Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ئایا تۆپه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌وێته‌ پێی كێ‌ و…..

ئایا تۆپه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌وێته‌ پێی كێ‌ و…..

Closed
by July 7, 2009 گشتی

ئایا تۆپه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌وێته‌ پێی كێ‌ و چاره‌نووسی جه‌وهه‌ر نامیقیش به‌ره‌و كێیه‌؟

نه‌جات ئه‌حمه‌د

ره‌نگه‌ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ پێویستمان به‌  رۆژی25/7 بێت، چونكه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی سه‌نگی مه‌حه‌كی سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدانی هاوڵاتیان بكه‌ین، به‌وه‌ی ئایا تۆپه‌كه‌ هه‌ڵده‌ده‌نه‌ قاچی نه‌وشیروان؟ و ئایا چاره‌نووسی جه‌وهه‌ر نامیق به‌ كوێی ده‌گات، تا ئه‌وانیش 19 ساڵی تر بمانهاژوون، چۆنیان بوێت  وه‌ها  تێمان هه‌ڵده‌ن، یان ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ فریاد ره‌سی ئه‌و میلله‌ته‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیووه‌.
هێشتا له‌بیری هه‌موو تاكه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ی من نه‌چۆته‌وه‌، به‌بیانووی ساوابوونی ئه‌زموونه‌كه‌ نه‌تواندراوه‌، وه‌ك پێویست به‌ته‌نگ ئه‌لف و یائی و هه‌ناسه‌ سارده‌كانی دایكه‌ چه‌رگ سوتاو باوكه‌ داماوه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ی من رابگه‌ن، له‌ ئێستا دوای هه‌موو ناڕه‌زایه‌كانی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ په‌له‌قاژه‌ێ‌ پێ لێنان له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی چه‌ند ساڵه‌ی حكومیان له‌ باشووری كوردستان، راسته‌ تا هه‌ڵه‌كان نه‌بینین نازانین راستییه‌كان كامانه‌ن و له‌ كوێون،و له‌ كوێوه‌ ده‌توانین خزمه‌تی هه‌موو كونج و قوژبنێكی ئه‌و هه‌رێمه‌ بكه‌ین، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا به‌ناوه‌ جیاوازه‌كان باس له‌ چاكسازی و گۆڕانكارییه‌كانی داهاتوومان بۆ ده‌كه‌ن، خۆ له‌ باش و خراپه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێمی كوردستان پشكییان هه‌بووه‌.
له‌ دوای 19 ساڵ حكومكردن، نزیكه‌ی 40 ساڵ خه‌باتی شارو شاخ، ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر  خزمه‌ت به‌ میلله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن و به‌ردێك فرێده‌ده‌نه‌ نێو گۆمه‌كه‌ی كوردستان، تا نه‌توانین بۆ ماوه‌یه‌كی تر به‌ روونی مه‌به‌سته‌كانیان له‌یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه‌، من مه‌به‌ستم نائومێدكردنی خه‌ڵك نیه‌ له‌وانه‌ی به‌ به‌رنامه‌ی جیا ده‌یانه‌وێت خزمه‌تی هه‌رێمه‌كه‌ی من بكه‌ن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت، ئه‌وه‌ بزانم خۆ هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر شێوازی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێمه‌كه‌ی من ده‌ربڕیووه‌و به‌ ئاراسته‌ی ئه‌وان كاره‌كانیان گوزه‌راندووه‌، جگه‌ له‌ناره‌زاییه‌كانی ناوه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی من ده‌ره‌وه‌شمان لێ به‌ئاگا هاتووه‌، من له‌وه‌ ناگه‌م خۆ هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ی ئێستا وه‌ك فریادڕه‌س خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ش بوونه‌ كه‌ له‌ "سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ تا به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانیشان به‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌ كاندیكراون، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن له‌ كاره‌باش و خراپه‌كانیشان پێچاوه‌ته‌وه‌"، ئاخر كاتێك بارودۆخی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا و شێوازی كاركردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌و جۆره‌ ببیندرێت، ئیتر كامه‌یه‌ ئه‌و متمانانه‌ی بۆ ئه‌وانه‌ی ئێستا به‌ناو و ڕه‌نگێكی تره‌وه‌ جارێكی تر دێن نیشتمان په‌روه‌ریمان پێده‌فرۆشنه‌وه‌، خۆ زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی له‌وێوه‌ باس له‌ وێنه‌یه‌كی تری ده‌سه‌ڵاتمان بۆ ده‌كه‌ن، به‌ بودجه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ دابینكراوه‌، كه‌ به‌شی هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی پێوه‌یه‌و یه‌كێتی و پارتی به‌ناوی خۆیان ده‌یانده‌نێ‌ و ئه‌وانیش وێنای ره‌نگێكی جیاوازترمان پێ پیشانده‌ده‌ن.
خۆزگه‌ له‌بڕی گۆڕینی ڕه‌نگه‌كان ئه‌وانه‌ ده‌هاتن له‌نێو جه‌رگه‌ی خۆیان باسیان له‌ گۆرانكارییه‌كان بكردبوایه‌و خه‌مێكیان له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیان بخوارد بوایه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هه‌مان بیركردنه‌وه‌ له‌ ره‌نگێكی تر دیسان بۆمان بسوڕێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ له‌مێژووی یه‌كێتی هه‌رده‌م ناكۆكییه‌كان جاروبار روویداوه‌و هه‌بووه‌و ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وشیروانیش قبوڵ كراوه‌ له‌كه‌س قبوڵ نه‌كراوه‌، هه‌ر جاره‌ و به‌جۆرێك برینه‌كانیان كولاندوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌نێو پارتی ده‌گوزه‌رێت له‌ سه‌ر ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق به‌شاز ده‌یبینم، چونكه‌ له‌ ته‌مه‌نی پارتی بوونی ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌رگیز مایه‌ی قبوڵ نه‌بووه‌، هه‌ر زوو چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وحیزبه‌ بیریان كردۆته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی پارتی ویستویانه‌ كار بكه‌ن، دیاریكراوه‌.
نازانم  ره‌وڕه‌وه‌ی ئه‌و بزاڤه‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان به‌ كامه‌ ئاراسته‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك سه‌ره‌تا رووناكییه‌كه‌یان روو له‌ رۆژ ئاوابوونه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ ناتوانن گۆرانكاری بكه‌ن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ویستی گۆرانكاریه‌كانیان به‌كامه‌ ئاراسته‌یه‌و له‌سه‌ر حیسابی كامه‌ لایه‌نه‌، یانیش ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن ده‌یانه‌وێت له‌ په‌نای ئه‌و ڕه‌نگه‌ جیاوازانه‌ جارێكی تر جڵه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و كه‌سانه‌و وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ق گۆڕانكاری بكه‌ن؟
ئه‌وانه‌ی ئێستا باسی گۆڕان و چاكسازی ده‌كه‌ن له‌ كادیره‌ پێكشه‌وتووه‌كانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای ئه‌و حكومه‌ته‌ن، خۆ هه‌ر ئه‌وانیش بوون له‌ پێش 4 ساڵ ئه‌و كه‌سانه‌یان كاندید كردبوو، كه‌ ئێستا خه‌ریكی حكومی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ن و بوونه‌ته‌ جێگه‌ی تێبینی هه‌موومان، جا ئه‌گه‌ر جاری پێشوو هه‌ڵبژاردنی ئه‌و براده‌رانه‌ هه‌ڵه‌ بوونه‌ بۆ پۆسته‌كانیان، ئه‌ی چ گرنتیه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌شیان به‌ده‌ردی 4 ساڵی ترمان نابه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بیندرێت به‌شێك له‌ كاندیده‌كانیان ئێستاشیان، خه‌ریكی راهیكردنی ئه‌و حكومه‌ت و له‌ شوێنێكی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌شدارن، ئه‌و كات ده‌بێت هه‌ر دڵی خۆمان به‌وه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ سیاسیه‌ت ئه‌و فروتوفێڵه‌یه‌ كه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌ ده‌یكه‌ن و ڕه‌نگه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیانه‌وێت پێمانی نیشان ده‌ده‌ن، ئاخر خۆ له‌ زه‌مه‌نێك له‌ زه‌مه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌ زۆر زیاتر بووه‌ له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت جارێكی تر متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بۆ حیزبه‌كه‌یان بگه‌ڕێننه‌وه‌، یان ئه‌و كه‌سانه‌ن ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌ جۆرێكی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كان بیر بكه‌نه‌وه‌ و بیانه‌وێت رووی حیزبه‌كه‌یان له‌ ره‌نگێكی تر نمایش بكه‌نه‌وه‌، به‌ دونیای ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ش بڵێن، ئێمه‌ش له‌ شوێنێكی تر له‌ ده‌وره‌وه‌ی حیزبه‌كان به‌خۆماندا ده‌چینه‌وه‌و ده‌مانه‌وێن به‌ ئاراسته‌یه‌كی تر خزمه‌ت بكه‌ین.
داهاتوو هه‌موو ئه‌وانه‌مان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و به‌ روونی بۆ هه‌موومان ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌وكات ده‌زانین جۆریه‌تی شڵقاندنی گۆمه‌كه‌ به‌ كامه‌ ئاراسته‌ ره‌وه‌ ده‌كات و ئاراسته‌كان به‌ كامه‌ لا ده‌كه‌وێته‌وه‌.
Najatahmad77@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.