Skip to Content

Sunday, February 28th, 2021

توندوتیژییو ئازاردانی ژنان سیمایەكی بەردەوامی كۆمەڵگەی پیاوسالارییە..!

Be First!
by November 18, 2008 ژنان

توندوتیژییو ئازاردانی ژنان
 سیمایەكی بەردەوامی كۆمەڵگەی پیاوسالارییە..!
 
 شادیە حەسەن

 هونەری رۆماننووسی یەكێكە لەپایە گرنگەكانی دنیای ئەدەبو كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر سایكۆلۆژیەتی خوێنەرو لەزاكیرەیدا دەمێنێتەوە رەنگدانەوە دەبێت لەژیانی تاكەكاندا، لەگەڵ ئەوەی رۆمان زۆجار سەرچاوە لەرووداوە واقیعییەكانەوە دەگرێت جا ئەو رووداوە خودی نووسەر خۆی تیابووبێت، یاخود لەكەسی بەشداربووی رووداوەكەوە بۆیگێڕابێتەوە دەبێتە ناوەرۆكی رۆمانەكەو رۆماننووس بەشێوەیەكی ئیستاتیكیو ئاوێزان بەخەیاڵو فەنتازیا دایدەڕێژێ، كە بێبەش نییە لەبیركردنەوەی خودی نووسەریش.
 رۆمانی گوڵێك لەبیابانی ئەفریقا یەكێە لەو رۆمانە پڕبایەخانەی كە دەكرێت ئینسان لەئاستیا دووچاری هەڵوێستەكردنو رامانێكی قوڵ بێت كاتێك رۆماننووس خودی خۆی پاڵەوانی رووداوەكە بێتو بەشێوەیەكی هونەری تەواو بەسەرهاتو كارەساتەكانی ژیانی خۆی بكاتە كەرەستەی نووسینی رۆمانێك كە پڕبَت لەدەردەسەریو كێشەو ئازارى جۆراوجۆر بەرامبەر بەژنانو مافەكانیانو بەچەندین وێنەی جۆراوجۆر ئازاری  رۆژانەو بە بەردەوامی ژنانی پۆلێن كردووە هەر لەمنداڵییەوە تا تەمەنی گەورەییو بێ بەزەییو دڵرەقییەكانی پیاوان بەرامبەریان.
 سەرەتا دەستپێكی رۆمانەكە رووبەڕووی مناڵێكی بچووكی بیابان نشینی وڵاتێكی دواكەوتووی وەك سۆماڵ دەبێتەوە وڵاتێك لەهەموو رووەكانی ژیانەوە لەئاستێكی دواكەوتووییو هەژاریو هەزارو یەك كێشەی ئابوورییو كۆمەلایەتیدا دەژین سەرباری ئەوەی كەلتورێكی ئاینیو خێڵەكی تاسەر مۆخو ئێسقان بەناو سایكۆلۆژیەتیاندا چووەتە خوارێو بەتوندترین شێوە مومارەسە دەكرێت بەبوونی ئەو هەموو كێشانەوە دەبێت ئەو مناڵەی بەرەگەزی مێ لەدایكدەبێت دووچاری چی نەهامەتیو ئازارێك ببێتەوە؟ لەچی گۆشەیەكی ژیاندا گوزەران بكات؟
 رۆماننووس هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی یەكەمین ئازارمان دەكات بەوەی كە چۆن هەر لەتەمەنی خوار 10ساڵییەوە هاوڕێیەكی باوكی بەبیانووی یاریكردن ویستویەتی دەستدرێژیی سێكسی بكاتە سەر، ئەم بەریەك كەوتنەی كچێكی بچووك كە هیچ لەمانای سێكس نازانێت دەبێت هەست بەچی بكەیت بەرامبەر بەو فەرهەنگو كەلتورەی كە پیاوان تیایدا سەربەست بن لەوەی هەوڵی دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵان بدەن نووسەر بەردەوام دەبێت لەپۆلێنكردنی ئازارەكانی ژنانو كچان وێنەیەكی ترمان نیشاندەدات كە تەواوی ئارەزووەكانی ژنان سەردەبڕێو بێبەشیدەكات لەچێژ، ئەویش دیاردەی خەتەنەكردنی كچانە، دیارە ئەم دیاردەیە تەنها تایبەت نییە بەسۆماڵو لەزۆرینەی وڵاتانی ئیسلامیدا ئەو كارە دژ بەرەگەزی مێ ئەنجام دەدرێت بەبیانووی ئەوەی بەپاكیزەیی بمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی شوودەكات، بەڵام ئەوەی لەسۆماڵ ئەنجام دەدرێت زۆر پڕئازارەو جیاوازیشە وەك نووسەر ئاماژەی بۆ كردووە خەتەكردن لەسۆماڵ بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە ئەنجام دەدرێت بەوەی لەدەرەوەی چادرگەی نیشتەجێبوونو بەشێوەیەكی زۆر دڕندانەو بەگوێزانی كولی دوای ریش تاشین سەرچاوەی لەزەتی دەبڕنو دواتر بەدەرزیو دەزوو دەیدورونەوەو لەچۆڵەوانی بەجێدەهێڵرێت تابرینەكەی چاك دەبێتو ئینجا دەیهێننەوە بۆ چادرگەی نیشتەجێبوون، نووسەر ئاماژەی بەوەشداوە كە چەندین كەس بەهۆی ئەو خەتەنەكردنەوەو جێهێشتنیان لەو بیابانە چۆڵەو بەهۆی هەوكردنی یاخود خوێن بەربوون گیانیان كردووەتە قوربانی ئەو كەلترو فەرهەنگە دواكەوتووە.
 نووسەر بەردەوام دەبێت لەسەر پۆلێنكردنی ئازارەكانی ژنانو چۆنیەتی كۆیلەكردنیان بەوەی كە چۆن رەگەزی مێ هیچ بڕیارێك لەدەستی خۆیدا نییەو پیاو بڕیاردەری یەكەمیەتیو چارەنووسی دیاریدەكات.
 كاتێك باوكی دەیەوێت خوشكەكەی بدات بەشوو ئەو هەڵدێتو رادەكات ئەم منداڵ دەبێتو لەوە تێناگات بۆچی خوشكەكەی هەڵدێت، بەڵام دواتر باوكی كە دەیەوێت بیدات بەشوو بەپیاوێكی بەتەمەن ئەمیش هەمان چارەنووسی خوشكەكەی هەڵدەبژێرێتو هەڵدێت.
 ئەمێك هیچ شوێنێك شارەزا نییەو هیچ كارێكیش نازانێ جیا لەبەخێوكردنی ئاژەڵ نەبێت لەبیاباندا، بەڵام خۆی دەداتە دەستی قەدەری یاخیبوونو بەیانییەكی زوو بەرلەوەی خۆر هەڵبێت لەماڵەوە هەڵدێو بەرەو بیابان رادەكات، بەبێ ئەوەی بزانێت قەدەری بەكوێ دەكات گرنگ ئەوەیە لەفەرمانی باوكی یاخی دەبێتو دەیەوێت كۆتایی بەملكەچی بهێنێتو خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، ماوەیەكی زۆر بەپێ رادەكات كاتێك خۆر هەڵدێت گوێ لەدەنگی باوكیەتی كە بەدوایەوەتیو بانگی دەكات ئەم خێراتر رادەكات، پاشان لمی بیابان بەجێ دەهێڵێ بۆئەوەی باوكی بەشوێن پێكانیا نەی دۆزێتەوە، بەناو بەردا رادەكات لەگەڵ ئەوەی پێیەكانی هەمووی برینداردەبن، بەڵام بەردەوام دەبێت تائیدی وندەبێت لەباوكیو لەدەستگیركردن پاش ئەوەی بەتەواوەتی شەكەت دەبێتو ئازاری برینداری بوونی پێكانی زۆری بۆ دەهێنێت لەپاڵ درەختێكدا دادەنیشێو خەوی لێدەكەوێت، پاش ماوەیەك بەهۆی گەرمی خۆرەوە بەخەبەر دێتەوە كە چاوی دەكاتەوە دەبینێت پاشای دارستان (شێرێك) بەرامبەری وەستاوە ئیدی ئەم تێگەیشت كە ژیانی كۆتایی هات نە ئەو توانایەی هەیە بەرەنگاری شێر بێتەوە شێریش برسیو بەدوای نێچیردا دەگەڕێت بۆیە ئەم لەحزەی مەرگ دەبینێ، بەڵام هیچ پەشیمان نییە لەیاخیبوون، پاش ماوەیەك شێر هیچی لێناكاتو لێی دووردەكەوێتەوەو دەڕوات.
 نووسەر بەردەوام دەبێت لەپۆلێنكردنی ژیانی ئەو موسافیرە یاخیەی كە دەیەوێت بگاتە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، بەڵام ئەو هیچ شوێنێك نازانێتو قەدەری نادیار دەگرێتەبەرو هێدی هێدی برسێتی تینی بۆ دەهێنێو بەردەوامیش دەبێت لەرۆیشتن تادەگاتە ئاستی مێرگێك دەبینێ كۆمەڵێك وشتر ئاو دەخۆنەوە خۆی دەگەیەنێتە وشترەكانو دەم دەنێ بەگوانی یەكێكیانەوە تا تێر شیر بخوات لەگەڵ ئەوەی گوێى لەهاواری خاوەنەكەیەتی، بەڵام تا تێر نەخوات دەست هەڵناگرێو خاوەنەكەی دەگاتە لایو قامچیەكی بۆ دادەوەشێنێ ئەم رادەكاتو لەویش رزگاری دەبێت، بەڵام دووچاری بەدبەختییەكی تر دەبێت كاتێك دەگاتە سەر شەقامێكو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت سەیارەیەك هەڵی بگرێت، لۆریەك كە بەردی هەڵگرتبوو بۆی دەوەستێتو هەڵیدەگرێت، لێرەوە رووەو ئازارێكی تر دەبێتەوە لۆریەكە دوو پیاوی تیابوو پاش كەمێك لەرۆیشتن یەكێك لەپیاوەكان دێتە دواوە بۆ لایو بەمەستی سێكس كردن لەگەڵیدا ئەم چەند هەوڵدەدات چارەی نییە بۆیە دەڵێت باشە بامیزێك بكەم ئینجا بەناوی میزكردنەوە بەردێكی پڕ بەچنگ هەڵدەگرێو دێتەوەلای، كاتێك ئەو دەیەوێت سێكسی لەگەڵ بكات بەردەكە دەكێشێ بەسەریداو ئەو دەكەوێتو خوێن بەسەرو چاویدا دێتەخوارەوە، ئەمیش خۆی فڕێدەداتە خوارەوەو هەڵدێ، هەڵبەتە نووسەر چەندین وێنەی ژیانی خۆی لەبارەی هەوڵدان بۆ دەستدرێژی سێكسی بۆ سەری پۆلێنكردووە هەروەك ئەوەی لەشاری گالكابۆ كاتێك دەیەوێت بەشوێن ماڵی مامە دەوڵەمەندەكەیدا بگەڕێت، دیسان پیاوێكی تر دەیەوێت سێكسی لەگەڵ بكات لەدەست ئەویش هەڵدێو رازی نابێت ئەو وێنانە ئەوە ئاشكرا دەكەن كە پیاوی كۆمەڵگا پاشكەوتووەكانی هەڵگری كەلتوری ئاینیو خێڵەكی هەڵگری هەر ئایدیاو فكرەیەك بێت لەبەرامبەر سێكسی ژن هەمان كرداریان هەیە، بۆیە سەیر نییە ئەو كچە تەنیایە چەندینجار هەوڵی دەستدرێژیكردن بكرێتە سەری، ئازارەكانو سەفەرەكەی بەردەوام دەبێت ماوەیەك لەماڵی مامی دەمێنێتەوەو دواتر بەهاوكاری ئامۆزایەكی ئەوێش بەجێ دێڵێو بەرەو مەقادیشۆ دەكەوێتەرێو ئازارەكان لەوێش بەردەوام دەبێت تادوایینجار لەڕێگەی پوریەوە بەهۆی خاڵی كە دەبێت بەباڵیۆز لە لەندەن دەگاتە ئەوێو ژیانی لەبیابان كۆتایی دێتو دەگاتە خۆرئاوا بەو هەموو گۆڕانكاریو پێشكەوتنەوە، بەڵام نەهامەتییەكان لەوێش هەر بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی لەوێش راستە ماڵی خاڵیەتی، بەڵام ئەوانیش خاوەنی هەمان كەلتوری پاشكەوتوویی ئاینیو خێڵەكینو بەهەمان عەقڵیەت بیردەكەنەوە لەگەڵ ئەوەی بەكاروباری ناو ماڵەوە زۆر هیلاك دەبێت، بەڵام مەسەلەی دەستدرێژی سێكسی لەڕێگەی كوڕەكەی خاڵیەوە چەند بارە دەبێتەوە جیا لەوەی رێگای خوێندنو فێربوونی زمانی لێدەگرنو تەماشاكردنی تەلەفزیۆنیشی لێ قەدەغە دەكەن، ژیانی لەندەن جیاوازییەكەی لەوەدابوو لەشوانی رزگاری بووبوو بەزۆر نەدەدرا بەشوو،پاش ئەو چەند ساڵە ماوەی باڵیۆزیەكەی خاڵی كۆتایی هات دەبێت بگەڕێنەوە ئەم چارەنووسی دەكەوێتەوە بەر مەترسی گەڕانەوە بۆ سۆماڵ، گەڕانەوەش بەبێ دوودڵی كوشتنیەتی بۆیە بیردەكاتەوە لەوەی هەرچۆنێك بێت نەگەڕێتەوە، بۆ ئەمەش فێڵێك دەدۆزێتەوە بەوەی پاسپۆرتەكەی دەشارێتەوە بەخاڵی دەڵێت ونمكردووەو نازانم لەكوێیە؟ بەم كارەش رزگاری دەبێت لەگەڕانەوەو ژیانی تەنیاییو نەبوونی كەس لە لەندەن دەستپێدەكاتو دوای قەدەری ژیان دەكەوێتو گەڕان بەشوێن كارو نەبوونی هیچ پارەیەك دووچاری برسێتییەكی زۆری دەكات پاش ماوەیەك فورسەتی ژیانی دێتە پێشەوەو دەبێتە مانیكان، لێرەوە گەرچی ئازارەكانی كۆتایی نایەتو دووچاری دەردەسەرییەكی زۆر دەبێت بەهۆی نەبوونی ئیقامەوەو بەو هۆیەشەوە دووجار بۆ وەرگرتنی ئیقامە شودەكات، بەڵام هەردوو جارەكە دووچاری بەدبەختی دەبێتو خەونەكەی نایەتەدی جاری یەكەم بەكابرایەكی پیری رەگەز ئێرلەندیو پاش ماوەیەك لەدائیرەی پەنابەرانەوە بانگی دەكەنو پاسپۆرتەكەی لێ دەسەننەوەو داوای ئەوەی لێدەكەن كە مێردەكەی بێنێ ئەم پارەیەكی زۆری سەرف كردبوو بۆئەوەی كارەكەی سەربگرێ، بەڵام دوای ماندووبوونێكی زۆر كابرا دەدۆزێتەوەو دەیبات بۆئەوەی بۆ ماوەیەكی تر پاسپۆرتەكەی دەدەنەوە، دوای مردنی كابرای بەرەگەز ئێرلەندی چارەنووسی رەش رووی تێدەكاتەوەو پاسپۆرتەكەی لێوەردەگرنەوە جاری دووەمیش بەناوی یارمەتیەوە شوودەكات بەبرای كچێكی هاوڕێو هاوپیشەی، بەڵام ئەمیان زۆر لەوەی پێشوو خراپتر دەبێت، بەهەرحاڵ دەردەسەرییەكانی ئەم ژنە هێندە زۆرن وێنە جۆراوجۆرەكان زۆرنو كردەوەو ئازارەكانیش بەردەوامنو سەفەرەكەی كچی بیابان لەگەڵ كاری مانیكان بەردەوام دەبێتو چەندین تراژیدیای تر بەشوێن خۆیدا دەهێنێو یەك لەدوای یەك پۆلێنی كردووە بەهۆی كاری مانیكانییەوە چەندین وڵات دەگرێت (فەرەنسا، ئیتالیا، ئەمریكا) سەرەنجام لەئەمریكا نیشتەجێ دەبێت یەكێكی تر لەو كێشانەی دووچاری كچی بیابان دەبێت بۆ بەشداریكردنییەتی لەیەكێك لەبەشەكانی فیلمی بەناوبانگی جیمس بۆند، بەڵام نەبوونی پاسپۆرت خەریكە ئەو خواستەشی لەدەست دەچێت، یاخیبوونی بەردەوامو هەوڵە زۆرەكانی خواستەكەی دێتەدیو بەشداریی ئەو بەشە لەفیلمی جیمس بۆند دەكاتو سەركەوتوو دەبێت بەدوای ئەوانەدا كەناڵی بی بی سی داوای لێدەكەن كە بەشداری بكات لەبەرهەمهێنانی فیلمێكی دۆكۆمنتاری لەبارەی بوونی بەسوپەرمانیكانو چۆنییەتی كارەكەیو لەكوێوە هاتووە چی هەستێكی هەیە بەرامبەر بەم ژیانە تازەیە؟ ئەمەش سەرەتای دەروازەیەكی تر بوو كە بەروویدا كرایەوە بۆئەوەی بتوانێت تەواوی ئازارو ماندووبوونەكانیو كێشەی هەمەرۆژەی ژنانی سۆماڵ بەدنیا بگەیەنێت بۆیە رەزامەندی نیشانداو ئەوەش بووە گەورەترین فاكتەری ناساندنی كێشەی ژنانی سۆماڵ بەگشتیو بووە جێگای بایەخی تەواوی رۆژنامەكانو داكۆكیكاران لەمافی ژنانو تەنانەت رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش، ئەو سەفەرە پڕ ئازارەی واریس دیریە نووسەری رۆمانەكە بووە هۆكاری لالێكردنەوەی نەتەوەیەكگرتووەكانو سەرەنجام نەتەوەیەكگرتووەكان بانگهێشتیان كرد بۆئەوەی ببێتە باڵیۆزی خۆیان بۆ كەمپینی نەهێشتنی خەتەنەو توندوتیژییو سەقەتكردنی ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا.
 ئەو رۆمانە زۆر گۆشەو لایەنی تری هەیە كە دەكرێ قسەی لەسەر بكرێو خوێندنەوەی بۆ بكرێو ئاماژەكانی پشتی ئەو كارەساتەی بەسەر ژناندا دێت ئاشكرابكرێت تا چی تر ژنان بەناوی كەلتورو فەرهەنگی خێڵەكیو ئاینیو پیاوسالارییەوە نەچەوسێنرێنەوەو سەرچاوەی لەزەتیان هەر لەمنداڵییەوە لێ زەوتك بكەن، ناتوانین لەچوارچێوەی خوێندنەوەیەكدا كۆی بەسەرهاتو رووداوو وێنەكانی رۆمانەكە لێك بدەینەوەو خوێندنەوەی بۆ بكەین، چونكە رۆمانەكە لێوان لێوە لەكێشەو ئازارو چەوساندنەوەی ژنان، ئەم خوێندنەوەیە هەوڵێكە بۆ ناساندنی رۆمانەكەو بەشێك لەو كێشانەی دووچاری ژنان دەبن لەسۆماڵو بەشێكیش لەمەنفاو یاخیبوون بەرووی ئەو ژیانە نابەرابەرەدا، نارازی بوونی بەردەوامو یاخیبوون بینای سەرەكی رۆمانەكەیە، كە رۆماننووس بەشێوەیەكی هونەری بەیەكیەوە بەستووەتەوە.
 تێبینی:
 1-مانیكان: نمایشكاری جلوبەرگ.
 2-گوڵێك لەبیابانی ئەفریقا-نووسینی واریس دیریە، وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە بۆ كوردی نوری كەریم
 
 

Previous
Next

Leave a Reply