Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
کوده‌تای هه‌ڵبژاردن

کوده‌تای هه‌ڵبژاردن

Closed
by July 1, 2009 گشتی

 

 

بانگه‌شه‌ بۆ گۆڕان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌مان سیستمی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا، سیناریۆیه‌کی تازه‌ نییه‌ له جمهوری ئیسلامی ئێراندا. ئه‌و وڵاته‌ی که‌‌ لێوان لێوه‌ له‌ قه‌یرانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی. کێشمه‌ کێشم و دووبه‌ره‌کی نێوان باڵه‌ جیاوازه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات که‌‌ ته‌نها و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ڕژیمی حوکم له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆیانی ده‌کرده‌وه‌ و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆ په‌رده‌پۆش ده‌کران، چیتر شاردنه‌وه‌ هه‌ڵناگرێت و هه‌ر خودی خۆیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یاندا له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن په‌رده‌یان له‌سه‌ر پێشێلکاری و گه‌نده‌ڵکاریه‌کانیان هه‌ڵماڵی‌‌. له‌ ساڵانی ڕابردوودا هه‌مان سیناریۆی ڕیفۆرم له‌ سه‌ر ده‌ستی خاته‌می به‌ ناو ڕیفۆرمیست، با‌نگه‌شه‌ی بۆ کرا، به‌ڵام شکستی به‌رنامه‌ی گۆڕانکاریه‌که‌ی خاته‌می له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کاندا و به‌ تایبه‌تیش له‌ دوو لایه‌نی سیاسی و ئابووریدا، ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆکی ئه‌مڕۆی ئێرانی هێنایه‌ سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات‌. له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا ڕه‌وشی ئێران و بار و دۆخی ژیانی خه‌ڵکی ئێران نه‌ک هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هات بگره‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕووی له‌ خراپی ده‌‌کرد.  ئاستی بژێوی خه‌ڵکی ئێران له‌ ئاستیکی نزمدایه‌، به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆی بی بی سی پێرسیان له‌ ئێراندا ( 13 ) ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ئه‌ژین . ڕێژه‌ی بێکاری له‌وپه‌ری به‌رزیدایه‌‌، ئالووده‌بوون به‌ ماده‌ بێهۆشکه‌ره‌کان ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیادبووندایه،‌ و ئه‌مڕۆ ئێران به‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و نێره‌ری تلیاک ده‌ژمێردرێت له‌ دنیادا. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رزی ئاستی هوشیاری ژن له‌ ئێراندا، که‌ ده‌یان گروپی مافی ژن و مافی مرۆڤ و رێکخراوه‌ی دژ به‌ ئیعتیادیان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێراندا پێک هێناوه و ژنانی ئێران چالاکترین ئه‌ندامی ئۆرگانه‌کانی ئه‌و رێکخراوانه‌ن‌، که‌چی له‌ هیچ ده‌ورانێکی مێژووی ئێراندا له‌شفرۆشی له‌م ئاسته‌ به‌رزه‌دا نه‌بووه وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌‌. بووژانه‌وه‌ی بازرگانی له‌شفرۆشی له‌ ئێراندا له‌ ژێر ده‌ستی سه‌دان باندی مافیاییدان که‌ به‌و بازرگانیه‌‌ چه‌په‌ڵه‌‌ بازاڕه‌کانی وڵاتانی که‌نداویشیان پڕکردۆته‌وه‌ که‌ له‌ بواری توریستیدا به‌ یه‌کیک له‌ چالاکترین ناوچه‌کانی دنیا ده‌ژمێردرێن. به‌ ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌یشدا حکومه‌تی جمهوری ئیسلامی له‌ باری سه‌ربازی و ئیستیخباراتیه‌وه‌ پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌ خۆوه‌ دیوه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌‌ ئه‌وپه‌ڕی هێزی، هه‌ر چه‌ند مانگێک جارێک مانۆڕی سه‌ربازی له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌کانی ئێراندا ئه‌نجامده‌دات، نموونه‌ی دوا مانۆڕه‌که‌ی که‌نداوی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان، که‌ هه‌موویشی بۆ نواندن و نمایشکردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی خۆیه‌تی، ئه‌و هێزه‌ی که‌ به‌ ڕاده‌ی هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ ئیسرائیل و ته‌حه‌دای زلهێزه‌کانی دنیا گه‌شتووه‌. ئه‌مه ‌و وێڕرای په‌ره‌پێدانی وزه‌ی ئه‌تۆمی که‌ له‌ ڕاستیدا بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی و له‌ ژێر ناوی (ئینێرژی هه‌سته‌ییدا ) گه‌شه‌ی پێده‌دا .
ئه‌مجاره‌یان له‌ ڕۆژی 12/6 دا، له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئیسلامیدا‌، به‌ هیوای ڕیفۆرم له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری جمهوری ئیسلامی ئێراندا، خه‌ڵکی چوونه‌ پای سنوقه‌کانی ده‌نگدان، ده‌نگێک له‌ ناو خودی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێرانه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه‌ و سه‌رۆکایه‌تی باڵی ڕیفۆرمی سه‌وزی کرد. میرحوسه‌ین موسه‌وی، که‌ له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و ئێراقدا، واتا له‌ نێوان ساڵه‌کانی ( 1980 _ 1988)دا سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانی ئێرانی ده‌کرد و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆیش ئه‌ندامی شورای ئینقیلابی فه‌رهه‌نگیه‌، و ده‌ستی به‌ خوینی سه‌دان شۆڕشگێر و ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌داری ئێرانی سووره‌. له‌ کاتی خولی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئه‌ودا بوو که‌ شار و شارۆچکه‌ و دێیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی ئێران و خه‌ڵتانی خوێن کران، هه‌وڵی سه‌رکوتکردنی شۆڕشی خه‌ڵکی کوردستان درا. ئه‌مرۆیش ئه‌م زاته‌ ئه‌ندامی باڵای کۆمکاری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ڕژیمه‌ ( مجمع تشخیص مصلحة نظام ) و به‌شدار و بڕیارده‌ر بووه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی ده‌ریکردووه‌. ‌ئه‌مڕۆ میرحوسه‌ین موسه‌وی بانگه‌شه‌ی گۆڕان ده‌کات و هانی خه‌ڵک ئه‌دات بۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژ به‌ ته‌زویرکردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئێران، چونکه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کان خۆی به‌ براوه‌ ده‌بینێت و به‌ مافی خۆی ئه‌زانێت که‌ له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار دانیشێت. ئه‌م زاته‌ ئیسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌ دژی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ و نه‌ دژ به‌ بنه‌ما ئه‌ساسیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.
به‌ ڕای به‌نده‌، خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مڕۆی ئێران، که‌ زۆربه‌ی مه‌یدانی شاره‌ گه‌وره‌کانی ئێرانی گرتۆته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ به‌شێکی بۆ پشتیوانی میرحوسه‌ین موسه‌وی و دژ به‌ ته‌حریف و ته‌زویرکردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بێت، به‌شێکی زۆری نه‌بوونی متمانه‌یه‌ به‌ سیستمی حوکم و تووڕه‌یی و نه‌مانی حه‌وسه‌ڵه‌ی خه‌‌ڵکی ئێرانه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سی ساڵه‌ییه‌، کڵاوڕۆژنه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌ییه‌‌ له‌ سیستمی حوکمی جمهوری ئیسلامی . به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دڕندانه‌ی خۆپیشانده‌ران و کوشتن و بریندارکردنی و زیندانیکردنی چالاکوانانی سیاسی، وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا دنیا  له‌ سه‌ده‌ کۆنه‌کاندا بێت و چاوی کوێر بووبێت له‌وه‌ی که‌ ڕووئه‌دات،  ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌نووسان و شکاندنی کامێرا و داخستنی هێڵه‌کانی په‌یوه‌ندی ئینته‌رنێت و پارازێت خستنه‌ سه‌ر که‌ناڵه‌کانی سه‌ته‌لایت، ئاوێنه‌ی له‌ ده‌ستدانی کۆنتڕۆڵی ده‌روونی و دڵه‌ڕاوکێ و ترسی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ به‌رده‌وامی و گه‌شه‌سه‌ندنی قه‌یرانه‌که‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌دا، هه‌ر ئه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ توند و تیژه‌یش‌ بوو که‌ دروشمه‌کانی له‌ دروشمی ئاسایی و ئاشتیانه‌وه‌‌ گۆڕی بۆ ( مرگ بر دیکتاتور و میکشم میکشم آنکه‌ برادرم کوشت) .
جێگه‌ی خۆیه‌تی که‌ ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی چالاکانه‌ و وشیارانه‌ی ژنانی ئێران بدرێت له‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا. ئه‌مڕۆ ژن له‌ ئێراندا وه‌ڵامێکی پراکتیکی ئه‌و هه‌موو سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ و سووکایه‌تی پێکردنه‌ی‌ دایه‌وه‌ که‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی جمهور ئیسلامی دژ به‌ ژن موماره‌سه‌ ئه‌کرا، ژن وه‌ڵامی بێبه‌شکردنی له‌ ساده‌ترین مافی خۆی دایه‌وه‌ که‌ مافی به‌ر‌گپۆشینه‌، ژن به‌رپه‌رچی دڕندانه‌‌ترین سزای دژ به‌ مرۆڤی دایه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش سه‌نگساره‌‌ ، ژن کارتی سووری له‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌رزکرده‌وه‌ که‌ چیتر جه‌سته‌ی ژن کالای بازرگانی نییه‌ و که‌س بۆی نییه‌ له‌ ژێر هیچ ناوێکدا بازاڕه‌کانی دنیای پێ گه‌رم بکات. ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ژنیش بۆ مافی گوێگرتن له‌ ده‌نگ و بوونی خۆی هاوشانی پیاو زۆر ئاکتیڤانه‌ له‌سه‌ر جاده‌کانی ئێران خه‌بات ئه‌کات و قوربانی ئه‌دات ؟  یه‌کسانی له‌ مافه‌کاندا له‌ هه‌موو شوێنێک و له‌ هه‌موو کاتێکدا ئه‌بێت په‌یڕه‌وی بکرێت، جیاکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ توانا و ناسنامه‌ی مرۆڤه‌کان چ مێێنه‌ بێت یان نێرینه‌.
له‌ دونیای مۆدێرندا، مافی ده‌نگدان و به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردندا مافی ئاسایی هه‌ر هاووڵاتیه‌که‌ که‌ به‌ پێی یاسا مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌ و به‌ چاوپۆشین له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جۆرا و جۆره‌کان. ڕێزگرتن له‌ ده‌نگی جه‌ماوه‌ر و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌. به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خۆپیشاندان به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئێراندا ڕووئه‌دات، پێشێلکردنی هه‌موو عورفه‌کانی مافی مرۆڤه‌ سه‌رکوتکردنی ئازادییه‌ به‌ هه‌موو مانا و ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌چنه‌ ژێر پرسیار و لێپیچینه‌وه‌ی سه‌دان رێکخراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یی و رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤه‌وه‌. ئه‌م خۆپیشاندانه‌ زه‌نگی وشیارکردنه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی جیهان به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ کوردستانه‌که‌ی خۆمانیشه‌وه‌ و ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ سیستمی هه‌ڵبژاردن تیایاندا ڕێژه‌ی نه‌گۆڕه‌ .

2009-06-24
runakshwani@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.