Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ده‌ستوورێک بۆ سته‌مکاری..!!

ده‌ستوورێک بۆ سته‌مکاری..!!

Closed
by July 5, 2009 گشتی

ده‌ستوورێک بۆ سته‌مکاری..!!
حه‌سه‌ن جودی

hesen_cudi@yahoo.com

په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان به‌ "زۆرینه‌"یه‌کی ملهوڕ ده‌ستوورێکی بۆ هه‌رێمی کوردستان په‌سندکرد. له‌م وتاره‌دا به‌ پێویستی نابینم شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌ بکه‌م که؛‌ بۆچی دوای هه‌ژده‌ ساڵ له‌حوکمڕانییه‌کی سته‌مکارانه‌ی بێ ده‌ستووری و بێ یاساییدا، ئێستا له‌ئانوساتی هه‌ڵبژاردنێکدا که ‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆته‌‌ جێی گومان و ره‌وایه‌تی و شه‌فافیه‌ته‌که‌یشی که‌تۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، وا به‌په‌له‌پڕوزێ ده‌قێکی بێسه‌روبه‌ر و هه‌ڵبزڕکاوی  به‌ناوی "ده‌ستوور"ه‌وه‌ په‌سند‌کرد؟!. چونکه‌ که‌م تا زۆر هۆکاره‌که‌ی ده‌زانرێت. هه‌روه‌ها خۆم ناخه‌مه‌ ناو ئه‌وجۆره‌ مشتومڕه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌نقه‌ست درووستی کردووه‌، که‌ پووخته‌که‌ی ئه‌مه‌یه:" یان ده‌بێت ئه‌م ده‌ستووره‌ به‌م ‌حاڵه‌یه‌وه‌ په‌سند بکه‌یت، یانیش تۆ دژی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌ستووری هه‌بێت و تۆ دووژمنی کورد و کوردستانی…!!" هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مجۆره‌ مشومڕه‌ خۆی شێوازێکی دیماگۆگی و چه‌نه‌بازییانه‌ی کۆنی ده‌سه‌ڵاته‌ که‌وا هه‌ژده‌ ساڵه‌ به ‌مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی راستینه‌ی سته‌مکارانه‌ی خۆی په‌یڕه‌ویکردووه‌‌. ئه‌گه‌رنا کێ بێ حه‌زنه‌کات خاوه‌نی ده‌ستووربین؟! ته‌نانه‌ت هه‌بوونی ده‌ستوورێکی دیموکراتی مافپه‌روه‌ر و ئازادیخواز بۆ ئێمه‌ی گه‌لی کورد له‌باشووردا، له‌ساڵی 1991وه‌ تاوه‌کو ئێستاش، پێداویستییه‌کی هه‌ره‌ ژیانیی و ده‌ستلێبه‌رنه‌دراو بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بوون تاکو ئێستا نه‌یانهێشتووه‌ ببینه‌ خاوه‌ن ده‌ستوور، نه‌ک ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستوورێکی به‌م ناوه‌رۆک و شێوه‌یه‌ ره‌خنه‌ ده‌که‌ن و  په‌سندی ناکه‌ن.
