
هه‌ناسه حه‌رامه‌کانی شاتوو …. سابیر سدیق
هه‌موو شتێ کپ بوو
ئاو له‌ژێر گوڵه‌کانه‌وه ناڕوا
هه‌وره کهئیبهکان
ده‌ستیان له خوێندنه‌وه‌ی قورئان هه‌ڵگرت
ده‌کرێ.. قسه‌یه‌ک هه‌یه بیکه‌ن
**
هه‌موو شتێ کپ بوو
ئاو له‌ژیر گوڵه‌کانه‌وه ناڕوا
ماسییه‌کانی حه‌وزی شووشه
به‌چاو
سڵاویان له‌یه‌ک ده‌کرد
کوکوختیه‌ک
ئه‌ویش به چاو
یاداشته‌کانی
سنه‌وبه‌رێکی پیری ئه‌زبه‌ر ده‌کرد
کچێک
له‌ته‌مه‌نی بلوغیا
ده‌تگووت چڵهڕێحانهیه
جامانه‌که‌ی باوکی کردبوو به سترێج و
به عه‌ینه‌که‌که‌ی دایکییه‌وه
ده‌ستی له پاککردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌کان هه‌ڵگرت
لای په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه جێ هه‌یه
به‌م ڕووخساره برینداره‌وه
ده‌کرێ
قسه‌یه‌ک هه‌یه بیکه‌م
**
وایه
هه‌موو شتێ کپبوو
له‌پشت بریقه شکاوه‌کانی خۆشه‌ویستییه‌وه
له‌ته‌نیشت هه‌ڵفڕینی ئومێده‌وه
له‌ژێر که‌شخه‌یی بارانی گومانابۆنی پایزێکی نوێ دێ
( قاله ) * ئاقڵانه ژیا
پایزی پار
مردن شێتانه فڕاندی
لای په‌پووله‌یه‌که‌وه جێی هه‌یه
ده‌شێ .. قسه‌یه‌ک هه‌یه کردبێتی
**
هه‌وره کهئیبهکان
ماسییه‌کانی حه‌وزی شووشه
کچێک به عه‌ینه‌که‌که‌ی دایکیه‌وه
وایه
( ئه‌م قه‌سیده‌یه پێشکه‌شه به کچه‌که‌م
ناوی ( چرپه ) یه .. ته‌مه‌نی سێ ساڵه
چه‌پله‌ره و چاوی له چاوی من ده‌چێ
گه‌وره ده‌بێ
باخه‌ڵی پڕ ده‌بێ له مه‌مک
به‌یانیان .. خۆی ده‌شواو ، ده‌چێته
به‌رده‌می ئاوێنه بێوهیهکه
دایکی
کهماکی گرانه‌تای ماندوێتی
له‌سه‌ر پێڵویهکانی دیاره.. ده‌بۆڵێنێ
ئێواران
که‌ده‌گه‌ڕێته‌وه.. جانتاکه‌ی
پڕه له شیرینی زه‌رده‌خه‌نه
له ته‌ڕایی شادی ژووان
ڕووده‌کاته دایکی و ).. ده‌ڵێ :
وایه
به‌حاڵ به‌حاڵ به‌بیرم دێ
تامی مهزهکانی
له ژیر بێخی دانما ماوه
ڕۆحه مهراقاویهکهی له‌به‌ر چاومه
که به ئیقاعێکی پڕ له گیانه‌ڵاوه ده‌یووت :
به‌ر له هاتنی واده‌ی په‌ڵه
هه‌وره خائنهکان چیان نه‌کرد
به‌ر له ته‌واو بوونی
پیاسه‌ی ئێواره پڕ له کاره‌ساته‌کان
باخه‌وانه پشتوێن پانه‌کانی باخی هه‌نار چی‌یان نه‌کرد
هێشتا نۆره‌ی ووتاری گوڵه مه‌ی گێڕه‌کان نه‌هاتبوو
ئه‌و ده‌هۆڵ ژه‌نانه
که گژ بیردۆزه‌کانی زۆج کردنیان خهتمکردبوو
چیان نه‌کرد
چیان نه‌کرد
بۆ توڕه کردنی با
له گڵۆپی سه‌ر ده‌رگاکان
بۆ حه‌رام کردنی تریقانه‌وه
بۆ جێگۆڕکێ
به‌قه‌ده‌ری پاسه‌وانه‌کانی کارگه‌ی شه‌کرو
ژنه نیگا شه‌هوه‌تیه‌کان
چیان نه‌کرد
به‌و دار گوێزانه‌ی
له خواوه نزیک بوون و
سێبه‌ریان بۆ عاشقه خود کوژه‌کان ده‌کرد
چیان نه‌کرد
به‌و کچه شاعیره
که‌هه‌ر ئێستا
له ژێر سێبه‌ره خرفبووهکانهوه ڕێده‌کا
گه‌رمایی له‌شی ده‌بینرێ
جیاوازی ته‌مه‌ن به‌لایه‌وه گرنگ نییه
داوێنی ئاو باده‌داو
ده‌یه‌وێ
قسه‌یه‌ک هه‌یه بیکا
**
چیان نه‌کرد
تا گیا به‌ئارامی نهپژمێ
مانگ به ئاسانی
هه‌ناسه‌کانی شاتوویهک نهژمێرێ
که‌هێشتا
مانای میهر ده‌زانێ
باسی له‌حه‌قیقه‌تی بێرتووشه
له‌چۆنیه‌تی
پاککردنه‌وه‌ی ڕۆحه پیس بووه‌کان ده‌دوێ
ده‌یه‌وێ ،
ژماره‌ی پیته‌که‌نی مرونه‌ت و
لۆمه‌ی باران شیته‌ڵ بکا
له سیحه‌تی ئاو و
له هیجره‌تی باڵنده گوم ناوه‌کان دڵنیابێ
پڕه له ساده‌یی و
به‌ساده‌یی
ده‌یه‌وێ شتێ بڵێ
به‌حاڵ به‌حاڵ به‌بیرم دێ
ده‌یگوت :
چ هیجرهتێکه ئه‌مه
که نه‌توانی چڵێ تهروی لاڕێ باده‌ی
تا سبه‌ینێ
بالووکه‌ی سهرقامکی شایه‌تمانی
گوڵه مێخه‌کێ هه‌ڵوه‌رێ
چ هیجرهتێکه ئه‌مه
که ڕێ نه‌بێ
به کامی دڵ بسترێین و
به‌سته مه‌ده‌نیه‌کان بچڕین
ئه‌و به‌ستانه‌ی
ساڵانێکه خۆر تکایان لێده‌کا
حه‌قیقه‌تێ
لهکزبوونی چراکان و
ته‌ڵخ بوونی ئاوینه‌کان بگێڕنه‌وه
حه‌قیقه‌تێ
له‌و که‌شتیه بارهه‌ڵگرانه‌ی سکراب بوون
به کۆکینی حه‌ماڵێکی ڕدێن سپی تووڕه ده‌بن
که هێشتا
له گونده‌که‌ی ئه‌وان
تۆوی گوڵه‌کان مه‌زات ناکرێ
سهیرانگاکانیا نه‌فرۆشتووه
به‌و پیاوانه‌ی
گیرفانیان پڕه له ده‌ستوور
هێشتا له‌وێ
پایز مانایه‌کی پایزانه‌ی هه‌یه
میوه‌ی نایلۆن له‌سه‌ر سفره دانانێن و
وه‌هه‌م به‌نانه‌وه ناخۆن
ئازادی له چاویان ده‌ڕژێ
به‌دڵ به‌یه‌ک ده‌ڵێن
ئه‌م کاته‌ت باش
ژیانت باش
**
وابوو
ئه‌و ڕۆحه مهراقاویه
له باخچه‌که‌ی خۆیانه‌وه
لای ئینجانه یاقووتیهکانهوه
به‌تاسه‌وه دنیای ده‌دی
ئێواره‌یه‌ک ووتی:
ده‌مێکه په‌لکه زێڕینه‌و
( ست خه‌رامان ) م نه‌دیوه
نیوه‌ڕۆیه‌ک ووتی :
تۆ بڵێی
ئاگرێک نه‌که‌وێته‌وه‌و
گڕ له‌م مه‌نفایه به‌رنه‌دا
به‌یانییه‌ک ووتی :
هێشتا
خه‌ون بههاوڕێیهتیهوه ده‌بینم
بۆنی گه‌ڵا گوێزی خۆشه‌ویستی ده‌که‌م
چاوێکم لای ئه‌و سرودانهیه بابردنی
به‌ڵام ئه‌فسووس
ده‌بێ کلیلی هه‌سته‌کان و پرته پرتی ڕووناکی
ته‌سلیم به‌و که‌سانه بکرێ
کهبهباسی
پاککردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان و
ڕزگارکردنی کۆڵانه‌کان فێیان لێدێ
له مه‌نفادا
ده‌بێ چاوێکت له قیامه‌ت و
چاوێکت له جاسووس بێ
خه‌ون به‌خنکاندنی
جریوه‌ی ئه‌ستێره‌وه ببینی
لیمۆی ئیمان
له ژێر ڕه‌گی گوڵه‌کانا حه‌شار بده‌ی که ناهێڵن
ئاو له ژێر گوڵه‌کانه‌وه بڕوا
مانگ له په‌نجه‌ره‌وه بێته ژوورێ
ناهێڵن
له‌دوای کچێکه‌وه بڕۆی
هه‌ناسه‌کانی بکێشی
سڵاو لهدووکاندارێک بکه‌ی
که جگه‌ره و بسته‌و هه‌تاوی شه‌راب
به‌قه‌رز ده‌دا به‌و که‌سانه‌ی له مانفاد
نامیلکه‌ی حه‌رام ده‌خوێننه‌وه
گوێ لهکاسێته تازه حه‌رامکراوه‌کان ده‌گرن
پیته تازه حه‌رامکراوه‌کان
له سه‌ر مه‌چه‌کیان کوتراوه و
له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکی حه‌رام
له‌نزیک مردنه‌وه ڕاده‌کشێن
ژێر سه‌ریان پڕه له قوربانی و له مژده
له ژووره تاریکه‌کانا
به ڕۆح ڕووبه‌ری وه‌فا ده‌پێون
حه‌قیقه‌تێ له هیجهرهت و
له‌و که‌شتیه بارهه‌ڵگرانه‌ی سکراب بوون
که به گریانی ساوایه‌ک
به کۆکینی حه‌ماڵێکی ڕدێن سپی تووڕه ده‌بن
حه‌قیقه‌تێ له کز بوونی چراکان و
ته‌ڵخ بوونی ئاوێنه‌کان ده‌گێڕنه‌وه
ده‌ڵێن : هه‌موو شتێک کپبو
بۆنی هه‌ناسه‌کانی شاتوویهک نه‌کرا
که هێشتا مانای میهر ده‌زانێ
باسی له حه‌قیقه‌تی بێڕتووشه
لای په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه جێ هه‌یه
قسه‌یه‌ک هه‌یه بیکه‌ن
به ڕووخساره بریندارهکانتانهوه
قسه‌یه‌ک هه‌یه بیکه‌ن
قسه‌یه‌ک هه‌یه
بیکه‌ن
قسه‌یه‌ک ههیههاوینی 1995
* قاله – یه‌کێک بوو له شێته ناسراو و خۆشه‌ویسته‌کانی شاری سلێمانی* له‌کتێبی ( ههناسهحهرامهکان ) ه‌وه/ سابیرسدیق / ساڵی 1997