Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

ئه‌ نفال…. دۆسییه‌ی سه‌ده‌

Comments
by April 15, 2012 جینۆساید

 

       
  ووشه‌ی ئه‌نفال زاراوه‌یه‌كی قورئانییه‌ وبنه‌ڕه‌تێكی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ گه‌ڕان به‌دوای مانا وڕاڤه‌كردنی ده‌بێت له‌ نێو  فه‌رهه‌نگه‌كانی زمانی عه‌ره‌بی دا بۆی بگه‌ڕێین كه‌ به‌ واتای ( غه‌نیمه‌ ـ ده‌ستكه‌وت ) دێت به‌ڵام له‌ ته‌ك بێ باوه‌ڕاندا ( نه‌یارانی ئیسلام ) زۆربه‌ی زانایان رایان وایه‌ ئه‌نفال به‌و ماڵ وسامانه‌ و ئاژه‌ڵ وكه‌ل وپه‌لانه‌ ده‌وترێت كه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی موسڵمانان له‌ شه‌ڕدا له‌ بێ باوه‌ران به‌ ده‌ستی  ده‌هێینن, ئه‌نفال ناوی سوره‌تی هه‌شته‌مه‌ له‌ قورئانی پیرۆز, زه‌مینه‌ی هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌م سوره‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی دووه‌می كۆچی (623ز ) دوای جه‌نگی (به‌در)ی گه‌وره‌  كه‌ له‌نێوان موسڵمانان  وبێ باوه‌ڕاندا رووی دا و به‌ سه‌ركه‌وتنی موسڵمانان به‌ سه‌ریاندا  كۆتایی هات, له‌ ده‌قه‌ قورئانیه‌كه‌دا ئه‌نفال مرۆڤ ناگرێته‌وه‌ به‌ڵام لای به‌عسیه‌كان مرۆڤ تاكه‌ ئامانج بوو0 رژێمی شۆڤینیزمی به‌عس دوای پتر له‌ 1364 ساڵ  جارێكی تر ئه‌و سوره‌ته‌ی به‌ دیدێكی به‌عسیزمانه‌ له‌سه‌ر  میلله‌تی كورد جێبه‌جی كرد 0 ئه‌وه‌تا فه‌یله‌سوفی ناسراوی عه‌ره‌ب ( ئیبن خه‌لددون  1332 ـ1406 ) له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ عه‌ره‌ب ده‌ست به‌ سه‌ر هه‌ر وڵاتێكدا بگرێت وێرانی ده‌كات, چونكه‌ به‌ڕای ئه‌و عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌حشیه‌ 000سروشته‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شتی  ناو ده‌ستی خه‌ڵك بڕفێنن ورزقیان له‌ سایه‌ی شمشێره‌كانیان دایه‌ نه‌ك هه‌ر سڵ له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كه‌ ماڵ وسامانی خه‌ڵك به‌رن , به‌ڵكو هه‌ر كه‌ چاویان به‌ماڵ وسامانی خه‌ڵك كه‌وت تاڵانی ده‌كه‌ن )0
كاتێك له‌ سه‌رده‌می حه‌زره‌تی عومه‌ردا فتوحات وه‌ك ئه‌نجامێكی به‌ ده‌وڵه‌تبونی ئیسلام ده‌ستی پێكرد, ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی پێویستی به‌ هێزی كار هه‌بوو تا بتوانێت به‌ره‌نگاری  هه‌ردوو ئیمبراتۆریا ی( بیزه‌نتی ـ مه‌سیحی ) و(ساسانی ـ زه‌رده‌شتی ) ببێته‌وه‌ وئایینی ئیسلام له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو ئیمبراتۆرایادا بڵاو بكاته‌وه‌, به‌دووه‌كان كه‌ له‌ نێو خوێندا گه‌وره‌ببون و به‌ درێژایی مێژووی خۆیان به‌ هۆی شه‌ڕ وپه‌لامار وغه‌زووه‌وه‌  به‌شی سه‌ره‌كی بژێوی خۆیان دابین ده‌كرد له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌شێكی ده‌ستكه‌وته‌كان  به‌ به‌دووه‌كان ده‌درا و به‌پێی قورئان