Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

سڵاو بۆ جه‌ربه‌زه‌ییت…خه‌نده‌ جه‌مال ره‌ئووف

Be First!
by April 24, 2009 گشتی

سڵاو بۆ جه‌ربه‌زه‌ییت…

خه‌نده‌ جه‌مال ره‌ئووف

كاتێ‌ چیرۆكی (ته‌نیا)م  له‌ژماره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی نوێ‌ خوێنده‌وه‌، خه‌مێك بۆته‌نیایی ئه‌وو زۆر له‌ژنانی ته‌نیای تر دایگرتم، ئه‌وێك كه‌هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ له‌پێناوی گوزه‌رانی خێزانه‌كه‌یدا پێی به‌ جه‌رگی خۆیدا ناوه‌و هه‌موو ناسكێتی‌و جوانییه‌كانی كچێنی خۆی حه‌شارداوه‌ له‌به‌رگ‌و رواڵه‌ت‌و هه‌ڵسوكه‌وتی پیاوێكدا تاوه‌كو بێباكانه‌‌و بێ‌ توانج‌و پلار قووتی ژیانی  خانه‌واده‌كه‌ی دابین بكات.
 به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌تا گه‌وره‌بوون‌و پێگه‌یشتن به‌رده‌وام بووه‌ له‌گه‌ڵیداو ته‌نانه‌ت له‌ژیانی نێو هاوڕێكان‌و خوێندنی له‌زانكۆی ئێوارانیش به‌ڕواڵه‌ت به‌كوڕی ماوه‌ته‌وه‌و شێوه‌ی بڕِینی قژه‌كه‌ی‌و جلوبه‌رگ له‌به‌ركردن‌و جگه‌ره‌كێشانێكی زۆریش (كه‌ له‌وێنه‌كه‌یدا) دیاربوو به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵیدا، من به‌داخم بۆ كه‌سێكی وه‌ها كه‌ناتوانێ‌ خۆی له‌نێوان كچ‌و كوڕدا ساغ بكاته‌وه‌و یه‌كلایی بوونه‌وه‌یشی به‌ده‌ستی خودی خۆی نه‌ماوه‌.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام ئه‌و قسانه‌ی ته‌نیا بوو كه‌باس له‌وه‌ده‌كات هه‌موو هاوڕێكانی كوڕن‌و یه‌ك دوانێكیان نه‌بێ‌ كه‌زۆر به‌نهێنی ده‌زانن له‌بنه‌ڕه‌تدا كچه‌، ئه‌و  شه‌وان بۆ پیاسه‌ ده‌ڕواته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و به‌رده‌م نۆكاو فرۆشه‌كانی ناو بازاڕو زۆر شوێنی دیكه‌ كه‌ ئازادانه‌ پیاو ده‌توانێ‌ بایه‌كی باڵی خۆی تێدا بدات.
من بۆ خۆم چه‌ندین جار پێویستم به‌چه‌ند شوێنێكی نێو بازاڕ بووه‌ له‌به‌ر ژنێتیم نه‌متوانیوه‌ پیایاندا بگوزه‌رم، چه‌ندین ئێواره‌ حه‌زم له‌پیاسه‌كه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی ته‌نها بووه‌ به‌سه‌ر شه‌قامێكدا به‌تایبه‌ت له‌كاتی باران باریندا، به‌ڵام نه‌متوانیوه‌و ناكرێت، چونكه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ئوتومبێلانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و جادانه‌دا ده‌گوزه‌رن، هه‌ر ئه‌وان رابمێنن‌و سه‌یر بكه‌ن، بڵێن: ئه‌م ژنه‌ شێت بووه‌ به‌م شه‌وه‌ به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌سوڕێته‌وه‌؟ به‌ڵێ هه‌ندێ‌ جار شێتێتی له‌مرۆڤدا جوانه‌و ئاسووده‌یی ده‌به‌خشێت به‌و كه‌سه‌، به‌ڵام كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ردباران‌و توانج بارانی ئه‌و شێتێتییه‌ ده‌كه‌ن.
 له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نیا گیان من لێره‌وه‌ پێت ده‌ڵێم، كه‌هیچ خه‌فه‌ت بۆ ته‌نیاییت مه‌خۆ، چونكه‌ مرۆڤ له‌ته‌نیاییه‌كانیدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌….ره‌نگه‌ تۆ به‌خته‌وه‌رتربیت له‌زۆرێكمان كه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌م ژیانه‌ جه‌نجاڵه‌دا پیاسه‌یه‌كی خۆش به‌هه‌موو شوێنێكدا‌و له‌هه‌موو كاته‌كاندا ده‌كه‌یت، ده‌توانی له‌كاتی چوونه‌ بازاڕێكدا بۆ پشوو له‌چایخانه‌یه‌كدا لابده‌یت‌و چایه‌كی عه‌ترلی بنۆشیت، به‌و ئازایه‌تییه‌ی خۆته‌وه‌ توانیوته‌ خانوویه‌ك بۆ خۆت ده‌سته‌به‌ر بكه‌یت‌و چاونه‌ترسانه‌ به‌ته‌نها ژیانی تێدا به‌سه‌ر به‌ریت، دوور له‌تانه‌ی كه‌سانێك كه‌ بڵێن چۆن كچێكی جاحێڵ‌و جوان  ده‌بێت به‌ته‌نها بژی؟ بۆیه‌ لێره‌وه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌خوازم ده‌ڵێم سڵاو له‌جه‌ربه‌زه‌ییت…

تێبینی:
ته‌نیا، ناوی ئه‌و كچه‌یه‌ كه‌ به‌ڕواڵه‌ت ‌و جل له‌به‌ركردن‌و هاوڕێیه‌تی وه‌كو كوڕ وایه‌و له‌یه‌كێ‌ له‌ڕۆژنامه‌كاندا چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا كرابوو، كه‌ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ وه‌كو كوڕ هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه‌و كاسپی بۆ ماڵه‌وه‌ كردووه‌و ته‌نانه‌ت كرێكاری‌و بلۆك باركردنیشی كردووه‌و به‌و شێوازه‌ ماوه‌ته‌وه‌ هه‌تا ئێستا كه‌ له‌زانكۆی ئێواران له‌شاری سلێمانی ده‌خوێنێت‌و كه‌س نازانێت كه‌ كچه‌و وه‌ك كوڕێك ده‌رده‌كه‌وێت، چه‌ند هاوڕێیه‌كی زۆر تایبه‌تی نه‌بێت، كه‌س به‌و نهێنییه‌ درێژخایه‌نه‌ی نازانێ‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply