Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

به‌ندی 21…….حاجی ئه‌نوه‌ر

Be First!
by March 26, 2009 گشتی

 

به‌ندی 21
1 ــ هه‌موو که‌سێک مافی به‌شداربوونی هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری گشتی وڵاته‌که‌یدا، ڕاسته‌وخۆ یا به‌هۆی نوێنه‌رگه‌لێکه‌وه‌ که‌ ئازادانه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن . ( جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ)
   حاجی ئه‌نوه‌ر . سویسرا 23/03/2009

کاتێک باس دێته‌سه‌ر دیموکراسی بوونی ووڵاتێک، ده‌سه‌ڵاتێک، حزبێک ،که‌سێک،ئه‌وباسه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆ‌یانه‌وه‌ ده‌کرێت‌، زۆرێک له‌ سه‌رۆکه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، داوایان له‌ ووڵاتان و به‌رپرسه‌کانیان کردوه‌ که‌ چاو له‌ دیموکراسیه‌تی سویسرا بکه‌ن، که‌چی خودی به‌رپر‌سه‌کانی سویسرا به‌ چرپه‌ش نه‌یان ووتوه‌ ئێمه‌ ووڵاتێکی دیموکراسین، به‌ڵکو به‌رده‌وام داوای پارێزگاری و به‌ره‌وپێشچونی دیموکراسی ده‌که‌ن.
جێگه‌ی پێکه‌نینه‌ کاتێک ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان شانازی به‌ سسته‌می دیموکراسیانه‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن و له‌وه‌ش ڕووقایم تر داواده‌کـــــه‌ن ببێته‌ نمونه‌ بۆ هه‌موو عێراق و ناوچه‌که‌، ئه‌م ئـــیدعا چه‌واشه‌کارانه‌، له‌ هه‌رشوێنک حسابی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وا لای خه‌ڵکی کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ فلسێکی قه‌ڵب ناکات، چونکه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و بێزاریه‌کانی خه‌ڵک بانگێشه‌ی ڕزگاربوونه‌ له‌ده‌ستیان‌، ڕاپۆرته‌کانی ئه‌منستی و ڕۆژنامه‌نوسان و ڕیپۆرتاجه‌کان، نمونه‌یه‌کی ترن بۆ ناوزڕاوی و به‌که‌ڵک نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌.
هه‌ڵبژاردن وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی چاره‌نوسسازی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی مرۆڤ‌ و وه‌ک یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی ناو به‌نده‌کانی جارنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ ، که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌ مساوه‌مه‌کردن، به‌خاک و مرۆڤی کورد له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بی عێراقی خوێناویدا به‌نیازن کوردانی تاراوگه‌ بێبه‌‌ش بکه‌ن له‌و مافه‌سروشتیه‌ی خۆیان، ئه‌مه‌ هه‌مان عقلیه‌تی به‌عسیه‌کانه‌ که‌ باکیان به‌هیچ یاساوڕێسایه‌ک و ڕێکه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان نه‌بوو (هه‌‌مویان به‌ چه‌کی کیمیاوی ده‌کوژم ! کێ هه‌یه‌ شتێ بڵێ ؟ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ؟ ده‌یانگێم ، کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌ویی و ئه‌وانه‌ش گوێیان لێده‌گرن ).( عه‌لی حسن المجید .  
   سه‌رچاوه،‌ ڕێكخراوی چاودێرمافی مرۆڤ. وه‌گێڕانی جه‌مال میرزا عه‌زیز)
 ئه‌مانیش به‌نیازن به‌هێنانه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی لاواز، ئه‌گه‌رچی ده‌یان مافی سروشتی بێئه‌ملاوئه‌ولای مرۆڤیان پێشێلکردوه‌، کوردانی تاراوگه‌ له‌و مافه‌ی خۆیان بێبه‌شبکه‌ن، له‌کاتێکدا بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عێراق، به‌هانه‌ی چواشه‌کارانه‌ و فریوده‌رانه‌یان ده‌هێنایه‌وه‌ تا زۆرترین زۆری کوردانی تاراوگه‌ به‌شداری بکه‌ن.
 بێباکیش له‌به‌رامبه‌ر خاڵی یه‌که‌م له‌به‌ندی 21 ی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤدا ده‌رببڕن، به‌ڵام له‌ ڕێگای عه‌ره‌به‌ناسیوناڵ شۆڤێنیه‌کانه‌وه،‌ که‌ کۆمیسێۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کات.
لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌‌ نادیموکراسیه‌کان یه‌کانگیرده‌بن‌، بۆ براعه‌ره‌به‌ شۆڤێنسته‌کانی پارتی و یه‌کێتی، خێرله‌وه‌دا بوو به‌عسیه‌کان زۆرترین زۆری کوردیان قڕبکردایه‌ و ئه‌وبه‌شه‌ش که‌ماوه‌ ڕێگریان بۆ دروست بکه‌ن تا ژیانێکی ئاسوده‌ی شایسته‌ی مرۆڤی سه‌رده‌م له‌ کوردستانێکی پڕله‌خێرو به‌ره‌که‌تدا دروست نه‌که‌ن و پێده‌چێت شاباشی ئه‌و کاره‌ دژه ‌دیموکراسیه‌شیان،وازهێنان و خۆگێلکردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستان بێت ‌، له‌ به‌رامبه‌ر مافێکی سه‌دله‌سه‌دی تری خه‌ڵکی کوردستان .
له‌ولاشه‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌کێتیش له‌وه‌دایه‌ که‌ کوردانی تاروگه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌که‌ن، چونکه‌ ئاشکرایه‌ لایان له‌ئه‌نجامی گه‌شه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ کوردیان تیادا نیشته‌جی بووه‌، به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریان و ئاشنابوونیان به‌مافه‌کانیان، ڕێگه‌ناده‌ن مافه‌کانیان پێشێل بکرێت، بۆیه‌‌ ده‌نگ به‌ هێزه‌ گه‌نده‌ڵ و چاوچنۆک و نادیموکراتیه‌کان ناده‌ن.
ده‌بێت چیبکه‌ین؟.
1 ــ پێویسته‌ له‌سه‌ر کورده‌ دڵسۆزه‌ ناڕازیه‌کانی به‌ سسته‌می نادیموکراسی و غه‌رقبووی گه‌نده‌ڵی،له‌و ووڵاتانه‌ی تیادا ده‌ژین کۆمیته‌، ده‌سته‌، کۆمه‌ڵه‌، هه‌رناوێک که‌ خۆیان پێیان باشه‌ دروست بکه‌ن بۆ پشتیوانی له‌گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌گشتی و هه‌ژاران و قوربانیان و باشور به‌تایبه‌تی .
2 ــ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆکه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی سه‌دان مرۆڤی دڵسۆزی ئه‌کادیمی و ته‌کنۆکراتی لێهاتو و خۆشنیوه‌‌، پێویسته‌ به‌په‌له‌و ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندیان پێوه‌بکرێت و مه‌شخه‌ڵی ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕێگای تاریکستان بگرنه‌ ده‌ست .
3 ــ په‌یوه‌ندی به‌ په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان و که‌سه‌ کورده‌ ئاکتیڤه‌کانی ناو حزب وڕێکخراوه‌ بیانیه‌کانه‌وه‌ بکرێت، تا هه‌ریه‌که‌یان له‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌رکی مرۆڤانه‌ و کوردانه‌ی خۆیان ببینن، له‌ ڕزگارکردنی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌و محنه‌‌ته‌ی که‌ تێکه‌وتوه‌ .
4 ــ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ڕێکخراوه‌ مرۆڤ دۆسته‌کان و  حکومه‌ته‌کانه‌وه‌ بکرێت و داوایان لێبکه‌ن که‌ ئه‌رکی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن له‌ به‌رقه‌رار بوونی دیموکراسیه‌تدا .
Hajianwar54@yahoo.de

 

 

Previous
Next

Leave a Reply