ڕۆشنبیری کۆنتراکتی دوای تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور
ڕۆشنبیری کۆنتراکتی دوای تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
ئایا دوای تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور وه‌کو یه‌کێک له گه‌وره‌ترین هێرشه‌کانی ده‌سه‌لآت بۆ سه‌ر ئازادیی مرۆڤی ئێمه، له‌ناو ئه‌و دوو حیزبه دهسهلآتدارهدا بوونه‌وه‌رێک ماوه مه‌رجه‌کانی ڕۆشنبیری تێدا بێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌یه، که ناکرێت له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئه‌مڕۆدا به‌ئاسانی لێی تێپه‌ڕین. ئه‌گه‌رچی کاتێک باسی مه‌رج ده‌که‌ین، ڕووبه‌ڕووی پرۆبلیماتیکێکی گه‌وره ده‌بینه‌وه، به‌وه‌ی پێوه‌ندیی ڕۆشنبیر به ده‌سه‌لآته‌وه خۆی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه له‌ناو ئه‌و پرۆبلیماتییکهدا جێگیره، به‌لآم خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌موو تێڕوانینه‌کان بۆ ئه‌و پێوه‌ندییه، به‌رگریکردنه له ئازادیی تاک. واته ڕۆشنبیر له‌ناو هه‌موو پێناسه جیاوازه‌کاندا هه‌ر ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه، که شه‌ڕ له‌سه‌ر گه‌وره‌کردنی سنووری ئازادییه‌کانی تاک و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ده‌کات.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا دوو ئاڕاسته‌ی دژ به یه‌ک له‌ناو ڕۆشنبیرانی حیزبیی ناو ئه‌و جۆگرافیایه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌رکه‌وتوون. ئاڕاسته‌ی یه‌که‌میان هی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یه، که له حیزبه بچووکه‌کانه‌وه به‌ره‌و حزبه گه‌وره‌کان ده‌گوێزنه‌وه، به‌لآم ئاڕاسته‌ی دووه‌میان ده‌ستبه‌رداربوونی ڕۆشنبیره له پله‌وپایه‌ی حیزبایه‌تی و هه‌ندێک ئیمتیاز. ڕۆشنبیرانی سه‌ر به ئاڕاسته‌ی یه‌که‌م کۆنتراکتێکی هه‌تاهه‌تاییان له‌گه‌ڵ دهسهلآتدا کردووه، که نه‌ک هه‌ر له فه‌رمانه‌کانی ده‌رنه‌چن، به‌ڵکو به‌رده‌وام پاساو بۆ هه‌موو پێشێلکارییه‌کانیشی بهێننه‌وه. ئه‌و ڕۆشنبیره، کاتێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لآت ده‌که‌وێته سه‌ودا، هه‌موو سه‌رمایه‌که‌ی ئه‌و نووسینه ساکارانهن، که له بواری ڕۆشنبیرییدا به‌رهه‌می هێناون. ئه‌مه ئاڵوگۆرێکه له‌نێوان سه‌رمایه‌ی سومبۆلیی ڕۆشنبیر و سه‌رمایه‌ی ماتریاڵیی دهسهلآتدا. به مانایه‌کی دیکه ئه‌وانه وا له ڕۆشنبیری ده‌ڕوانن، که پیشه‌یه‌که و نانی لێ په‌یدا ده‌بێت، نه‌وه‌ک ڕێگایه‌کی مه‌عریفی بێت بۆ گواستنه‌وه له ئاستی گوتنه‌وه بۆ ئاستی کردار و پڕۆسێسی گۆڕان. ئه‌و ڕۆشنبیره، که هه‌ره‌سی ڕۆحی و سایکۆلۆژیی هێناوه، زۆر دیماگۆژییانه خۆی نمایش ده‌کات. ڕۆشنبیری کۆنتراکتی به حوکمی ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین توانای ماتریاڵی و مۆڕاڵیی حیزبی له‌ژێر ده‌ستدایه، هه‌وڵ ده‌دات یه‌کێک له رووه‌کانی خۆی وا نیشان بدات، که لایه‌نگری ئازادی و دیمۆکراسییه و ته‌نها له‌به‌ر خاتری خه‌ڵکه ئه‌و له‌ناو حیزب‌دا کار ده‌کات. به بلآوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک وتار و کتێبی نووسه‌ر و ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ له داموده‌زگاکانیدا، وا خۆی نیشان ده‌دات، که ئه‌ویش به‌شێکه له پڕۆژه‌کانی تازه‌گه‌ری، به‌لآم هه‌موو کاتێک رووداوه زه‌قه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ئه‌و ڕۆشنبیره کۆنتراکتییه تووشی سهرشێنی (احراج)ی گه‌وره ده‌که‌ن، به‌وه‌ی ئه‌و نه‌ک هه‌ر به‌رگری له ئازادیی تاکه‌کان ناکات، به‌ڵکو دژیشی ڕاده‌وه‌ستێت و به‌رده‌وام پاساو بۆ ده‌سه‌لآت ده‌هێنێته‌وه. هه‌ر بۆ نموونه کاتێک حیزب ئه‌ندامه‌کانی له‌سه‌ر بیڕوڕای ئازاد سزا ده‌دات، مووچه‌یان لێ ده‌بڕێت و خۆیان و منداڵه‌کانیان له خۆراک و پۆشاک بێ به‌ش ده‌کات، ئه‌و سووک و ئاسان پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه پێوه‌ندیی به په‌یڕه‌ووپرۆگرامی حیزبه‌وه هه‌یه و که‌سی ده‌ره‌وه‌ی حیزب بۆی نییه ده‌ست بخاته ناویه‌وه. واته ڕۆشنبیری کۆنتراکتی لێره‌دا نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ نانبڕینی خه‌ڵکه، به‌ڵکو وا خۆشی نیشان ده‌دات، که ئه‌و به‌رگری له ئازادی ده‌کات. وه‌ک بڵێی حیزب به‌شێک نه‌بێت له کۆمه‌ڵگا و ئه‌ندامه‌کانی حیزب هاوولآتی نه‌بن، تا له کاتی هێرشه‌کانی ده‌سه‌لآت به‌رگرییان لێ بکرێت. ده‌سه‌لآت به یارمه‌تیی ڕۆشنبیری کۆنتراکتی پێوه‌ندییه‌کی ئه‌فسانه‌ییی سه‌یری له‌نێوان مێژوو و داخوازیی تاکه‌کاندا دامه‌زراندووه. پێش ڕاپه‌ڕین هه‌موو شتێک بۆ سه‌رده‌می راپه‌ڕین هه‌ڵده‌گیرا و دوای راپه‌ڕین بۆ کاتی ڕووخانی ڕژێم و پاش ئه‌وه‌ش بۆ ئایینده‌یه‌کی دوورتر، که کاتی ڕزگارکردنی ناوچه داگیرکراوه‌کانه. ده‌سه‌لآت به‌م یارییه‌ی به‌رده‌وام خه‌ڵکی فریو داوه و ویستویه‌تی خۆی له ئه‌رکه‌کانی بدزێته‌وه، که دابینکردنی خۆراک و پۆشاک و ئازادییه وه‌کو پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ. ڕۆشنبیری کۆنتراکتییش له ڕێگای میدیاکانیه‌وه پاڵپشتی ئه‌و فێڵه‌ی ده‌سه‌لآت بووه، بگره هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌سه‌لآتی له‌ناو ده‌لاله‌ته‌کانی زماندا جوانتر کردووه و زیاتر ڕه‌ونه‌قی پێ داون. وه‌کو له نموونه‌ی نانبڕینی هاولآتییاندا بینیمان، به‌وه‌ی پێی گوتین ئه‌مه ئازادییه و نابێت ده‌ستی تێوه‌رده‌ین. ڕێک پێچه‌وانه‌ی (سارته‌ر)، که پێی وایه ڕۆشنبیر ده‌ست له‌و شتانه وه‌رده‌دات، که پێوه‌ندیی به خۆیه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر (سارته‌ر) پێی وابێت ڕۆشنبیر له هه‌موو تاکێک به‌رپرسیاره، ئه‌وا ڕۆشنبری کۆنتراکتی له کوردستان ته‌نها له خۆی به‌رپرسیاره. ڕۆشنبیری کۆنتراکتی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه ڕه‌خنه‌ییانه تاوانبار ده‌کات، گوایه ده‌سه‌لآت به کاری لاوه‌کییه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن و ناهێڵن ئامانجه گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه و نیشتیمان به‌دیبهێنیت. ڕۆشنبیری کۆنتراکتی له‌پێش ده‌سه‌لآته‌وه هێرشی کرده سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌ی له خۆپیشاندانه‌کاندا داوای بژێویی باشتریان ده‌کرد، چونکه ده‌سه‌لآت له‌و کاته‌دا خه‌ریکی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئالآی کوردستان بوو، به‌لآم هه‌رگیز گوێی به‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تی و چه‌وسانه‌وه‌یه نه‌ده‌دا، که سات له‌دوای سات له‌ژێر وه‌همی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئالآیهدا که‌ڵه‌که ده‌بوون. ڕۆشنبیری کۆنتراکتی به‌ر له ده‌سه‌لآت په‌لاماری ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی دا، که تێپه‌ڕکردنی ده‌ستووریان به ئاڕاسته‌یه‌کی زه‌ق زانی به‌ره‌و دیکتاتۆریه‌ت و گوتی ده‌ستوور پارێزه‌ری خاکی کوردستانه، به‌لآم هه‌رگیز پێی نه‌گوتین له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌دا چۆن ڕۆژانه مرۆڤی برسی و بێکار زۆر ده‌بن و سه‌رمایه‌ی به‌رپرسان گه‌وره‌تر.
ڕۆشنبیری کۆنتراکتی، که وه‌کو گوتمان به‌هۆی حیزبی دهسهلآتدارهوه هه‌موو توانا ماتریاڵی و مۆراڵییه‌کانی کۆمه‌ڵگای که‌وتۆته ژێر ده‌ست، ئه‌وا له‌و ڕێگایه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر میدیا و زانکۆ و که‌ناڵه‌کانی په‌روه‌رده‌دا گرتووه. کراوه‌ته خاوه‌نی ئیمتیازی ڕۆژنامه و گۆڤار، بڕوانامه‌ی ساخته‌ی وه‌رگرتووه و بووه به به‌رپرسی داموده‌زگا که‌لتورییه‌کان. وه‌ک ده‌بینین له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زانکۆکان پڕ بوون له‌و ڕۆشنبیره کۆنتراکتییانهی، که له ڕێگای ده‌سه‌لآته‌وه کورسییان پێ دراوه. ئه‌مه‌ش بۆ دوو مه‌به‌ست، یه‌که‌میان: هه‌تا ئه‌و داله‌ی ده‌بێته پێشگری ناوه‌که‌ی وه‌کو سه‌رمایه‌یه‌کی سومبۆلی لای خه‌ڵک بایه‌خی هه‌بێت و به‌ئاسانی په‌یامی لێ وه‌ربگرێت. دووه‌م: بۆئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ستیارترین شوێنی خوێندن و فێرکردن‌دا بگرێت. به مانایه‌کی دیکه ئه‌و ڕۆشنبیره هه‌وڵ ده‌دات زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کان بخاته خزمه‌تی ده‌سه‌لآته‌وه. وه‌کو (فۆکۆ) له کتێبی (وشه‌کان و شته‌کان)دا پێی وایه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا، پێچه‌وانه‌ی رابردوو، که پیاوی ئایینی ڕۆڵی له ڕه‌وایه‌تیدان به ده‌سه‌لآت ده‌بینی، ئه‌وا ئێستا ئه‌و ڕۆشنبیره له ڕێگای زانسته‌وه ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕێت و ئازادییه‌کانی پێ سه‌رکوت ده‌کات. به مانایه‌کی دیکه هه‌موو ئه‌و زانستانه بوونه‌ته مه‌عریفه و شوێنی لاهووتیان گرتۆته‌وه. مه‌عریفه‌ش له ده‌سه‌لآت دابڕاو نییه، به‌ڵکو هه‌ر خۆی ده‌سه‌لآته، مادام ئه‌وانی دیکه ناچار ده‌کات به‌چاوی ڕێزه‌وه لێی بڕوانن و له‌و ڕێگایه‌وه ده‌توانێت بیانچه‌وسێنێته‌وه.* لێره‌وه‌یه ڕۆشنبیری کۆنتراکتی هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ندیی هه‌موو کۆمه‌ڵگا به حیزبه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای کۆنتراکت دابمه‌زرێنێت و هاوکات له ڕێگای تواناکانی به‌ر ده‌ستیه‌وه هه‌وڵی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ پووچ بکاته‌وه، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت په‌یمانی کۆمه‌لآیه‌تی بخاته شوێنی ئه‌و پێوه‌ندییه کۆنتراکتییهوه، که تاک بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌کاته کۆیله‌ی حیزب و ده‌سه‌لآت.
ڕۆشنبیری کۆنتراکتی پێچه‌وانه‌ی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ، که هه‌تا حیزب گه‌وره‌تر بێت، گومانه‌کانی ئه‌ویش ئه‌ستوورتر ده‌بن، ئه‌و پێی وایه هه‌تا حیزب گه‌وره‌تر بێت، زیاتر ده‌بێته خاوه‌نی حهقییقهت، که لای ئه‌و له کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتی فیزیکییدا خۆی ده‌بینێته‌وه. سه‌رنج دراوه له رووداوه‌کانه‌وه ڕۆشنبیر ده‌رده‌که‌وێت و بوێرانه‌تر به‌گژ دهسهلآتدا ده‌چێته‌وه وه‌کو ئه‌وه‌ی له دادگایکردنه‌که‌ی (درێیفوس Dreyfus)دا ده‌یبینین، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی به ناپاک له قه‌ڵه‌م درا و دواتر بێگوناه ده‌رچوو؛ بووه هۆی ده‌رکه‌وتنی ڕۆشنبیر له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، له‌پێش هه‌موویانه‌وه (ئیم‌یل زۆلا)، که له ئاستی دهسهلآتدا پێی له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ریی یاسا و ئازادی و مافه‌کانی تاکدا داگرت. له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییی نازییدا ڕۆشنبیرانی سه‌ر به قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت له‌وانه (فریدرێک پۆلۆک)، (تیۆدۆر ئه‌دۆرنۆ)، (والته‌ر بینیامێن)، (ماکس هۆرکایمهر)، (هابرماز) و ئه‌وانی دیکه زیاتر له پێشوو که‌وتنه ڕه‌خنه‌گرتن، هه‌تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی له ئه‌ڵمانیا شوێنیان نه‌بێته‌وه و بۆ ئه‌مریکا بگوێزنه‌وه. هه‌ر یه‌ک له (سارته‌ر)، (فۆکۆ)، (دیلۆز)، (دیرێدا) و هی دیکه‌ش له ڕووداوه‌کاندا زیاتر به‌گژ دهسهلآتدا چوونه‌وه و زۆربه‌یان له سه‌رده‌می (ستالین)دا وازیان له پارتی کۆمۆنیست هێنا، که‌چی ڕۆشنبیری کۆنتراکتی له باشووری کوردستان هه‌تا دێت زیاتر عه‌شقی گه‌وره‌ییی ده‌سه‌لآت ده‌بێت و له‌پێناویدا سه‌رسه‌ختانه ده‌جه‌نگێت.
ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو ده‌ریخستووه، که ڕۆشنبیری کۆنتراکتی یه‌کێکه له پێویستییه گرینگه‌کانی ده‌سه‌لآت. به مانایه‌کی دیکه ده‌سه‌لآت بۆ درێژه‌دان به ژیانی خۆی، پێویستی به ڕاگرتنی کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیری کۆنتراکتی هه‌یه، چونکه ده‌رکه‌وتووه ئه‌م جۆره ڕۆشنبیره ملکهچترین جۆری ڕۆشنبیره، به‌وه‌ی وازی له هه‌موو خه‌ونه‌کانی خۆی هێناوه و ته‌نها به‌دوای ده‌سکه‌وتی فیزیکییهوهیه. ئه‌گه‌ر ئامڕازی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لآته‌کانی سیاسی، کۆمه‌لآیه‌تی، ئابووری و سه‌ربازییدا، ڕه‌خنه بێت، ئه‌وا ڕۆشنبیری کۆنتراکتی نه‌ک هه‌ر وازی له گرینگ‌ترین ئامڕازی خۆی هێناوه، که ڕه‌خنه‌یه، بگره وه‌کو گوتمان چه‌کێکی دیکه‌ی هه‌ڵگرتووه و سه‌رسه‌ختانه له دژی نه‌یاره‌کانی ده‌سه‌لآت به‌کاری ده‌هێنێت. ئه‌و نه‌یارانه‌ی گومان له هه‌ر جووڵه‌یه‌کی ده‌سه‌لآت ده‌که‌ن و پێ له‌سه‌ر خواسته‌کانیان داده‌گرن.
ئه‌گه‌ر حیزبی کوردی دواکه‌وتووترین مۆدێلی حیزب بێت، ئه‌وا ڕۆشنبیرهکهشی، که من به ڕۆشنبیری کۆنتراکتی ناویم بردووه؛ دواکه‌وتووترین مۆدێلی ڕۆشنبیره، بۆیه ده‌بێت ئه‌و ڕۆشنبیره له ڕۆشنبیری حیزبییش جیا بکه‌ینه‌وه. مه‌رج نییه ڕۆشنبیری حیزبی دژی ئازادی و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک بێت، به‌لآم ئه‌و ڕۆشنبیره سنوورێکی بۆ ئه‌و ئازادی و به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌یه، که ناتوانێت بازنه‌ی حزب تێپه‌ڕێنێت، به‌لآم له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چ حیزب و چ ڕۆشنبیرهکهشی تایبه‌تمه‌ندییه‌تی خۆیان هه‌یه، که ئه‌میان له خوار ئاستی حیزب و ئه‌ویان له‌ژێر ئاستی ڕۆشنبیرهوهیه به مانا هه‌ره ستانداره‌که‌ی حیزب و ڕۆشنبیر. ئه‌گه‌ر (ڕیمۆن ئارۆن) به نموونه بهێنینه‌وه، که پێچه‌وانه‌ی (سارته‌ر)، (دی بۆڤار)، (فۆکۆ) و (هابرماز) و ئه‌وانی دیکه به ڕۆشنبیری ده‌سه‌لآت ناسراوه، ده‌بینین بێجگه له‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی به‌رهه‌م هێناوه و وه‌کو ڕۆشنبیرێکی ئیشکالی ده‌رکه‌وتووه، دژی ئازادییش نه‌بووه، بگره پێی وایه ئازادی بنه‌مای سه‌رکه‌وتنی که‌لتووری ڕۆژئاوایه. ئه‌وه‌نده مرۆڤێکی بێ‌فیز بووه له یاداشته‌کانیدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، که ئه‌و له ڕووی فیکره‌وه به‌قه‌ده‌ر (سارته‌ر) توانای نه‌بووه.
ئێمه ناتوانین ڕۆشنبیر و داهێنان له یه‌کتر جیا بکه‌ینه‌وه، با ئه‌و داهێنانه لای ڕۆشنبیری حیزبی سنوورداریش بێت، به‌لآم ڕۆشنبیری کۆنتراکتی خاوه‌نی ڕۆشنبیری نییه، به‌ڵکو له بواری فێڵ و فریوداندا شاره‌زایه. بۆ مه‌یسه‌رکردنی ئه‌و فێڵ و فریودانهشی به‌رده‌وام زه‌مینه خۆش ده‌کات، چونکه ده‌زانێت فێڵ و فریوه‌کانی ته‌نها تا ئه‌و کاته بڕ ده‌که‌ن، که کۆمه‌ڵگا له‌م باره چه‌قبه‌ستووه‌دا بمێنێته‌وه، به‌لآم کاتێ ئه‌و زه‌مینه‌یه ده‌گۆڕێت، ئه‌وا ڕۆڵی ئه‌ویش ته‌واو ده‌بێت. به مانایه‌کی دیکه ئه‌و دراوه قهڵپهی ته‌نها له ئێستای کۆمه‌ڵگادا ده‌چێت و سبیه‌نێ له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانێکدا، ڕووه ڕاسته‌قینه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێت و که‌س لێی وه‌رناگرێت. هه‌ر بۆیه ڕۆشنبیری کۆنتراکتی له گۆڕان و نوێبوونه‌وه ده‌ترسێت و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌رگری له حیزبه‌که‌ی ده‌کات.
جارێکی دیکه پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرم، که ڕۆشنبیری کۆنتراکتی، ڕۆشنبیرێکه له خوار ئاستی ڕۆشنبیری حیزبییه‌وه‌یه. هه‌تا ڕۆشنبیری حیزبی زیاتر خاوه‌نی ڕۆشنبیری و داهێنان بێت و هه‌تا له‌پاڵ ئه‌و ڕۆشنبیری و داهێنانه‌دا زیاتر باوه‌ڕ به گیانی قه‌بووڵکردن و دیمۆکراسی بهێنێت، ئه‌وا زیاتر له قازانجی کۆمه‌ڵگایه و ئه‌و ئاسته به‌رزتر ده‌کاته‌وه، که ده‌بێت ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ چ وه‌کو داهێنه‌رێک له بواری خه‌یاڵدا و چ وه‌کو داکۆکیکهرێک له مافی هاولآتییاندا کاری له‌سه‌ر بکات. به مانایه‌کی دیکه ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ هه‌میشه ئه‌و ئاسته تێده‌په‌ڕێنێت، که ڕۆشنبیری حیزبی پێی گه‌یشتووه. ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ له‌دوای ئه‌و داخوازییانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، که ڕۆشنبیری حیزبی داوای کردوون و له سه‌رووی ئه‌و ئاسته‌شه‌وه داهێنان ده‌کات، که ئه‌و لێی وه‌ستاوه، چونکه ئه‌رکی نووسه‌ری سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام زمان و ئه‌قڵی ڕۆژانه تێکبشکێنێت و له پرۆسێسێکی دینامیکییانهدا زمان و ئه‌قڵی دیکه دابمه‌زرێنێت. ڕۆشنبیری کۆنتراکتی نه داخوازیی هه‌یه، نه ساده‌ترین ڕۆشنبیری به‌رهه‌م ده‌هێنێت و نه باوه‌ڕی به ئازادییش هه‌یه، به‌لآم فێڵبازانه ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو که‌ناڵه‌کانی چاپ و بلآوکردنهوهدا گرتووه و له‌وێوه‌وه خۆی وه‌کو ڕۆشنبیر نیشان ده‌دات. که‌واته ڕۆشنبیری کۆنتراکتی ناتوانێت وه‌کو ڕۆشنبیری حیزبی ته‌نانه‌ت گۆڕان له‌ناو بازنه‌ی حیزبیشدا بکات، که ئه‌م گۆڕانه وه‌کو گوتمان له قازانجی کۆمه‌ڵگایه و ئاستی داخوازییه‌کانی ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ به‌رزتر و بواری داهێنانه‌که‌ی فراوانتر ده‌کات. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک هه‌وڵی نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری لێ ده‌ربکه‌ین، که یه‌ک دوانێکیان توانیویانه له‌ناو میدیای حیزبه‌کاندا داهێنه‌رانه کار بکه‌ن و ده‌رگا به ڕووی داهێنانی نووسه‌رانی سه‌ربه‌خۆشدا بکه‌نه‌وه، ئه‌گینا کێ ده‌توانێت له ماوه‌ی ئه‌و هه‌ژده ساڵه‌دا دوو کتێبی بیر بکه‌وێته‌وه، که له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانی کۆنتراکتییهوه نووسرا بن و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان مه‌عریفه‌یان به‌رهه‌م هێنابێت؟
* Michel Foucault, ordene og tingene – En arkæologi om humanvidenskaberne, på dansk ved Mogens Chrom Jacobsen, sats og tryk: Book Partner Media A/S, København, 2006.