەوە.
با لەوەوە دەست پێ بکەین کە بزووتنەوەی چەپ بە گشتی بە شوێن ئالوگۆری ڕیشەیەوەن لە کۆمەلگای کوردستان ، دەیانەوێت ئاڵوگۆری سۆشیالیستانە لە کۆمەلگای کوردستان ئەنجام بدەن کە دیارە ئەم ئالوگۆرانە بە تێگەیشتنی بەشێک لە چەپ  بە بێ شۆرش کارێک نی یە ممکن بێت ، بۆ ئەم کارەش پێویست دەکات کە بزووتنەوەیەکی مەیدانداری سۆشیالیستی بەهێزی خۆیەوە لە مەیداندا بێت و لە لایەن ریزێکی بەرین لە کادرانی حیزبێکی سۆشیالیستی یەوە رابەرایەتی بکرێت. بەڵام لەهەل ومەرجی ئێستای کوردستان هیچ بزووتنەوەیەکی (کۆمەلایەتی) لە مەیداندا نی یە کە هەڵگری  سەرو سیماو ئایدیای سۆشیالیستی بێت، بزووتنەوەی نەفی کردنەوەی ئێستای ژیرخان وسەرخانی دەسەلاتدارەتی سەرمایەداری بێت  ، هەروەها لەمڕۆی کوردستاندا هەموو تاکەکانی رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی چەپیش کۆبکەیتەوە (لەناوخۆی کوردستان ) لە ژمارەیەکی هێجگار کەم تێناپەرێت .  ئەوانەش کۆر وکۆمەڵی دابراو لە  یەکتر وکۆمەلگا و کێشمەکێشە جدیەکانن. ( دیارە بزووتنەوەی چەپ بەو ڕادەیەی لەناو جەماوەردا تێکەڵ بووبێت و کاری کردبێت، بەرهەمی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ئیعتباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرینایی رێکخراوەیەوە گەورە بووە  کە ساڵانی دوای ڕاپەرین تا ناوەراستی نەوەدەکان بەم جۆرە بوو ). کەواتە لەڕووی سیاسی و رێکخراوەیەوە بزووتنەوەی چەپ رۆژ بەرۆژ و ساڵ بەساڵ پاشەکشەی کردووە و ئەمرۆ کارکردی چەپ بە کۆمەڵگاوە نەماوە.
لەهەل و مەرجێکی ئاوادا هەڵسوراوانی جدی بزووتنەوەی چەپ بەشوین دۆزینەوەی رێگا چارەیەکەوەن کە جارێکی تر بزووتنەوەکەیان بگەرێنێتەوە ناو کۆمەڵگاو ئیعتباری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دروست بکاتەوە و بڕواو متمانەی جەماوەر بەدەست بهێنێت.
بەشێک لە هەڵسوراوان ڕزگاربوونی چەپ لەو هەلومەرجە بە دوور کەوتنەوە لە مەفاهیم، تێور، تێروانین و ئایدیا کۆنەکان سەبارەت بە ریفۆرم و شۆرش دەزانن، کە لە چەندین ساڵی رابردوودا چەپ کاری پێ یان کردووە . لە جێ ی ئەوانە کارکردن لە ناو کۆمەڵگا و میکانیزمە مەوجودەکانی کۆمەڵگاو  ڕاوەستان لە پاڵ  جەماوەرو کارکردن لە ناو هەموو کایە و بزووتنەوە دیموکراتی و مەدەنی و کۆمەلایەتیەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەسکەوتی ( بچووک و گەورە)  بۆ جەماوەر  بە رێگایەکی گۆنجاو دەزانن  بۆ سەرلە نوێ دەرکەوتنەوەو کۆمەڵایەتی بوونەوەی چەپ. من خۆم بەشەریکی ئەم تێروانینە دەزانم و لێکدانەوەشم بۆ ئەم هەلومەرجە ،هەلبژاردنەکانی کوردستان، وەهەروەها گۆڕانێک کە لە كوردستان بەڕێوەیە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
چ گۆڕانێک ؟
ئەوە ڕۆشنە کە دەسەڵاتدارەتی لە کوردستان لە دوای ڕاپەرین لە سەردەمی شەڕو ئاشتیاندا لە نێوان  یەکێتی و پارتی دا دابەش کراوە و تەواوی پاوانخوازی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوە، ئەو دوو حیزبە هەڵگری دواکەوتووترین بیرووبۆچونی خێڵەکی و خەسڵەتی دژە دیموکراتین. ئەم دوو حیزبە ناتوانن لە هەلبژاردندا دۆڕان لە لایەن لاکەی ترەوە قبووڵ بکەن، دوو ڕێگایان لەبەردەم خۆیان داناوە (یان قبوڵکردنی شەریک بوونی یەکسان لە دەسەڵات یان شەڕ) کە بێگومان شەرنەکردنیان باشترە، بەڵام بەم سیاسەتی شەریک  بەڕێوە بردنەی دەسەڵات ئاسانتر توانیانە تەواوی کۆمەڵگا بخەنە ژێر پاوانخوازی خۆیانەوە و فرسەت لە کۆمەڵگا ببڕن کە هێزی ترو بزووتنەوەی تر بتوانێت ئازادانە هەلسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکات.  بەکورتیەکەی شێوازێکی نوێ ی دیکتاتۆری لە بەرگێکی پەرلەمانی و دیموکراتی دا.
ئەوە ڕاستە لە کوردستان فرسەتی کاری ئاشکراو عەلەنی ئەحزاب و رۆژنامە و رێکخراو هەیە، بەلام پاوانخوازی ئەوان و لەدەستدابوونی هەموو شتێکی کۆمەڵگا فرسەتی گەشەی هەر بزووتنەوەو حیزبێکی تری بڕیوە کە ببێتە ئۆپۆزسیونی جدی سیاسی و کۆمەڵایەتی. نە بوونی ئۆپۆزسیونییش فرسەتی بەوان داوە رۆژبەرۆژ کەلێنی نیوان دەوڵەمەندان (کە خودی خێڵ و مەسئولینی ئەو حیزبانەن) جەماوەری کوردستان گەورەتر بێت، بەلام لەهەناوی ئەو کەلێنەدا بزووتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری رۆژبەرۆژ گەورە بووە ولەم هەلبژاردنەدا خۆی لە بەرامبەرکێی دەسەڵاتدا دەردەخات . پشتیوانیکردنی ئەم ناڕەزایەتیەانەش بابەتی کاری هەر بزووتنەوەیەکە کە بە نیازە لە پاڵ خواست و داخوازی خەڵکدا بوەستێت .
زۆر سیاسی و رۆشنبیر مەترسی ئەو پاوانخوازیەی یەکێتی و پارتی یان باسکردوو و تکایان لێ کردن دەسەڵات بەو جۆرە قۆرخ نەکەن  بە خاتری دیموکراتی نیشاندنی تەجروبەی هەرێم، بەڵام لە ڕاستیدا داواکردن لە دوو حیزب بۆ ئەوەی پەیماننامەی هاوبەش نەبەستن داوایەکی نا درووست و نا بەجێ یە، لێرەویە کە هەر کارێک ئەو پاوانخوازیەی دەسەڵاتدارەتی هاوبەشی نێوان یەکیتی و پارتی تێک بشکێنێت و کەمی بکاتەوە ، کارێکی باشەو کۆمەلگای کوردستان دەباتە قۆناغ و دەورەیەکی تازەوە کە تیایدا فرسەتی زیاتر بۆ کرانەوەو هاتنەدەروەی جەماوەر و کێبەرکێ ی دەسەڵات و ئازادی زیاتر و باشکردنی ژیانی خەلك دە هێنێتە ئاراوە.
ئەگەر واقع بینانە سەیری ئەو گەرم و گوڕەییەی خەڵک بکەین بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارە ، ئەوە دەبینین کە سیمای تێکشکاندنی پاوانخوازی دەسەڵات لە نارەزایەتی خەلکەوە دیارە ،بەڵام ناڕەزایەتیش دەمێکە هەیە، خۆپیشاندانی جەماوەریشی بەڕێکرد، چەپیش لەو بزووتنەوەیەدا ئامادەیی هەبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ شتیک بگۆرێت.ئەم جارە و لەم فرسەتی هەڵبژاردنەدا خەڵکی ناڕازی کوردستان دەیانەوێت شتێکی نوێ بە یەکێتی و پارتی بلێن ئەوێش (نا) یە بۆ ئەو پاوانخوازیە و بەرتەسك کردنەوەی دەسەڵاتیان ، لێرەوە بەشداری هەر هێزێکی بەرگریکەر لە خواستەکانی خەلک  لەم هەلبژاردنەدا ئەرک و مەسئولیەتی مێژووی یە ، کە سەرئەنجام بە قازانجی جەماوەر تەواو دەبێت و هەموو هێزو تاکێکی کۆمەڵگاش جگە لە یەکیتی و پارتی سودمەند دەبێت لێ ی و نفوزی پێ دەگرن ، دیارە هەر لایەنەو بە پێ ی ڕادەی بەشداری خۆی.  بەڵام ڕوویەکی ڕاستی و واقعی تر کە گەرم و گوڕی زیاتری بەم هەڵبژاردنە داوە دەرکەوتن و هاتنە ئارای  بزووتنەوەیەکی نوێ یە بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان لیستێکیشی هەیە بەناوی لیستی گۆڕان، ئەم بزووتنەوەیە  بە توانا ترین هێز دەبێت کە لە گۆڕینی قۆناغی پاوانخوازی بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی موتڵەقی یەکێتی و پارتی ڕۆلی دەبێت و نفوزی هێزی ناڕازی کۆمەلگاش بۆ خۆی دەبات، دیارە بزووتنەوەی گۆڕان نەی ووتوە یەکسانی و سۆشیالیزم دادەمەزرێنین ، وەک لە نووسراوە و چاوپێکەوتنەکانیاندا دەردەکەوێت بەرنامەکەیان کۆمەڵیک خالی تێدایە کە سیستمی حوکم ڕانی ئێستای کوردستان لە خێڵەکی حیزبی یەوە دەگۆرێت بە موئەسەساتی و دەسەڵاتی موتلەقی سەرۆک و حیزب کەم دەکاتەوە لە ناو حکومەتدا  و کۆمەلێکی تر لە داواکاری و خواستی دیموکراتی ، مەدەنی و کۆمەڵایەتی کە دیارە ئەگەر زۆر دلسۆزیش بن ( کەهێشتا دیارنیە!) لە ئێستای کوردستاندا کارێکی قورس وگرانە، بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایە دەسەڵاتدارەتی کەلێنی تێدەکەوێت و ئەمانەش ئالوگۆرێکن لە کۆمەلگای کوردستاندا و بە قازانجی جەماوەری کوردستانە .
