
جوانتر له‌سپێده، له‌چاوه‌روانی تۆدا….عه‌لی سدیق
ژیانی من…
له‌سه‌فه‌ری ئه‌و نیگایه ده‌ستی پێكرد
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م چاوتروكان
كه‌وته باوه‌شی زه‌وی و
شنه‌بایه‌ك به‌هێواشی به‌ره‌و لای تۆی دزه‌یه‌وه
دوای تێپه‌ڕین به باڵای ئاودا
به عه‌تری مێخه‌ك و شیله‌ی سێ‌و
له‌به‌رپێتدا وه‌ك كۆیله، رواو
له‌سه‌ر سینه‌ی به‌فرت، چۆكی دادا
تا خه‌وی موحیبه‌ت بردیه‌وه
من ژیانم موتروبه‌كرا…
ئه‌و به‌یانیه‌ی له ته‌كیه‌ی عیشقت
به‌ماچی خه‌نده ته‌ڕایت به‌رۆحم به‌خشی،
ئێواره‌كه‌ی له‌باخچه‌ی چاوت
به نیگایه‌كی شه‌رمنانه، تیرێكت خسته دڵم و
دوای پیاسه‌یه‌ك به‌گیان
وه‌ك مناڵێك ده‌ستت گرتم و
بۆ سه‌ره‌تای بوونت بردمه‌وه
ئه‌ی ژیان…
ئه‌و سه‌فه‌ره بۆهه‌ریه‌كێ قه‌ده‌رێكه
ئه‌و قه‌ده‌ره بۆ من و تۆش
ئه‌ی یار…
ئه‌ی عاشقترین عاشق
ئه‌وه منم له قه‌نته‌ره‌ی چاوه‌كانتا وشكماوم
كه تا دوێنێش دلۆپه‌ی فرمێسكه‌كانت ئاویاندام
ئه‌وه منم له‌سه‌فه‌ری نیگاكانت دابڕاوم
كه تا دوێنێش فه‌له‌ك ئاسا
به‌ده‌وری رۆحت ده‌سوڕام…
تۆش…
تۆ ئه‌ی سه‌رابترین كچی دنیا
ئه‌مڕۆ به زه‌رده‌خه‌نه‌وه
له‌گه‌ل هاتنی "با"دا ده‌ست پێده‌كه‌ی
له ساته‌وه‌ختی فه‌نابووندا، هێدی هێدی سنور ئه‌بڕی
سنور ئه‌بڕی و دوور دوور ئه‌ڕوی
به‌ره‌و كه‌ناری ئه‌ستێره‌و
بالنده كێویه‌كانم بۆجێ دێلی
خۆشه‌ویستیم به مانگ ده‌سپێری و
ته‌كیه‌و خانه‌قام ده‌كه‌ی به غوربه‌ت
ئه‌ی یار…. ده‌پێم بلێ
دوای رۆیشتن له‌م باخچه بچوكه
چه‌ند گوڵ نا‌ئومێد ده‌كه‌ی؟
دوای نوغرۆبوون به‌م غوباره
چ ئافاتێكی ره‌شی به‌كۆل ئه‌ده‌ی؟
ده وه‌ره‌وه
هاتووم به‌شنه‌باكان ده‌لێم:
هه‌موو گوڵه وه‌ریوه‌كان هه‌ڵگرنه‌وه
یه‌ك یه‌ك گه‌ڵاكان ریز كه‌ن و
به‌سه‌ر رووی نه‌خشه‌كانی جیهان پاڵیانخه‌ن
ده‌بێ جیهان بزانێ رۆژێك ده‌وه‌رێ و
نه‌خشه‌ش بزانێ رۆژێك ئه‌دڕێ
با گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان وڵاتێك بكه‌ن به‌خاكمان و
به‌هیواشی به‌ره‌و جێژوانمان به‌رنه‌وه
تا "ژیان" لێی ده‌ست پێكا
ده وه‌ره‌وه…
ئیدی من نامه‌وێ چاوه‌ڕوانی پاسه‌وانه‌كانی شه‌وبم
نامه‌وێ چیڕۆكه‌كانی ژیان له غیابی تۆدا بۆ بۆقه‌كان بگێڕمه‌وه
نامه‌وێ به‌دیار مێروله‌كان دانیشم تا باڵده‌گرن
له چاوه‌روانی تۆدا
ده‌مێكه شیعره‌كانم لێم توڕه‌ن و
هه‌ندێ جاریش وشه‌كان ئیفلیج ده‌بن
ده‌ستیشم راهاتووه زوو زوو بلێ:
به‌سه، رۆژێكی دیكه ته‌واوی ده‌كه‌ین
منیش پێی ده‌ڵێم :
ئاساییه گیانه،
له‌چاوه‌روانی رۆژێكی دیكه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا
سه‌دان رۆژ به‌رێ ده‌كه‌م…