Skip to Content

Tuesday, October 27th, 2020

دوو فاقی کورد لە خۆشەویستیی ئاڵای کوردستان

Be First!
by March 28, 2012 گشتی

نووکە قەڵەم (٢٥):

ئاڵا پارچە قوماشێکە، کە زۆربەی جار لاکێشەیی یە، وەک رەمز یان ئامێری ئیشارەت پیکردن یان دیکۆر بەکار دێت. ئاڵا بەو نیگارو وێنەیش دەگوترێ،  کە لە شیوەی ئاڵا،  لەسەر کاغەز یان هەر شتێکی تردا دەنەخشێنرێت. مێژووی ئاڵا زۆر کۆنەو یەکەم بەرزکردنەوەی بە مەرامی سەربازی و لەشکرکێشی بووە.
دەمێکە ئاڵا وەک هێماو رەمز بۆ نەتەوە یان نیشتمان بەکاردێ.  گۆڕانکاری و داپێویستییەکانی ژیان و پێشکەوتنی سەردەم، ( ئاڵا)شی گرتۆتەوە، بۆیە ئیمرۆ شارو کۆمپانیە هەمە ڕەنگەکانی دونیاو زانکۆ و خوێندنگەو تیپ و یاری و سپۆڕت وحزب و رێکخراو و دامۆدەزگاکانی حکومەت…..‌هتد ، ئالای تایبەت بە خۆیان هەیە.  زانستی ئاڵا پێیدەگوترێت  (Vexillology)، جگە لە هێما نەتەوایەتی و نیشتمانییەکە، ئاڵای تایبەت بەکار دێ بۆ ئیشارەتکردن و گەیاندنی پەیامی مانادار، وەک لە یارییەکان و هاتۆچووی شەمەندەفەرو فرۆکەوانی و هاتووچۆدا بەکار دێ. ئاڵا کۆمەڵێ داب و نەریت و دەستوورو رێنمای خۆی هەیە لە بارەی چۆنیەتی دروستکردن  و بەرزکرنەوە و داگرتن و هەڵگرتن و گوواستنەوەو پارستن و رێز لێگرتن. لە سەرکەتون و بەدەست هێنانی دەسکەوتی گەورەدا،  ئاڵا بەرزدەکرێتەوەو لە نارەزایی دەربڕین و ریسواکردن دا، دادەگیری و دەسووتێنرێ و پارچەپارچە دەکرێ و دەخرێتە بەر تف و ژێر پێ. رۆژێکیشی هەیە بە ناوی (رۆژی ئاڵا). کۆنترین ئاڵای نەتەوایەتی کە تاکۆ ئێستا دەشەکێتەوە ، ئاڵای وڵاتی (دانیمارک)ە کە لەوەتی سەدەی سێنزدەمینەوە بەرزکراوەیتەوە. ئاڵای (هۆڵەندا)ش یەکەمین ئاڵای سێ ڕەنگییە( پورتقالی و سپی و شین) کە لە ساڵی (١٥٧٢) داهێنراوە.
مێژووی ئاڵای کورد یان کوردستان ، کە بەڵگەدار بێت، هێندە کۆن نییە، دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم کاتێ ڕێکخراوی (خۆبوون) لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەکاندا لە هەزارو نوسەتەکاندا بەرزیکردۆتەوە.  کورد چەند ئاڵاێکی بەرزکردۆتەوە وەک : ئاڵای ئەمارەتی سۆران (١٨١٣ – ١٨٣٥)،  ئاڵای حکومەتی کوردستان (١٩٢٢ – ١٩٢٤ ) ، ئاڵای ئاڕاڕات ( ١٩٢٧ – ١٩٣٠ ) وە ئاڵای کۆماری مەهاباد ( ١٩٤٦) . دواترینیشیان ئاڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کە بە( ئاڵای کوردستان) ناسراوەو لە زۆربەی کوردستانی گەورەدا بەرزدەکرێتەوە – هەر چەندە بەفەرمی لە وڵاتی تورکیاو ئێران و سوریا قەدەغەیە- . ئەم ئاڵایە، چوار رەنگە: سۆر هێمایە بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتی نەتەوایەوتی، سپی: ئاشتی و یەکسانی، سەوز: سروشت و جوانی، زەرد: سەرچاوەی ژیان و رۆناکی. خۆرە بیست و یەک تیشکەکە هێمایە بۆ کەلتوورو ئاین. ئەو ئاڵایە ئازادانە و بە بەرفراوانی و بەردەوامی دوای ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) لە کوردستانی باشووردا پەرەیساندو بووە بە ئامرازی دەرخستن و بانگەشەی  ئازادی و خەبات و خۆشەویستی هاوڵاتی کورد بۆ خاک و نەتەوەو مێژووەکەی. ئەوانەی خەبەرداری مێژووی خەبات و شۆرشەکانی کوردن ، گەواهی ئەوەدەدەن کە بەراستی ئەم ئاڵایە بە خۆێن ئاودێریکراوەو قوربانی داستانئامازی زۆری بۆ دراوە، هەر بۆیە کوردان وا تامەزرۆی هەڵکردن و بەرزکردنەوەی ئەو ئاڵایەن. ئیمرۆ- بەتایبەتی –  لە کوردستانی باشووردا  ئەم ئاڵایە بۆتە کوڕەتاقانەی وڵاتێک، لە بۆنەو خۆپێشاندان و کەژاوەکاندا، لە شایی و چۆپی گەشت و سەیران و و شین وشەپۆڕ وماتەمینیەدا بەرزدەکرێتەوەو یاری و هەڵبەزو دابەزی پێدەکرێ ، بەلای خەڵکیکی زۆرەوە،  تاکی کورد، وەک پێویست، بە ریزو وتەقدیرەو مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاڵایەدا ناکا، بۆیە هۆنەرمەندی گەورەی کورد( شڤان پەروەر) جارێ ، بانگەوازیدا ،کە نابێ کوردان وا بە سووکی ئاڵاکەیان نیشان بدەن و دەبێ بزانن چۆنی بەکاردێن و چۆن ریزی لێدەگیرن. لێرەدا منیش پشتگیری خۆم بۆ ئەم داویە دەردەبڕم و دەڵێم: کوردان لە تاو خۆشەویستی و تامەزرۆیی و تەقدیسەوە بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ ئاڵاکەیاندا دەکەن،  بەڵام ئەم ئاڵایە هێماو رەمزی نەتەوایەتی و نیشتمانی خۆیانە، کە ئەوان هێندە ئەم ئاڵایەیان لە لا خۆشەیستە، پیویستە نەتەوەو وڵاتەکەشیان سەد هێندە لە لا خۆشەویستتر بێ، چۆنکە ئەو ئاڵایە بەبێ بوونی ئەوان هیچ ماناو بەهاێکی نییە. بەداخەو لێرەو لەوێ، هێندێ جار، ئاڵای کۆنی تیتاڵ تیتاڵ و دڕاو و هەڵوەشاوەو هەڵقلیشاو بەسەر باڵەخانەو فەرمانگەو و شوێنە فەرمی و نافەرمییەکانی کوردساتنی باشووردا دەبینرێت و بەرپرسان هیچ سەرێکی بۆ هەڵنابڕن ، لە کاتێکدا کەرستەو مۆبیلاتی فەرمانگەکەیان بە رازاوەترین  و بەنرخترین کەرستە ودیکۆرو ئامێری ژاپۆنی و ئیتالی و ئینگلیزی دیزاینکراوە.   