
دیمانه له‌گه‌ڵ په‌یمان عیزه‌دین…..دیمانه:ئاسۆ
په‌یمان عیزه‌دین –هه‌ڵسوڕاوی مافه‌كانی ژنان:
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنان په‌یوه‌ندیی به‌ڕێژه‌ی ژنانه‌وه نییه له‌ناو په‌رله‌ماندا
*رێكخراوی ژنان گرنگه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌یدرێتێ ته‌واوی پاره‌كه‌ی له‌چالاكییه‌كانی تایبه‌ت به‌بواره‌كانی ژنان ومافهكانیاندا سه‌رف بكات
* مه‌سه‌له‌ی ژنان بۆخۆی خه‌مێكی گه‌وره‌ی لیستی گۆڕانه كه‌ده‌یه‌وێ ئیشی له‌سه‌ر بكات
دیمانه:ئاسۆپهیمان عیزه‌دین هه‌ڵسوڕاوی مافه‌كانی ژنان وكاندیدی لیستی گۆڕان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێگه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه روماڵی كێشه‌كانی ژنان ده‌كات لهكوردستانداو پێیوایه كێشه‌كانی ژنی كورد به‌بڕیارێك یان چه‌ند بڕیارێكی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر نابن چوونكه ره‌گیان له‌نێو كولتووردا هه‌یه، هه‌روا پێیوایه ئه‌وان وه‌ك لیستی گۆڕان ده‌توانن به‌و ئه‌جیندایه‌ی هه‌یانه خزمه‌تێكی زۆری دۆزی ژنان بكه‌ن به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا ئه‌و پاڵێوراوه‌ی لیستی گۆڕان پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ستووری هه‌رێم ده‌ستوورێكی خراپ بووه‌و ره‌چاوی مافه‌كانی ژنانی تێدا نه‌كراوه، له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا باسی بوودجه‌ی رێكخرا وسهنتهرهكان ده‌كات به‌تایبه‌ت رێكخراوه‌كانی ژنان كه ده‌بێت بۆ له‌مه‌ودوا بزانرێت چۆن ئه‌و بوودجه‌یه سه‌رف ده‌كه‌ن كه له‌حكومه‌تی وه‌رده‌گرن.
ئاسۆ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی 30% بۆ ژنان مسۆگه‌ركراوه له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ڵام به‌شێك له‌ژنان پێیانوایه به‌شداری ژنان له‌نێو په‌رله‌مانی ئاینده‌دا به‌شدارییه‌كی شكڵی ده‌بێت وناتوانێت قورسایی خۆی هه‌بێت پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی رێژه‌ی 25% له‌په‌رله‌مانی پێشووداو رێژه‌ی 30% له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌دا ناتوانن چه‌سپێنه‌ری مافه‌كانی ژنان بن؟.په‌یمان عیزه‌دین:چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنان به‌بۆچوونی من ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌گۆڕینی كۆمه‌ڵێك كایه‌ی گرنگه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندیی به‌ڕێژه‌ی ژنانه‌وه نییه له‌ناو په‌رله‌ماندا، به‌و مانایه‌ی كه كێشه‌ی ژن كێشه‌یه‌ك نییه كه به‌ته‌نیا له‌یاساكاندا چاره‌سه‌ر بكرێت، كێشه‌یه‌كی فره‌لایه‌نه‌یه كه له‌هه‌مووی گرنگتر كه رۆچۆته ناو كولتووری ئێمه‌وه، گۆڕانكاریی لهكولتووردا به‌ته‌نیا به‌په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر ناكرێت، ره‌نگه په‌رله‌مان بتوانێت ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانێكی كارا بێت وئه‌و له(30%)ی ژنان ژنانێكی كارا بن وبۆخۆیان داكۆكیكه‌رانی مافه‌كانی ژنان بن كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانێكی به‌هێزبن بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی ژنان بۆ گۆڕینی كایه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌گه‌رنا به‌ته‌نیا ئێمه ناكرێ هیوا له‌سه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵبچنین ئه‌گه‌ر له60% ی ژن بێت به‌ته‌واوه‌تی كێشه‌ی ژنان چاره‌سه‌ر بكات.
ئاسۆ:رای تۆ چییه ده‌رباره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی ده‌نگیان بهدهستووردا، ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئێستا له‌په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند كراوه به‌جۆرێكه بنه‌ماكانی مافه‌كانی ژنان له‌بنچینه‌وه پێشێل ده‌كات وخه‌باتی ژنان یه‌كسان ده‌كاته‌وه به‌سفر ، رای جه‌نابت له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان چییه؟.په‌یمان عیزه‌دین:ده‌نگدانی ئێستا‌و به‌په‌له له‌سه‌ر ده‌ستوور دوو خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه، له‌م دوو خوێندنه‌وه‌یه به‌ده‌ر نییه: یان ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ رێزمدا كه‌خه‌ڵكانێكی بێ ئاگان هه‌روه‌كو ئه‌مه‌یه كه‌زۆرینه‌ی خه‌ڵك ده‌ڵێ ده‌ستی به‌رز كردۆته‌وه بۆ شتێك كه هه‌ستی كردووه ده‌بێ ده‌ستی بۆ به‌رزبكاته‌وه، یان لهئاگاییه به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبی له‌پێشه‌وه وای لێده‌كات له‌گه‌ڵ ئاگاداربوونی له‌و ده‌ستووره خراپه هه‌ر ده‌نگی بۆ بدات، ئه‌مه ئه‌گه‌ر وازیش بێنێت له‌مه‌سه‌له‌ی ژنان له‌به‌رده‌م ههڵهیهكداین تۆ گرنگترین پرسی وه‌ك جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌و چییه‌و چۆن مادده‌ی (140) له‌ده‌ستووردا چۆن جێگه‌ی ده‌بێته‌وه، ئه‌وا زۆربه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی عێراق هاواریان لێ هه‌ڵساوه كه چۆن كه جارێ مادده‌ی 140 ئاسه‌وارێكی دیارنییه‌و له‌ده‌ستووری عێراقدا، چۆن ئه‌مان له‌ده‌ستووری هه‌رێمدا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟ چۆن جێگه‌ی ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌مانه هه‌مووی بۆ كۆمه‌ڵێ هێمای پرسیارن كه به‌ڕاستی زۆر خه‌ته‌ره‌و زۆر مه‌ترسیداره، كه‌ئێمه بابڵێین په‌یامێكی وا گرنگی هه‌یه‌و ده‌ستووره‌كه ئیتر چوارچێوه‌ی ئیشی ئه‌م هه‌رێمه دیاری ده‌كات ئاواهی به‌ئاسانی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین وده‌نگی بۆ بده‌ین له‌ناو جهماوهرێكیشدا كه‌ته‌واو بێ ئاگایه له‌م ده‌ستووره.
ئاسۆ:چه‌ندین سه‌نته‌رو رێكخراوی ژنان هه‌یه له‌سلێمانی به‌ڵام ئه‌وه ده‌یبینین رێژه‌ی خۆكوشتنی ژنان زۆر زۆره له‌سلێمانی، پێتان وایه كێشه‌كه له‌سه‌نته‌رو رێكخراوه‌كانه نه ، یاخود خۆكوشتن كێشه‌یه‌كی كولتورییه‌و به‌ته‌نیا بهسهنتهرو رێكخراوه‌كان چار ناكرێ؟ تۆ هه‌ستناكه‌ی بوودجه‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌م سه‌نته‌رانه سه‌رف ده‌كرێ به‌ڵام وه‌كو پێویست كارناكه‌ن؟.په‌یمان عیزه‌دین:به‌بڕوای من ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی بۆ ژنان ئیش ده‌كه‌ن له‌سلێمانیدا به‌ڕاستی تۆ ئه‌گه‌ر له‌نزیكه‌وه ئاگات لێیان بێت ده‌بینین كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی خۆبه‌خشن كه‌زۆر ئازایانه‌و چالاكانه ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی كوشتنی ژنان‌و خۆكوشتنی ژنان وداڵده‌دانی ژنان له‌و جۆره سه‌نته‌رانه‌دا به‌ته‌نیا په‌یوه‌ندیدار نییه به‌خودی ئه‌و سهنتهرانهوهو به‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ئیشی تیا ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیی هه‌یه به‌كۆمه‌ڵێك شتی تره‌وه، بۆ نموونه تاوانی كوشتن كه له‌هه‌موو دنیادا تاوانه، لێره كه بكوژه‌كه ده‌گیرێت له‌سه‌ر ژنیش نه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بێت ئه‌گه‌ر سوڵحی بۆ نه‌كه‌ن ئه‌وه‌نده عادات وتهقالید زاڵه له‌دوای وه‌رگرتنی سزاكه‌ی خۆشی كه‌سوكاری كوژراوه‌كه ئاماده نییه لێی خۆش ببێت، ئه‌مه بۆ بابه‌تێكی ئاسایی چ جا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف ده‌بێت چۆن بێت؟ كه هه‌موو مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه له‌لای ژن پاراستوویانه، ئه‌گه‌ر مه‌وزوعێكی وا دروستبێت كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه بۆ ناو كه‌سوكارو ماڵی خۆی به‌بێ روودانی كێشه‌و كوشتنی زۆر زه‌حمه‌ته، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك نه‌بێ پشتیوانی ئه‌و سه‌نته‌رانه بكات، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی یان حزب ده‌ستوه‌رنه‌داته ناو ئه‌و سه‌نته‌رانه‌وه، ده‌ستوه‌رنه‌داته ناو یاسا، زه‌حمه‌ته ئه‌و سه‌نته‌رانه به‌ته‌نیا بتوانن چاره‌سه‌ریان بكه‌ن.
ئاسۆ:تۆ كاندیدی لیستی گۆڕانی، ئه‌گه‌ر ئێوه بچنه په‌رله‌مان ورێژه‌یه‌كی زۆر له‌كورسی به‌ده‌ستبێنن وه‌ك لیسته‌كه‌تان ئایا ئه‌و یاسایانه هه‌موار ده‌كه‌نه‌وه كه‌ئێستا دژی مافه‌كانی ژنانه؟ ئایا قسه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستووره ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌دژی مافه‌كانی ژنانه؟.په‌یمان عیزه‌دین:به‌دڵنیاییه‌وه هه‌روه‌كو چۆن له‌به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی كه‌ئێمه له‌په‌رله‌ماندا ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین جیا له‌مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی وئابووری وسیاسییهكان، مه‌سه‌له‌ی ژنان بۆخۆی خه‌مێكی گه‌وره‌ی لیستی گۆڕانه كه‌ده‌یه‌وێ ئیشی له‌سه‌ر بكات، به‌دڵنیایی هه‌موو ئه‌و یاسانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌وه چ هه‌مواركردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ وه‌ك یاسای باری كه‌سێتی، چ یاسای سزادانی عێراقی، چ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی له‌شفرۆشی، چ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی توندوتیژیی، هه‌روه‌ها چه‌ندین مادده‌و بڕگه‌ی یاسایی تر كه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی سه‌رده‌م وهێنانه ئارای دیارده‌ی ته‌كنۆلۆجیاو گۆڕانگاریی نوێ دروستیكردووه كه‌هه‌موویان پێویستییان به‌داڕشتنی مادده هه‌یه‌و زۆربه‌ی زۆریان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ژنان ئیش له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو یاسایانه ده‌كرێت.
ئاسۆ:باس له‌وه ده‌كرێت رێكخراو وسهنتهرهكانی ژنان له‌كوردستاندا پاره‌یه‌كی زۆر وه‌رده‌گرن به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی وابه‌سته‌ی حزبن ئه‌وه‌نده به‌خه‌می ژنانه‌وه نین، پێتوانییه له‌په‌رله‌مانی ئاینده پێویسته بودجه‌ی ئه‌و رێكخراو و سه‌نته‌رانه ئاشكرا بكرێت، بۆ نموونه رێكخراوی ژنان هه‌یه كه‌حزب ته‌نیا بۆ ئه‌وه دروستیكردووه بڵێ رێكخراوی ژنانی هه‌یه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه ژنان پێویستیان بهرێكخراوێك هه‌یه؟.په‌یمان عیزه‌دین:به‌ته‌نیا ئه‌و رێكخراوانه نا، ته‌واوی حزبه سیاسییه‌كانیش پێویستیان به‌وه هه‌یه له‌په‌رله‌ماندا ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانێكی كارا بێت ته‌واوی بوودجه‌و ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌م هه‌رێمه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆیان ته‌رخان ده‌كرێت دیار بێت. ته‌سه‌ور ناكه‌م هیچ كام له‌ئێمه بزانین كه‌حزبه سیاسییه‌كان چه‌ند وه‌رده‌گرن له‌حكومه‌ت، له‌و (17%)ی كه بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه. چه‌ندی حزبه‌كان ده‌یبات وكام له‌و حزبانه به‌شی شێری به‌رده‌كه‌وێ وبهشهكهی چه‌نده؟ ئینجا ئه‌مه كه دێته ناو خودی حزبه‌كانیش چه‌نده رێكخراوی ژنان ورێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سه‌ر به‌و حزبانه بوودجه وه‌رده‌گرن، ئه‌و پاره‌یه‌ش چۆن سه‌رف ده‌كه‌ن؟ به‌ته‌نیا ئه‌مه گرنگ نییه بزانین بودجه‌ی ئه‌و رێكخراوانه چه‌نده ئه‌وه گرنگه بزانین بودجه‌ی ئه‌و رێكخراوانه چۆن سه‌رف ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر رێكخراوێك بۆ نموونه ناوتنا رێكخراوی ژنان گرنگه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ده‌یدرێتێ ته‌واوی پاره‌كه‌ی له‌چالاكییه‌كانی تایبه‌ت به‌بواره‌كانی ژنان ومافهكانیاندا سه‌رف بكات، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه له‌و راستییه دڵنیاین له‌كوردستاندا نهبوودجه ئاشكرا بووه نه به‌دواداچوون ورهقابهیهكی وا هه‌یه چاودێرییه‌كی توند بكات تاوه‌كو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دڵنیابن سه‌رفكردنی ئه‌و بودجانه چۆنه‌و بۆچییه؟.
ئاسۆ:به‌و پێیه‌ی تۆ له‌ساڵی 1991ه‌وه ئیش ده‌كه‌یت له‌بواری ژناندا، ده‌مه‌وێت پرسیارێكی تایبه‌تی بكه‌م ئه‌وه‌ندی تۆ ئاگاداربیت رێكخراوه‌كانی ژنان ئه‌وانه‌ی سه‌ر بهیهكێتین وخۆت كارت كردووه له‌گه‌ڵیاندا، بوودجهكانیان چه‌ند بووه به‌تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا؟.په‌یمان عیزه‌دین:به‌ڕاستی من خۆم به‌س شاره‌زایم له‌یه‌كێتی ژناندا هه‌یه، ئه‌و راستییه‌ی كه زۆر دیار بێت باسی بكه‌م كه‌یه‌كێتی ژنان ره‌نگه تاكه رێكخراو بێت كه ته‌واوی ئه‌و بودجه‌یه‌ی وه‌ریگرتووه ته‌واوی بودجه‌كه‌یان لهچالاكییهكاندا سه‌رفكردووه. من ساڵانێكی دوور‌و درێژ به‌رپرسی راگه‌یاندنی ئه‌و رێكخراوه بووم زۆرینه‌ی بودجه‌ی یه‌كێتی ژنانیش له‌ناو راگه‌یاندندا سه‌رفكراوه. ئه‌گه‌ر جه‌نابتان وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك یان وه‌كو چاودێرێك له‌سه‌ر بارودۆخی رۆژنامه‌وانی وكاری رۆشنبیری‌دا تێبینیتان كردبێت یه‌كێتی ژنان وراگهیاندنهكهی بووه كه ئه‌و بودجه‌یه‌ی هه‌یه‌تی له‌كۆنفراسی تایبه‌ت به‌یاساو كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌مه‌سه‌له‌كانی ژنانه‌وه سه‌رفی كردووه، له‌سازكردنی ڤیستیڤاڵی كورته فیلم وڤیستیڤاڵی ئه‌ده‌بی وچالاكی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رفی كردووه، یه‌كێتی ژنان بووه كهچاپخانهی دامه‌زراندووه، چاپه‌مه‌نی تایبه‌ت به‌مه‌سه‌له‌ی ژنانی به‌رهه‌مهێناوه، هه‌موو ئه‌مانه كراون و به‌وپه‌ڕی بڕوا به‌خۆبوونه‌وه ده‌ڵێم ته‌واوی بودجه‌ی یه‌كێتی ژنان لهچالاكییهكاندا سه‌رفكراوه، به‌ڵام ئه‌و بودجه‌یه چه‌ند بوو؟ نازانم، به‌ڵام ئێستا ماوه‌ی ساڵێكه گه‌ڕاومه‌ته‌وه ناو دائیره هی ئه‌وه نییه من ئێستا قسه له‌سه‌ر یه‌كێتی ژنان بكه‌م باشتره له‌خۆیان بپرسن.