Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

پرسیارەكانى رەشەبا

Be First!
by August 1, 2008 ئەدەب

 
 بە دزى دڵەوە،
 شەوانە، ئاواییە وێرانەكەى مێشكم بەسەردەكەمەوە
 زەنگەكانت:
 لە ستودیۆى گۆرانییە سڕەكان هەڵدەچنم..
 نامەكانت:
 لە نێو خەمە قاچاغەكاندا دەشارمەوە..
 توڕەییت دەخزێنمە ژێرخانى بەهرەكان و،
 چرپەت:
 لە لێوارى ئۆقیانوسێكدا دەشۆمەوە..
 ناز لە دواى ناز
 نازى (نازناز) ئاسات
 لە مەیخانەى خانەقایەك ئەنجن ئەنجن دەكەم و،
 تامى بادەى پێدەگۆڕم
 بە خوێنى ماچ!!
 بە دزى دڵەوە،
 دەچمە سەر خەرمانى هەستم..
 مەڵۆكانى ئارەزوت دەدەم بە كۆڵاو
 هێشوى خۆزگە شەن دەكەم..
 
 
 جۆگەى پرژەپرژى شیعریش
 دەكەمە سەر پەخشانە هەردییەكان ..
 ئەوجا، لە شاخى پێكە شكاوەكاندا
 دەڵێم:
 تـــــــــــــــــۆ.. ئەى ئەو پردەى،
 پروشەى پەلكەزێڕینەت
 گەیاندە گۆڕى خیام و
 بیانوى گوڵت هینایەوە!
 لەنجەولارى بارانت غەرق كردو
 پرسیارەكانى رەشەبات پەڕاندەوە!!
 لە كوێى؟
 بە كام دوكەڵى بەهەشت و
 ساڵیادى كامە نێڵە نێلأ،
 ئومێدت هەڵپڕوزا؟
 خۆ تۆ میراتگرى خۆر بوى،
 لەبەرچیبو؟
 خەونامەكەى بیابــــــــــان و
 سەرمایەكى بێكوێستانت بەخشى بە مـــــــــــــن………
 
 

Previous
Next

Leave a Reply