یان فەرمانبەرێک لەسەر مێزە ئەبەسۆنە ئیتالیەکەی خۆیدا ، ئاڵاێکی ئاوریشمێنی لە بەردەم خۆی داناوەو لەو دیوی دەرگاکەشی دەیان پیرێژ نی سوخمە ترازاو و پیرەمێردی دەست بەگۆپاڵ و نووقستانی بێکەس بە رێز لە بن دیواری دانیشتوون و چاوەڕوانی دیدارێکی دوو دەقیقەی ئەو زاتەن! کە ڕەنگ بێ لە حەفتەێکدا چەند رۆژێک و لە رۆژێکیشدا چەند سعاتێک دەوام بکات و شوفێرو پاسەوان و گزیری خۆشی هەبێ! باشە هەر بۆ خاتری ئاڵایەکەی بەردەمی نەدەبووایە، سۆزو وەفاداریێکی بۆ ئەو خەڵکە ڕەش و رووتەی بەر قاپییەکەی هەبوایە! یان شۆفێرێک بە چەند ئاڵاێکی جوان ناو ئۆتۆمبیلەکەی رازاندۆتەوە، کەچی نە پەیرەوی یاسای هاتووچۆو نە ریزو ئیحترامی موسافیرو و پییادەو شۆفیرەکانی هاوڕیی دەگرێ. ئەدی ئەو ئاڵایە، هی ئەو نەتەوە و خاکە نییە؟ بۆ رێزی ئەونیش ناگرێ؟  مامۆستا هەن ، دەستەو نەزەر لە کاتی بەرزکردنەوەی ئاڵای خوێندنگەکەیاندا ڕادەوەستن، بەڵام، وەک پێویست پیشەی مامۆستایەتیان نەکردۆتە دروشم و ئامرازی خزمەتکردنی نەتەوەکەیان، هەمان مامۆستا، دەرسەکەی خسووسی زۆر باشترو کاریگەرتر ،لە دەرسی ناو پۆلەکە دەڵێتەوە. ئەمە ریزگرتنێکی دوو فاقییە نییە بۆ ئاڵاکەی؟
ئەوەندەی سەیرانکەرانی رۆژانی نەورۆز، ئاڵایان لە سەر ئۆتۆمبیل و خیوەتگەو داروبەردی سەیرانگاکان و سەرچۆپییەکاندا بەرزکردبۆوە، فەرمانگەکان بە ساڵێک بەرزی ناکەنەوە، کەچی هەر کە سەیران کراو سواری ئۆتۆمبیلەکانیان بوونەوە ، زۆربەیان ، زبڵخانێک و گووفکێک لە خاشاک و زبڵ و خەڵۆزو پیسای لە سەیرانگەکاندا بەجێدەهێلن کە بە دوو مانگ پاکناگرێتەوەو پاشماوەی کوشندەی بۆ ژینگە دەبێ. ئەدی ئەو ئاڵایەی لەسەر چۆپییەکەدا بایاندەدا، رەمزی ئەو خاکە و سەیرانگایە نەییە کە ئەوان تێیدا هەڵدەپەرین؟ بۆ خۆشەویستی و ریزی لێناگرن؟ ئەدی ئەو دوو فاقی ،زۆری تاکی کورد نییە بۆ ئاڵایەکەیان،  ئاڵای کوردستان….؟ تا بەیانی نموونان  بۆ هەڵدەم کۆتایی نایی ، بۆیە خۆزگە دەخوازم ئەو دوو فاقییەی ئێمە کۆتایی پێ بێ. کاتێ،  لە وڵاتی رۆژئاوادا، پیرەمێردێک دەبێنم، پیسایی سەگەکەی لە ناو کیسەی نایلۆن دەکاو ، دەیپێچێتەوەو دەیخاتە ناو گیفانی خۆی تا دەیباتەوەو ماڵەوە لە زبلدانی تایبەتی فڕییدەدا، هەست دەکەم کە ئەو مرۆڤە ، بەبێ ئەوەی ئاڵای وڵاتەکەی بەدەستەو گرتبێ ، خۆشەویستیی و ئینتمای بۆ وڵاتەکەی هەیە و دیارە ئامادەشە خزمەتی بکاو خۆشی بۆ بە قوربان بکات لە کاتی پێویست!!!

Previous
Next

Leave a Reply