Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

دەرنەکەوتنى بوونى رەسەن دەرکەوتنى خوێنەرى نموونەیى

Be First!

 

 

وا مشەوەش بوو کە میحرابى برۆتى دى ئیمام

ئیزنى خەڵقى دا کە دنیا ئاخیرە بۆ دێنە نوێژ

“مەحوى”

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەولێر 2010

 

ئەگەر دەق هیچ مانایەکی نەبێ تەنها ئەو کاتە نەبێت، کە خوێنەری کارا پرۆسیسەی دەکات، بەو مانایە لێکدانەوەو راڤەکردنى دەق نەک هەر تەنها بەپێى خوێنەرەکان، بەڵکو بەپێى تاکە خوێنەرێکیش دەشآ بگۆڕێت. لە راستیدا ئەو گۆڕانەى دوایى لەوانەیە پەیوەندی بە کاتى جیا جیاوە هەبێت (واتە کاتی خوێندنەوە) هەروەها لەرووی مێژووییەوە خوێنەران لە نەوە جیاوازەکانء سەدە جیاوازەکاندا بە شێوەیەکی جیاواز لێکدانەوەی بەرهەم دەکەن، واتە شتی جیاواز لەڕێگەى خوێنەرانی سەردەمە جیاوازەکان بە دەق دەبەخشن. 

(ئیمبرتۆ ئیکۆ) لە بواری سیمیۆتیکاوە کار دەکاتء کردەی خوێندنەوەو تەئویل لای ئەو خۆی لەو سێ قۆناغەدا هەڵدەگرێتەوە:

 یەکەم: دەق بەو مانایەی کە رستێک سپێتیء ئاڵو گۆڕییەء قابیلی پڕکردنەوەو تەئویل کردنە.

 دووەم: خوێنەر بەو مانایەی کە لە کۆمەڵێک دەق پێکهاتووە، خوێنەری مەوسوعى.

 سێیەم: گەیشتنی دەق بە خوێنەر بە هاوبەشیکردن لە دەق، یان ساتەوەختی ئاوێتە بوونی نێوان دەقء خوێنەر، دەژمێردرێت.  

قسەکردن لە دەق بەو مانایەی کە هەڵگری کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕیء رستێک سپێتییە لەوێوە دێت کە پانتاییەکە لێپراسراوێتی کرانەوەی لەخۆدا هەڵگرتووە، هەر لەوێشەوە خوێنەر جولەء بزاڤء داهێنانی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت، چونکە (ئیکۆ) پێیوایە دەق ئامرازێکی سستە، بۆیە داوا لە خوێنەر دەکات لەڕێگەی هاوبەشیکردنەوە ئەکتیڤی بکات، ئەو ئاوێتەبوونء ئەکتیڤکردنەی دەق لەڕێگەی خوێنەرێکەوەیە کە (ئیکۆ) بە (خوێنەری نموونەیی) ناوی دەبات، ئەو خوێنەرەش دەکەوێتە بەرانبەر ستراتیژیەتی دەقی دانەر، ئەو دانەرەش دەتوانێت ئەو ستراتیژیەتیە هەڵگرێت کە بەردەوام بۆ تواناکان دەگەڕێتەوە، بە دیوەکەی دیکەش خوێنەری نموونەیی بۆ هەمان ئەو توانایانەى خۆى دەگەڕێتەوە، هەر لەوێشەوە دەکەوینە بەرانبەر خوێنەری ئەزموونگەرییەوە.

 (ئایزەر)  سەر بە جوانکاری وەرگرە پرنسیبی تیۆرەکەی بۆ فینۆمینۆلۆژیاء هیرمینۆتیکا دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی هەر یەک لە (ئیکۆ)ء (ئایزەر) جیاوازی زۆریان لە باکگراوەندی فیکری میتۆدیدا هەیە، بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا هەردووکیان سروشتێکی گێڕانەوەئامێزیان هەیە، بە مانایەکی دیکە زۆربەی ئەو مەسەلانەی کە (ئیکۆ) لە بواری خوێندنەوەو تەئویل کاری تێدا کردووە، (ئایزەر) پەرەی پێداوەء دەوڵەمەندی کردووە. بۆ بەشدار بوون لە کارلێکەری نێوان دەقء خوێنەر، کۆمەڵێک چەمکی بەرهەم هێناوە لە پێش هەمووشیان (خوێنەری ناوەکی) کە نزیکە لە (خوێنەری نموونەیی)، ئەو خوێنەرە ناوەکییە خوێنەرێکە بە دوای مانادا دەگەڕێت، بەڵام نەک مانا ئامادەء شاراوەکانی نێو دەق، وەک چۆن بە شێوە تەقلیدییەکەوە چەسپاوە، بەڵکو ئەو مانایەی کە لە کارلێکەری دەقء خوێنەر دەکەوێتەوە، واتە ئەو مانایەی کە وەک “جێکەوتەیەک دەشآ پرۆسیسە بکرێت” لە نوێوە بدۆزرێتەوە، نەک بابەتێک بێت بشآ دیاری بکرێتء پێوەی ببەسترێتەوە.

بەمجۆرە ئەرکی هیرمینۆتیکا لای (ئایزەر) خۆی لە تەقینەوەی وزە دەلالیە حەشاردراوەکانی نێو دەق هەڵدەگرێتەوە، ئەو تەقینەوەیەش لەڕێگەی بەشداری چالاکانەی خوێنەرەوە بە ئەنجام دەگات، بەو مانایەش خوێنەر ئەو بارگە وزەئامێزەیە کە بەردەوام لە هەر خوێندنەوەیەکی نوێدا دەدرەوشێتەوە. 

دیاردە/خوێنەر

 فینۆمینۆلۆژیا خۆی بە ماهیەتی یان بە مانای دیاری وجودی مرۆییەوە خەریک دەکات، هایدگەر زاراوەی ((فینۆمینۆلۆژیا)) دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر بنچینەی یۆنانیء دەڵێت: زاراوەکە لە دوو بەش پێکدێت-phenomenon)) لەگەلڕ (logos) بەشی یەکەم ئاماژە بە کۆی ئەو شتانە دەکات کە لەبەر رۆژدا دەردەکەون یان لە بەر رۆشنای دەردەکەون، ئەو دەرکەوتنء دیار بوونەی (شت) نابێ لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەلڕ بکرێت، کە مەسەلەیەکی لاوەکییەو لەو دیوی خۆیەوە ئاماژە بۆ شتێکی تر دەکات، ئەوە مەسەلەیەکی بەسەرچوو نییە، بەڵکو دەرکەوتنی شتەکەیە وەک خۆی، بە واتایەکی دیکە: بوونی شتێک (یان دەرکەوتنی لە دەرککردندا) مەسەلەیەکی لاوەکی دوور لە خودی شتەکە نییە، بەڵکو ماهیەتی راستەقینەیەتی.

(هایدگەر) دەگاتە ئەوەی میتۆدی دیاردەگەریی ((فینۆمینۆلۆژی)) لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات، کە شتەکان فەرامۆش بکرێن، تا خۆیان چۆنن ئاوەها دەرکەونء دیار بن، بێ ئەوەی گوتەکانمان بەسەریاندا بسەپێنین، ئەوە ئێمە نین، ئاماژە بۆ شتەکان دەکەینء دەرکیان پێدەکەین، بەڵکو خودی شتەکانن خۆیان بۆ ئێمە ئاشکرا دەکەن، بنەچەی راستەقینەی تێگەیشتنی دروست ئەوەیە ئێمە تەسلیمی هێزی شتەکان بین، تا خۆیان بۆ ئێمە ئاشکرا بکەن، بەڵام شتەکان چۆن خۆیان ئاشکرا دەکەن؟

(هایدگەر) لە شیکردنەوەی بەشی دووەمی زاراوەکە پێیوایە (logos) دەلالەت لە فیکر ناکات، بەڵکو دەلالەت لە ئاخاوتنء ئەو ئەرکەی ئاخاوتن دەکات، کە وا دەکات فیکر مومکین بێت، شتەکان لەمیانی زمانی ئاخاوتن (speakinig) خۆیان ئاشکرا دەکەن، لێرەدا زمان کەرەستەیەک نییە بۆ گەیاندن، کە مرۆڤ بۆ بەخشینی مانا بە جیهان، دایهێنابێت. یان گوزارشت لە تێگەیشتنی زاتیانەی خۆی بۆ شتەکان بکات، بەڵکو زمان گوزارشت لەو (ماناگەرییە) دەکات، کە بە کردەوە دەکەوێتە نێو شتەکانەوە، مرۆڤ زمان بەکار ناهێنێت، بەڵکو ئەوە زمانە لەمیانی مرۆڤەوە قسە دەکات. جیهان لەمیانی زمانەوە خۆی بۆ مرۆڤ دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی زمان بواری تێگەیشتنء تەفسیرە، کەواتە جیهان لەمیانی پرۆسەگەلی بەردەوامی تێگەیشتنء تەفسیرەوە خۆی بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکات، ئەوە مانای ئەوە نییە، مرۆڤ لە زمان دەگات، بەڵکو مرۆڤ لەمیانی زمانەوە تێدەگات. زمان ناوەندکاری نێوان جیهانء مرۆڤ نییە، زمان دەرکەوتنء ئاشکرابوونی جیهانە پاش شاردنەوەی. زمان دەرکەوتنێکی وجودییانەی جیهانە. 

بەمجۆرە دیاردەگەرایی لای (هایدگەر) دەبێتە هیرمنیۆتیکاء هیرمینۆتیکاش دەبێتە پرۆسەیەکی وجودییانەی تێگەیشتن، تێگەیشتن بریتییە لە توانای دەرککردنی شیمانە وجودییەکانی تاکە کەس لە رەوتی ژیانء بوونی لەنێو جیهان، بەو واتایە ماناکان بە پێی گەشەسەندنی مێژوویی لە گەشەسەندن دان.

بوونى رەسەن/ئاسۆى پێشبینیەکان

هەڵبەتە خوێندنەوە کردەیەکە خۆى لە دەستلێدانى خوێنەران بۆ دەق هەڵدەگرێتەوە، ئەو دەستلێدانەش لەرستێک خەون و هیواو ئومێدو خەیاڵ و نائومێدى و گریمانەکان پێکهاتووە، دەشێ هەموو ئەوانەش بە ئاسۆى پێشبینیەکان پەیوەست بکەین، بەو مانایەش ئەزموونى خوێنەر دەکەوێتە نێوان ئاسۆى چاوەڕوانى کە “دەق” فەرزى دەکات و ئاسۆى ئەزموون کە “وەرگر” تەواوى دەکات، بە مانایەکى دیکە دەکەوێتە نێوان دوو “بوون” بوونى دەق و بوونى خوێنەر.

“هایدگەر”یش دوو جۆر بوون دیارى دەکات، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ساختەیە، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە. 

بوونى ساختە: ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنن، ئیدى ئەو کارتێکەرییانە بارودۆخ بن، یاخود یاسایى ئەخلاقى و دەسەڵاتى ئایینى و سیاسى و دابونەریت و شتى لەو بابەتە بن، دەتوانین بڵێین ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ و بوار بەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بۆ دیارى بکەن، بەو مانایە ئەو کەسە ئیمکان و توانا تایبەتیەکانى خۆى لەدەست دەدات و لە ئیمکان و توانا گشتییەکاندا دەتوێتەوە. بەڵام بوونى رەسەن: ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات و لەوانى دى دابڕاوە، کە دەوترێت لەوانیدى دابڕاوە، ماناى ئەوە نییە کەسەکە بە تەنها دەژى و دوورە لە خەڵک.. واتە جۆرێکە لە دۆزینەوەى خود. مرۆڤ بەزۆرى لەو بوونە رەسەنە بێئاگایەو بە مەوجودەکانى دیکەوە خەریکە و لە دەرەوەى خۆى و لە خەڵکدا دەتوێتەوە و بێئەوەى هەست بکات کۆمەڵێک تواناو ئیمکانى بەسەردا دەسەپێنرێت، کە لە خودى خۆیەوە سەرچاوەیان نەگرتووەو لەلایەن دەرەوە بۆى دیاریکراون. 

هەڵوەشانەوەى دەق/خوێندنەوەى فەلسەفییانە

لاى (هایدگەر) زمان گوزارشت لەو (ماناگەرییە) دەکات کە بە کردەوە دەکەوێـتە نێو شتەکانەوە، مرۆڤ زمان بەکار ناهێنێت بەڵکو ئەوە زمانە لەمیانى مرۆڤەوە قسە دەکات.  بەڵام شیعر داواى هیچ شتێک ناکات، زمانى شیعرى بەیەکدادەچێت و دەچێتەوە نێو یەک و دادەخرێت، لە هەمان کاتیشدا بە شێوەیەکى تووند لێکدوور دەکەوێـتەوە. 

لە دووتوێى ئەو پێشەکییە کورتەدا دەمەوێت ئاماژەیەک بە کتێبى (بوون/ لەنێو شیعرى “مەحوى”دا) بدەم، لەو کتێبەدا (د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا) توانیوویەتى خوێندنەوەیەکى نیازئامێز بۆ گەیشتن بە “مەحوى” نەک بە دەقە جیاوازەکانى بسازێنێ.  بۆ سەلماندنى پێشبینییەکانى خۆى لەڕێگەى بەدواداچوونى خودى “مەحوی” راڤەیەکى فەلسەفى بە دەقەکان دەبەخشێت، واتە ئەگەرچى بە چاوى رابردوو لە دەق ناڕوانێ و ناکەوێتە سەر نیازەکانى نووسەر، بەڵام خوێندنەوەکەى بەڕاى من زێتر خۆى بە کەسێتى مەحوى وەک ئەوەى کە خۆى وێناى دەکات، خەریک کردووە.. خوێندنەوەیەکى ماناگیرەو بۆ ئەو وێناکردنەشى سوود لە “هایدگەر” وەردەگرێَت و هەر لەوێشەوە رێگەیەک بۆ ئاوێتەبوونى دەق دەدۆزێتەوە، پرسەکانى خۆى لەسەر جێگیر دەکات و گوتەکانى خۆى بەسەر خودى “مەحوى” دەسەپێنێ. بەمجۆرە شیعریەتى دەق بە فەلسەفە هەڵدەوەشێنێتەوە.

لەو لێکۆڵینەوەدا (د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا) دەڵێت: خودێک هەیە کە ناوى مەحوییە ئەو خودە نە کوردە نە عەرەبە نە فارسە، ئەو خودە خاوەنى جەستەیەکە کە شتێکى دیارو بەرچاوو زیندووە، بەردەوامبوونى زێندووێتى ئەو جەستەیە بە هۆى بوونێکەوە دەبێت کە بێتە نێو جەستەیەوەو تێیدا بەرجەستە بێت و لەڕێگەى ئەو جەستەیەوە تواناو ئیمکانەکانى بەدى بهێنێت. بەڵام هەتا بوونى ساختە لەنێو “مەحوى” بمێنێ، بوونى رەسەن خۆى پێشانى نادات.

دەشێ ئەو دەرکەوتن و دەرنەکەوتنە لە دەقى مەحویدا راستەوخۆ پەیوەندى بەو پەیوەندییە شیمانەییەدا بێت کە زمانى شیعریى دەیخاتەوە، بۆیە ئەو لێکدانەوە هایدگەرییە هەمیشە لە بەدواداچووندا کورتى دێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ وەک توانا و پێکهاتەى خوێنەر بەو مانایەى کە خوێنەر لە کۆمەڵێک دەق پێکهاتووە بدەینە قەڵەم.

هەڵبەتە کێشەى دەرنەکەوتنى بوونى رەسەن بەڕاى “د. محەمەد ئەمین”  لە خودى مەحوییدایە. بەڵاَم بەڕاى من ئەو دەرکەوتن و دەرنەکەوتنەى “د. محەمەد ئەمین”  کەشفى کردووە، گەمەیەکى شیعرییە و راستەوخۆ پەیوەندى بە خەیاڵ و نائاگایى ساتەوەختى نووسینى شیعرەوە هەیە. دەشێ ئەوە گەمەکانى زمانى دەق بێت کە لە نائاگاییەوە هەوڵى بەرکەوتن و لێَکخشانى واقیع دەدات. هەر لەڕێگەى ئەو دانوستاندنەش فەزایەکى بێ سنور بۆ دەمەتەقێ و بیرهێنانەوەى ئازادانە دەسازێنێ. دەمەوێت بڵێم پرۆسەى نووسینى شیعریى پرۆسەیەکى ئاڵۆزە، بەشێکى زۆرى زمانى شیعرى بارگاوییە بە لایەنى نەستییەوە لەبەر هەندێ ناشێ “مەحوى” لە حاڵەتى ئاگاییدا بێت، وەک د. محەمەد ئەمین بۆى دەچێ.  هەروەک لۆژیک و عەقڵ لە بەدواداچوونیدا بە ئەنجام ناگەن، چونکە پرۆسەى نووسینى شیعریى پرۆسەیەکە بەشێکى زۆرى لە نائاگایى لەگەڵ خۆدا هەڵگرتووە، لەلایەکى دیکە دەشێ بەشێک لە جوانى ئەو لێکۆڵینەوە فەلسەفییە لە بەرجەستەکردنى ئەکتیڤانەى منى خوێنەرەوە بێت، وەک ئەوەى “ئیکۆ” بە خوێنەرى نموونەیى ناوى بردووە، بەڵام بەشێک لە ئیشکالەکانى ئەوەیە بەر لەوەى وەک دەقى شیعرى مامەڵە لە تەک مەحویدا بکات کە لە وشەکانەوە شتەکان رەنگ دەکات، وەک لۆژیک و عەقڵ مامەڵەى فیکرى لەگەڵ مەحوییدا دەکات و هەوڵدەدات لە شتەکانەوە وشەکان دووبارە بەرجەستە بکاتەوە، لەبرى ئەوەى لە پەیوەندییەکى شیمانەییدا لەڕێگەى خەڵقکردن و دووبارە خەڵقکردنەوە وزەى زمانى شیعریى دەستنیشان بکات، لەڕێگەى پێشخستنى خودى مەحوییەوە ئەو وزە شیعرییە بەدوادەخات، هەر لەوێشەوە ئەدەبیەتى “مەحوى” لەنێوان چەمکى توانەوە لە ئەویدیکە و هەستکردن بە تاکێتى دابڕاو پارچە پارچە دەکات، ئەو راڤەکردنەش ئەگەر بەشێکى بکەوێتە دووتوێى نیازى خوێندنەوەیەکى دیاریکراوەو شیاو بکەوێتەوە، بەشێکى لەوێوە نەشیاو دەکەوێتەوە کە ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەران بۆ دەقەکانى مەحوى دووچارى شێوان دەکات، هەر لەوێشەوە کۆى ئەو پێشبینیانە دەکوژێت کە دەشێ دەق لەخۆیدا هەڵیگرتبێت.