سوره‌تی ئه‌نفال ـ ئایه‌تی 41  له‌ نێوانیاندا دابه‌ش ده‌كرا, چوار له‌ پێنجیشی بۆ شه‌ڕكه‌ره‌كان دوای ته‌واوبونی شه‌ڕ دابه‌ش ده‌كرا 0 رژیمێك له‌ هه‌ناوی ئه‌و كه‌لتووره‌ خوێناوه‌یه‌ له‌ دایك بوو بێت ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌رامبه‌رگه‌لان به‌ گشتی و گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت نه‌خشه‌ی به‌كۆمه‌ل كوشتن و  قركردن ئه‌نجام بدات به‌ناوی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئه‌نفاله‌وه‌0 میشێل عه‌فله‌ق  بیرمه‌ند ودامه‌زرێنه‌ری (حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ) پێیوایه‌ دابه‌زینی قورئان به‌ زمانی عه‌ره‌بی وبۆ كه‌سێكی عه‌ره‌ب نه‌ك رێكه‌وت نیه‌ بگره‌ به‌ به‌ڵگه‌ی تیۆره‌كه‌ی ده‌زانێت وله‌ لایه‌كی تره‌وه‌  رژێمی به‌عسی عێراقی  هه‌موو شه‌ڕ ومووشه‌كه‌كانی به‌ ناوی ( الله‌ اكبر ومحمد رسول الله‌ و قادسیه‌ والعابد و عه‌باس وحوسه‌ین و00هتد  ناوی لێ ئه‌نا  بۆ ئه‌وه‌ی چاوبه‌ستێك له‌ ولاتانی لایه‌نگری خۆی بكات, وایان تێبگه‌ینێت  كه‌ رژێم خه‌لافه‌تی ئیسلامی زیندوو ده‌كاته‌وه‌ وئه‌و میلله‌ته‌ش كه‌ به‌ ناوی كورد دژی ده‌جه‌نگێ  میلله‌تێكی یاخی ودوور له‌دینن, له‌ ناو دانیان غه‌زایه‌ وخۆیان وسه‌روماڵیان ئه‌نفاله‌( غه‌نیمه‌ته‌ ) 0 ئۆپراسیۆنه‌كانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ لایه‌ن رژێمی له‌ ناوچوی به‌عسه‌وه‌ له‌ 8 قۆناغی زنجیره‌یی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ئه‌نجام دران كه‌ سوپای عێراقی به‌ هه‌موو توانا و قورسایه‌كی سه‌ربازی وئیستخباراتیه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌  8 فه‌یله‌قی نیزامی وهه‌ر فه‌یله‌قێك له‌ 3 ـ5  فیرقه‌ وهه‌ر فیرقه‌یه‌كیش له‌ 3ـ5 لیوا وهه‌ر لیوایه‌كیش له‌ 3ـ5  فه‌وج  وهه‌رفه‌وجێك له‌  3ـ5  سریه‌ پێك ده‌هاتن  وژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی هه‌ر سریه‌یكش له‌50سه‌رباز پێك ده‌هات , ئه‌مه‌ جگه‌ له‌  فه‌یله‌قێكی ( حه‌ره‌س وه‌ته‌نی ـ پاسه‌وانی كۆماری ) و به‌پاڵپشتی هێزی ئاسمانی كه‌ زیاتر له‌ 600 فڕۆكه‌ی جه‌نگی و1500  هه‌لیكۆپته‌ری شه‌ڕكه‌ر و بارهه‌ڵگر كه‌ به‌شداری كردووه‌ وده‌یان مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت ونهێنی     وجۆراوجۆر به‌شداربوون ته‌نها له‌شاری هه‌ولێر 24 مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت كه‌1154 (سوپه‌ر جاش)ی له‌ خۆ گرتبوو له‌ شاری دهوك(5 )مه‌فره‌زه‌ كه‌177 (جاشی تایبه‌ت)له‌ خۆگرتبوو له‌ شاری سلێمانیش 26 مه‌فره‌زه‌ كه‌496 ( جاشی تایبه‌ت) ی له‌ خۆگرتبوو له‌ سه‌رخستنی ئۆپراسیۆنه‌كان به‌شیكی زۆری چه‌كدارانی كورد به‌ ناوی (جاش ) ه‌وه‌ به‌شداری ئه‌م  كاره‌ساته‌ بوون وچاوساغی رژیمیان كرد  كه‌ زیاتر له‌ (300 تا 362 ) فه‌وجی جاشی به‌ ناو (دیفاع