بزووتنەوەی چەپیش دەکرا ڕۆڵێکی وا ببینێت و ئەو بزوێنەری گەورەو بەتوانای ئاڵوگۆرێک بوایە لە کۆمەلگادا  بە تایبەت کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەلك رۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون بووە، بەداخەوە چەپ ئەمرۆ ئەو توانایەی نیە ، وەکو ئەو توانایەشی نیە دێت لە بێ توانای خۆیەوە  لەوەی کە دەزانێت دەنگ ناهینێت یان مالیەیەی کەمپینی هەلبژاردنی بۆ ئامادە ناکرێت داوەری لەسەر شتەکان دەکات و دۆگم بوونی خۆی دوبارە دەکاتەوە ، لێرەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی چەپ  واقیعەتی ئاڵوگۆرێک دەبینێت کە هەلبژاردنی کوردستان دروستی دەکات ، بەڵام بە خەڵك دەڵێت  هیچ ناگۆڕێت و بایکۆتی هەلبژاردن بکەن ، (دیارە ئەگەر تواناکانت بۆ بەشداری کردن لە جێ ی نەبوان بێت ، بە بەدڵنیاییەوە گوێگرانی بانگەوازی بایکۆتەکەتیش لەجێ ی نەبوان دەبن). بە جیا لەمە خودی بانگەوازی بایکۆت کردن یەکسانە بە پاسیف کردنی خەڵک و فێرکردنانیان بە لا مبالاتی نیشاندان بەرامبەر بە کۆمەڵگاو سیاسەت و ژیانی خۆشیان ، سەرئەنجامیش هێشتنەوەی ئەم هەل ومەرجە وەک خۆی و پاوانخوازی و بێ نەیاری جارێکی تری پارتی و یەکێتی بەسەر جەماوەری کوردستانەوە .  بە بۆچونی من هێشتنەوەی جەماوەر بە ئەکتیڤ بوون و دەربەستی نیشاندان زۆر گرنگە کاری جدی بۆ بکریت ، چونکە ئەگەر جەماوەر ئەکتیڤ  بێت ئاسانە لە دەورەیەکی تردا ببن بە هێزو نفوزی هەر هێزێکی تر . کە بێ دەربەست بوو  دەوران و سالانێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی ئەکتیڤ ببێتەوە.
بۆیە بەلای منەوە ئەگەر لە هەر ڕوویەکەوە سەیری هەڵبژاردنی ئەم جارە بکەیت،ئەوا بەشداریکردن قازانجی گەورەی دەبوو بۆ جەماوەرو چەپ، بەشداری بۆ چەپیش ئەوە نە بوو دەنگ دەهێنێت و نوێنەر دەنێرێتە پەرلەمان بەڵام ئەو قازانجەی دەبوو کە جارێکی تر دەچوەوە ناو کۆمەلگاو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و شیعارو بەرنامەکانی بە ئازادی و بێ داواکردنی مەرحەمەتی مۆڵەت وەرگرتن لە ڕێگای هۆیەکانی کەمپینی هەلبژاردن و میتینگی جەماوەریەوە بە جەماوەر دەگەیاندو کۆتایی بەدەورەیەک لە نادیاری و دابران لە کۆمەڵگا دەهێنا، هەروەها ئومێدیکی گەورەشی بە هەموو ئەو کادران و هەلسوراوانە دەدا کە دەورانیکی زۆرە پاسیف و بێ دەربەستن، بەگشتی چەپ هەنگاوێکی باش دە چووە پێشەوە.
چەپ  بە بەشداری نەکردن هەڵەیەکی مێژووی گەورەی کرد و فرسەتێکی گەورەی لەدەست دا ، بەلام ئەوەی جێ ی دڵخۆشیە کەم کردنەوەی پاوانخوازی دەسەلاتدارەتی پارتی و یەکێتی و دەرکەوتنی هێزی ترو ئۆپۆزسیونی تر لەم هەلبژاردنەدا  بە قازانجی جەماوەر و کرانەوەی زیاتر ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە و  چەپ بەشدار بێت یان نا ئەم ڕاستیە لە جێ ی خۆیەتی .

saman1970@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.