دواجار دەمەوێت بڵێم مەرج نییە خوێنەرى نموونەیى یان ناوەکى، چەمک و رێباز و میتۆدى دیاریکراو بەسەر دەقدا بسەپێنێ، چونکە چوونە نێو دەق بەو شێوەیەى (د. محەمەد ئەمین) نەک هەر کارلێکەرى نێوان دەق و خوێنەر نیشان نادات، بەڵکو ئاسۆى پێشبینیەکانى دەقیش بە بنبەستبوون دەگەیەنێت، خەیاڵى خوێندنەوە دادەخات. کەواتە بەڕاى من ئەو خوێندنەوەیەى (د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا) لە ونبوونى خەیاڵ و سەلماندنى فیکرو عەقڵدا خۆى هەڵدەگرێتەوە، بە دیوەکەى دیکەش جوانى ئەو خوێندنەوە لەوەدایە بوونى منى خوێنەر لەبرى بوونى منى دانەر دەردەکەوێت، بە مانایەکى دیکە سێنترالیەتى دەق لەق دەکات و ئەرزش بۆ پەراوێز دەگەڕێنێَتەوە. بەو مانایەش لەڕێگەى کردەیەکى چالاکانە سپێتى دەق پڕ دەکاتەوە، ئەوەش ئامادەگى خوێنەر و مەرگى دانەر لە چرکەساتى خوێندنەوەى خوێنەر دەخاتە روو. 

 

دەرکەوتنى “عەدەم”ى وێناکراو

دەرنەکەوتنى خوێنەرى “عەدەمى”

بێکەس منم کەسێ لە زوبانم بگات نییە

هەردەم خودا نەناس و دەم پڕ لە یاخودا

“مەحوى”

ئەگەرچى قسەکردن لە (عەدەم-نەهلیستى) بەرەو کۆمەڵێک ئیشکالیەتى فیکرى و فەلسەفیمان دەکاتەوە، بەڵام بەگشتى هەوڵدەدەین لێرەدا بکەوینە سەر ریتمێکى (نیچە)ییانە، نەک بەماناى نەبوون بەرانبەر بوون.. چونکە (نیچە) دەڵێت: ئەوە ناکاملى مرۆڤەکانە کە بیانەوێت بوونى خۆیان بکەنە مانا و پێوەرى هەموو شتێک، بڕواکردن بە گوتەزاى عەقڵیش هۆى سەرەکى نەهلیزمە.  بەو مانایەش نەهلیزم کار لەسەر تپێەڕاندنى بەهاکان دەکات و هەموو حەقیقەتێکى جێگیر رەتدەکاتەوە.

هەڵبەتە عەدەمیەت بەر لە (سوکرات)ەوە بۆ (گۆڕگیاس)ء(بووزیەت) دەگەڕێتەوە، هەروەها وشەى نەهلیستییەت (تۆرگینێف)ى رووسى دایهێناوە، گوزارشت لە حاڵەتى گومانى رەها دەکاتء وەک بەرزترین ئامانج پشت بەوێرانکردنى بەرفراوانء تەواو دەبەستآ، لە نیوەى دووەمى سەدەى نۆزدەدا ئاینزایى کۆمەڵێک شۆڕشگێڕى رووسیایى بووە بە دژى (قەیسەر)ء هەوڵیانداوە تەواوى دامودەزگاکان لەڕێگەى هەوڵى تیرۆرستانەوە وێران بکەن. 

لێرەدا لە پرسیارى ئایا نەفیکردن و (نا) ئەو دیاریکردنە باڵایەن کە (عەدەم) وەک جۆرێکى تایبەتى دەخەنە روو، یان بە پێچەوانەوە نەفیکردن و نا لەسەر عەدەم وەستاون؟ بەلاى (هایدگەر) عەدەم زۆر لە نەفیکردن و نا رەسەنترە. کەواتە تواناى نەفیکردن بەو پێیەى بەرهەمى تێگەیشتنە و خودى تواناکانى تێگەیشتن، بەجۆرێک لەجۆرەکان لەسەر عەدەم رادەوەستن. بەڵام ئایا پرسیارکردن لە عەدەم لەکۆى ئەو ئاوێتەبوون و نێودژییە و بەبێ پێشبینیکردن و وێناکردنێکى پێشوەختانە چۆن دەنووسینەوە؟ هەڵبەتە لەباشترین باردا بۆ دەرککردن بە عەدەم دەتوانین وەک بیرۆکەیەک وێناى هەمەکییەتى مەوجود بکەین و پاشان هەر لە بیرکردنەوەماندا ئەوەى کە وەک هەمەکییەتى مەوجود وێنامان کردووە نەفى بکەین و وەک نەفیکراوێک بیخەینە روو، لێرەدا دەگەینە چەمکێکى شکلى (عەدەم)ى وێناکراو، نەک خودى عەدەم، چونکە هەرگیز ناگەینە خودى عەدەم.. ئێمە لە دەرەوەى خۆماندا بۆ عەدەم دەگەڕێین و دەمانەوێت لە دەرەوە دەرکى پێبکەین و بزانین چییە، بەڵام ئەوەى لێرەدا پێیدەگەین عەدەمێکە لەنێو خۆماندایە.  بە مانایەکى دیکە دەشێ وەک حاڵەتێک تەماشاى ئەو دەرککردنە بکەین و لە بارگەیەکى هەستى هەڵیگرینەوە، ئەو بارگە هەستییە لەبنەڕەتدا بە (قەلەق)ەوە بەندە، بەڵام بێگومان لێرەدا قەلەق ئەو شڵەژانە ئاساییە نییە کە لەڕێگەى ترسەوە باڵ بەسەرماندا دەکێشێت، بەڵکو زۆر بە قوڵى لە ترس جیاوازە، چونکە ترس هۆى دیاریکراوى خۆى هەیە، بەڵام ئەستەمە سەرچاوەى قەلەق دیارى بکەین. لە قەلەقدا مرۆڤ لەبارێکدایە هەست بە تەنگ پێهەڵچنین دەکات، وەک ئەوەى لە بۆشاییدا بین و لە هیچ لایەک شتێک نەما بێت دەستى پێبگرین.

بەمجۆرە ئەگەرچى قەلەق پرۆسەى وێناکردنى عەدەم نییە، بەڵام قەلەق وا لە هەمەکییەتى مەوجود دەکات بکشێتەوەو لە دەستمان دەرچێت. واتە دەمانخاتە بەرانبەر دازاینى رەسەنى خۆمانەوەو (دازاین)مان بۆ ئاشکرا دەکات.  بەمجۆرە قەلەق عەدەم ئاشکرا دەکات، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە بۆ گوتەزاکەى (بارت) بگەڕێینەوە بەوەى کە بوونى دەق بایى مەرگى دانەرە. ئەوە دەشێ بڵێین دەق ئەو قەلەقەیە کە نەبوونى دانەر ئاشکرا دەکات، کاتێکیش دەق بە قەلەق یەکسان دەکەین بەو مانایە دێ کە لە حاڵەتى نووسینى دەق جۆرە ئارامییەکى تایبەت داماندەگرێت، لەلایەکى دیکە هەر لەسەر ئەو بنەمایە وەک چۆن سەرچاوەى قەلەق دیار نییە، دەقى ئیبداعیش ئەو دەقەیە کە ئەستەمە بتوانین بە تەواوى سەرچاوەکانى دیارى بکەین، نەک بەو مانایەى کە دەقى ئیبداعى پەیوەندى لەگەڵ سەرچاوەکان دەپچڕێنێ، بەڵکو بەو مانایەى کە پەیوەندییەکى نوێ دادەمەزرێنێ و لەو شتانە دەکشێتەوە کە تواناى پەیڕەوکردنى ئەو پەیوەندییەیان نییە.

