Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

دژایه‌تیكردن له‌ گه‌ڵ ژن له‌ كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا….حامید سه‌عیدی

Be First!
by April 6, 2009 گشتی

دژایه‌تیكردن له‌ گه‌ڵ ژن له‌ كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا
حامید سه‌عیدی

له‌ كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا، دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ ژن به‌ شێوه‌ی جۆرواجۆر ئه‌وه‌نده‌ روون و ئاشكرا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئه‌م توندوتیژیه‌ به‌ راده‌یه‌ك توندو ئاشكرایه‌، كه‌ ناسینی بنه‌‌ما و ریشه‌كانی بۆ خه‌بات دژ به‌م زوڵم و زۆره‌ پێویست و زه‌روریه‌.
زوڵم و هه‌ڵاواردنی جنسی یه‌كێك له‌و تووندوتیژیه‌ به‌رده‌وامانه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژووی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ ئارادا بووه‌. به‌شی ژنان هه‌ر له‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ بگره‌ تا لایه‌نه‌ جۆرواجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێجگه‌ له‌ ئازار، كوێره‌وه‌ری، توندوتیژی و هه‌ڵاواردنی جنسی شتێكی تر نه‌بووه‌. باڵاده‌ستیی پیاوان به‌ سه‌ر ژنان له‌ ناو بنه‌ماڵه‌دا ژنانی له‌ بارودوخێكی ژێرده‌سته‌یدا داناوه‌. توندوتیژی، سوكایه‌تی، ئازارو بێحورمه‌تی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر ژنان له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر، سه‌پاندنی یاسای نامرۆڤانه‌ و دواكه‌وتوی ئایینی، پاڵنانی ژنان بۆ سوچی ماڵ و كاری ناوماڵ، سه‌پاندنی خۆسوتاندن و خۆكوژی، كڕین و فروشتنی ژنان له‌ لایه‌ن مافیاكانی سه‌رمایه‌ بۆ گه‌شه‌ی بازاڕی سه‌رمایه‌داری، هه‌ڵاواردنی نێوان ژن و پیاو له‌ شوێنه‌كانی كار و په‌ره‌پێدانی له‌شفرۆشی، ته‌نیا به‌شێكی بچوك له‌ هه‌لومه‌رجی ژێرده‌سته‌بوونی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدایه‌. پانتایی و شێوازی جۆرواجۆری دژایه‌تی له‌ گه‌ڵ ژنان له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگادا ئه‌وه‌نده‌ له‌ناخی كۆمه‌ڵگادا جێگیرو یاسایی بوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌م زۆڵم و زۆره‌ی زاڵ به‌ سه‌ر ژناندا ده‌بێ بنه‌ماكانی ئه‌م ناعه‌داڵه‌تی‌ و نایه‌كسانیه‌ بناسین.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زوڵم و زۆری سه‌ر ژنان به‌هه‌موو شێوازه‌ جۆراوجۆره‌كانیه‌وه‌ ئاوه‌ڵدوانه‌ی پێكهاتنی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی بووه‌. چونكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كاندا ژنان نه‌ك هه‌ر نه‌ده‌كه‌وتنه‌ به‌ر توندوتیژی، به‌ڵكو ژن و پیاو له‌ هه‌مو بوارێكه‌وه‌ یه‌كسان و ئازاد بوون و له‌ ژیانی رۆژانه‌یاندا نه‌ده‌كه‌وتنه‌ ژێر هیچ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك. به‌ڵام به‌ ئاڵوگۆڕ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی و گۆڕانی په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئابوریی كۆمه‌ڵگا، كه‌ زیاده‌ به‌رهه‌م و دابه‌شكردنی كار به‌ پێی پێكهاته‌ی ئابوریشی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌، ژنانی كردوه‌ته‌‌ دیلی پیاوان. بنه‌ماڵه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروست بونیه‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای پێویستیه‌كی ئابوری و دابه‌شكردنی كار كه‌ سیستمی چینایه‌تی پێویستی پێ بوو، پێكهات. خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت كه‌ بنه‌ماو بنچینه‌ی سیستمی چینایه‌تیه‌ و یاساكانی پیاومه‌زنی پێكهاته‌ی هه‌مان سیستمی چینایه‌تیه‌، ژنانی كرد به‌ به‌شێك له‌ مۆڵكی پیاوان. دابه‌شبونی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شبونی كۆمه‌ڵگا به‌ سه‌ر دو چینی سه‌ره‌كی و بێبه‌ش بونی ژنان له‌ كاری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و له‌ به‌شی به‌ره‌هه‌م هێنانی كومه‌ڵایه‌تی، ئه‌وانی ناچار كرد كه‌ ژێر ده‌سته‌یی و ملكه‌چی پیاوانی بنه‌ماڵه‌ قبوڵ بكه‌ن، یانی نه‌بونی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری و چاو له‌ ده‌ست بونی پیاوی ناو ماڵ، ژنان ناچار به‌ قبوڵی كۆیله‌‌تی ئه‌كات، كه‌ وه‌ها دۆخێك به‌ پێی پێداویستی ئابوری و به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی بژیوی ژیان پێك دێت، یانی یاساكانی  پیاومه‌زنی و دژبه‌ژن له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێشچونی پێكهاته‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌.
قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی چینی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی زاڵبون به‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جۆرواجۆره‌كانی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و هه‌ر به‌م پێیه‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌سه‌پێنێت. كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی ئاخێزگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، و چینی ده‌سه‌ڵاتداریش بۆ سه‌قامگیریی ئه‌م بارودۆخه‌ پێویستی به‌ به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌یه‌. ده‌وڵه‌تیش وه‌ك ده‌زگایه‌كی پان و به‌رین، رێكخراو و سیستماتیك، به‌رژه‌وه‌ندیی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و تێكشكانی خۆڕاگری له‌ دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ر له‌و روه‌وه‌یه‌ كه‌‌ ده‌وڵه‌ت به‌ چه‌شنی داموده‌زگایه‌كی چه‌قبه‌ستووی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ پاراستن و دریژه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و بۆ چه‌سپاندن و جێگیركردنی وه‌ها یاسا و كولتورێكی پیاومه‌زنانه‌، به‌ سه‌ر له‌ نۆێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و كارانه‌ی یارمه‌تی به‌ سه‌قامگیر بونی ئه‌م بارودۆ‌خه‌ ده‌كه‌ن، هه‌وڵ ئه‌دات و بۆ درێژه‌ی ژیانی خۆی یاساكانی دژه‌ ئینسانی و هه‌ڵاواردنی چینایه‌تی، جنسی و ره‌گه‌زی و… په‌ره‌ پێده‌دات و به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگایدا ده‌سه‌پێنێت. به‌ڵام چینی ده‌سه‌ڵاتدار پێویستیان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌یه‌ كه‌ ده‌رونی، نهێنی و یاسایی بێت. یه‌كێك له‌ هێماكانی په‌ره‌سه‌ندنی زوڵم و سته‌می جنسی، جێگیربوونی له‌ ناخی كۆمه‌ڵگادایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ به‌رهه‌مهێنان و سه‌ر له‌ نوێ به‌رهه‌مهێنانی بێمافی و كولتوری دژی مرۆییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌ شێوه‌كانی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار‌ به‌ سه‌ر زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری زوڵم لێكراوی كۆمه‌ڵگادایه‌. چینی ده‌سه‌ڵاتدار‌ له‌ رێگای سه‌پاندنی كولتور و دابونه‌ریتی دژ به‌ ژن و هه‌ڵاواردنی جنسی و… هه‌وڵده‌دات ژنان كه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا پێكدێنن، كۆنتڕۆڵ بكات و له‌ رێگای‌ به‌رهه‌مهێنان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كولتوری پیاومه‌زنانه‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌ لایه‌ن خودی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، ژنان ده‌خاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌. یانی به‌ په‌ره‌پێدان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كولتوری دژ به‌ ژن، وه‌ها كولتورێك له‌ ئاستی به‌ربڵاوی كومه‌ڵایه‌تیدا جێگیر ده‌بێت و هه‌ڵاواردن و توندوتیژی له‌ قوڵایی كۆمه‌ڵگا و شه‌رعیه‌تدان به‌م زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ كاریگه‌ری له‌ سه‌ر جه‌ماور داناوه‌ و‌ سته‌م و هه‌ڵاواردنی سیستماتیزه ‌و ئاسایی كردوه‌ته‌وه‌، یانی ئه‌وه‌ له بیری جه‌ماوه‌ردا جێگیر ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵاواردن و ژێرده‌سته‌بونی ژنان مافی ئه‌مانه‌ و ئه‌گه‌ر ژنان له‌م هێڵه‌ سوورانه‌ تێپه‌ڕبن ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی یاساكانه‌، و له‌ راستیدا كه‌وتنه‌مه‌ترسی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و پێشێلكردنی یاسایه‌ و ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وه‌ سه‌ركوت ده‌كرێت و تێك ده‌شكێندرێت. جێگیركردنی وه‌ها كولتور و یاسایه‌ك ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵ به‌ بێ ده‌ست تێوه‌ردانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بكه‌ونه‌ به‌ر زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی ئه‌و سیستمه‌دایه‌. به‌گشتی ئه‌بێ بوترێت كه‌ كولتور و یاساكانی پیاومه‌زنی و دژ به‌ ژن شوێنكه‌وتووی هه‌مان په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌م هێنان له‌ كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدان‌.
په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كولتوریه‌كان به‌ هه‌مو شێوه‌كانیانه‌وه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ئابوریدان‌. په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات كه‌ به‌به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنان قۆرخ بكات و جه‌ماوه‌رێكی زیاتریش له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌ ریزی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان په‌یوه‌ست ده‌بن، هه‌ر بۆیه‌ كه‌له‌به‌ری نێوان هه‌ژاری و ده‌ڵه‌مه‌ندی رۆژ به‌ رۆژ زیاتر ده‌بێت. ژنانیش به‌ چه‌شنی زه‌ره‌رمه‌ندترین توێژی كۆمه‌ڵگا تووشی زۆرترین سته‌م و هه‌ڵاواردن و چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌بن. ژنان كه‌ زۆربه‌یان له‌ چینی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌تانی كۆمه‌ڵگا پێكهاتوون زیاترین هه‌ڵاواردن و سته‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانیان، چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری ئابوری، وێڕای به‌خێۆكردنی منداڵ ناچارن له‌ بازاڕی سه‌رمایه‌دا كار بكه‌ن كه‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ هۆی ژن بونیان هه‌قده‌ستی كه‌متر له‌ پیاوان وه‌رده‌گرن به‌ڵكو ده‌كه‌ونه‌ به‌ر سته‌می دوقاتی چینایه‌تی و توندوتیژی سێكسی. ئه‌م سیستمه‌ چینایه‌تیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ دۆخێكی خوڵقاندووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ ژنان بۆ بژیوی ژیانی رۆژانه‌یان ناچار رو له‌ له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌پاندن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كولتوری پیاومه‌زنی كه‌ به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر توندوتیژی و سته‌م و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌بێته‌ هۆی له‌خۆنامۆبوونی ژنان و وایان لێده‌كات په‌نا بۆ خۆكوشتن و خۆسوتاندن به‌رن. سه‌رجه‌می ئه‌مانه‌ی كه‌ باسمان كرد ژیانی رۆژانه‌ی ملیۆنه‌ها ژنی كرێكارو به‌شمه‌ینه‌تی ناو كۆمه‌ڵگایه‌.
له‌ كۆمه‌ڵگا داخراوه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ی تێكه‌ڵ به‌ یاسا ئایینیه‌كان، به‌ به‌كار هێنانی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی سه‌ركوت و به‌ ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی ناونده‌كانی فێركاری و ئایینی و راگه‌یه‌نه‌ره‌ به‌كرێگیراوه‌كان و به‌ پشتبه‌ستن به‌ بیری كونه‌په‌ره‌ستانه‌ و دواكه‌وتوی پیاومه‌زنی، هه‌لومه‌رجی ژێرده‌سته‌یی ژنان و سوكایه‌تی به‌رده‌وام و دوقاتی ئه‌وانی له‌ كۆمه‌ڵگادا جێگیر كردوه‌ كه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك‌ له‌ به‌رچاوترین هێماكانی بێمافی و بارودۆخی كۆیله‌یی ژنان. له‌ كۆمه‌ڵگا رۆژئاواییه‌كانیشدا سه‌ره‌ڕای پڕوپاگه‌نده‌ی بورژوازی جیهانی، ژنان به‌شێوه‌ی جۆرواجۆر و به‌ مه‌به‌ستی قازانجی زیاتر ده‌بنه‌ كۆیله‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری. كڕین و فرۆشتن، كویله‌یی و به‌كاڵاییكردنی ژنان و… راستییه‌كی دڵته‌زێنی بارودۆخی ژنان له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازیه‌. سه‌رجه‌م ئه‌م هه‌ڵاواردنه‌ چینایه‌تی و  جنسی و دژه‌ ژنه‌، هه‌ر سه‌رچاوه‌گرتووی هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌كانی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تین.

خه‌باتی چینایه‌تی و رزگاریی ژنان
ئیستا كه‌ ئه‌م راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ریشه‌ی سه‌رجه‌م نایه‌كسانیه‌كان و سته‌م و هه‌ڵاواردنی جنسی له‌ دژی ژنان له‌ سیستمی چینایه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌وابوو رێگای رزگاربوون له‌ بارودۆخی زاڵ به‌سه‌ر ژنان به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و سیستمی چینایه‌تیه‌. بۆ روخاندنی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش ئه‌بێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی خه‌باتی چیانه‌یتی په‌ره‌ پێبده‌ین چونكه‌ به‌ به‌ره‌وپێشچوونی خه‌باتی چینایه‌تی و رادیكاڵ و دواجار به‌ گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری و پێكهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستی ریشه‌ی سه‌رجه‌م زوڵم و نایه‌كسانییه‌ك وشك ده‌بێت.
كاتێك زۆرینه‌ی ژنان له‌ چینی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌تی كۆمه‌ڵگا پێكدێن و شانبه‌شانی پیاوانی هاوچینه‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ به‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ به‌ر ژن بونیان به‌شێوه‌ی دوقات زوڵم( سته‌می جنسی)یان به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پێت، كه‌وابوو رزگاربونی ژنان له‌ وه‌ها بارودۆخێك، به‌ چونه‌ده‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سته‌می جنسی و كردنی به‌ به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ له‌ خه‌باتی چینایه‌تی و سۆسیالیستییه‌وه‌ گرێدراوه‌‌. هه‌ر بۆیه‌ ژنانی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ت به‌ درێژه‌دانی خه‌باتی چینایه‌تی و رێكخراوبونی خۆیانه‌‌ كه‌ ده‌توانن خه‌باتێكی كاریگه‌ر له‌ دژی كولتوری پیاومه‌زنانه‌ و یاساكانی دژه‌ ژن و كۆنه‌په‌ره‌ستی ئاینی به‌ره‌و پێش به‌رن.
له‌ روانگه‌ی چینایه‌تی و ماركسیستیه‌وه‌ رزگاریی ژنان له‌ رێگای خه‌باتی چینایه‌تی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م یاساكانی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌ وه‌دی دێت، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ تێڕامان له‌ شێوه‌ و كاركردی خه‌باتی ژنان، ئه‌م خه‌باته‌ له‌ لایه‌نی جۆراوجۆره‌وه‌ تاوتوێ بكه‌ین.
– هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه‌ باسمان كرد، خه‌باتی ژنان بۆ رزگاری له‌ سته‌می دوقاتی چینایه‌تی و جنسی روخسارێكی تری خه‌باتی چینایه‌تیه‌. یانی بزوێنه‌ری جوڵه‌ و گۆڕانی كۆمه‌ڵگا، خه‌باتی چینایه‌تی له‌ دژی چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌. چینی كرێكار كه‌ ژنانی كرێكاریش له‌ خۆ ده‌گرێت ئه‌ستوونی سه‌ره‌كی بۆ به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی چینایه‌تیه‌. یانی خه‌بات بۆ هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ گره‌وی خه‌باتی چینایه‌تی دایه‌، گه‌یشتن به‌ ماف و خواستی هه‌ركام له‌ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ گره‌وی پێشڕه‌ویی خه‌باتی چینایه‌تیدایه‌. له‌ راستیدا به‌ره‌و پێشچونی هه‌ر هه‌نگاوێكی چینی كرێكار له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌بێته‌ هۆی كرانه‌وه‌ی كه‌شی سیاسی و دێموكراتیزه‌بون و سه‌پاندنی داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵگا به‌ سه‌ر چینی ده‌سه‌ڵاتداردا. له‌م روانگه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی ستراتژیكی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریبه‌خشی ژنان له‌ گه‌ڵ چینی كرێكار بنه‌مای رزگاریی ژنان له‌ سه‌رجه‌م شێواز و ره‌هه‌نده‌كانی سته‌می دوقاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری به‌ سه‌ر ژناندایه‌.
