دەستوور و دەسەڵاتی خۆماڵی……سالار بابەشێخ
بە جاران دواكهوتنی دهستووری ههرێمی كوردستان رەخنەباران كرا، زۆریشمان دووپاتكردەوە كە وڵاتی بێ دەستوور وەك پاپۆڕی بێ كەشتیوان و بێ كۆنتڕۆڵە، كە نەك گەردەلوول، بەڵكو جەردەیەكی دەریایی دەتوانێت سەروژێری بكات. پتر لە دووساڵیشە رەشنووسی تەواوكراوی دەستووری هەرێم لە بەردەم خوازیارانیدایە و ئەوەی ویستبێتی چاوێكی پێدا بخشێنێت، بە ئاسانی دەستی كەوتووە، دوای شرۆڤەیەكی درێژماوە و دوای تێپەڕاندنی رێگەیەكی پڕ كەندوكۆسپ، دهستووری ههرێمی كوردستان به زۆرینهی رهها و به دهنگی 96 پهرلهمانتار پهسهندكرا. ئەمە لە لایەكەوە خاڵێكی پرشنگدار دەخاتە سەر كارنامەی پەرلەمانی كوردستان و لە لایەكی دیكەشەوە كورد لە جێبەجێكردنی یاساكانی بەعس و یاسا هاوشێوەكانی رزگار دەكات. لەوانەیە ئەم دەستوورە پڕ بە پێستی خواستەكانی هەموو چین و توێژ و نەتەوەیەكی دانیشتووی ئەم هەرێمە نەبێت، بەڵام كتێبێكی ئاسمانی نییە كە دەستتێوەردانی گوناه و بڤە بێت، هەمواركردنیشی لە خولەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا زۆر ئاساییە.
سەیر لەوەدایە هەندێك تاكی سەرلەشێواو و زیاتر ئەوانەی چاویان بە دانانی بناغەكانی دەسەڵاتی خۆماڵی كورددا هەڵنایێ، نەك هەر پهسهندكردنی دهستووری ههرێمی كوردستان، بەڵكو خودی پەرلەمانەكەشی بە یاسایی نازانن، بەڵام ئەوەی زەڕەیەك سۆزی بۆ خاك و مێژووی وڵاتەكەی هەبێت، دەزانێت تا چەند نەبوونی دەستوور لە هەرێمی كوردستان زیانی بە بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی گەیاندووە و دەزانێت تا چەند پشتگیری لەم دهستوورە و دەنگدان بە پهسهندكردنی دهستووری ههرێمی كوردستان ئەركێكی هەنووكەیی هەر نیشتمانپەروەرێكە.
گرفتی هەرە سەرەكی لە بەردەم یاسادانەران و لێژنەكانی تایبەت بە دەستووری هەرێمی كوردستان، ئەوە بووە كە لە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا دەبوا ماددە و بڕگەكانی دەستنیشان بكەن، لە لایەك كۆمەڵگەی كوردی، كۆمەڵگەیەكی تاسەرئێسقان ئایینی و ئیسلامییە كە دیموكراسی بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت لەگەڵ موفتییەكانی ئایینیدا رووبەڕوو ببێتەوە، لە لایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستان سەربە عێراقی فیدراڵە و نابێت دەستوورێك دابڕێژێ كە لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ناتەبا بێت. ئەوەی سەرنجێكی دهستووری ههرێمی كوردستانی دابێت، دەزانێت لەو هەلومەرجەدا لەوە زیاتر ناكرێت و ئەم دەستوورە بە هیچ شێوهیهك پێچهوانهی دهستووری فیدراڵی و لە دژی بنەماكانی ئیسلام نییه. كێشەی سنووری كوردستانیش بە دوو رێگە چارەسەردەكرێت، یان پەنابردن و بۆ شەڕی مان و نەمان و ماڵوێرانی، یان دروستكردن و بەكارهێنانی كارتەكانی فشار لە سەر مێزی دانوستانەكان، دیارە هیچ سیاسەتوانێكی بیرمەند رێگەی یەكەم ناخاتەوە بەردەم كوردی بەش مەینەت كە ماوەیەكە لە كەرتێكی وڵاتەكەیدا حەوانەوەیەكی بە خۆوە بینیوە و دڵبرینداری كەرتەكانی بندەستی داگیركەرانی وڵاتەكەیەتی. هێنانەدی خەونەكانی خانی هێشتا گەلێ هەورازونشێوی ماوە كە دەبێت كورد بیبڕێ.