ئەگەر دەقى ئیبداعى هەستى تەنگ پێهەڵچنین ئاشکرا بکات و ئەو هەستەش بەمانا (بارت)ییەکەى نەبوونى دانەر بگەیەنێت. کەواتە دەقى ئیبداعى عەدەم ئاشکرا دەکات، بەو مانایەش بوونێکە لەمیانى مەوجودى بەرچاو دەردەکەوێت، لەکۆى ئەو قسەکردنەش دەشێ بڵێین بەبێ ئیبداع ناشێ قسە لەو بوونە بکەین، واتە ئەگەر مێژووى بوونى مرۆیى وەک “هایدگەر” دەڵێ لەو کاتەوە دەستپێبکات کە قەلەق دەبێت و قەلەقیش عەدەم ئاشکرا بکات، ئەوە عەدەمییەت ئەو داهێنانەیە کە تەعبیر لە وزەو چالاکییە خودییەکانى تاکى ویستگەرا دەکات، واتە کۆمەڵێک رووتکردنەوەو رەتکردنەوەى نێگەتیفە و داواى ئامادەگییەکى نێگەتیفانە لەبەرانبەر ئەو مەوجودە بەرچاوە دەکات.

دکتۆر محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا لەبارەى سەیرکردنى “مەحوى” بۆ دنیا دەڵێت: مەحوى پێیوایە ئەگەر مرۆڤ لەبوونى رەسەن و مرۆڤانەى خۆى دابڕێ، ئەوە روو لە دنیا و بەدەستهێنانى شتى دنیایى دەکات، لاى مەحوى دنیا هیچە، لەو هیچتریش ئیمەین کە لەسەر هیچ شەڕ دەکەین.. بەڵام وەک گوتمان ئەرکى مرۆڤى داهێنەر ئەوەیە لە پێناو پارچە پارچەکردن و راماڵینى تەواوى دامودەزگا تەقلیدى و بەها لەکارکەوتوو و بێزارکەرو بۆگەنەکان رابێتەوە، بەو مانایەش ئیبداع لە عەدەمێکەوە بەرەو عەدەمێکى دیکە هەنگاو دەنێ و هەر لەوێشەوە زنجیرەى وشەکان لەیەک دەترازێن و بەخاوەنبوون بوونى نامێنێ، تەنها ئیبداع دەمێنێتەوە.. هەمیشە ئەوە ئیبداعە تەواوى جیاوازییەکان لەخۆ دەگرێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندى دەقى ئیبداعى بە خوێنەرانەوە لەسەر قبوڵکردنى خوێندنەوەى جیاواز خۆى نمایان دەکات.