بێگومان‌ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ ئه‌وه‌یه‌؛ که‌ ئه‌م ده‌ستووره‌، به‌م ده‌قه‌ی ئێستایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ژده‌ ساڵ پێش ئێستاش بخرابایه‌ڕوو‌، ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنیش هه‌رهێزێکی تری ناو په‌رله‌مان بیخاته‌‌ڕوو، هه‌ر شایسته‌ی په‌سندکردن نه‌ده‌بوو و ئێستاش هه‌ر شایسته‌ی په‌سندکردن نییه‌ و ناکرێ به‌ "ده‌قێکی ده‌ستووری" هه‌ڵیبسه‌نگێنین. هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو زلحزبی ده‌سه‌ڵاتداری پاوانخواز، که‌ هیچ ره‌وایه‌تییه‌کی جه‌ماوه‌ری و ده‌ستووری و یاساییان نییه‌، ئه‌و ده‌ستووره‌یان داڕشتووه‌ و چه‌ند کلکه‌ حزبێکی وابه‌سته‌یان و چه‌ند حزب و لایه‌نێکی ئیسلامیش به‌ "به‌ڵێ" ده‌ستیان بۆ به‌رزکرده‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ نا. به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ به‌ناوده‌ستوورییه‌ به‌تاڵه‌ له‌هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مافپه‌روه‌ری و ئازادی و دادپه‌روه‌ری، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌؛ له‌پشت ئه‌و ده‌ستووره‌دا مه‌ترسیدارترین "فه‌لسه‌فه‌ی سته‌مکاری" خۆی مه‌ڵاسداوه‌ و له‌میانه‌ی په‌سندکردنیدا چاوه‌ڕێی خۆ به‌ڕه‌واییکردن و خۆ به‌ده‌ستووریکردنه. بۆیه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ له‌هه‌موو ئانوسات و سه‌رده‌مێکدا، هه‌ر هێز و لایه‌نێکێش خاوه‌نداری لێبکات بابیکات، به‌ڵام دیسان هه‌ر شایسته‌ی په‌سندکردن نییه و پێویسته‌ به‌ته‌واوی ره‌تبکرێته‌وه‌‌. به‌ڕاستی کاتێک ئه‌م ده‌ستووره‌م خوێنده‌وه‌، ئه‌وه‌م به‌ڕوونی له‌لا ئاشکرابوو که‌ ناکرێ ئه‌مه‌ به‌ده‌قێکی ده‌ستووری له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین‌. چونکه‌ باوه‌ڕناکه‌م نووسراوێک هه‌بێت له‌دنیادا، له‌کۆن و نوێدا، هاوشێوه‌ی ئه‌م نووسراوه‌ بێت و پێی بگووترێت (ده‌ستوور)!!. بێ زێده‌ڕۆیی، به‌راستی ئه‌مه‌ نه‌ له‌ڕووی ناوه‌رۆک و نه ‌له‌رووی فه‌لسه‌فه‌ی حقوقی و یاساییه‌وه‌ و نه‌ له‌ رووی داڕشتنیشه‌وه‌، له‌‌ده‌ستوور ناچێت. چونکه‌ هیچ مه‌رجێکی ده‌ستووری تێدا نییه‌. ده‌توانم مادده‌ به‌ مادده‌ ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بکه‌م که‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر مادده‌یه‌ک و بڕگه‌یه‌ک مادده‌ و بڕگه‌یه‌کی ناکۆکی له‌به‌رامبه‌ردا هه‌یه‌. ئیدی ده‌ستووری چی!!. له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌دا ده‌مویست ئه‌و مادده‌ و بڕگه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی که‌وا له‌رووی فه‌لسه‌فه‌ی یاسایی و حقوقی و شێوازی داڕشتنه‌وه هه‌ڵه‌ن یان که‌موکوڕییان تێدایه‌ خه‌تی سووریان به‌ژێردا بهێنم یان ره‌نگیان سوور بکه‌م، تا پاشان رای خۆمی له‌سه‌ر بده‌م. به‌ڵام له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یدا ده‌بوایه‌ ره‌نگی سه‌رجه‌م مادده‌ و بڕگه‌ و ده‌سته‌واژه‌کان‌ سووربکه‌م یان خه‌تی سووریان به‌ژێردا بهێنم..!! بۆیه‌ من وه‌ک تاکێک سه‌رجه‌م ده‌ستووره‌که‌ ره‌تده‌که‌مه‌وه‌. چونکه‌ هه‌رگیز ناکرێت ده‌ستوورێک له‌بناخه‌وه، له‌ ناوه‌رۆک و داڕشتنه‌وه‌‌ هه‌ڵه‌ و سه‌قه‌ت و بێسه‌روبه‌ر و بێناوه‌رۆک بێت هه‌موار بکرێته‌وه‌. من بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ کێ ده‌توانێت ئه‌م ده‌ستووره‌ هه‌موار بکاته‌وه‌؟ چ لیژنه‌یه‌کی یاسایی بلیمه‌ت یان چ په‌رله‌مانێکی به‌توانا و کارای دیموکراتی ده‌توانێت ئه‌م ده‌ستووره‌ به‌قازانجی گه‌ل و دیموکراتییه‌ت هه‌مواری‌ بکاته‌وه‌..؟! به‌راستیش راستیان گووتووه:‌" به‌ردێک نه‌زان بیخاته‌ گۆمێکه‌وه‌ به‌ هه‌زار زانا ده‌رناهێنرێت" منیش ئه‌وه‌ی ده‌خه‌مه‌سه‌ر که‌ "ده‌ستوورێک سته‌مکاران بینووسنه‌وه‌ مه‌گه‌ر ته‌نیا به‌ که‌سانی دیموکراتخواز و ئازادیخوازی مافپه‌روه‌ر بتوانن سه‌رله‌به‌ری بگۆڕن و له‌بری ئه‌و ده‌قه‌ ده‌قێکی تری ده‌ستووری دیموکراتی ئازادیخوازی مافپه‌روه‌ر بنووسنه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌یان نووسیوه‌ و پشتیوانیان لێکردووه‌ به‌ نه‌زانی نه‌یانکردووه‌، به‌ڵکو هه‌م بۆ پاراستنی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان و هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌و‌ بۆشاییه‌ یاسایی و ته‌مومژییه‌ یاساییه‌ بده‌ن که‌ هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌ئارادا هه‌یه‌، هه‌میش تاکو سته‌مکاری خۆیان به‌م ده‌ستووره‌ ره‌وا و یاسایی بکه‌ن، تا که‌س نه‌توانێت له‌داهاتوودا له‌رووی یاساییه‌وه‌ زه‌فه‌ریان پێببات، ئه‌مجۆره‌ ده‌ستووره‌یان داڕشتووه‌ و به‌ په‌له‌‌ په‌سندکردنیان دا‌.
خاڵی هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م "ده‌ستوور"ه‌‌ ده‌قێکه‌ ته‌واو به‌تاڵه‌ له‌سه‌رجه‌م بنه‌ما و پێوانه‌کانی مافپه‌روه‌ری و ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی و دیموکراتی. چونکه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ به‌رگریکردن و چه‌سپاندن و ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و به‌هایانه دانه‌ڕێژراوه‌، به‌ڵكو بۆ نه‌هێشتن یان سه‌رهه‌ڵنه‌دان و ده‌سته‌به‌رنه‌بوونی ‌ئه‌و بنه‌ما و پێوانا‌نه داڕێژراوه‌. راشکاوانه‌تر بڵێم؛ به‌ئه‌قڵییه‌تێک نووسراوه‌ ته‌واو به‌دووره‌ له‌و فه‌لسه‌فانه‌ی که‌ ئازادی، دیموکراتی، مافپه‌روه‌ری، دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی به‌بنه‌ما وه‌رده‌گرن. مسۆگه‌ر ئه‌و ‌فه‌لسه‌فه‌یه‌ی پێی نووسراوه‌ "فه‌لسه‌فه‌ی سته‌مکاری"یه.‌‌ به‌رهه‌می فه‌لسه‌فه‌ی سته‌مکاریش ئه‌قڵییه‌ت و چه‌مکگه‌لێکی سته‌مکارییه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ره‌فتار و کرده‌وه‌یه‌کی سته‌مکارانه‌ دێنێ. که‌واته‌ ناکرێ له‌ده‌ره‌وه‌ی سته‌مکاری چاوه‌ڕێی هیچ شتێکیتر له‌و‌ که‌سێتی و هێزانه‌ بکه‌ین که‌ خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌قڵییه‌ت و چه‌مکگه‌لێکی سته‌مکارانه‌ن. هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن:" ئێمه‌ شۆک بووین به‌م ده‌ستووره‌ که ‌به‌مشێوه‌یه‌ داڕێژراوه‌!!" بۆ مه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ چ چاوه‌ڕوانییه‌کیان له‌و دوو زلحزبه‌ سته‌مکاره‌ هه‌بوو؟! یان که‌سانێکیتر هه‌ن ده‌ڵێن:" نه‌ده‌بوایه‌ چوار حیزبه‌که‌ ئه‌و ده‌ستووره‌یان په‌سند بکردایه‌!" بۆ مه‌گه‌ر جگه‌ له‌جیاوازییه‌ رووکه‌شییه‌کان، چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان ئه‌قڵییه‌ت و ماهییه‌تی ئه‌و چوار حیزبه و ئه‌قڵییه‌ت و ماهییه‌تی هه‌ردوو زلحزبه‌که‌دا هه‌یه‌؟!
