Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

هه‌ڵدانه‌وه‌و داپۆشینی ڕابوردوو…..هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

Be First!
by July 3, 2009 گشتی

 

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی ئاماده‌کارییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردوستان ، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ڕابووردو له‌لایه‌ن ( ڕازی و ناڕازییه‌کانی‌ )  نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی بوویه‌ مه‌یدانێکی گه‌رمی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌هیچ شتێکدا ڕاستگۆ نه‌بووبێت ئه‌وا له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕابوردوه‌دا  ئه‌وپه‌ڕی ڕاستگۆی به‌خه‌ر‌جداوه‌ ،  هه‌رلایه‌ک خه‌ریکه‌ حه‌قیقه‌تی کار و کارنامه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی شیاو ده‌خاته‌ به‌رچاو ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕابوردووی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی لێوان لێوه‌ له‌شه‌ڕ و کوشتار و به‌ندوبه‌ست و بردنی داهات و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک ، بۆیه‌ هه‌رزوو  ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆی ئه‌م ڕابوردووه‌ بڕیاریاندا له‌بری هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ڕابوردوو قه‌ڵه‌مه‌کانیان ڕاگرن و  ڕابوردوو داپۆشنه‌وه‌ ،  چونکه‌ زانیان ووتنی ئه‌م حه‌قیقه‌تانه‌‌ له‌ڕوانگه‌ی دژبه‌یه‌که‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ په‌زه‌کان که‌ دیاره‌ ئه‌وانیش به‌هه‌موویانه‌وه‌ شه‌ڕی په‌زه‌کان ده‌که‌ن ، حه‌قیقه‌تێک که‌خوێنی لێده‌تکێت ، حه‌قیقه‌تێک که‌ کۆکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی چه‌ند جه‌مسه‌رێک ئه‌کاته‌وه‌ به‌ حه‌قیقه‌تی یه‌ک تاوان به‌رانبه‌ر به‌خه‌ڵکی کوردوستان . خه‌ڵکی کوردوستان ڕابودوویان به‌خوێن و گۆشت و ئێسقانی خۆیان تێپه‌ڕاندووه‌ ، بۆیه‌ داپۆشینه‌وه‌ی ئه‌م ڕابوردووه‌ بۆ خه‌ڵک هیچ مانایه‌کی نییه‌و هیچ له‌ڕاستیه‌کانی ژیانی ناهه‌مواری ئه‌وان که‌مناکاته‌وه‌ ، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕابوردووه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌کته‌ره‌کانی ڕابوردوو ، گرنگیه‌کی مێژووی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ ئاشکراکردنی ڕووداوه‌کانی پشتی په‌رده‌ ، ئه‌بێت بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌هه‌موو باڵ و ڕه‌نگه‌کانییه‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ باش بزانن ئێستاش بۆ 10 ساڵی داهاتوو ده‌بێته‌ ڕابوردوو ، ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌ ڕابوردوودا چاندوویه‌تی هیچ جیاوازییه‌کی نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ئێستا دروێنه‌ی ئه‌کات ، بۆیه‌ داپۆشینه‌وه‌ی ڕابودوو هه‌وڵێکه‌ بۆ نه‌بینینی به‌یانی و شێواندنی ئیراده‌ی خه‌ڵک و هه‌ڵوێست نواندنیان ، به‌ڵام هه‌رئه‌م ڕابوردووه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی که‌خه‌ریکه‌ به‌شێکی داده‌پۆشێت له‌لایه‌کیتره‌وه‌ خه‌ریکه‌ به‌شێکیتری هه‌ڵده‌داته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌یان بۆ شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردوستاندا یان بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌ ، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕابوردوویه‌ک که‌خۆی گه‌یاندۆته‌ که‌ناری چۆنیه‌تی خه‌وتن له‌ناو په‌ڵه‌ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌و خۆشاردنه‌وه‌ له‌ناو دڕک و ده‌وه‌ن و درامای گه‌رده‌لوول و شه‌ڕی خواکورک و ته‌نانه‌ت گه‌شتۆته‌ ئاستی خواردنی فه‌رده‌ خه‌یاریش ، ئه‌م به‌شه‌ی ڕابوردوو بۆیه‌ هه‌ڵئه‌درێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئازایه‌تی و شه‌هامه‌تی ئه‌و سه‌رکردانه‌ به‌یان بکات که‌ئێستا ده‌سه‌ڵاتن یان ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵات ، تاکو به‌خه‌ڵکی کوردوستان بڵێن ڕابوردوو بڕیاریداوه‌ که‌ حاکم و به‌رپرسی ئێستا و به‌یانی و ئاینده‌تانین ، به‌ڵام واباشتره‌ خه‌ڵکی کوردوستان جۆرێکیتر بیربکاته‌وه‌و بڕیار بدات ، جۆرێکیتر له‌ڕابوردوو ، له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌ی خۆی بڕوانێت ، گرنگه‌ خه‌ڵکی کوردوستان هوشیاربێت و ڕێگانه‌دات نه‌هامه‌تی ژیان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان بکرێته‌ پردی هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یان په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ .  

  هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی                                      

Previous
Next

Leave a Reply