په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ به‌کێ بسپێردرێت: کو‌لتوور یان یاسا؟
هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك منداڵێك له‌لایه‌ن كهسێکی نزیكی خۆیه‌وه لههۆڵهندا ده‌كوژرێت.
بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید….
نامۆ بوونی گه‌نج به‌رامبه‌ر به‌كۆمه‌ڵگاو به‌رپاکردنی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك چهتوونیو تاوانكارییو، تهواونهكردنو به‌جێهێشتنی خوێندن، بهتاڵیو گرفتی دهروونیو رادیكاڵی بوونی گه‌نجان له‌كۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا، هاوكات به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ش بهسترهكتووری خێزانه‌وه، بابه‌تێكی گرنگ‌و بایه‌خ پێدراوی ههنووکهییهو بۆته خاڵی گفتوگۆی سیاسه‌تمه‌دارانی هۆله‌ندا. گه‌ر جاران دیالۆگی پارت‌و حیزبه سیاسییه‌كان لهدیدوبۆچۆنی سۆشێۆلۆجیو ئابووریه‌وه له‌سه‌ر ستره‌كتوری كۆمهڵگاو سیسته‌می خزمهتگوزاریو به‌رپرسارێتی تاكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گهرتبێ، ئه‌وا ئێستا حیزبه سیاسییه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر بواری «په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌كردن» به‌شێوه‌یه‌كی دیار‌و ئاشكرا ئهکهنو بایه‌خیان بۆ ئه‌م لایه‌نه زه‌قتر کردووه‌ته‌وه. بۆیه له هه‌ڵبژاردنی 22 نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2006دا بابه‌تی گهنجو په‌روه‌رده خاڵێكی گرنگی پرۆگرامی پارته‌كان بوو، ته‌نانه‌ت خاڵی یه‌كه‌می حیزبی كرستیان دیمۆكرات‌و حیزبی كاریش بوو. لێره‌وه كاتێ سیاسه‌تمه‌داران له‌سه‌ر گهنجو كێشه‌كانی ئه‌م گروپه گفتوگۆ ده‌كه‌ن، ده‌بینرێت به‌شێوازێكی تر‌و له‌گۆشه نیگایه‌کی تره‌وه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان ئه‌دۆزنه‌وه، بۆ نموونه تیشك ده‌خرێته سه‌ر ڕۆڵی بهخێوكهرو هه‌ستی به‌رپرسیاریی به‌خێوكه‌ر له‌په‌روه‌رده‌دا، واته پشکنینی شوێنه‌واری منداڵ که خێزانه‌که‌یه‌تی.
به‌مانایه‌كی دی، گه‌ر ئه‌و به‌خێوكه‌رانه ده‌سته‌وسانیی په‌روه‌رده‌ییان هه‌بێت، ئه‌وا له‌ڕێگای كۆرسی په‌روه‌رده‌یی تایبه‌ته‌وه بۆ به‌خێوكه‌ر لهلایهکو هاوكات كه‌مپی په‌روه‌رده‌یی بۆ گه‌نجان یان به‌کار هێنانی رێگای توندتر له‌لایه‌کی تره‌وه. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌نجێكی مه‌غریبی به‌رۆژی ڕووناكو به‌زه‌بری شهقو لێدان گه‌نجێكی هۆڵه‌ندی ده‌كوژێت. ئه‌م کاره‌ساته کوشنده‌یه‌ش له‌ده‌نگه ده‌نگێكی زۆر ساده‌و بچووكه‌وه ده‌ستیپێكرد، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كوڕه هۆڵه‌ندیه‌كه ده‌بینێت ژنێكی به‌ساڵاچوو له‌سه‌ر خه‌ته‌و ده‌یه‌وێت بپه‌ڕێته‌وه، كوڕه مهغریبیهكهش له‌گه‌ڵ كوڕێكی تردا به‌سواری ماتۆرهوهو به‌خێرایی دێن، له‌و كاته‌دا كوڕه هۆڵه‌ندیه‌که ده‌ڵێ: خێرا لێمهخوره ئه‌و ژنه ده‌په‌رێته‌وه. ئه‌مه ده‌بێته ده‌نگه دهنگو به‌یه‌كدادان، ئه‌نجامه‌كه‌ی کوشتنی كوڕه هۆڵه‌ندییه‌كه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. دوابه‌داوی ئه‌م ڕووداوه پۆلیس و كامێرامان ه‌وه ده‌چێته ماڵی كوڕه مهغریبیهکهو پێیانده‌ڵێن: كوڕه‌كه‌تان گه‌نجێكی كوشت.