وه‌ته‌نی ) كه‌ له‌ (250000) دووسه‌د وپه‌نجا جاش پێك هاتبوون0 لێره‌دا ناكرێت  ئاوڕ له‌  قسه‌یه‌كی توانج ئامێزی نووسه‌ری ناوداری عێراقی (كه‌نعان مه‌كیه‌ ) نه‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌له‌كتێبی دلڕه‌قی وبێده‌نگیدا ده‌ڵێت: (( كوشتنی كورده‌كان له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا ته‌نها رژێمی به‌عس له‌ به‌غداد لێی به‌رپرسیار نیه‌, ئایا هه‌موو عه‌ره‌بێكی عێراقی لێی به‌رپرسیاره‌ ؟ له‌لایه‌كی تر ئه‌گه‌ر كورد به‌ ده‌ستی كورد له‌ گونده‌كانی خۆیانه‌وه‌ به‌ره‌و مردن په‌لكێش نه‌كرانایه‌ ئه‌وه‌ زۆرێكیان رزگاریان ده‌بوو ئایا ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ناگه‌یه‌نێت كه‌ كوردیش له‌ ئه‌نفال به‌رپرسیاره‌))0
به‌رواری 23 شوباتی 1988 ده‌ستپَیكردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ 8 قۆناغی جیادا وله‌ 6 ناوچه‌ی جیاوازدا كوردستانی باشووری گرته‌وه‌ : قۆناغی یه‌كه‌م له‌به‌رواری 23/2 تا18/3/1988 بۆسه‌ر ناوچه‌كانی دۆلی جافایه‌تی, قۆناغی دووه‌م له‌ به‌رواری 22/3 تا 1/4/1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ , قۆناغی سێهه‌م له‌ به‌رواری 7/4 تا 20/4/1988 بۆسه‌ر ناوچه‌ی گه‌رمیان ( كه‌  به‌جیا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م ), قۆناغی چواره‌م له‌ به‌رواری 3/5 تا15/5/1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌ ودۆڵی زێیی بچوك , قۆناغی 5و6و7 له‌ به‌رواری 15/5 تا26/8/1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی شه‌قڵاوه‌ وره‌واندوز , قۆناغی هه‌شته‌م وكۆتایی له‌ به‌رواری 26/8 تا 6/9/1988 بۆ سه‌ر ناوچه‌ی بادینان  وسه‌رجه‌م ئه‌م قۆناغانه‌ش پاش روخاندنی هه‌موو گونده‌كانی كوردستان  له‌به‌رواری 6 ی ئه‌یلولی 1988  به‌فه‌رمی كۆتایی پێها 0
ئه‌نفال  زیانی مادی ومه‌عنه‌وی گه‌وره‌ی له‌ دوای خۆی جێهێشت به‌ جۆرێ‌ هێنده‌ی نه‌مابوو كورد تێدا له‌ناو  بچێت چونكه‌ رژێم به‌رنامه‌وپلانی قڕكردنی داڕشتبوو به‌و ئاقاره‌ش ده‌ڕۆیشت, له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی زیانه‌كانی ئه‌نفال دا ( میدڵ ئێست ووچ ) ده‌نووسێت: (( پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ 23 ی شوباته‌وه‌ تا 6ی ئه‌یلولی ساڵی 1988 ی خایاند له‌ ماوه‌یه‌دا فراوانترین ناوچه‌ی كوردستان به‌ر شاڵاوی تێكدان وراپێچان كه‌وت, له‌ هه‌لمَه‌تێكی وادا پتر له‌ (200) هه‌زار مرۆڤی كورد له‌ناوبران ,و بووه‌ هۆی وێرانكردنی نزیكه‌ی (4000) گوند و (4) قه‌زا و(30) ناحیه‌ و(3100) مزگه‌وت و(100) كلێَسا , وه‌ له‌ روی گیاندارییه‌وه‌ بووه‌ هۆی به‌ تاڵان بردنی (2) ملیون سه‌ر مه‌ڕوماڵات  و ئاژه‌ڵ وه‌ كاریگه‌ری له‌ سه‌ر ژینگه‌ی كوردستانیش بووه‌ هۆی له‌ ناو بردنی رۆبه‌رێكی فراوان له‌ باخ  و ڕه‌ز وچه‌م)).
د0كه‌نداڵ نزان ده‌رباره‌ی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌نووسێت: (( له‌شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا بنه‌ماكانی ژیان له‌ كوردستان هه‌ڵته‌كێنران, دوای  ئه‌وه‌ی ئه‌و هیستریایه‌ شێتانیه‌یه‌ به‌ جینۆسایدی كورد كۆتایی هات له‌ ( له‌ 90% )ی گونده‌كانی كوردستان وزیاتر له‌ (20) شاروشارۆچكه‌ له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ سڕانه‌وه‌, ناوچه‌ گوندنیشنه‌كان به‌ (15) ملیون مین مینڕێژ كران, نزیكه‌ی (5/1 ) ملیون كوردی گونده‌كان بۆ ئوردوگا زۆره‌ ملێكان گوێزرانه‌وه‌ , نزیكه‌ی( 10% ) كوردی باشوورله‌ نێو بران , به‌مه‌ش نزیكه‌ی (7729)كم دووجار له‌ رووبه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق تووشی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بوه‌وه‌ )) 0
هه‌روه‌ها  یوست هڵته‌رمان ده‌ڵێت: (( پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ گونده‌كانی خۆیان ده‌ستگیر كران به‌ره‌و مه‌ركه‌زه‌كانی ( جه‌یشی شه‌عبی ) له‌ كه‌ركوك په‌لكێش ده‌كران, له‌وێشه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌تی تره‌وه‌ له‌ ناو ماشین وپاسی كیلۆن كراو وپه‌نچه‌ره‌
 ره‌ش كراودا به‌ره‌و رۆژ ئاوای عێراق له‌ باكووره‌وه‌ بۆ باشووری بیابان ده‌گوێزرانه‌وه‌. له‌ وێشدا پیاوان له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیشدا ژنان ومناڵه‌كانیش گوله‌ باران ده‌كرێن وده‌كوژرێن به‌ بلدۆزه‌ر مردوو چاڵیان ده‌كه‌ن, به‌ ته‌قدیری ئێمه‌ نزیكه‌ی (100) هه‌زار كه‌س له‌ پیاوان ومنداڵ كه‌ زۆربه‌یان بێ چه‌ك وسڤیل بوون به‌ شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیكی كوژران ))،  به‌پَیی زۆرێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان ژماره‌ی قوربانیان له‌ سه‌د هه‌زار كه‌س كه‌متر نییه‌ وبه‌پَیی قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی رژێم خۆشیان ئیعترافیان له‌ سه‌ر (100) هه‌زار كه‌س كردوه‌ له‌سه‌رزاری (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ) ه‌وه‌ له‌ دانوستانی وه‌فدی كوردی ورژێم ساڵی 1991 0
 یه‌كێك له‌ قێزه‌ونترین كرده‌وه‌ نائاكارییه‌كانی ئه‌نفال ئه‌وه‌ بوو كه‌ رژێمی به‌ده‌وی به‌عس هه‌روه‌ك چه‌رخه‌كانی ناوه‌ڕاست هه‌ڵسا به‌ كڕین وفرۆشتنی به‌ شێك له‌ كچ وئافره‌ته‌ ئه‌نفالكراوه‌كان كه‌زۆر جار
