
شه‌پۆله توڕه‌کان
موسڵمان نیم!
وه‌لێ خودایه‌ک ده‌په‌رستم
بۆنخۆشتر له‌ڕه‌نگی ئێواره‌ی سه‌ر که‌شتی و
شیرین‌تر له ماچی جێ پێی گیا‌و
شه‌نگتریش له له‌نجه‌ی ڕۆشتنی ڕوناکی.
خودایه‌ک ده‌په‌رستم!
هه‌موو به‌یانییه‌ک،به‌ر له‌خۆکردنه‌وه‌ی شه‌ونم
به‌رله‌هه‌ناسه‌ی با… له‌ودیوو سێبه‌ره‌کانی وه‌نه‌وشه‌وه
نه‌سیمێک ده‌نێرێت… سه‌ر ڕێژه له‌بۆنی مه‌حویی و
دڵ پڕه به ده‌نگی ده‌فه‌که‌ی عبدوڵاو
سک پڕه به‌چواله‌ی تازه ماچ.
موسڵمان نیم!
وه‌لێ له‌ودیوو هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کی شکاوه‌وه
له‌ودیوو هه‌ر خوێنێکی ڕژاوه‌وه
له‌و بازنانه‌ی هێند ته‌سک ده‌بنه‌وه
مه‌ودایه‌ک نامێنێت بۆ ژیان و هه‌ناسه،
له‌ودیوو سه‌ربرینی هه‌رپشووی په‌له‌وه‌رێکه‌وه
خودایه‌ک هه‌یه
جوانتر له سنگ دادانی ئاسمان،
له‌سه‌ر ڕووخساری تا گرتووی ئێوارانی ده‌ریا،
گرینۆکتر له من
ئه‌وکاته‌ی گوێم له ده‌نگی شکانی دڵـمه
له مشتی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی په‌پوله‌دا،
ترساوتر له نه‌رمه کۆکه‌ی نا وه‌خت،
ئه‌و کاته‌ی خشپه‌ی گه‌ڵایه‌کی ته‌زیوو
ده‌ست له به‌رۆ ک دوور ده‌خاته‌وه‌و
له عه‌زره‌تی ماچێکدا ده‌خنکێ عیشق.
موسڵمان نیم!
وه‌لێ خودایه‌ک ده‌په‌رستم
ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه به کراسه خوێناویه‌که‌ی یوسفه‌وه
ده‌راگاکانی ڕووناکی ده‌کوتێ و
ده‌رگاکانی تاریکی ده‌کوتێ و
ئه‌ودیوو په‌رژینه‌کانی بینایی ده‌خوێنێته‌وه،
که‌چی!
ئه‌م حه‌شاماته ووێرانه
به ده‌زوله‌ی خوێنی کراسه‌که‌ی یوسف‌دا ڕێده‌که‌ن و
ده‌یخۆنه‌وه‌و هه‌ر تێر نابن، هه‌ر تێر نابن و
دڵه‌کان ناکه‌نه‌وه.
خودایه‌ک ده‌په‌رستم
به‌خۆی و کاکۆڵی له خوێن هه‌ڵکێشاویه‌وه
به‌خۆیی و ئه‌و هه‌موو نامانه‌یه‌وه
بۆ مه‌عشوقه‌که‌ی نووسی و بۆی نه‌نارد،
به باوه‌شێ هه‌تاوی گه‌شی ڕوخسار‌و
به‌کۆڵێ ئینجانه‌ی ته‌زیوه‌وه،
که‌پڕیه‌تی له هه‌ناسه‌ی به‌جێماوو
له‌ترسی به‌جێماوو
له ووشه‌و خه‌یاڵی به‌جێماو.
ئه‌و خودایه‌ی من
کاتێ ده‌یبینم که له‌ڕۆحما هه‌ڵده‌کات و
ئه‌م ته‌زێنێ به ته‌زین،
له ئێواره‌یه‌کدا ده‌یبینم
که‌سه‌رم سپاردۆته شه‌پۆله توڕه‌کان و
به‌ردی یاده‌وه‌ریه‌کان ده‌یهاڕن،
به‌یانیه‌ک ده‌یبینم
کازێوه‌م بانگی سه‌ر سفره‌که‌م کردوه‌و
نان و ڕۆحم ده‌خوات،
ئه‌و خودایه‌ی نه پێناسه‌یه‌کم هه‌یه بۆ خه‌یاڵه‌کانی و
نه پێناسه‌یه‌کی هه‌یه بۆ خه‌یاڵه‌کانم،
ده‌کرێت،به پێڵوه‌کانی ،باخاتی عومرم بنووسێته‌وه،
یان له بۆنی خه‌مێکی په‌مه‌یدا بێت و
بئاڵێته پرچه‌کانی دایکم،
ده‌کرێت چرکه‌یه‌ک بیبینم، که دێته ناو هه‌ناسه‌م و
به تابووتێ له ڕێحانه‌م ئاشنا ده‌کات،
خودایه‌که له جوانیی
که‌له‌م زه‌ویه‌دا نییه،
خودایه‌که له‌شیرینی
وه‌لێ له شیرینی ئه‌م دنیایه‌دا نییه،
خودایه‌که له له‌زه‌ت
وه‌لێ له له‌زه‌ته‌کانی ئه‌م زه‌ویه‌دا نییه،
ئاخر ئه‌و خودایه‌که له گه‌ڕان ، گه‌ڕان به شوێن
کۆکردنه‌وه‌ی خه‌یاڵه‌کانی منداڵیداو
چه‌پک کردنی له گوڵدانی ئاینده‌ی نه‌وه‌که‌مدا.
ئارام ئه‌حمه‌د علی