Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
مرۆڤ .. دوژمنی مرۆڤایەتی

مرۆڤ .. دوژمنی مرۆڤایەتی

Closed
by August 1, 2011 گشتی

   

بەشی یەكەم
(رەوشت، پەروەردە، دەروون، كۆمەڵگە، متمانە، مرۆڤ. ناهاوسەنگی…) كۆمەڵێك زاراوە تایبەت بەپێكهاتەی سروشتی مرۆڤ و چۆنێتی پێگەیاندنی وەك مرۆڤی باڵا، لەنێو بوونەوەراندا (مرۆڤ) تایبەتمەندی دراوەتێ و ئەقڵ ئەو پلە باڵایەی بەخشیوە بەمرۆڤ، كەوابوو پێناسی بەمرۆڤبوون عەقڵە، جگە لەكۆمەڵێك خەسڵەتی فسیۆلۆجی، جەستەیی و هەڵسوكەوت و ئەو سیفەتە بۆماوەو وەرگیراوانەی مرۆڤی كردۆتە بەڕێوەبەری كەینونەو لەئاژەڵانی جوداكردۆتەوە.
گەرچی كۆمەڵێك هۆكار دەبنە هۆی دروستبوونی سیفەت و خەسڵەتە وەرگیراوەكان بەئیجابی و سلبییەكانەوە، كەوابوو مرۆڤ بەتەنها هەڵگری خەسڵەت و هەڵسوكەوتی ئیجابی نییە، بەتەنها بەڵكو هەڵگری كۆمەڵێك خەسڵەتی سلبییە و مرۆڤی (ئاقڵ. سەوی) بەئاگایە لەكۆنترۆڵكردنی خۆیدا، گرنگترین هۆكار (پەروەردەیە) بەهەموو جۆرەكانی و موئەسەسە پەروەردەییەكانەوە، هەریەك لەو موئەسەسە پەروەردەییانە كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەدروستبوونی كەسایەتی مرۆڤ، بەڵام لەقۆناغی جیاواز و شێوازی تایبەت بەو ژینگە پەروەردەییە.
لەنێو كێشمەكێشی ژیان و ئەو گۆڕانگارییە خێرایەی بەسەر كۆمەڵگەكان هاتووە، مرۆڤ زەرەرمەندی یەكەمە لەنێو ئەو جیهانگیری و دونیای تەكنەلۆژیا و مۆدێرینیەتەدا، (ئەوی شایەنی سەرسووڕمانە بەخشینی پلەی دووەمە بەمرۆڤ لەلایستی ١٠ ترسناكترین دوژمنەكانی مرۆڤایەتی، لەئەنجامی راپرسییەك لەئەمەریكا ئەنجامدراوە) بەو واتایە مرۆڤ هۆكاری دروستبوونی مەترسییە بۆ سەر مرۆڤایەتی و خەسڵەتی شەڕەنگێزی و كاولكاری لەخەسڵەتە ترسناكەكانی مرۆڤن، وەك ئەوەی مرۆڤ زەرەرمەندی یەكەمە لەو بارودۆخە نائارام و ترسناكەی ئێستا مرۆڤایەتی پێیدا دەڕوات خودی خۆشی هۆكارە بۆ دروستبوونی ئەو مەترسییە گەورانە كە لەهەر چركەساتێكدا رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە.
گەر پەروەردە پلەی یەكەم بێت لەدروستكردن و پێگەیاندنی كەسایەتی مرۆڤ، ئەوا خودی پەروەردە دووچاری قەیرانێكی خراپ هاتووەو هەریەك لەدەزگا و موئەسەسە پەروەردەییەكان رۆڵێكی ئەوتۆیان نییەو لەژێر كاریگەری ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی ئەمڕۆ دونیای گرتووە ئیفلیجییەكی بەرچاو لەپەروەردە و پێگەیاندنی تاكدا دەبینرێت، كە ئەمەیان خاڵێكی مەترسیدارە بۆ هەرەسهێنانی بنەما ئەخلاقییەكان كە سەنگی مرۆڤایەتی رادەگرێت، كاتێك بنەما ئەخلاقییەكان هەرەسیان هێنا ئەوا كۆمەڵگە رەوشی دەگۆڕێت، ئاخر بنەما ئەخلاقییەكان هەرلەبچووكترین موئەسەسە هەتا باڵاترینیان كە دەسەڵاتە بەرپرسن لەهەرەسهێنانی و كاڵبوونەوەی بنەما ئەخلاقییەكانی تاك و كۆمەڵگە (وەك ئەو قەیرانە ئابووری و سیاسیەی ئەمڕۆ زۆربەی كۆمەڵگە جیهانییەكانی گرتۆتەوە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵێك رەوشت و ئەخلاقیاتی نابەجێ و سادی، وێڕای زۆربوونی دیاردەی توندوتیژی و كوشتن و دزی و گەندەڵی بەهەموو جۆرەكانییەوە. وێڕای ئەو قەیرانە دەروونییە ئاڵۆزەی كە بۆتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی و لەدەستدانی كۆنترۆڵی تاك بەسەر خودی رەوش و هەڵسوكەوتەكانیدا، كەوابوو تاكی ئەمڕۆ لەئاكامی ئەو هەموو قەیرانەدا متمانەی بەژینەگە و دەوروبەر لەدەستداوە و ئینتمای تاك تادێت لەكاڵبوونەوەدایە، جا بەهۆكاری ناهاسەنگی باری ئابووری یان نەبوونی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە. وێڕای لەدەستدانی ماف و ئەرك، كەوابوو ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك ئینحرافاتی ئەخلاقییان دروستكردووە.
گەر (ئینحراف) بەو واتایەی ئێمە تێگەیەنراوین و پێمان گەیشتووە تایبەت بێت بە لادانی ئەخلاقی، ئەوا لەهەڵەیەكی گەورەداین، بەڵكو لادان (ئینحراف) هەموو جۆرە هەڵسوكەوتێك، رەوشتی مرۆڤ دەگرێتەوە لەبچوكترینیان كە بەكارهێنانی وشەیەكی ناشرینە هەتا گەورەترین تاوان كە كوشتنە، كەوابوو (درۆ، دزی، توندوتیژی، ئیرەیی، لوتبەرزی، لەشفرۆشی، خیانەت، هەتا دەگاتە گەندەڵی كە دیارترین سیفەتی سلبی مرۆڤە، كەوابوو مرۆڤی ئەمڕۆ بەگشتی بۆتە دوو بەش، بەشێك شكستی دەستی پەروەردەی نادروستە و بەشێ دووەم چەوساوەی ژێر دەستی ئەو بەشەی دیكەیە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.