زۆرێک له‌نووسه‌ران زیاتر ره‌خنه‌یان له‌ناوه‌رۆکی ‌پڕ له‌ناکۆکییانه‌ی مادده‌ی شه‌ش هه‌یه‌ که‌ تێیدا هه‌م " بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی ئایینی ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانان" دانراوه‌ و هه‌میش له‌یه‌ککاتدا " نابێت یاسایه‌ك دابندرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ‌ حوكمه‌ نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام و ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ماف وئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ی‌ له‌م ده‌ستووره‌دا هاتوون"!!. هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌سه‌له‌ مه‌ترسیداره‌که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ مادده‌که‌ له‌ناواخنی خۆیدا ناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ مه‌ترسیداره‌که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ش نییه‌ که‌ بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی ئایینی ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی یاسادانانه‌ و ناکۆکیش نابێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی دیموکراسی و ماف و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ناو ده‌ستووره‌که‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ مه‌ترسیداره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌‌م مادده‌یه‌ له‌میانه‌ی قه‌ناعه‌ته‌وه‌ یان وه‌ک پێداویستییه‌کی تاک و کۆمه‌ڵگا دانه‌نراوه‌، به‌ڵكو وه‌ک سه‌وداو مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامییه‌کان، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ده‌ستوور بده‌ن، له‌ده‌ستووره‌که‌دا‌ دایانناوه. هه‌روه‌ها خاڵێکی مه‌ترسیداریتر سه‌باره‌ت به‌تێخستنی ئه‌‌م مادده‌یه‌‌ له‌ناو ئه‌و ده‌ستووره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌کان ئه‌م تێخستنه‌ بۆخۆیان به‌ سه‌رکه‌وتن و ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زنی ده‌زانن!!. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئه‌و هێزه‌ "ئیسلامییانه"‌ ده‌رک به‌و راستییه‌ ناکه‌ن که‌ به‌داڕشتنی مادده‌یه‌کی به‌مجۆره‌ گه‌وره‌ترین زه‌بریان له‌ ئیسلام داوه‌. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئایین، جا هه‌ر ئایین و بیروباوه‌ڕییه‌ک بێت، به‌ قه‌ناعه‌ت و به‌ ئیراده‌یه‌کی ئازادانه‌ و وه‌ک پێداویستییه‌کی ژیانیی کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کان په‌سند نه‌کرێت و په‌یڕه‌ونه‌کرێت، ئه‌وا سه‌پاندنی له‌ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوورێکی به‌مشێوه‌یه‌، جگه‌ له‌ ریسواکردنی ئایینه‌که‌ و به‌لاڕێدابردن و شێواندنی جه‌وهه‌ری ئایینه‌که‌ و زه‌مینه‌خۆشکردن بۆ دروستکردنی رق و کینه‌ و یاخیبوون له ‌ئایینه‌که‌ هیچیتر له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێ، ئه‌وکاته‌ ئایینه‌که‌ له ‌په‌یامه‌ ژیانیی و ئینسانییه‌که‌ی خۆی، له‌ ناوه‌رۆکه‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی و ته‌باییخوازییه‌که‌ی خۆی به‌تاڵده‌کرێته‌وه و ته‌نیا کراسێکی ده‌سه‌ڵاتخوازییانه‌ و سیاسیانه‌ی‌ ده‌کرێته‌به‌ر. ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارترین شێوازی به‌لاڕێدابردنی ئایینه‌کانه‌. چونکه‌ به‌درێژایی مێژووی ئایینه‌کان ئه‌وه‌ به‌ڕوونی دیاره‌ که‌ هه‌ر ئایینێک یان ئایینزایه‌ک کاتێک بۆته‌ ئایین و ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ‌ده‌سه‌ڵات یان خزێنراوه‌ته‌ ناو ده‌ستووری حوکمڕانییه‌که‌وه‌ ئه‌وا زه‌بری هه‌ره‌ مه‌زن له‌و ئایین و ئایینزا به‌ئایدیۆلۆژیاکراو و به‌ده‌ستوورکراوه‌ که‌وتووه‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو ئایین و ئانیینزاکان راسته‌. ته‌نانه‌ت خودی مێژووی ئایینی ئیسلام و ئایینزاکانی ئه‌م راستییه‌مان به‌ئاشکرایی بۆ ده‌خاته‌ڕوو. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر بخوازرێ زه‌بر له هه‌ر ‌ئایینێک یان ئایینزایه‌ک بدرێت ئه‌وا ئاسانترین رێگه‌ کردنییه‌تی به‌ ئایینی فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، تێکه‌ڵکردنییه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا. بێگومان ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نایه‌ت ئایینه‌کان، به‌تایبه‌تی ئایینی ئیسلام، په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ "ژیانی دنیایی" مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکان. نه‌خێر، به‌ڵکو ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئایینه‌کان، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئایینی ئیسلام، ته‌واو په‌یوه‌سته‌ به ‌سه‌رجه‌م جومگه‌ و کایه‌کانی ژیانی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکان، ‌به‌ڵام به‌دوور له‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی. چونکه‌ فه‌لسه‌فه‌ و جه‌وهه‌ری سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای سته‌مکاری و چه‌وساندنه‌وه‌ و ناعه‌داله‌تی داڕێژراوه‌. هه‌ر ئایین و ئایینزایه‌کیش کاتێک خزێنراوه‌ته‌ ناو کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌وه‌ و بۆته‌ ده‌مامکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و ره‌وایه‌تی پێداوه‌ ئه‌وا زه‌بری هه‌ره‌ مه‌زن و هه‌ره‌ کوشنده‌ی به‌رکه‌وتووه‌. هێزه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان خۆیان به‌وه‌ خه‌ڵه‌تاندووه‌ که‌ "هه‌ردوو زلحزبه‌که‌ و حزبه‌کانیتری هاوشێوه‌یان به‌ حزبی عه‌لمانی له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ و خۆشیان به‌حزبی ئایینی داناوه"‌. به‌ڵام نازانن که‌ نه ‌ئه‌و دوو زلحزبه‌ و هاوشێوه‌کانیان حزبی عه‌لمانیین و نه ‌ئه‌وانیش نوێنه‌ری ئایینن. راسته‌ موسڵمانن به‌ڵام نوێنه‌ری ئایین نیین. له‌راستیدا شتێک نییه‌ ناوی "حزبی عه‌لمانی ره‌ها" و "حزبی ئیسلامی ره‌ها" بێت، به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی "حزبی دیموکراتی" و "حزبی سته‌مکاری" هه‌ن. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا دابه‌شکردنی ژیان و فیکر و کایه‌ و رێکخستن و حزبه‌کان و مرۆڤه‌کان به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری " عه‌لمانی — ئایینی" ساتمه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی و فیکری زۆر کوشنده‌یه‌، له‌رووی پۆلینکردنه‌وه‌ به‌لاڕێدابردن و شێواندنێکی زۆر گه‌وره‌یه، که‌ سه‌رچاوه‌ی خۆی له‌و ‌ئه‌قڵییه‌ته‌ دۆگماییه‌ وه‌رده‌گرێت که‌وا چه‌قبه‌ستووه‌ و له‌ناو هه‌موو ره‌نگه‌کاندا ته‌نیا ره‌ش و سپی ده‌بینێ و سروشتی ژیان و مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکان به‌کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی راچێته‌یی و حوکمی له‌پێشینه‌ لێکده‌داته‌وه‌ و له‌روانگه‌یه‌کی میکانیکیانه‌، نه‌ک دینامیکیانه،‌ ده‌ڕوانێته‌ مه‌سه‌له‌کان. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێکی فراوان و قووڵه‌ له‌م بابه‌ته‌دا جێی زیاتر باسکردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی تێدا نابێته‌وه‌. چونکه‌ تایبه‌ته‌ به قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌‌و ده‌قه‌ی که‌وا ناوی لێنراوه‌ " ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان"‌ که‌ هه‌م هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ و هه‌م هێزه‌ ئیسلامییه‌کانیش به‌ ده‌ستووری خۆیان و به‌ ده‌ستکه‌وتێکی خۆیانی ده‌زانن. به‌ڵام راستییه‌که‌ی؛‌ ئه‌و ده‌قه‌ی ناویان لێناوه‌ "ده‌ستوور"‌ جه‌وهه‌ر و ئه‌قڵییه‌تی سته‌مکارانه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی زیاتر ئاشکراکرد که‌وا له‌پشت داڕشتنی ئه‌و ده‌ستووره‌وه‌‌ن و ئه‌وانه‌ش که‌ هه‌لپه‌رستانه‌ و  خۆخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ په‌سندیان کرد.  
هه‌ڵبه‌ته‌ ناکرێ له‌م وتاره‌دا مادده‌ به ‌مادده‌ و بڕگه‌ به ‌بڕگه‌ و خاڵ به‌ خاڵی ئه‌و ده‌قه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام ده‌کرێ به‌کورتی ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێکی تریش ‌بکه‌ین:
1. پێشه‌کی ئه‌و ده‌قه‌ له ‌داڕشتن (ئینشا)یه‌کی بێناوه‌رۆک و بێچوارچێوه‌ ده‌چێت و سه‌رله‌به‌ری پێشه‌کییه‌که‌ به‌زمان و شێوازی ده‌ستوورنووسین نه‌نووسراوه‌ و به‌دووره‌ له‌ پره‌نسیبی یاسایی و هیچ مقه‌ویماتێکی یاسایی تێدا نییه‌. له‌هه‌مانکاتدا پێشه‌کییه‌که‌ نه‌بۆته‌ ده‌روازه‌یه‌ک  و ته‌واوکارییه‌ک بۆ مادده‌کانی ناو ده‌قه‌که‌، نه‌بۆته‌ به‌هانه‌یه‌کی حقوقی که‌ ره‌وایه‌تی به‌ ناواخنی مادده‌کانی ناو ئه‌و ده‌قه بدات، به‌ڵکو زیاتر پیاهه‌ڵدانێکی بێزراو و رووکه‌شه‌ و هیچیتر. هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌و پێشه‌کییه‌دا به‌کاربراون ده‌سته‌واژی ته‌مومژاوی و وه‌سفداری و ئاوه‌ڵناویین و به‌وردی نازانرێ ده‌یه‌وێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وه‌سفکردنه‌ بێبایه‌خه‌ چیبڵێ..؟! بۆیه‌ سه‌رله‌به‌ری ئه‌و پێشه‌کییه‌ په‌سندکراو نییه‌. پێم وایه‌ وا راستتره‌ له‌بری پێشه‌کی ته‌نیا بنووسرێت:" ئێمه‌ وه‌ک خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان به‌ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خۆمان‌ – له‌رێگه‌ی راپرسییه‌وه‌ – ئه‌م ده‌ستووره وه‌ک په‌یماننامه‌یه‌کی هاوبه‌شی یاسایی و حقوقی  و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆمان په‌سند ده‌که‌ین".
2. ناواخنی ته‌واوی مادده‌ و بڕگه‌ و خاڵه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ناکۆکن یان دژ به‌یه‌کن. ته‌نانه‌ت مادده‌ یان بڕگه‌ یان خاڵی وای تێدا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ناکۆکه‌. ئه‌مه‌ش جۆرێکه‌ له‌فێڵبازێتی ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌یان نووسیوه‌ و ئه‌وانه‌ش که رایانسپاردوون ده‌قێکی وه‌ها ته‌مومژ و له‌ناوخۆیدا ناکۆک و دژبه‌یه‌ک بنووسن، تا بتوانن به‌ئاسانی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌پشت ئه‌و ده‌ستووره‌دا ده‌سته‌به‌ری بکه‌ن و ره‌وایه‌تی پێبده‌ن. به‌تایبه‌تی ئه‌و ماددانه‌ی که‌وا بۆ مه‌سه‌له‌ی ماف و ئازادییه‌کان ته‌رخان کراون، به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ها داڕێژراون له‌بری ده‌سته‌به‌رکردنی ماف و ئازادی، له‌گۆڕنانێکی یاساییانه‌ی ماف و ئازادییه‌کانه‌.
