بۆرژوازی کوردی ده‌ستوور بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌نووسێته‌وه
ئازاد به‌کر
بۆرژوازی کوردی ده‌ستوور بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی دهنووسێتهوهدهستووری ئاماده‌کراو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و خواستی حیزبه‌کانی دهسهڵاتداراه. به‌رهه‌می بیر و ویست و که‌لتووری ئیسلامی و ناسیۆنالیستی یه، له‌ڕووی پراکتیک و تیۆریه‌وه ده‌ستوور یاسای حوکمکردنی که‌مینه و به‌یاسایکردنی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستی حیزبه‌کانه به‌سه‌ر زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌وه، کۆنه‌په‌رستانه‌یه چونکه له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ناگونجێت. وه ئه‌نجامی به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی دیاریکردنی ئایینده‌ی خه‌ڵکی کوردستانه له‌لایه‌ن ناسیونالیستی کورده‌وه، به‌هۆکاری لکاندنه‌وه‌ی کوردستان به‌عێراقه‌وه و لێکچوون و نه‌بوونی ناکۆکی له‌نێوان ده‌ستووری هه‌رێم و ده‌ستووری ئیسلامی عێراقدا. چاوخشاندێک به لاپه‌ڕه‌کانی ده‌ستووری په‌سه‌ندکراوی په‌رله‌مانی حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا، گونجاندن و یه‌کخستنی ڕوانگه‌ی زاڵی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ناسیونالیزم و ئایینی به ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێ. ده‌ستوورێک بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی یاسادانانی بێت، وهپێشمهرجی دانانی هه‌ر یه‌ک له‌و یاسایانه ناوه‌رۆکێکی دواکه‌وتوانه‌یه به‌هاتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حوکمه نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلامدا، ئیتر بانگه‌شه‌ی درۆینه بۆ دیموکراسی و ماف و ئازادی بیروباوه‌ڕی مرۆڤه‌کان هیچ مانایه‌ک نابه‌خشێ. بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌کی دانانی ئه‌م ده‌ستووره به له چوارچێوهخستن و سنوردارکردنی ئازادی بیروڕاو چالاکی سیاسی نه‌یارانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه که ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێ به‌زۆرداری ئه‌م ده‌ستووره حیزبیه بسه‌پێنێ، تا ڕێگری له ئازادی سیاسی بیروڕا جیاوازه‌کان بکات، تا درێژه به مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و تاڵان‌کردنی زیاتری سامان و موڵکی گشتی بدات. هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی دانانی ئه‌م ده‌ستووره پارێزگاریکردنه له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کۆنه‌په‌رستانه‌ی حیزبه کوردیه ئیسلامی و ناسیۆنالیستیه‌کان له‌چوارچێوه‌ی فیدرالیزمدا، هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستانه له‌سایه‌ی بارودۆخی دواکه‌وتوانه‌ی ئایین و خو و نه‌ریته سواوه‌کان. ئیتر ئه‌وه ڕوونه ئه‌م ده‌ستووره هه‌تا به پێوه‌ری بۆرژوازیانه‌ش سکۆلار نی یه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ڕاستڕه‌وانه‌ی باڵی کۆنه‌په‌رستی کۆمه‌ڵگایه. گه‌ر ده‌ستور یاسای گشتی به‌ڕێوه‌بردن و ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگابێت، ده‌بێت زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ده‌ستوور بده‌ن، به‌وجۆره‌ی له‌گه‌ڵ پاراستنی به‌رژوه‌ندیه‌کانی خۆیاندا بێته‌وه. واته زۆرینه‌ی به‌شخوراوانی کۆمه‌ڵ که کرێکاران و توێژه بێبه‌شه‌کانن ده‌بێ خۆیان دانه‌ری یاسا‌و ڕێسای مسۆگه‌رکه‌ر بۆ داکۆکی له ژیان و ماف و ئازادیه‌کانیان بن. ده‌کرێ دانیشتوانی کوردستان ئازادانه نوێنه‌ری خۆیان له شوێنی کار و کارگه‌و دامه‌زراوه‌کاندا هه‌ڵبژێرن بێ جیاوازی، نه‌ک به ئاره‌زووی حیزبه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و نه‌ته‌وه و تایه‌فه و خێڵ و بنه‌ماڵه دیاری‌بکرێت، وه بێ‌ئاگاداری زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ یاساکانی چه‌وساندنه‌وه له ده‌ستوورێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامی‌دا به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. له‌م ده‌ستووره‌دا ئایینده‌ی کوردستان سپێراوه به‌فیدراڵی و مادده‌ی 140، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی مافی بڕیاردان لای خه‌ڵک بێت، حیزبه‌کانی کوردی خۆیان بڕیارده‌ده‌ن و ده‌ستوور به ئه‌قڵی شاخ و شێخ و بنه‌ماڵه و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیسلامی کۆنه‌په‌رستانه ده‌نووسنه‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی 18 ساڵه به ئاره‌زوو و ویستی خۆیان کوردستان ده‌به‌ن به‌ڕێوه، 18 ساڵه بره‌و به بیروباوه‌ڕه و خونه‌ریتی کۆنه‌په‌رستانه ده‌ده‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو کایه‌کانی ژیانی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و قه‌زایی کۆمه‌ڵگه‌دا گرتووه، وا ئێستاکه‌ش تێریان نه‌خواردووه و ده‌یانه‌وێ مسۆگه‌رکردنی مانه‌وه‌یان بخه‌نه چوارچێوه‌یه‌کی یاساییه‌وه و درێژه به‌و حوکمه نامرۆڤانه‌یه‌یان بده‌ن که 18 ساڵه دانیشتوانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن. وا جارێکی تر ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌ودوا ده‌سوڕێنن و دیکتاتۆری پیرۆز ده‌که‌ن و سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌نه سومبولی دیکتاتۆرێکی تر و هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی گرنگ و هه‌ستیار هه‌یه ده‌یخه‌نه خزمه‌تیه‌وه. بهڕووکهشیش باس له هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانه‌وه‌ی په‌رله‌مانێکی کارتۆنی بێده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن. گه‌ر ووردتر بڕوانینه باری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کوردستان ده‌بینین ده‌ستوور ناتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی کێشه و گرفته بنه‌ڕه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بێت، چونکه کوردستان به‌زۆری ئه‌حزابی کوردی به‌عێراقه‌وه لکێنراوه. له‌و دۆخه‌ی ئه‌مڕۆدا که‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆنه‌په‌رستی ناسیونالیست و مه‌زهه‌بیه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵکی عیراقدا سه‌پاوه، مانه‌وه و لكاندنی کوردستان پێیه‌وه له‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا نیه‌و بگره 6 ساڵ تاقیکردنه‌وه له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌غدادا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه. واته ئه‌م ده‌ستووره‌ی ئێستا نووسراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی کوردستاندا ناکۆکه و دژی بڕیاری ئازادانه‌ی خه‌ڵکه له جیاکردنه‌وه‌ی کوردستان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلاردا. له‌لایه‌کی تره‌وه به‌ند به به‌ندی مادده‌کانی باسێک له ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی ژن و پیا و له ههمووڕوویهکهوه نیه. کاتێک ئایین سه‌رچاوه‌ی دانانی ده‌ستوور بێت، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتر بکه‌ین، له‌سه‌ر ژنان و ئازادی ئینسانه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و دوا، هه‌میشه ڕوودانی شه‌ڕی تایفی ودینی، خنکاندنی بیروڕای ئازاد و مراندن و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو سیمایه‌کی مۆدێرن و پێشکهوتنخوازنه و ئازادیخوازی. ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ناسیونالست و ئیسلامیه‌کانی کوردستان و هاوکارانیان له حکومه‌تی به‌غدا و له‌ژێرچاودێری ئاغای گه‌وره‌یان ئه‌مریکا و دڵنه‌شکاندنی ووڵاتانی ناوچه‌که‌دا نووسراوه‌ته‌وه. به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی کۆمۆنیسته‌کانه‌وه پێش دانانی ده‌ستوور مه‌سه‌له‌ی گرنگ و پڕبایه‌خ ڕزگارکردنی کوردستانه له ههڵواسروی و گرێدراوی به حکومه‌تی ئیسلامی و ناسیونالیستی به‌غدا و دیاریکردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه تاپێکهێنانی ووڵاتێکی سکولار دوور له شه‌ڕو خوێنڕشتن. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان وه‌ک چۆن فیدرالیزمی سه‌پاندووه و کوردستانی لکاندووه به‌عێراقه‌وه، هه‌رواش ده‌ستووری هه‌رێمی نووسیوه‌ته‌وه و خۆی بۆ خۆی چۆنی ویستووه چۆن لهبهرژوهندیدا بووه ههروایکردووه، ئه‌گینا واژووی دووملیۆنی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی کوردستان یان مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا خۆی نیشانه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی دانیشتوان و ملهوڕی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رو خه‌ڵکه. ئه‌گینا فیدرالیزم و ده‌ستووری کۆنهپهرستانهش ده‌ربڕی ئاوات و ئامانج و مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان نیه. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک چه‌ند ساڵه به‌یاسای میلیشیا به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی بنه‌ماڵه‌یی حوکم بکات، مرۆڤه‌کانی بێبه‌شبن له ماف و ئازادی و سه‌رچاوه ماددی و ئابووریه‌کان، یاسایه‌کی مۆدێرن له‌ئارادا نه‌بێت، یه‌کسانی له هیچ بوارێک‌دا به‌رجه‌سته نه‌بووبێت، چه‌وسانه‌وه له‌وپه‌ڕیدا بێت، ئیتر نه هه‌ڵبژاردنی پاکوبێگه‌رد ده‌بێت نهدهستوریشی تینوێتی ویست و ئاره‌زووه‌کانی دانیشتوان تێرده‌کات. گه‌ر له‌هه‌ر ناوچه‌و جێگایه‌کی ئه‌م دنیایه‌دا حکومه‌ته‌کان خۆیان پابه‌ندی یاسا نه‌بن، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ده‌ستووریش هه‌بێت هیچ نرخێکی نیه. ده‌ستورێک بێ‌ئاگاداری و به‌شداری زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان که کرێکارانن بنوسرێته‌وه‌و یاساکانی ئیسلام بنچینه‌یی دانانی بێت که به‌ند به‌ندی له دژی ئازادی و یه‌کسانی ژنان بێت له‌گه‌ڵ پیاودا، به‌پێیی یاساکانی ده‌ستوور ده‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌بێت، ئیتر ئه‌وه دیاره که‌ئه‌مه نه‌ده‌ستووری خه‌ڵکی کوردستانه و نه‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆرێنه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری له حزب و ملیشیاکاندا بۆ هێشتنه‌وه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی سه‌رمایه‌کانیان بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتری کرێکاران و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگه ده‌یانه‌وێ هاوڵاتیانی کوردستان بخه‌نه قه‌فه‌سی ده‌ستووره‌وه و کۆتوبه‌ندی زیاتریان بکه‌ن، بۆیه ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگ به‌و ده‌ستووره کۆنه‌په‌رستانه‌یه نه‌ده‌ن و ڕه‌تیبکه‌نه‌وه.
2 ی ته‌موز 2009