– پێشڕه‌وی و به‌ ده‌ست هێنانی هه‌ر ئاستێك له‌ خواست و داخوازیه‌كانی ژنان له‌ گره‌وی خۆ رێكخستن، رێكخڕاوبوون و ناسینی مافه‌ مرۆیی و یه‌كسانیخوازه‌كانی ژناندایه‌‌. یانی به‌رانبه‌ركێ له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی چینی سه‌ركوتگه‌ر و سه‌پاندنی خواست و داخوازیه‌كانی ژنان به‌ هاتنه‌ مه‌یدانی ملیۆنیی ژنانی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ته‌وه‌ گرێدراوه‌‌. به‌ پشتبه‌ستن به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و قوڵی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه ‌ده‌توانرێت بۆ خه‌بات له‌ دژی هه‌ر جۆره‌ سته‌م و بێمافیه‌كی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ دژی ژنان هه‌نگاو هه‌ڵ بگیردرێت. هه‌ڵسوڕاوانی سۆسیالیست به‌ هێنانه‌ ئارای خواست و داخوازیه‌كانی ژنانی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ته‌ كه‌ ده‌توانن هێزێكی به‌ربڵاوی ژنانی كرێكار بهێننه‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات له‌ دژی بێمافیه‌كانیان. پێشڕه‌ویی هه‌ر هه‌نگاوێكی ژنانی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ت به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ خۆ رێكخستن و  رێكخراوبونی ئه‌وان له‌ ئاستێكی جه‌ماوه‌ریدا.
– بورژوازی  بۆ به‌لاڕێدا بردنی خه‌باتی ژنان و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ تواناییه‌ شوڕشگێڕانه‌كانیان و به‌ دزه‌كردنه‌ نێو خه‌باتی ژنانه‌وه‌ له‌ هیچ كاروكرده‌وه‌یه‌ك سڵ ناكاته‌وه‌. مه‌یله‌ جۆراوجۆره‌كانی بورژوازی ( لیبراڵی، ریفۆرمیستی، ئیسلامی و…) هه‌موو هه‌وڵی خۆیان ئه‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بو ئه‌وه‌ی خه‌باتی ژنان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. یانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی بزوو‌تنه‌وه‌ی رزگاریده‌ری ژنان ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی خه‌باتی جنسێك له‌ دژی جنسێكی دیكه‌( ژن له‌ دژی پیاو)دا ده‌هێڵنه‌وه‌. به واتایه‌كی دیكه‌ ئه‌توانین بڵێین ژنی كرێكاری له‌ به‌رانبه‌ر كرێكاری پیاودا داناوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوی له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی راسته‌قینه‌ی ژنانی كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ت و سه‌رجه‌م خه‌باتی چینایه‌تی دژایه‌تی هه‌یه‌. مه‌یله‌ جۆرواجۆره‌كانی بورژوازی به‌ درێژایی مێژوو و به‌ درێژایی ته‌مه‌نی سیستمی چینایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌لماندویانه‌ كه‌ جگه‌ له‌ كۆنتڕوڵ و له‌باربردنی خه‌باتی ژنان و هێشتنه‌وه‌ی سته‌می دووقات له‌ سه‌ر ئه‌وان، هیچ كارێكیان نه‌كردوه‌. به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا رێبازی سۆسیالیستییه‌ كه‌ توانایی رێكخستن و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌یشتن به‌ داخوازیه‌كانی ژنانی هه‌یه‌. له‌و روانگه‌وه‌ كه‌ خه‌باتی سۆسیالیستی ئاسۆی رزگاریده‌ری خه‌باتی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش‌ له‌ دژی بێمافی و نایه‌كسانیی سیستمی سه‌رمایه‌داریه‌، هه‌ر به‌م پێیه‌ هه‌ڵسوڕاوان و خه‌باتكارانی سۆسیالیست له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریده‌ری ژنان ده‌بێ به‌ بانگه‌شه‌كردن، په‌ره‌پێدانی ئایدیا سۆسیالیستیه‌كان و دڵنیا كردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری زۆرتری ژنان كرێكار و به‌شمه‌ینه‌ت له‌ ئاسۆی سۆسیالیسم، بوار بۆ بزوو‌تنه‌وه‌یه‌كی قوڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆسیالیستی خۆش بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ته‌نیا هه‌بونی بزوو‌تنه‌وه‌یه‌كی ملیۆنی و رێكخراوی سۆسیالیستی و چینایه‌تییه‌ كه‌ توانایی به‌رانبه‌ركێی له‌گه‌ڵ سیستمی سه‌رمایه‌داریدا هه‌یه‌، كه‌وابوو ده‌بێ هه‌وڵبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسۆی سۆسیالیستی له‌ ئاستێكی به‌رینی كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌ره‌ی پێبدریت.
مارسی 2009
http://www.besoyesosyalism3.blogfa.com/
پێشره‌و(ئورگانی كومیته‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌)ژمارو263

 

Previous
Next

Leave a Reply