3. هه‌روه‌ها ئه‌و شێواز و زمانه‌ی مادده‌کانی پێنووسراوه‌ته‌وه‌ شێواز و زمانی یاسایی و ده‌ستوورنووسین نییه‌. گه‌لێک له‌ مادده‌ یان بڕگه‌ و خاڵه‌کان به‌شێواز و زمانی پروپاگه‌نده‌کردن یان وه‌کو زمانی وتاردان  و پاڕانه‌وه‌ یان وه‌کو گێڕانه‌وه‌ی هه‌قایه‌ت نووسراون.
4. جێگۆڕکێ به‌ ماف و ئه‌رکه‌کانی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ (یاسادانان، جێبه‌جێکاری، دادوه‌ری) کراوه‌. ته‌نانه‌ت مافه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم زۆر له‌مافه‌کانی دیکتاتۆرێکی عه‌یار بیستوچوار زیاتره‌، له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌رکه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمیش هه‌ر وه‌ک ماف بۆی حیسابکراوه‌!!. په‌رله‌مانیش ئه‌وه‌نده‌ بێکاریگه‌ر و بێماف کراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌په‌رله‌مانه‌ کارتۆنییه‌که‌ی سه‌رده‌می به‌عسیش کۆتگیرتر کراوه‌. زۆربه‌ی کار و ئه‌رکه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و یاسادانان دراوه‌ به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و حکومه‌ت. ئه‌مه‌ش سیفه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ شمولی و دیکتاتۆر و سته‌مکاره‌کانه‌. هه‌روه‌ها دیار نییه‌ سیسته‌می حوکمڕانی په‌رله‌مانییه‌ یان سه‌رۆکایه‌تییه‌؟ وه‌ک چێشتی مجێور تێكه‌ڵی یه‌کتری کردووه‌.
5. له‌ناواخنی ئه‌و ده‌قه‌‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی راستینه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی ئه‌تنیکی، ئایینی، بیروباوه‌ڕه‌کان و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای تێدا به‌رجه‌سته‌ نه‌کراوه‌ و گوزارشتی لێناکات. هه‌ر بۆنموونه‌ باس له‌ ئایینی کاکه‌یی و یارسانی و سابیئی نه‌کراوه‌، باسی ئه‌رمه‌نی و کلدانییه‌کان نه‌کراوه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵه‌ ئه‌قڵییه‌تی یه‌ک ئایین، یه‌ک گه‌ل، یه‌ک بیروباوه‌ڕ و یه‌ک چین‌. ئه‌مه‌ش به‌زه‌قی ده‌یخاته‌ڕوو که‌ ئه‌مه‌ ده‌ستووری هه‌موو خه‌ڵک نییه‌، به‌ڵکو جاڕنامه‌یه‌که‌ بۆ خۆسه‌پاندن و باڵاده‌ستێتی یه‌ک گه‌ل، یه‌ک ئایین، یه‌ک بیروباوه‌ڕ و یه‌ک چین‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی رووێکی تری سته‌مکارییه‌.
6. ئه‌و ده‌قه‌ به‌ئه‌قڵییه‌تی باڵاده‌ستی پیاوسالاری نووسراوه‌ و به‌قه‌د یه‌ک زه‌ڕڕه‌ش ژن جێی تێدا نابێته‌وه‌. ژنان ناتوانن هیچ مافێکی خۆیانی تێدا ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن.
له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم که؛ ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ستوورییه‌ زۆر سه‌خت و دژواره،‌ که‌ له ‌ئه‌گه‌ری په‌سندکردنیدا، پاشان بتوانرێت هه‌مواربکرێته‌وه‌. چونکه‌ له‌هه‌موو رووێکه‌وه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ پێیبگووترێت "ده‌ستوور". بۆیه‌ ‌ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌قێکی ده‌ستووری به‌مشێوه‌یه هه‌ڵوێستی هه‌ره‌ راست و گونجاو و دیموکراتیانه‌یه‌ و نووسینه‌وه‌ و داڕشتنی ده‌ستوورێکی تر؛ که‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی و دیموکراتی و دادپه‌روه‌ری و مافپه‌روه‌ری به‌بنه‌ما وه‌ربگرێت، داخوازی و ئه‌رکێکی به‌په‌له‌ی رۆژگاری ئه‌مڕۆمانه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.