کەواتە خوێندنەوە جێبەجێکردنى کردەیەکى دیکەى ئیبداعییانەیەو بەپێى تواناى خوێنەرى جیاواز و زەمەنى جیاواز گۆڕانى بەسەردا دێت، هەر لەبەر هەندێش (ئیکۆ) پێویستى بە خوێنەرێکە کە بە هەمان ئەزموونى نووسەردا بڕوات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر دەرکەوتنى عەدەمى وێناکراو لاى مەحوى ئیبداع بنوێنێ ئەوە پڕکردنەوەى ئەو ماوەیەى کە دەکەوێتـە نێوان دەق و خوێنەر پێویستى بەو پردە نییە کە بە رابردوومان دەبەستێتەوە، بەڵکو ئەوە تەنگ پێهەڵچنینى دەقە کە ئاراستەکانى خوێندنەوە دیارى دەکات، ئەو تەنگ پێهەڵچنینە کە خەیاڵى خوێنەرى لەسەر دادەمەزرێ و لەوێوە پەنجەرەیەکى دیکە بەرووى دەقدا دەکاتەوە، بەو مانایەش خوێندنەوە پێویستى بە قەلەقى خوێنەرەوە هەیە. ئەوەش لەسەرتێکەڵبوونى ساتەوەختى خوێندنەوە دێتە ئاراوە، یان لەسەر تواناى تێگەیشتن کەوا دەکات نەفیکردن و “نا” هەبن، (ئەو نەفیکردنەى لەساتەوەختى خوێندنەوەدا دێتە دى، تێگەیشتنە). بە مانایەکى دیکە خوێنەرى داهێنەر ئەو خوێنەرەیە کە لەساتەوەختى خوێندنەوەدا وامان لێدەکات مۆڵەق بین، یان تەنگمان پێهەڵدەچنێ.. هەڵبەتە ئەوە رەتکردنەوەى هەمەکییەتى مەوجود نییە، بەڵکو کردارێکى ئیبداعییە. کەواتە ئەگەر خوێنەر لە بەرانبەر دەقى ئیبداعى دووچارى قەلەق نەبێ ناتوانێت بەشدارى لە کردەى ئیبداعى دەقدا بکات. بە مانایەکى دیکە ناتوانێ لە بوارى بە پاشکۆبوونى دەق بەرەو بوارى کەشفکردن و داهێنان هەنگاو بنێت. دەمەوێت بڵێم ئەوەى (د. محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا) لەو خوێندنەوەیەدا بە ئەنجامى گەیاندووە جگە لەوەى بەپێى جیاوازى قۆناغەکانى پێشوو هەوڵى بە جولەخستنى ماناى لە دەرەوەى شاعیر داوەو توانیوویەتى بوارێکى دیکە بۆ تێگەیشتن بکاتەوە، یان جولەیەک لەنێوان تەفسیر و تێگەیشتن بە ئەنجام بگەیەنێت، هەر لەوێوەش تەعبیر لە مێژووى ئەدەب بکات. واتە توانیوویەتى پرۆسەیەکى دیالۆگئامێزانە لەنێوان دەق و وەرگر درووست بکات و جۆرێک بێ لە پڕکردنەوەى مەسافەى نێوان مەعریفەى ئیستێتیکى و مەعریفەى مێژوویى.. لەوێشەوە راستەوخۆ پەیوەندى بە باکگراوەندى رۆشنبیریى خوێنەرەوە بکات و ئاسۆى تێگەیشتنى پێشووى دابڕژێتەوە و لەسەر چاوەڕوانییەکانى خوێنەر راست بێتەوە.

 بەڵام دەمەوێ لەلایەکى دیکە بڵێم نەیتوانییوە سپێتى دەق و وسبەلێکراوەکانى بە شێوەیەک پڕ بکاتەوە، شێوەیەک کە لەساتەوەختى بەریەککەوتندا دێتە ئاراوە، بە مانایەکى دیکە لە پرۆسەى خوێندنەوەى “مەحوى”دا دەق دووچارى قەلەقى نەکردووە، بەڵکو ئەو خوێندنەوەیە تەنها هۆیەکە بۆ بەبیرهێنانەوە.. ئەگەر بەشێکى ئەو پەیوەندیگرتنەى دکتۆر بۆ کۆى ئەو پێناسانەى پێشوو بگەڕێتەوە کە دەوروبەرى “مەحوى” داوە، ئەوە بەشێکى راستەوخۆ تەعبیر لە باکگراوەندى رۆشنبیریى خوێنەر دەکات، لەنێوان باکگراوەندى رۆشنبیریى ئەو خوێندنەوەیەو پێناسە داڕێژراوەکانى پێشوو دەقى “مەحوى” وەک لایەنە ئیستێتکى و هونەرییەکەى ونبووە، بەو مانایەش ئەو خوێندنەوەیەى دکتۆر ئەوەندەى لەسەر بەرهەمهێنانى ماناو مەدلوول کار دەکات، ئەوەندە لە هونەرى جوانگوتن و چێژ و بەرزڕاگرتنى ئاستى زمان و خزینى ماناو وسبەلێکراوەکان دوور دەکەوێتەوە. دەمەوێت بڵێم ئەوەندەى پێناسەکانى پێشوو.. تەرەسوباتەکانى دەوروبەرى دەقى مەحوى، مەعریفەى مێژوویى.. ئاراستەى خوێندنەوەکەى دکتۆر دیارى دەکات، ئەوەندە دکتۆر لەساتەوەختى خوێندنەوەو تەنگ پێهەڵچنینى دەق دوور دەکەوێـتەوە.

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply