Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ئەوەى بۆ كەركوك كرا با چەند ساڵێك پێشتر بوایە

Be First!
by August 5, 2008 گشتی

   دەربڕینى ئەو ناڕەزایەتیە زۆرەى سەركردایەتى كورد و سازدانى ئەو خۆپیشاندانەى كە لە شارۆچەكەكانى كوردستاندا دژى مادەى (24) ى یاساى هەڵبژاردنەكانى عیراق بەڕێوەچوو ئەگەر لە دواى ڕووخانى ڕژێمى دیكتاتۆرى پێشوەوە بوایە ئێستا كەركوك لە ژێر سایەى هەرێمى كوردستاندا بوو.
 بەڵام كەمتەرخەمى دەسەڵاتى كوردى و نەرمى نواندن و حزبایەتى كردنى پارتى و یەكێتى لەشارەكەدا وایكرد كە ڕەوشى كەركوك بەم ئاقارەى ئێستادا بڕوات.
 دەسەڵاتى كوردى ئەوەندەى كارى لەسەر بە حزبى كردنى شارەكە كردوە ئەوەندە هەوڵى ڕێكخستنى ئیدارەكەى نەداوە، ئەوەتا لە هەرێمێكى سىَ پارێزگاییدا سیماى دوو ئیدارەیى بەسەر كابینەكەیدا زاڵە، ئەو كابینەیەى لە هەردوو حزبى دەسەڵاتدارو پێنج حزبى كوردستانى نیمچە ئۆپۆزیسیۆن پێكهاتووە، یەك نەگرتنەوەى هەرسىَ وەزارەتى (دارایى، پێشمەرگە، ناوخۆ) كە تا ئێستاش بە جیا كار دەكەن بە ئاشكرا ئەوەمان پێدەڵێت كە تا ئێستا دوو ئیدارە هەرێمى كوردستان بەڕێوە دەبات.
 ئەم یەكنەگرتنەوەیە زیانێكى زۆرى بەمەسەلەى كورد گەیاندوە، هەتا لە بەغداش كاتێك ئەمان یەكگرتوو نەبن لە ناوخۆیانداو هەر یەكەیەیان بە ئیدارەیەكى جیاواز لە هەرێمى كوردستان كار بكات، ئیدى چۆن بەغدا سڵ لەو هەموو دروشمە ئاگرینە دەكاتەوە لە كاتێكدا كە دەسەڵاتى كوردى ماڵى خۆى یەكنەخستبێتەوە، هەر چەندە لە بەغداش یەكگرتوون و یەكدەستن.
 دەبوو پێش ئەوەى مادەى (58) لە دەستوورى كاتیدا دابنرێت و مادەى (140) لە دەستوورى هەمیشەیى، كورد مساوەمەى لەسەر یەك بستە زەوى كەركوك نەكردایە كە لەمێژە هى خۆیەتى و لێى دابڕاوە، هەر لەدواى پڕسەى ئازادى عیراقەوە ژمارەیەكى زۆر هێزى پێشمەرگەى ببردایەتە ناوشارەكەوەو وەك داگیركردن داگیرى بكردایە، ئەوكاتە ئەگەر شەڕیش ڕووى بدابایە هەر ئەوەندە شەهید دەبوو كە لەدواى پڕۆسەى ئازادى عیراقەوە بە تەقینەوە پێكراون، دەبوو پێش ئەوەى مادەى (140) وەك لە دەستووردا هاتووە كاتى تەواو ببێت دەسەڵاتى كوردى ئەم گوشارەى دروست بكردایە، ئەوكات ڕەنگە سستى لە جێبەجىَ كردنەكەیدا ڕووى نەدایەو بەر لەوادەى تەواو بوونى لانى كەم زۆرینەى بڕگەكانى جێبەجىَ دەكران، نەك نوێنەرى نەتەوەیەكگرتووەكان (ستیڤان دیمستۆرا) ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆى كە لەبەشى یەكەمى پێشنیارەكانیدا ڕەخنەى زۆرى لێگیرا، چ  لەلایەن كار بەدەستانى كوردو چ لەلایەن هێزەكانى ترى عیراقەوە هەندێك لە بڕگەكانى ڕەتكرایەوە.
 ئێستاش نەچووە بچێت و كار لەكار نەترازاوە، ئەو یەكدەنگیەى ئێستاى هەموو شارە كوردیەكان و ناڕەزایەتیە زۆرەى شەقامى كوردى زیاتر نوێنەرانى كورد لە بەغدا هان دەدات كە پێداگرى بكەن لەوەى كەركوك بێتەوە سەر هەرێمى كوردستان یان هەڵبژاردن لەو شارەدا دوابخرێت.
 تا نا ڕەزایەتى زۆر بێت دژى مادەى (24)ى یاساى هەڵبژاردنەكان نوێنەرانى كورد لە بەغدا پشتیان قایمتر دەبێت و هەوڵى زیاتر دەدەن بۆ ئەوەى كەركوك لەو دۆخەى ئێستاى دەربهێنن، جا بە گەڕانەوەى بێت بۆ هەرێمى كوردستان یان دواخستنى هەڵبژاردنەكان.

 Hastiar2006@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply