مه‌رگ له ناخمدایه … وریا جاف
هه‌ناسه‌کانم بۆنی مه‌رگیان لێ دێ
روخسارم ڕه‌نگی تۆی گرتووه ئه‌ی
مه‌رگ
سه‌ر به هه‌ر کۆڵانێکدا ئه‌که‌م
مه‌رگ ته‌نها خۆشه‌ویسته چاوه‌ڕوانمه
له‌وه‌ته‌ی ده‌ستم به‌ر ده‌ستی ژیان که‌وتووه
مه‌رگ خۆشه‌ویسترین هاوڕێمه
چیرۆکی ڕابردووی من
گه‌مه‌یه‌کی جوانه له گه‌ڵ مه‌رگدا
بۆیه
حیکایه‌ته‌کانی ئێستام
لێوان لیوه له فه‌نابوون
پڕ پڕه له مه‌رگ
من له ده‌ریایه‌که‌وه هاتووم
سه‌رچاوه‌که‌ی له مه‌رگه‌وه هه‌ڵقوڵاوه
شه‌پۆله‌کانی نامه‌ی مه‌رگیان
له گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتووه
من له دارستانێکه‌وه هاتووم
خودایش له بیری کردووه
مه‌رگ نه‌بێ
دره‌خته‌کانی ڕه‌گیان به ڕه‌گی
مه‌رگه‌وه‌یه
من چیدی بڕوا به پێکه‌نینه ساخته‌کانی ژیان ناکه‌م
ئیدی گوێ له حیکایه‌ته درێژه‌کانی با ناگرم
خۆم ناده‌مه ده‌ست شه‌پۆله شێته‌کانی ده‌ریاوه
چیتر به‌و شه‌قامانه‌دا ناڕۆم
که به قه‌ده‌ر ڕابردووی مه‌رگ له ڕۆحمدا
درێژن
ده‌ست نابەم بۆ ئه‌و دره‌خته‌ی که بۆنی ژیانی لێ ده‌ێت
باوه‌ش بۆ مه‌رگ دەکەمەوە
هه‌تا به یه‌قین بگه‌م
تا بکارم ڕه‌شترین حه‌قیقه‌ت ببینم
من ژیان له مه‌رگه‌وه ئه‌بینم
پێناسه‌م بۆ خودا مه‌رگه
عه‌شق مه‌رگه
مه‌رگ ده‌مانگه‌یه‌نێته ترۆپکی ژیان
مه‌رگ قوڵایی زه‌ریاکانمان پیشان ئه‌دات
له نێوانی من و مه‌رگدا
ئاره‌زوویه‌کی قووڵ هه‌یه بۆ پێکه‌وه‌بوون
بۆ دانه‌بڕان
بۆ گه‌یشتن به ئه‌به‌دییه‌ت
مه‌رگ له ڕۆحی من په‌یکه‌رێک
بۆ خۆی دائه‌تاشێت
تا ژیان له مندا بکوژێت
من له ڕوخساری مه‌رگ تابلۆیه‌ک
بۆ فه‌نابوون ئه‌نه‌خشێنم
تا هه‌رگیز لێم دانه‌بڕێ
وریا جاف
Wuriajaf103@hotmail.com
.