 به‌ كۆمه‌ڵ عه‌ره‌ب چونه‌ته‌ ناو زندانیه‌كانیان وئافره‌ته‌ جوانه‌كانیان هه‌ڵبژاردوه‌ , هه‌ر وه‌كو ( ره‌حمه‌ عه‌بدول كه‌ریم ) ده‌یگێڕێته‌وه‌: (( دوو هه‌فته‌ بوو برابووینه‌ دووبز , رۆژێك كۆمه‌ڵێك سه‌یاره‌ی جام ره‌ش هاتن ,هه‌مووی عه‌ره‌بی دشداشه‌ له‌ به‌ر بوون به‌ ناو قاعه‌كه‌دا ئه‌گه‌ڕان, ئه‌فسه‌ری قاعه‌كه‌ی ئێمه‌ پیاوێكی باش بوو پَیی ووتین: هه‌رچی ژنی جوان وگه‌نج هه‌یه‌ له‌ چكه‌كانتان به‌ ده‌م وچاوتانه‌وه‌ بئاڵێنن, ئه‌مانه‌ هاتوون هه‌رچی جوان بێت وعه‌قڵیان بیبڕێت ئه‌یبه‌ن بۆ خۆیان ,واش بوو، كۆمه‌ڵێكیان جیاكرده‌وه‌و بردیانن ))0
 رژێم سه‌ره‌ڕای فرۆشتنی ئه‌م ئافره‌تانه‌ له‌ نێو عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌كاندا كه‌وته‌ دابه‌ش كردنیان وفرۆشتنیان به‌ سه‌ر مه‌لها ویانه‌كانی شه‌وانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌وروبه‌ردا , به‌ پَیی به‌ڵگه‌نامه‌ی  ژماره‌ ( 1601)ی ساڵی 1989 كه‌ نهێنی و زۆر په‌له‌ی له‌سه‌ر نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕیوبه‌رایه‌تی هه‌واڵگری پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌رواری 10/12/1989 بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی موخابه‌راتی گشتی له‌ سه‌ر داوای وڵاتی میسر (18) كچی ئه‌نفالكراوی كورد ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات, كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ناوه‌كانیان به‌ئیمزای به‌ڕێوبه‌ری موخابه‌راتی پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌رواری 20/12/1989  به‌رزی كردۆته‌وه‌0 ئه‌مه‌ش ناو وته‌مه‌نی كچه‌كانه‌ : گه‌لاوێژ عادل ره‌حیم 17 ساڵ ,چیمه‌ن نازم عه‌باس 23 ساڵ , له‌یلا عه‌باس جه‌وهه‌ر 21ساڵ, له‌میعه‌ نازم عه‌باس 19ساڵ, په‌یمان شوكور مسته‌فا 16ساڵ, خۆراسان عه‌بدلله‌ تۆفیق 20ساڵ, قه‌دریه‌ ئه‌حمه‌د ئیبراهیم 17 ساڵ , گولیلك ئیبراهیم عه‌لی 19ساڵ , خه‌وله‌ ئه‌حمه‌د فخره‌دین 25 ساڵ , عیسمه‌ت قادر عه‌زبز 24 ساڵ , نه‌جیبه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی 18 ساڵ , حه‌سیبه‌ ئه‌مین حه‌مزه‌ 29 ساڵ, شلێر حه‌سه‌ن عه‌لی 20ساڵ , شوكریه‌ رۆسته‌م محه‌مه‌د 27ساڵ, حه‌سیبه‌ هیدایه‌ت ئیبراهیم 15ساڵ, سروه‌ عوسمان كه‌ریم 17 ساڵ , كوێستان عه‌باس مه‌ولود 26 ساڵ , سۆزه‌ مه‌جید به‌سیم 29 ساڵ0 ئه‌مه‌ مشتێك بوو له‌ خه‌رواری رووداو وبه‌سه‌رهاته‌كانی راماڵینی كورد له‌دوای هه‌ژده‌ ساڵ له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌سه‌ڵاتی كورد (پارتی ویه‌كێتی) له‌ به‌رده‌م دنیایه‌ك ره‌خنه‌ و تێبنی وگله‌یی وگازنده‌ی كه‌سوكاری پاشماوه‌كانی ئه‌نفال چ وه‌ڵامێكیان نییه‌ ؟!! هێشتا ئه‌مان حزبی په‌نا وداڵده‌دانی ئه‌و موسته‌شاروجاشانه‌ن كه‌ ده‌ستیان سووره‌ به‌خوێنی ئه‌نفالكراوه‌كان هێشتا ئێسك وپروسكه‌كان له‌ نێو گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی بیابان بێ خاوه‌ن چاوه‌ڕێیی گه‌ڕانه‌وه‌ی نیشتمانن, تا حكومه‌تی هه‌رێم دڵی بجوڵێ وبڕیاری هێنانه‌وه‌ی روفاتی پیرۆزیان بدات له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌ وبَی وێنه‌ دا , به‌ڵكو سه‌رۆك وسه‌ركرده‌ قوڕینه‌كانیش له‌ داهاتی داخیله‌ی شه‌خسی خۆیان گۆڕستان ومینومێنتێكی شیاو له‌ گه‌رمیان دروست بكه‌ن به‌ هێڵی ره‌نگاوڕ ه‌نگی له‌ نێرگز ومه‌مكه‌مژه‌ وبه‌ هه‌ورییه‌ خوێناویه‌كانی  كچه‌ پاكیزه‌كان وڕه‌ش وسپی جامانی بینه‌خشێنن, ئیتر سه‌رۆك جاشه‌كانیش بۆیان نه‌بێت له‌ دووری پینج كیلۆمه‌تره‌وه‌ حه‌ره‌می ئه‌و مه‌زارانه‌ بشكێنن 0پێویسته‌ ئه‌نفال وانه‌یه‌ك بێت له‌ زاكیره‌مان, پێویسته‌ كه‌س وكاریان هیچیان كه‌متر نه‌بێت له‌ ماڵ ومنداڵی به‌رپرسه‌ خواپێداوه‌كان , 14/4 ی هه‌رساڵێك ئه‌م یاده‌ به‌رزو مه‌زن راگرین وشایی وسه‌یران له‌م رۆژه‌دا قه‌ده‌غه‌ بكرێت, یادی ئه‌مساڵ هاوكاته‌ له‌ته‌ك نزیك بونه‌وه‌ی دادگایكردنی سه‌رانی رژیم به‌گشتی وصه‌دام وعه‌لی كیمیاوی به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌نفال كه‌ به‌ یه‌كیك له‌ گرنگترین دۆسییه‌كانی سه‌ده‌ داده‌نرێت  له‌ میژووی مرۆڤایه‌تی دا 0 

   سه‌رچاوه‌كان :

 1ـ ئه‌نفال و ڕه‌هه‌نده‌ سۆسیۆلۆجیه‌كان (محمه‌د ره‌ئوف عه‌زیز )
 2ـ ئه‌نفال ,كورد و ده‌وڵه‌تی عێراق  (شۆرش حاجی ره‌سول )
 3ـ ئیمبراتۆریای لم  ( د0 رفیق سابیر )
 4ـ دڵڕه‌قی وبێده‌نگی  ( كه‌نعان مه‌كییه‌ )
         
  *  ئەم بابەتە پێشتر له‌ هه‌ژده‌هه‌مین ساڵیادی رۆژی ئه‌نفال 
بڵاوبۆتەوە، بەڵام بەهۆی گرنگی ناوەڕۆکی بابەتەکەوە لێرەدا دووبارە بڵاودەبێتەوە
عوسمانی شێخ محێدین / ناحیه‌ی شۆرش

Previous
Next

Leave a Reply