لای من پیشمه‌رگایه‌تی به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی جوانناسیی بوو
هه‌ندرێن: لای من پیشمه‌رگایه‌تی به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی جوانناسیی بوو
گفتوگۆی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود // به‌شی چواره‌م
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: باسی ئه‌زموون و، پێشمه‌رگایه‌تی و، ئه‌ندامێتی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران، پێشوو تریش باسی میوانخانه‌كه‌ی هه‌ولێرو سه‌رده‌می خوێندنت وه‌ك جۆره شێتخانه‌یه‌ك بۆكردم، ئێستاش باسی خۆكوشتن، ده‌پرسم ئێوه له‌كوێوه بۆ كاری سیاسی و حزبی و، پێشمه‌رگایه‌تی ده‌ستتان پێكرد؟.. له‌كۆێ و چۆن و له‌به‌رچی كۆتایی پێهات؟..مه‌به‌ستتان لهخۆبهستنهوهی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌شه‌ڕی ئێران عیراق و بێ بنه‌مایی شۆڕش له‌ڕابردوو ئێستادا چییه؟.. ده‌پرسم ئايا ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ره‌و شێتی و، خۆكوشتن ده‌بات چییه؟.. دواجار ئه‌مانه مرۆڤ به‌ره‌و كوێ ڕاپێچ ده‌كه‌ن ؟..
هه‌ندرێن: مرۆڤ، به تایبه‌تیش مرۆڤی کورد که له خۆی ده‌پرینگێته‌وه، پێیه‌کی له‌ناو ویست و پێیه‌کیشی له‌سه‌ر لێواری بۆشایی ناوه‌کیی خۆی دایه. دیاره له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه هه‌ستی له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه که مرۆڤ هانده‌ده‌ن روو له نزیکبوونه‌وه و کار کردن له که‌سانی تر یان کاری هه‌ره‌وه‌زیی له‌گه‌ڵ گرووپ و رێکخراوه‌کان بکا. لێره‌وه په‌نابردنی مرۆڤ بۆ خۆکوشتنیش شێوازێکه له پرۆسه‌ی ئه‌و له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه یان رۆچوون به‌ناو ئه‌و بۆشاییه‌ی بووندا. به‌مجۆره مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی واتایه‌ک به بوونه‌که‌ی ببه‌خشێ یان له سێبورییهک به‌و له ده‌ست چوون و ته‌نیاییه رسکاوهی ناو روحی ببه‌خشێ، خۆی له‌و تاکه‌که‌س، گرووپ و رێکخراوانه ده‌بینێته‌وه که له قۆناغه‌کانی ژیانیدا تاکوو واتایه‌ک به بوونه‌که‌ی ببه‌خشێ، یان له‌و ململانێیه‌ی نێوان ویست و بۆشاییه ناوه‌کییه‌ی رزگاری ده‌کا. به‌مجۆره به‌ره‌و شێتیی و خۆکوشتنیش، شێوه‌یه‌که له دووتابوونی ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان ویست و بۆشاییه ناوه‌کییه‌ی مرۆڤ. مرۆڤ به ویست و هه‌وه‌سه‌وه به‌ناو واتایه‌ک یان پرسیارێکی بوونه‌وه رۆنهچی، نه سێبه‌ری شێتبوون و نه مه‌راقی خۆکوشتیش به‌رۆکی ده‌گرێت.
لێره‌وه به‌ره‌و شێتبوون و خۆکوشتن، تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی روحه له ئاوه‌ز؛ راپسکانی روحه له ده‌ستی بیانۆ و گه‌مه‌کانی به ده‌م له ده‌ست چوونی خه‌ونی ئه‌و ژیانه‌ی که مرۆڤ ده‌یکات ماڵی روحی. به‌ڵێ ئه‌و مه‌یله بۆ شێتبوون و خۆکوشتنه، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ئێستای حوزنباری مرۆڤێکی حوزنباره به‌ره‌و رابردووهکه که وه‌ک ته‌مێک یان سه‌رابێک به‌سه‌ر یاده‌وه‌رییدا کشاوه، ئه‌و سهرابهش هه‌ڵمی روحه به ده‌ست چۆکدادانهکانی ئاوه‌ز. له‌و دۆخه‌ی بووندا مرۆڤ تارماییه‌که له تاراوگه، نامۆبوون و بێماڵیی. ره‌نگه له‌و رۆچوونه‌ی روح به‌ناو تاراوگه‌بوون، نامۆبوون و بێماڵییه‌دا، ئاوڕدانه‌وه‌ی چاوه ته‌ڕه‌کانی روح به‌ره‌و رابردوویه‌کی له ده‌ست چوو، سێبووری مانه‌وه بدا، ئه‌گینا له ناخی ناخدا ژیان خۆڵهمێشکه له سووتانه بێده‌نگیه‌کانی ناوه‌کیی.
وێدچێ چرکردنه‌وه‌ی پرسی شێتبوون و خۆکوشتن، مه‌حاڵ بێت، لێ:
" ساردییه‌ک له لۆچه‌کانی رووتدا ده‌چۆڕێته‌وه.
چه‌قۆیه‌ک تووڕدهدهیته ناو گۆماوی بێده‌نگییه‌وه:
ته‌رمێک به‌سه‌ر شانی کۆڵانێکه‌وه،
وه‌ک کهشتیهوانێکی کارکه‌نار،
له بورجه‌کانی زه‌ریای ژێر کازیوه‌ی مانفا ده‌ڕوانێ.
به‌ره‌و دواوه هه‌نگاو ده‌نێی:
گه‌رمییه‌ک به قاچه‌کانته‌وه ده‌ئاڵێ و
شنه‌یه‌ک له قووڵاییه‌کانی جه‌سته‌دا، ختۆکهت ده‌دا.
روخسارت ده‌خه‌یته نێو لهپهکانتهوه،
تارماییه‌کی راپسکاو له ئاوێنه‌ی خوێنی سه‌ر عه‌ردی ژووره‌که‌تدا، خۆی ده‌نوێنێ.
خه‌ونه‌کان به‌ناو ده‌نگته‌وه داده‌ڕمێن،
ده‌نگه‌کان به‌ناو خه‌ونه‌کانته‌وه رادهسێن." (ئاوێنه‌کانی خوێن،1999.7، ستۆکهۆلم)
ئه‌مه‌یان تیشکێک له‌مه‌ڕ "به‌ره‌و شێتبوون و خۆکوشتن" و ئاسۆیه‌کانی. لێ سه‌باره‌ت به‌و سه‌ره‌تایه‌ی تێکه‌ڵاوبوونی من به سیاسه‌ت، پرسی: " بوون یان نه‌بوون"ه بوو. ئه‌مه‌ش دواجار، به هۆی ئاماده‌یی دڵبزوێنی تاکه که‌سگه‌لێک له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌نی مندا، به‌ره‌و رێزی "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان"ی ئه‌وکات راپێچکردم. ئه‌ڵبه‌ته، له کن من، هه‌ر دوای سه‌ره‌تای ههشتهکانهوه ئه‌و "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"ه مانای خۆی له ده‌ستدا. چونکه نه‌یتوانی وه‌ک رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ ویستی ئه‌و گرووپ و تاکه‌که‌سانه ده‌ربڕێت که وه‌ک تاکه که‌سگه‌لێکی مه‌یل وه‌رچه‌رخێنه‌ر له‌و نه‌ریته سیاسیی و کولتوورییه‌ی جڤاکی کوردیی له‌و قۆناغه‌دا له دایکبوون. به‌هه‌مه حاڵ، کاتێک تۆ وه‌ک تاکه که‌سێک ده‌گه‌یته ئه‌و ئاسته‌ی که ئه‌و ژیانه تامی ئه‌و واتایه نابه‌خشێ که بوونی تۆ به دواییدا ده‌گه‌ڕێ، ئیتر پرسیارگه‌لی وه‌ک: گه‌لۆ ئه‌و ژیانه چ مانایه‌کی هه‌یه؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌وه بکه‌ین و ئه‌وه نه‌که‌ین و … تاد؟ که‌واته له بنه‌چه‌که‌دا ئه‌و ته‌نیاییه‌ی مرۆڤ له بوونه‌که‌یدا په‌یوه‌ندی به ئاماده‌یی هه‌میشه‌ی "نه‌بوون"، مه‌رگه‌وه هه‌یه. کاتێک مرۆڤ وه‌ک تاک یان کۆکه‌س به هۆی مهرجگهل و هۆکارگه‌لێک ناتوانێ به‌و شێوه‌یه بژی که ده‌خوازێ ئه‌وده‌مه ئاماده‌یی نه‌بوون، بێ‌ئومێد بوون به‌رانبه‌ر ئه‌و ژیانه قووڵتر ده‌بێته‌وه.
که‌واته ئه‌و پێشهاتانه له ژیانی مندا ده‌رهاوێشته‌یه‌ک بوون له‌و پرسی "بوون و نه‌بوون"ه‌وه.
به‌مجۆره دۆخی ته‌نیایی مرۆڤ له‌به‌رده‌م پرسی بوون، یه‌کێکه له پرسه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیان. ئێمه ئه‌وکاته تووشی په‌ژاره‌یی و ته‌نیایی ده‌بین کاتێک به ژینگه و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی و نه‌ریتی گه‌مارۆده‌درێن که دواجار بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ته‌نیاییه رزگار بین، بوونه‌که‌مان فه‌رامۆش نه‌که‌ین، ره‌نگه په‌نا بۆ کاری سیاسیی و بگره نووسین و خۆکۆشتنیش ببه‌ین. به‌ڵام هاوکاتیش ئه‌وه‌ی که وامانلێده‌کا هه‌ست به‌و په‌ژاره‌یی و ته‌نیاییه، نهبوونگهراییه بکه‌ین، هه‌ر ته‌نیا هۆکردی سیاسیی و جڤاکییهکی دیاریکراوی نییه، به‌ڵکوو ده‌کرێ ئه‌و هه‌ستکردنه به ته‌نیاییه لای من یان مرۆڤێکی دیکه هۆیه‌کی دیاریکراوی نه‌بێت. چونکه ئه‌و هه‌سته، به واتای ڤالێری، به شێکه له تامی ژیانمان. ئه‌و دۆخه له ته‌نیایی و نیگه‌رانییه که وامانلێده‌کا له‌به‌رانبه‌ر ژیاندا هه‌ست به دهستهوهستاوی بکه‌ین، تێگه‌یشتنه له‌و ژیانه گهمارۆدراوهمان که دواجار ده‌بێ به مه‌رگ کۆتایی بێت. هایدگه‌ر روونکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌رنجکێش بۆ ئه‌و هه‌ست به په‌ژاره‌یی و بێئومێدییه‌ی مرۆڤ ده‌کا: "په‌ژاره‌یی بریتییه له‌وه‌ی که ژیان (پرۆسه‌ی بوون) نزیکایه‌تییه‌ک له نه‌بوونی، شیانی بوونی نه‌بوونیی ده‌پۆشێ، بۆیه بوونی مه‌رگ سه‌ره‌کیترین په‌ژاره‌ییه. به‌مجۆره شێتبوون و روو کردنه خۆکوشتن له‌وکاته‌دا ده‌ستپێده‌کا که مرۆڤ هه‌ست ده‌کا نه‌بوونی، پرۆسه‌ی بووناندن ژیانی پۆشیووه یان بوون ئه‌و شکۆمه‌ندییه‌ی خۆی نه‌ماوه.
لێره‌وه له بنه‌ڕه‌تدا پرسی بیرکردنه‌وه له بوونێکی شکۆمه‌ند، تۆ ببیته خۆت یان له بووندا بیت. ئه‌و ده‌میش، له ناوه‌ڕاست و کۆتایی حه‌فته‌کان بوونی من یان کۆی ئه‌و نه‌وه‌ی به‌و نه‌بوونه‌ی کۆی کورد گرێدرابوو. ئه‌وکات ئه‌و ته‌نیاییه‌ی مرۆڤ یان من، له روانگه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ی که من به‌و ته‌مه‌نه لاوییه‌وه تێکه‌ڵاوی بووم، به کێشه‌ی بنده‌ستی کورد، باڵاده‌ستی رژێمی به‌عسه‌وه ده‌به‌سترایه‌وه. من پێم وابوو، ئه‌و هه‌سته به ته‌نیایی و بێزارییه‌ی من به‌رانبه‌ر به ژینگه‌و نه‌ریته باڵاده‌سته‌کانه‌وه، په‌یوه‌ندی به کۆی سیسته‌می سیاسیی یان دۆخی بنده‌ستی کورده‌وه هه‌یه، بۆیه ئه‌و تێگه‌یشتنه منی هاندا که خۆم له‌و تاکه‌که‌س، گرووپ و دواجاریش "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان" نزیک بکه‌مه‌وه، تاکوو ئه‌و دۆخه له بنڕا بگۆڕدرێ که منی تووشی ئه‌و ته‌نیاییه ناوه‌کییه کردبوو.
کاتێک من بڕیارمدا له ماڵ و ژینگه بهرتهنگهکهی ماڵ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی رزگار بم، که‌وتمه به‌رده‌م ژیانێکی تر. ئه‌و ژیانه‌ش، وه‌ک وتم، له "هوتێلی خانزاد"، که په‌ناگه‌ی بێ‌ماڵ، شێت، میسریی و میوانه ئه‌و میوانه هه‌ژارانه‌ی دێهاته‌کان بوو. دوای ئه‌مه‌ش له مالێکدا به ته‌نیا ژیام. له‌و ژیانه جیاوازه‌دا پرسی ئازادی له ده‌سه‌ڵاتی ماڵ و ده‌وروبه‌ره‌وه بوو به پرسی ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس و سنووره‌کانی. ئه‌مه‌ش تووشی جۆره ته‌نیاییه‌کی فره‌وانتری کردم. بۆیه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته وایلێکردم راسته‌وخۆ له‌و تاکه‌که‌س و گرووپانه‌وه نزیک ببمه‌وه که هه‌ڵگری هه‌مان خه‌می من بوون.
لێره‌وه مرۆڤ، به واتای هێگل، ناچاره رۆڵه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی بێت. له‌و سه‌رده‌مه، کۆتایی حه‌فتاکان بۆ ئه‌وه‌ی مرۆی خوێنه‌ر یان نووسه‌ر رۆله‌ی ئه‌و رۆژگاره‌ی خۆی بێت، توانای هاندان و سهرنجکێشانی خه‌ڵک بۆ په‌یامه‌کانی هه‌بێت، ده‌بوو خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌کی شۆڕشگێڕانه یان راستتر بێژم، ده‌بوو که‌سێکی مارکسیی، گیڤارهیی و هاوکاتیش له بواری فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازییه‌وه نزیک بێت. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ره‌وته مارکسیزم و بوونخوازییه‌وه هه‌بوو که له‌و رۆژگاره‌دا له رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتیش باڵاده‌ستبوون. له بواری شۆڕگێڕییهکی کرده‌ییه‌وه، گیڤارا روحی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، هه‌روه‌ک تێزه‌کانی مارکسیزم و به تایبه‌تیش وته‌کانی هۆشی منه، ما‌و، رۆجیه دۆبرێ، ترۆتسکی و … تاد سه‌رچاوه‌ی تێگه‌یشتنی سیاسیی بوون و کتێبه‌کانی سارته‌ریش سه‌باره‌ت به به‌ستانه‌وه‌ی بوونخوازی له‌گه‌ڵ مارکسیزم، به گوڕ و جۆشترین بابه‌تی ئه‌و خوێندکار و نووسه‌رانه بوون که من وه‌ک گه‌نجێک تازه تێکه‌ڵاویان ببووم.
هه‌ر بۆیه من ئه‌وکات به هه‌موو ویستی ناخمه‌وه، وامده‌زانی له‌ناو جه‌رگه‌ی جیهان، ژیان ئاماده‌م؛ به ده‌م شه‌پۆڵی وسیتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ماڵ، جڤاک و رژێمی زه‌به‌لاحه‌وه، خۆم به گیڤارا ده‌زانی.
به‌ڵێ، بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌و رۆژگاره‌ی که منی له نێوان فشاری ماڵ و ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسه‌وه سهرگهمکردبوو، گۆڕانی ئه‌و ئاوه‌زه خێڵسالارهی بزاڤی سیاسیی کورد و دابڕانی جڤاکی کورد بوو له‌و دۆخه بنده‌ستیی و نه‌ریتییه‌ی که سیخنانخی کردبوو. لێره‌دا کۆی ئه‌و جیهانبینییه‌ی که من و هاوه‌ڵه‌کانی سه‌رقاڵکردبوو چڕ ناکرێته‌وه، لێ ئه‌وکات ئه‌و تێڕوانینه، توانی زۆرینه‌ی گه‌نجی کورد بورووژێنێ.
هه‌رچۆنێک بێت، له‌و دۆخه‌دا وه‌ک چۆن له منداڵییدا نه‌مده‌توانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هارارکییهی ناو خێزان و ده‌سه‌ڵاتی مامۆستا و پیاوه باڵاده‌سته‌کانی ناو گونده‌که‌م قبووڵ بکه‌م، ئه‌و قۆناغه‌ش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌کێتی قوتابیانی سه‌ر به به‌عس له له قوتابخانه و لایه‌نگرانی به‌عس له ده‌وروبه‌ره‌که‌م بوو به ئه‌رکێکی نه‌ته‌وایه‌تیی و رۆشنبیریی من. به‌مجۆره به رێگای هاوپۆلێکمهوه، چه‌ندان کوڕی چاڵاکی "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"م ناسی. ئه‌و ناسینه‌ش بوو به په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسیی، چونکه ئه‌وکاته په‌یوه‌ندیی هاوڕێیایه‌تی زۆرینه‌ی ئه‌و نه‌وه‌ی من، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رانبه‌ر رژێمی به‌عس و روحی شۆڕگێڕیی بوو. ئه‌وکات له ئاستی شکۆمه‌ندیی و ئاکاره‌وه، به‌عسی بوون و بێ هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی شۆڤینی به‌عس به دژی کورد بووده‌ڵه‌یی، سه‌رشۆڕیی و خیانه‌ت بوو. به‌مجۆره من به سه‌رگه‌رمییه‌کی زۆره‌وه که‌وتمه چاڵاکی سیاسیی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزاڤه نوێیه‌وه. لێره‌دا ناکرێ کاریگه‌ریی ئه‌و کوڕه بێده‌نگ و سیاسییه ئیدیاله له یاد بکه‌م، که بۆ من وێنه‌ی شۆڕشگێڕییه‌کی به‌ڕاستی، له خۆبووردوو و خاوه‌ن کتێبی به‌هاداری رۆشنبیریی و سیاسیی ئه‌و رۆژگاره‌ی لاویه‌تیی من بوو. موحسین سیاسیی، رۆژانه به رووخساری جیاواز و بڵاوکراوه‌ی کۆمه‌ڵه و هه‌ندێک جار ده‌مانچه‌وه له هه‌ولێر ده‌سووڕایه‌وه. کاتێک که له ژوورێکدا له گه‌ڕه‌کی "کوران" به ته‌نیا ده‌ژیام، ماڵه‌که‌م بوو به شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و کۆمیته‌ی کۆمه‌ڵه که موحسین سیاسیی به‌رپرسیی بوو. ئێواران له‌گه‌ڵ موحسین، رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، هه‌ندێک جار به‌رێز حه‌وێز، سه‌باح شوکریی و ئه‌وانی تر که ناوم له یاد نه‌ماون ده‌چووین بۆ "چایخانه‌ی مه‌چکۆ"، "عه‌بۆ" و ئێوارانیش له "گازینۆی لیالی" کۆده‌بووینه‌وه. رۆژانه موحسین سیاسیی له‌گه‌ڵ ده‌هاته‌وه ماڵه‌که‌م، که ئه‌وکات ئه‌و به ته‌نیا ژیانه، بوونی ماڵێک که تۆ به ته‌نیا تێیدا بژی، ده‌گمه‌ن بوو. بۆیه له‌گه‌ڵ موحسین سیاسیی به‌رنامه‌مان دانا چه‌ندان خه‌ڵکی سه‌ر به رژێم دزین و له‌و ژووره‌ی مندا حهشاریانبدهین. مخابن، له سه‌ره‌تای پاییزی 1981دا موحسین سیاسیی (که به‌داخه‌وه ناوی باوکیم له یاد نه‌ماوه) له‌گه‌ڵ ناسر کرێکار، که ئه‌ویش یه‌کێک له‌و کوڕه جه‌ربه‌زانه‌ی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵه بوو له هه‌ولێر، به مه‌به‌ستی کوشتنی پارێزگاری هه‌ولێر، که ناویم له یاد نییه، به خۆیان و ده‌مانچه‌وه ده‌چنه ناو پارێزگای هه‌ولێر و له‌وێدا ئاشکرا ده‌بن و ده‌گێرێن. حه‌فته‌یه‌ک دوای گیرانی موحسین، به هۆی ئه‌وه‌ی من ئه‌درێسی ماڵه نوێیکهم نه‌دابوو به مه‌کته‌ب، به‌ڵکوو هه‌مان ئه‌و ئه‌درێسی "هوتێل خانزاد"م له مه‌کته‌ب مابوو، بۆیه ئه‌منی به‌عس به دوای من و رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مینه‌وه هاتبوون بۆ قوتابخانه. به‌ڵام ئێمه به هۆی گیرانی موحسین سیاسییه‌وه نه ده‌چووینه‌وه مه‌کته‌ب. پاشان ئه‌منه‌کانی به‌عس داوایان له کوڕێکی هاوپۆلم به ناوی نه‌جات، که یه‌کێک بوو له یه‌کێتی قوتابیانی مه‌کته‌به‌که‌مان، کردبوو ئه‌درێسی من بدۆزێته‌وه، که ئێستا، وه‌ک بیستم له "گه‌ڕه‌کی کرێکاران" عیاده‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش به رێگای هاوڕییه‌کی هاوپۆلمهوه په‌یامی بۆ ناردم که ئه‌من ئه‌ویان راسپاردووه ئه‌درێسی بدۆزمه‌وه، بۆیه داوای کردبوو که من خۆم رزگار بکه‌م. هه‌روا ئه‌منه‌کان به نه‌جاتیان وتبوو ئه‌گه‌ر من ئه‌و کاره نهێنییه بزانم، ئه‌و له جێگه‌ی من ده‌گرن. به‌هه‌مه حاڵ، من چیتر نه‌چوومه‌وه مه‌کته‌ب. وێڕای هه‌راسانی به ده‌ست ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی ئاشکرابوونهوه، لێ وه‌ک گوتم، هه‌ستم ده‌کرد تارماییه‌کی جه‌ربه‌زه‌م له هه‌ولێردا ده‌سووڕێمه‌وه. به‌مجۆره نزیک یه‌ک مانگ له ره‌وشێکی نیگه‌ران و سهرمهستانهدا له هه‌ولێردا مامه‌وه. هه‌ندێک جار ده‌چوومه ماڵی به‌ڕێز حه‌وێز یان رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، که ئه‌ویش ئێستا له هه‌ولێر ده‌ژی، که ئێمه هه‌ردووکمان سه‌ر به‌و کۆمیته‌ی "کۆمه‌ڵه" بووین که موحسین سیاسیی به‌رپرسیی بوو. به‌مجۆره من و رۆسته‌م بڕیارماندا ببین به پێشمه‌رگه. راستییه‌که‌ی ئه‌و ساڵه، واتا 1981 به شێوه‌یه‌کی سه‌یر رێکخستنه‌کانی "کۆمه‌ڵه" له کوردستاندا ئاشکرا ده‌بوون. پاشان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه هه‌بوو که یه‌کێتی به مه‌به‌ست ئه‌و رێکخستانه ئاشکرا ده‌کا تاکوو ریزی پێشمه‌رگه‌ی زۆر بکا بۆ شه‌ڕ کردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی "جود" که تازه دروستکرابوو، یان خه‌ریکبوو دروست ده‌کرا! به‌ڵام من ئێستاش به شێوه‌یه‌کی دروست به‌ڵگه‌یه‌کم نه‌دیووه که ئه‌و بانگه‌شانه پشتڕاستبکه‌نه‌وه. به‌هه‌مه حاڵ، چونکه ئێمه له کۆمیته‌که‌مان دابڕا بووین، بۆیه نه‌مده‌زانی چۆن بگه‌ینه ناو ئه‌و ناوچانه‌ی که پیشمه‌رگه‌ی یه‌کێتى لێ بوون. بۆیه به‌ڕێز حهوێزهوه، که ئه‌ویش سه‌ر به کۆمیته‌یه‌کی تری کۆمه‌ڵه بوو، به کوڕێکی ناساندین که ناوی شاخه‌وان بوو، ئه‌و کوڕه ئه‌رکی بردن و رێنیشانده‌ری ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی کۆمه‌ڵه بوو بۆ ناو پیشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان. به‌مجۆره من و رۆسته‌م له به‌یانییه‌کی زوودا، که شه‌وه‌که‌ی له هوتێلێکی نزیک له "نه‌قلیاتی هه‌ولێر"دا خه‌وتین، به ئوتومبێلێکه‌وه به رێگای شه‌قڵاوه بۆ خه‌لیفان رۆشیشتن و له‌وێشه‌وه سواری پیکابێکی "توێتا"ی سپی له‌گه‌ڵ گوندنشینه‌کان به‌ره‌و "بالیسان" رۆیشتین. راستییه‌که‌ی ئه‌وکات ئه‌و جۆره رۆیشتنه سهرکێشێیهکی مه‌ترسیدار و هاوکاتیش به چێژ بوو. مه‌فره‌زه‌یه‌کی یه‌كێتیی نیشتمانیی له "بالیسان" بوو، که نه‌وشێروان مسته‌فا سه‌رپه‌رشتی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه بوو. له‌وێ بۆ یه‌که‌م جار شه‌ڕی نێوان سۆسیالیست و یه‌کێتییم بینی. له یادمه به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه، بناری چیای "هه‌ورێ" گڕی گرتبوو. چه‌ند رۆژ له دۆڵی بالیسان و مه‌له‌کان ماینه‌وه. پاشان ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه داوای له من کرد له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ک که "هاوڕێ کاوه" به‌رپرسیی بوو بچم بۆ "ناوزه‌نگ". له‌و رۆژه‌وه له رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین دابڕام. دوای ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له "ناوزه‌نگ"، رۆژێک ئه‌و هاوڕێ کاوه هاته لام و داوای کرد دوای حه‌فته‌یه‌کی تر به "خه‌ت مایل" له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر بچمه ناو "له‌شکری ئیسلامی"، که ئه‌وکات له ئێرانه‌وه چه‌کیان وه‌رده‌گرت، یان هێزێکی سه‌ر به ئێران بوو. راستییه‌که‌ی ئه‌وکات ئه‌و کاره بۆ من زۆر سه‌خت بوو. چونکه من زۆر دژی ئیسلام و ئیسلامی بووم، بۆیه له‌به‌ر کاری سیاسییش نه‌مده‌توانی ئه‌و یارییه تێبگه‌م. به‌مجۆره زۆرم هه‌وڵدا له‌و ئه‌رکه سه‌خته رزگار بم، به‌ڵام بێسوود بوو. هاوڕێ کاوه وتی ئێمه بڕوامان به ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه هه‌یه، بۆیه که ئه‌و ئه‌رکه‌مان پێ سپاردن نابێ ره‌تیکه‌نه‌وه و که‌سیش به‌وه بزانێت. من تا هاتنی ئه‌و رۆژه له نیگه‌رانییه‌کی گه‌وره‌ی ناوه‌کییدا ده‌ژیام. هاوکاتیش له‌و ده‌مه‌دا وه‌فدێکی رژێم بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیی نیشتمانی هاتبوو بۆ ده‌وروبه‌ری ناوزه‌نگ، که به روانگه‌ی ئه‌وکاتی من، گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس، له تێگه‌یشتن به‌ده‌ر بوو. من له باره‌گایه‌کدا له‌گه‌ڵ چه‌ند دکتۆرێک و که‌سانی تر ده‌ژیام، که ئێستا ته‌نیا ئه‌و دکتۆر زریان عوسمانه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستیم له یاده، که زۆر دژی گفتوگۆکردن بوو له‌گه‌ڵ به‌عسدا. له یادمه دکتۆر زریان ده‌یگوت نابێ کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له‌گه‌ڵ رژێم گفتوگۆ بکا. هه‌رچۆنێک بێت، من رۆژێک پێش وادی چوونم بۆ ناو "له‌شکری ئیسلامی"، به بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک له یه‌کێتی ئاگادار بکه‌مه‌وه، چووم بۆ ناو حیزبی شیوعی. هه‌رچه‌ند ئه‌و رۆژه ئه‌و کاره بۆ من زۆر سه‌خت بوو. به‌مجۆره من له‌و رۆژه‌وه له ئاستی روحی و جیهانبینییوه، وه‌ک جاران، بڕوام به پیشمه‌رگایه‌تیی و سیاسه‌ت نه‌مایه‌وه. لێ ئه‌وکات من هیچ رێگایه‌کی دیکه‌م نه‌بوو، بێجگه له مانه‌وه له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی رێگایه‌کی دیکه نه‌بوو. چونکه نه بڕوام به ته‌سلیمبوونه‌وه هه‌بوو نه ده‌شمتوانی بیر له چوونه ئێران یان ئه‌وروپا بکه‌مه‌وه.
ئیتر له‌و رۆژه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی که لای من پیشمه‌رگایه‌تی ئه‌رکێکی ئێتیکی نه‌ته‌وایه‌تیی یان به‌رهه‌ڵستکارییه‌کی جوانناسیی بوو، هاوکاتیش واتای پاراستنی شکۆمه‌ندی ئه‌و خوده بوو که له منداڵییه‌وه بوو به شێوازێک له ژیانم. ده‌مه‌وێ بێژم، هه‌ر له سه‌ره‌تای بوون به پێشمه‌رگه له بری ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی رژێم ببمه‌وه، که‌چی له چوارچێوه‌ی ئه‌رکه‌کانی حیزب‌دا تووشی شه‌ڕکردنێک بووم که پێی ده‌ڵێن "شه‌ڕی براکوژیی"، له کاتێکدا هه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌و شه‌ڕه به‌ناو براکوژییهی شاخ بوو که ئاکامه‌که‌ی بوو به دزێوترین دیارده‌ی بزاڤی رزگاریخوازی کورد. مرۆ ناکرێ ئه‌وه بێنێته به‌رچاوی خۆی، که من به دژی رژێمێکی کوردکوژ رێگای پیشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژێرم، که‌چی یه‌که‌م ته‌قه‌کردنم به رووی حیزبێکی تره‌وه ده‌ستپێبکا! بێ به‌رنامه‌یی و کاره‌ساتی ئه‌و بزاڤه چه‌کدارییه هه‌ر ته‌نیا له شه‌ڕه به‌رژه‌وه‌ندیی و خێڵه‌کی نێوان ئه‌و حیزبانه‌وه نه‌بوو که کۆی وزه و توانایه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به سه‌نگه‌رگرتن له‌و شه‌ڕه شوومه خۆکوکژییه به هه‌ده‌ر دا ، به‌ڵکوو ئه‌و بزاڤه هه‌ڵگری هیچ جۆره پرینسیپ، پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بوو که بتوانێ ویست و توانای ئه‌و نه‌وه‌یه شۆڕشگێڕ و دڵسۆزه له خه‌باتێکی بزۆک و سه‌رده‌مییانه جۆشبدا. لێره‌وه دۆزه‌خێکی تر له ژیانی من ده‌ستی پێ‌کرد که له دۆزه‌خی نه‌ریته‌کانی ماڵ، ئاسۆیه داخراوه‌کانی جڤاک و ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ئاڵۆزتر بوو، چونکه له‌و وێستگه‌ی پێشمهرگایهتییهدا، ئاسۆیه‌کی تر نه‌ما بۆ ئازاد بوون. به‌مجۆره پێشمه‌رگایه‌تیی ئه‌و جیهانه داخراوهبوو که بۆ من ده‌ربازبوون تێیدا مه‌حاڵ بوو. ئه‌گه‌ر پیش‌تر پێشمه‌رگایه‌تی جۆره ئومێدێک بوو بۆ رزگاربوونی خود و جڤاکی کوردی له ده‌ست ئه‌و بنده‌ستیی و قه‌تیسمانه‌وه، که‌چی له راستییدا ئه‌و پێشمه‌رگایه‌تییه بوو به کوشتنی هه‌موو خه‌ونه‌کانی منداڵیی و هه‌رزه‌کاریم. له‌وێدا کێشه‌که هه‌ر سه‌ختی ئه‌و ژیانه و بێمانایی ئه‌و خه‌باته نه‌بوو، به‌ڵکوو کێشه‌که مانای رۆشنبیریی، خوێندنه‌وه و نووسین؛ واتا بیرکردنه‌وه و خۆ په‌روه‌رده‌کردنێکی جیاواز بوو گاڵته‌جاریی.
هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌ریتی هارارکیی خێزان و سنووره‌کانی جڤاک و ملهووڕییهکانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس هۆکردگهلی ئیفلیجکردنی ویستی سه‌ربه‌خۆیی تاکهکهسگهلی وه‌ک من بن، که‌چی له‌و قۆناغه‌ی پێشمه‌رگایه‌تییدا پێکهاتی حیزبه به‌ناو رزگاریخوازه‌کانی کورد و ئه‌و شوێنگه‌یه‌ی شاخ مه‌رگی کۆتایی ئه‌و تاکهکهسگهله بوون.
راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌ی که زه‌مینه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی خۆشکرد، بوونی پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بوو له هه‌مبه‌ر کۆی حیزبه کوردییه‌کان، به‌ڵکوو ئومێدهواربوونی ئه‌و حیزبانه بوون به شه‌ڕی ئێران-عێراق. ئاشکرایه رێککه‌وتنی یه‌کێتیی و پارتی له هێنانی سوپای ئێران بۆ ناو خاکی کوردستان و سه‌رقاڵکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و دوو حیزبه به تایبه‌تیی و به‌شێک له حیزبه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ئه‌ڵبه‌ت ته‌نیا حیزبی شیوعی راسته‌وخۆ به‌شداری ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی سه‌ربازییه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌بوو، هۆکردێکی سه‌ره‌کی بوو بۆ رێگه‌خۆشکردن له‌به‌رده‌م رژێمی به‌عس که ئه‌و سیاسه‌ته شۆڤینییه‌ی خۆی دژی خاکی کوردستان و هاووڵاتییه گوندنشینه‌کان پێڕۆ بکا، ئاکامی ئه‌و سیاسه‌ته وابه‌سته‌ییه‌ی حیزبی کوردیی له‌گه‌ڵ ئێران، کاولکردنی دێهاته‌کانی کوردستان و هه‌ڵدێرانی بزاڤی پێشمه‌رگایه‌تیی بوو. ئه‌مڕۆ ناوه‌ندی سیاسیی و رۆشنبیریی روحی خوێندنه‌وه و راڤه‌کردنی مێژووی دۆڕاندووه، ئه‌گینا هه‌موو ده‌زانین که هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه تاکوو وه‌ستانی شه‌ڕی ئێران-عێراق کۆی ئه‌و بزاڤه چه‌کدارییه‌ی رۆژگاری هه‌شتاکان، چاره‌نووسی خۆیان و کوردیان به‌و شه‌ڕه‌وه ماره‌کردبوو. هه‌ر بۆیه کاتێک رژێمی عێراق و ئێران ئه‌و شه‌ڕه‌یان کۆتایی پێهێنا، ئیتر رژێم ده‌ستی کرد به‌و هێرشه رقئهستووره کرد که به "ئه‌نفال" ناودێری کرد. ئه‌و حیزبانه چونکه له بنه‌ڕه‌تدا هیچ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی دوای وه‌ستانی ئه‌و شه‌ڕه نه‌بوو؛ چونکه ئه‌و بزاڤه شێوه‌یه‌ک نه‌بوو له شێوه یان تاکتیکی پرۆژه‌ی شۆڕشێک، به‌ڵکوو ته‌نیا به‌رته‌کێکی هه‌سته‌کی یان جه‌ڵه‌بیی بوو به‌رانبه‌ر رژێمکی وه‌ک به‌عس. ئه‌و بهرتهکهی بزاڤی ئه‌و حیزبانه هێنده‌ی هۆکردی ملهووڕییهکانی به‌عس و هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه دۆزخهییهی دژی ئێران و کورد بوو، ئه‌وه‌نده به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراوی تۆکمه، پشتئه‌ستوور به گوتارێکی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بوو.
بۆیه له‌گه‌ڵ سووتاندن و کاولکردنی ئه‌و دێهاتانه‌ی که بنکه سه‌رچاوه‌ی ژیانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیی بوون، له هه‌ڵاتن به‌ره‌و ناوزه‌نگ و ئاوه‌ره‌بوونی پێشمه‌رگه له ئێران و تورکیا هیچ ئاسۆیه‌کی تر بۆ نه‌مایه‌وه، به‌ڵێ، ئه‌و بابه‌ته به سفت و سۆیه ئاخاوتنێکی بێندرێژی گه‌ره‌که، که من لێره‌دا مه‌یسه‌ر نابێ.
لێره‌وه، به کورتی ئه‌و گهندهڵساریی ئابووریی، ئه‌خلاقیی و سیاسیی و بێمانابوونهوهی پرسی نه‌ته‌وایه‌تیانه‌ی که ئه‌مڕۆ جڤاکی کوردی داهێزراندووه، ئاکامێکه له‌و خه‌باته چه‌کدارییه جهڵهبییهی هه‌شتاکان. ئه‌و خه‌باته خه‌ونی نه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز و ویستخوازی له گۆڕنا. چونکه ئه‌وه‌نده‌ی من له ویست و توانه‌کانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی حه‌فتاو هه‌شته‌کان تێگه‌یشتبم، له پێناو ئه‌و ئاکامه ههژهندهێنهره نه‌بوو که هۆیه‌کی سه‌ره‌کی به‌رپرسیارانی ئه‌و بزاڤه رزگاریخوازه بوون، که‌واته نه‌بوونی به‌رنامه‌ی ئه‌و بزاڤه، که تۆ سۆراغی ده‌که‌ی، لای من له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه:
"راسانێک، کۆڕه‌وێک، له ده‌نگی خێڵێکدا ئاواره ده‌بێ و
چڕنوکێک له ناوه‌کیدا بیرهاتنهوهکانت دهئهنجنێ.
مانایه‌ک له زاردا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و
نه‌وه‌یه‌ک له زماندا غه‌واره ده‌بێ،
شوێن پێیه‌ک له شۆڕش، له یهکاتییهکی رماودا ،
هه‌ڕاجی راده‌گه‌یه‌نێ.
مێژوویه‌ک به‌ده‌ست دێوجامه‌ی سه‌روه‌ری بێسهردا،
ئیراده‌ی زڕاوه." (باڵه‌فڕه‌ی په‌یڤه‌کان به‌ده‌م رووتبوونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه، بڕوانه نیگای ده‌ست، 2004"
هه‌ر چۆنێک بێت، ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی من له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌نفالی دۆڵی بالیسان، که وابزانم ئه‌نفالی 6 و 7 بوو، دوای نزیکه‌ی نیو ساڵ له هێرشی تۆپ و فڕۆکه و سوپایی، دواجار به هێرشی چڕی زه‌ویی و ئاسمانییه‌وه خه‌تم بوو. نزیک مانگی هه‌شت کاتێک رژێم کۆی هێزه‌کانی به‌ره‌و "دۆلی بالیسان" و "دۆڵی سماقولی" هێنا، دوای به‌ره‌نگارییه‌کی زۆری هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی و شیوعی و سۆسیالیست، که راستییه‌که‌ی ئه‌وکات پارتی هێزێکی که‌می له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ئاماده‌بوو، دواجار ئه‌و به‌ره‌یه بڕیاری کشانه‌وه‌ی به‌ره‌و "ناوزه‌نگ" و سه‌ر سنووره‌کانی ئێران دا، منیش له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کی حیزبی شیوعی به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری باهدینان رهوانهکرام، به‌و ئامانجه‌ی له‌وێوه به‌ره‌و سووریا بچین. لێ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمان به "به‌ری گارا" که بنکه‌یه‌کی بچووکمان له‌وێ هه‌بوو، دوا هێرشی ئه‌نفال، ئه‌نفالی 8، (له پۆلێن‌کردنی ژماره‌کان دڵنیا نیم!" بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌ستی پێ‌کرد. جێگه‌ی سه‌رنجه، هه‌رچه‌نده ده‌ڤه‌ری باهدینان زۆرینه‌یان سه‌ر به پارتی بوون، که دێهاته‌کانی، به هۆی سه‌ختی جۆگرافییه‌وه، له زۆر ده‌ڤه‌ری دیکه‌ی کوردستان زیاتر بوو، دواجاریش رژێم به دڕه‌ندترین شێوه گه‌مارۆی دان و دوای هه‌تکردنی ژن و کیژانیان، ره‌وانه‌ی ئوردوگا سه‌ربازییه‌کانی ده‌ڤه‌ڕی شێخانی کردن.
ئێمه‌ش، وه‌ک مه‌فره‌زه‌یه‌کی هیلاکی نه‌شاره‌زا، که به هۆی چاوه‌ڕوانی ژن و منداڵی پێشمه‌رگه‌کانی لقی شێخانی حیزب، به ده‌ست ئابلۆقه‌ی هێزه‌کانی رژێمه‌وه، وێڵ، برسی و تێنوو، به رێککه‌وتێکی سه‌یر دوای یه‌ک مانگ گه‌یشتینه گوندێکی کوردستانی باکوور، که نیوه‌ی ئه‌و گونده سه‌ر به کوردستانی باشوور بوو و نیوه‌که‌ی تریشی سه‌ر به باکوور، ته‌نیا رووبارێک لێکیجوودا ده‌کردنه‌وه.
به‌ڵێ، ناکرێ ئاماژه به‌وه نه‌که‌م، که شه‌وێکیان به ده‌م رێوه له دۆڵێکی ئه‌و چیایه‌ی به‌رانبه‌ر بارزان شۆڕ ده‌بووینه‌وه، کیژێکی حه‌وت هه‌شت ساڵه‌ی ئێزیدیی به‌ناوی "ئیوان"نمان دۆزیه‌وه. ئه‌و کیژه لانه‌وازه وه‌ک که‌روێشکێکی ته‌نیا به‌و دۆڵه‌دا به‌ره‌و روی ئێمه‌وه هه‌ڵده‌زنا. "ئیوان"، وه‌ک زارۆکێکی ته‌نیا، به‌و شه‌وه و دۆزه‌خییه نه‌ک هه‌ر نه‌ده‌گریا، به‌ڵکوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌مێک بێت ئێمه بناسێ و لێمان هه‌ڵه‌ته بووبێ، به چرپه‌وه که‌وته ئاخاوتن له‌گه‌ڵماندا. ئه‌و کیژه بوو به هاوسه‌فه‌رمان و دوایش هاوڕێیان به کۆمه‌ڵه جاشێکیان سپارد که بیگه‌یه‌ننه که‌س و کاری له ده‌ڤه‌ری شێخان. به‌مجۆره ئه‌و جاشانه ئه‌و ئه‌رکه جوامێرانه‌یان راپه‌ڕاند و "ئیوان"یان به ماڵباته‌که‌ی گه‌یاندبوو.
پێشهاتی "ئیوان" رووباری ژانێکه، خوێنێکه هه‌میشه بێده‌نگ له‌ناومدا گنگڵدهدا، بێ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌یه‌کی بۆ ده‌رچوون له‌و بێده‌نگییه هه‌بێت، چونکه ئه‌و کۆستانه له ماڵێکدا سارێژنهکران. بۆیه ره‌وشی بێماڵی، مه‌یلی شێتبوون و خۆکوشتن، تاکه ماڵێکه په‌نام نادا!
به‌هه‌مه‌حاڵ، من ده‌بوو ماڵێک له وێنه‌ی "زێی باهادینان" بۆ "ئیوان" چێبکه‌م، چونکه ئه‌و "زێی باهدینان"ه "ئیوان"ی لانهوازهکرد، لێ له‌وکاته‌وه تا هه‌نووکه له‌و بێماڵییهی خۆمدا، ته‌نیا توانیوومه له پهیڤگهلێکدا "ئیوان" له یاده‌وه‌ریی خوێنلێبهربووی خۆمدا په‌نا بده‌م:
"هێشتا هزرم
وه‌ک ئه‌و شه‌وه‌ی (رۆژه‌ی)
مه‌رگ له گه‌رووی شه‌پۆڵدا
تاوی بۆ ده‌هێناین،
که "ئیوان"ی لانه‌وازه بوو
بێباکانه دوا داستانی نسکۆکانی
بۆ دهبێژاین!" (شیعری، ئیوان، 1989، ئۆردوگای خۆی)
به‌هه‌مه حاڵ، ئێمه شه‌وانه نابه‌له‌د به‌ره‌و تورکیا، بێ ئاو و نان رێماندهکرد. دواجار له‌سه‌ر چیای "شیرین" ته‌ریفه و تێنوویهتیی زارمان به میزی خۆمان شکاند. کاتێک گه‌یشتینه ئه‌و گونده‌ی باکووری کوردستان، که گوندنشینه‌کان هه‌موویان جاش بوون، وه‌ک پیشمه‌رگه‌ی پارتی دێمۆکراتی کوردستان خۆمان ناساند، هه‌ر چۆنێک بێت، نانێکی باشیان داینێ و شه‌ویش ئێمه‌یان داڵده‌دا و سپێدهکهش راده‌ستی قه‌ره‌قۆلی توررکانیان کردین. دوای ماوه‌یه‌ک به ده‌ست به‌سه‌ری له سه‌ربازگه‌کانی تورکیا، رۆژێک به زیلێکی سه‌ربازی ئێمه‌یان له‌سه‌ر سنووری ئێران فڕێ‌دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌که‌وێته نزیک سێگۆشه‌ی سنووری ئێران و تورکیا و عێراق، نزیک خواکوورک. له‌وێش خۆمان راده‌ستی پایه‌گایه‌کی سه‌رسنووری ئێران کرد. سه‌ربازه ئێرانییه‌کان ماشێنیان نه‌بوو، ناچار به پیاده به‌ره‌و "زێوه" رۆیشتن. ئێمه حه‌وت هه‌شت پێشمه‌رگه بووین، چونکه له نیوه‌ی رێگا به هۆی سه‌ختی په‌ڕینه‌وه له "زێی باهدینان"ه‌وه لێکدابڕاین، ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی که من له‌گه‌ڵیدا چوومه ئێران، نیوه‌ی عه‌ره‌ب بوون. به‌مجۆره له زێوهش وه‌ک پارتی دێمۆکراتی کوردستان خۆمان به پاسداران ناساند و ئه‌مانیش ئێمه‌یان به باره‌گایه‌کی پارتی سپارد. دواجار دوای نزیک دوو ساڵ مانه‌وه له ئۆردوگای "خوی" و كه‌ره‌ج"، که حیکایه‌تی ئه‌و ئۆردوگایانهش درێژه، حیزبی شیوعی به ناسنامه‌ی ساخته ئێمه‌یان وه‌ک گرووپی بچووک تا سنووری تورکمانستان، که ئه‌وکات هێشتا سه‌ر به سۆڤییه‌تی کۆن بوو، برد و له‌وێشه‌وه به پیاده خۆمان گه‌یانده سه‌ربازگه‌یه‌کی رووسی.
له‌وێش نزیک ده رۆژێک له سه‌ربازگه‌یه‌کی رووسی له تورکمانستاندا زیندان بووین و پاشان ئازاد کراین. به‌مجۆره دوای ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له پایته‌ختی تورکمانستان، "چوارجوو" و پاشان مۆسکۆ. شه‌وێک پێیان وتم به‌یانی زوو خۆت ئاماده بکه. به‌یانییه‌که‌ی زوو من و چوار پێنج هاوڕێی تریان گه‌یانده فڕۆکه‌خانه‌ی مۆسکو. له‌وێش بێ پاسه‌پۆرت سواری فڕۆکه بووین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین به‌ره‌و کوێ ده‌چین. لێ که چووینه ناو فڕۆکه‌که، وتیان که گه‌یشتن بلێتهکهتان له‌ناو فڕۆکه‌که‌دا بدڕێنن و فڕێبده‌ن. به‌مجۆره له‌گه‌ڵ فڕینی فڕۆکه‌که‌وه، ده‌ستم به ڤۆدگا، وێسکی و شه‌راب خواردنه‌وه کرد. سه‌ره‌تای شه‌وێکی سه‌ره‌تای کۆتایی مانگی 10ی 1990 به سه‌رخۆشی گه‌یشتینه پایته‌ختی سوێد، ستۆکهۆلم.
به‌ڵێ ئه‌مه تیرێژێک بوو له ده‌ستپێک و کۆتایی ژیانی سیاسیی، پیشمه‌رگایه‌تی، پرسی شێتبوون و خۆکوشتنی من. که‌واته:
"له ناوه‌که‌مدا: له نێوان ئێره
ئه‌وێدا،
شوورایهک له زه‌رده‌واڵه‌ی نامۆیی؛
هه‌ره‌سێک له شۆڕشێکی بێشووناس؛
لووره‌ی گه‌ن …
ده‌ڵیی،
لێره‌شدا له ناختا ئاڵاون.
"سه‌فه‌ری مه‌حاڵ"ی هه‌نگاوی رووبارمه.
بێماڵیت زمانته؛
زمانت ماڵه‌که‌ی:
بێمالی ههندرێنته.