دایكی بکوژه‌که‌ش كه زیاد له‌بیست ساڵ‌بوو لههۆڵهندا دهژیاو تاکه وشه‌یه‌کی هۆڵه‌ندیشی نه‌ده‌زانی، ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌و وتی: چیبكه‌م ئه‌مه كاری خودایه‌و ده‌سه‌ڵاتی من نیه. ئه‌م کاردانه‌وه‌و ده‌ربڕینی دایكه هه‌موو ده‌زگاكانی په‌روه‌رده‌و داد‌و شوێنه‌كانی تریشی داچڵهكاندو توڕهییو بێزارییه‌كی زۆری نایه‌وه كه دایكێك كاری كوڕه تاوانباره‌كه‌ی به‌كاری خودا ببینێت! ئه‌مه‌یه كاره‌سات كه زۆرێك له‌م به‌خێوكه‌رانه تا ئێستا ڕۆڵی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیان له‌ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا نابیننه‌وه، ئه‌وه نابینین كه خۆیان له‌دروستكردنی منداڵی گێرهشێوهنو تاوانبار ڕۆڵی دیاریكراویان هه‌یه.
یه‌كێ له كێشه‌ی شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك ئهمستردامو رۆتردامو ئوتریختو ده‌نهاخ به‌تایبه‌ت له‌ناو گروپێكی دیاریكراودا، كێشه‌ی ڕه‌وشتی منداڵ‌و مێردمنداڵانه. ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌م منداڵانه ، كێشه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتیان هه‌یه، هه‌ندێكیان هه‌ر له‌ته‌مه‌نی زۆر منداڵی‌دا، بۆ نموونه ههشتو نۆساڵیدا، خه‌ریكی شه‌ڕو ئاژاوه‌و گێره‌شێوێنین، هۆكارێكن له‌تێكدانی ئاسایشی شوێنه گشتیه‌كاندا. ئاشكرایه ڕۆڵی په‌روه‌رده به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر شانی به‌خێوكه‌ره (دایك‌و باوك)، له‌لێكۆڵینه‌وه جیاجیاكاندا ده‌ركه‌وتوه به‌خێوكه‌ر جا چ هۆڵه‌ندی یان كۆچبه‌رو په‌نابه‌ر بێ په‌روه‌رده‌كردن‌و به‌خێوكردنی منداڵ له‌رۆژی ئێستادا به‌ئه‌ركێكی گران‌و سه‌خت ده‌زانن، له‌لێدوان‌و گفتوگۆدا ده‌ریده‌خه‌ن كه پێویستیان بهپشتگیرییو خزمه‌تگوزاریی هه‌یه، دیاره بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ش، حكومه‌ت به‌رپرسیاره له‌پشتگیریی کردنی بهخێوكهرو دابینكردنی خزمه‌تگوازرییه‌كانی په‌روه‌رده، هه‌رچه‌ند ئه‌و بهخێوكهرانهی كه منداڵه‌کانیان كێشه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه‌و شه‌ڕه‌نگێزو ئاژاوهچیو دووره‌په‌رێزن. داوای هاوكاریی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ناكه‌ن. هۆکاری سه‌ره‌کیش ترسه، له‌وه ده‌ترسن ده‌ست به‌سه‌ر منداڵه‌كانیاندا بگیرێت، یان كێشه‌ی زمانیان هه‌یه، یا شاره‌زایی كه‌لتوری هۆڵه‌ندی نه‌بن، ئه‌مانه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كهنارگیرنو خۆیان له‌ده‌زگاكانی خزمه‌تگوزاری په‌روه‌رده‌یی لاده‌ده‌ن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌زگایه‌كی په‌روه‌رده‌یی هه‌وڵیدا له رێگای ئیمامی مزگه‌وته‌وه بتوانن كێشه‌ی ئه‌م منداڵانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. جا بۆیه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌وت ئیمامی مزگه‌وت له‌ئه‌مستردام كۆرسی په‌روه‌رده‌ییان بۆ كرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكی ئه‌و منداڵانه‌دا بكهنو كێشه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
به‌ڵام تا چ سنوورێک ره‌وایه ئه‌م ئیمامانه ڕۆڵی په‌روه‌رده‌یی بگێڕن؟ به‌تایبه‌ت ئه‌و دینه‌ی ئه‌مان پێوه‌ی په‌یوه‌ستن، ملكهچیو گوێگرتن‌و سزادانی منداڵ تێیدا باڵاده‌سته؟ ئایا ئه‌مه بێدهسهڵاتییو ناچاریی ده‌زگا حكومیه‌كان پیشان نادات كه به‌م شێوه‌یه بیر له‌ڕێگه‌چاره‌ی کێشه‌ی په‌وه‌رده‌کردنی منداڵه‌کان بکاته‌وه؟
ئه‌م پرسیارانه‌م ئاراسته‌ی پرۆفیسۆری په‌روه‌رده‌ی زانكۆی ئه‌مستردام (هێرمانس) كرد، که جیا له‌وه‌ی پرۆفیسۆره هاوكات ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێت له‌داڕشتنی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی منداڵ‌و گه‌نجاندا لههۆڵهندا. ئه‌و وتی: «ڕاسته په‌روه‌رده كاری پهروهردهناسانه، به‌ڵام گه‌ر دایك‌و باوك خۆیان ئه‌وه هه‌ڵبژێرن كه له‌مزگه‌وتیش باسی په‌روه‌رده‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه مافی به‌خێوكه‌ر خۆیه‌تی، به مه‌رجێك لێپرسینه‌وه ههبێو بزانرێت چ شتێك له‌گه‌ڵ منداڵدا باس ده‌كرێ‌و چۆن باسده‌كرێ. به‌ڵام ده‌بێ له‌هه‌موو كاتێكدا گفتوگۆ‌و دیالۆگ له‌نێوان منداڵ‌و به‌خێوكه‌ر هه‌بێ، ده‌بێ لێی بپرسرێته‌وه كه چی وه‌رگرتووه‌و چی فێربووه، بۆ نمونه من خۆم له‌خێزانێكی كاتۆلیكه‌وه هاتووم، به‌منداڵی ده‌چوومه كه‌نیسه باسی خراپه‌و چاكه‌و بابه‌تی تری وه‌ك جهههنمو به‌هه‌شت ده‌كرا باسی سزا ده‌هاته پێشه‌وه. كاتێ ئه‌وه‌م بۆ دایك‌و باوكم باسده‌كرد، ئه‌وان دڵنه‌واییان ده‌دامه‌وه كه به‌و شێوه‌یه نیه‌و بارودۆخه‌كه‌یان له‌لام ئاسایی ده‌كرده‌وه. به‌كورتی بوونی دیالۆگ له‌نێو منداڵ‌و به‌خێوكه‌ر زۆر گرنگه. ده‌بێ بزانرێت خه‌م و خواست‌و ترس‌و ئاره‌زووی منداڵ چیه‌و چۆن كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێ»
ئه‌م قسه‌یه‌ی پرۆفیسۆر هێرمانس، له‌کاتێکدایه که هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك منداڵێك له‌لایه‌ن كهسێکی نزیكی خۆیه‌وه ده‌كوژرێت. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر دایكێك له‌ئه‌مستردام له‌ناو دوكانێکی جلوبه‌رگدا که چواره‌م قاتی بینایه‌ک بوو، منداڵه دوو ساڵه‌كه‌ی خۆی خسته خواره‌و کوشتی، سێ هه‌فته‌ش لهمهوپێش باوكێك دوو منداڵه‌كه‌ی خۆی که (4و 2 ساڵ بوون) كوشت، مانگێكیش له‌مه‌وبه‌ر دایكێك كچه مێردمنداڵه‌که‌ی خۆی كوشت. له‌م باره‌وه لهپرۆفیسۆر (هێرمانس)م پرسی: ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌بێت چی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی منداڵان رزگار بكه‌ن و نه‌که‌ونه مه‌ترسییه‌وه؟
هێرمانس وتی: «بێگومان به‌ئه‌نجامدانی كارێكی دڵته‌زێن كه كۆتایی به‌ژیانی منداڵ بهێنێت، كێشه‌یه‌ك نیه ئه‌مڕۆ سه‌ریهه‌ڵدابێت یان كتوپڕ دروستبوبێت، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی گرفتی جۆراوجۆر بووه‌و ڕه‌گێكی كۆنی هه‌یه، ده‌كرێ پرۆفیشۆناڵهكانی ده‌زگای په‌روه‌رده‌و فێربوون‌و ته‌ندروستی به‌جۆرێك رابهێنرێن كه له‌سه‌ره‌تای قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی دایك‌و باوک‌دا وریاببنهوهو چاوه‌ڕوان نه‌كه‌ن تا كێشه‌كان ده‌ته‌قنه‌وه، ده‌بێت له‌زوترین كاتدا ڕێگاچاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه، گه‌رچی زۆرێك له‌مامۆستایان یان كارمه‌ندانی په‌روه‌رده هه‌ندێكجار هه‌ست به‌بوونی كێشه‌ی خێزانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر یاسای پرایفهسی منداڵه‌كه پڕکێشی ئه‌وه ناکه‌ن زانیاریی له‌سه‌ر منداڵه‌كه بگه‌یه‌ننه شوێنی مه‌به‌ست، خاڵێكی زۆر گرنگیش پێكه‌وه كاركردنی پرۆفیشیۆنالهكانه، بۆ نموونه كاتێك پۆلیس ده‌چێته ماڵێك له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌ی خێزانیان هه‌یه‌و شه‌ڕو ئاژاوه‌یان تێکه‌وتووه، گرنگه ئه‌و پۆلیسه زانیاریی دروست بگه‌یه‌نێته ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌به‌ر په‌رژه‌وه‌ندی ژیانی منداڵه‌كه».
لههۆڵهندا، داهێنانی سیسته‌می دۆسیه‌ی ئه‌لكترۆنیی بۆ تۆماركردنی زانیاریی له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی منداڵ له‌بواری خێزانیی‌و زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووریی‌و بارودۆخی ته‌ندروستی منداڵه‌كه گفتوگۆیه‌كی زۆری هێنایه ئاراوه، گه‌ر منداڵێك له‌گروپی ریسكۆ بێ (واته له‌و خێزانانه بێت كه چاوه‌ڕوانی كێشه‌ی ته‌ندروستی یان په‌روه‌رده‌ییان لێده‌کرێت) ده‌خرێنه ژێر چاودێرییه‌وه. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر پاراستنی ژیانی منداڵه‌كه‌یه. بۆ نموونه ئه‌و منداڵانه‌ی كه بهدرهفتارییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ یان ئه‌و منداڵانه‌ی كه له‌ناو خێزانێك گه‌وره ده‌بن كه توندوتیژی خێزانییان تێدایه، یان منداڵانێك كه دایك‌و باوكیان نه‌خوێنده‌وارو بێکارهبن یان ئه‌و منداڵانه‌ی كه دایك یان باوكیان ئاڵووده‌ی ماده بێهۆشكهرهكانن، یان نه‌خۆشن. پرسیار ده‌كرێ ئایا ئه‌م كۆنترۆڵه حوكمی پێشینه نیه؟ ئه‌م دۆسیه دژی یاسای پرایفهسی نیه؟ ئایا ئه‌م پێشبینی کردنی كێشه‌یه خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵه نیه؟
له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا، پرۆفیسۆر هێرمانس وتی: «كێشه‌ی په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه، ناكرێ به‌ئاسانی په‌نجه بۆ یه‌ك هۆ درێژ بكه‌ین، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له‌ئه‌نجامی كاروكاردانهوهی چه‌ند فاكته‌رێك ڕووده‌دا، لایه‌نی بونیه‌تی منداڵه‌كه خۆی‌و ته‌ندروستی منداڵ‌و شێوازی په‌روه‌رده‌ی دایك‌و باوك‌و ژینگه‌ی منداڵه‌كه تێكرا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌روه‌رده هه‌یه، مه‌رجیش نیه كه كاتێ یه‌كێ له‌م لایه‌نانه ناته‌واو بێ ئیدی منداڵه‌كه رووبه‌رووی كێشه ئه‌بێته‌وه. بۆ نموونه منداڵمان هه‌یه كه خه‌ڵكی سۆمالیانو لهدێهاتهوه هاتوونو له‌حوشتر زیاتر هیچی تریان نه‌بووه‌و دایك‌و باوکه‌کانیان نهخوێندهوارنو بێکاره‌ن. که‌چی منداڵه‌كانیان له‌دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م فێری زمان ده‌بن، هه‌روه‌ك هۆڵه‌ندیه‌كان خه‌ریكی خوێندنن‌و كێشه‌ی فێربوون‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ناله‌باریان نیه. به‌ڵام لێره‌دا گرنگه که ده‌بێ ئه‌وه‌ش ببینین سۆمالی له‌گروپی ریسیكۆن جا گه‌ر دایكه‌كه لێره منداڵی ببێت، ئه‌وه ده‌بێ جه‌خت بخرێته سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی كه هه‌رچه‌ند له‌ناو كه‌لتووری سۆمالی خه‌ته‌نه‌كردنی كچان نۆرمیكی ئاساییه به‌ڵام لههۆڵهندا پراكتیزه‌كردنی ئه‌و که‌لتووره به‌گوێره‌ی یاسا قه‌ده‌غه‌یه. لێره‌وه ده‌بێ له‌قۆناغێكی زۆر زوودا ئاگاداری ئه‌و دایك‌و باوكانه‌یان بكرێت».
■ بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید.
ئه‌م بابه‌ته له 28-12-2007 دا له ئاوێنه بلاوبۆته‌وه