Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
چنوور نامیق  دەنگێکی شیعری لە گەرمیانەوە

چنوور نامیق دەنگێکی شیعری لە گەرمیانەوە

Closed

ئەمە وەرزی گرانەتای عەشقە
لەژێر باڵی ترسا ئەنوێ
ئەمە رازی سەمای چنوور و شەوبۆیە
لەپرچی ئەم شەوە ئەتکێ

لە تەنهاییدا وەختە دەبمە پارچەیەک سڕبوون
دەبمە وڵاتێک لەوەحشەت
وەحشەتێک لەسەمای شین
ئەرێ بەڕاست شیعر چییه؟ ئاخۆ ژیان بەبێ شعیریش جوانی و مانای خۆی دەدۆرێنێت؟ قسەکردن لەسەر شیعرو مانای شیعر زۆری دەوێت ، بەدڵنییایەوە هەتاوەکوو ئەمرۆش کۆمەڵێک پێناسەو لێکدانەوەی جوان و بەتوانا بۆ شیعر کراوە . هەر کەسەو بەپێی بۆچوون و تێگەیشتن و جێژوەرگرتنی خۆی ، وەسفی باڵای بەرزی ئەم ژانرە گرینگەی ئەدەب دەکات. لێ جوانترین وەسف کە خوێندبێتمەوە، وەسفی شاعیری گەورەی داغستانی ” رەسول هەمزاتۆف” ە. ئەم شاعیرە مەزنەی جیهان بەم شێوەیە وەسفی شیعرمان بۆ دەکات :
”  بەبێ شیعر  جوانی ، نهێنی و سیحری خۆی دەدۆرینێت. چیاکان بەبێ شیعر ، تەنها کۆمەڵێک بەردی لەسەر یەککەوتوون ،خۆریش تەنها لاشەیەکی ئاسمانییه ،کە پڕیەتی لە ووزەی گەرم . گۆرانی باڵندەکان تەنها هاواری نەفسێکە بۆ نەفسێکی تر ، ترپەکانی دڵ ، تەنها دەورەیەکی خوێنی خێران . بەدڵنییایەوە ، ئازار هەیە ،  خێر و توورەیی ، بەزەیی و ناسکی ،هەموو ئەم هەستانە لە شیعرەوە دروست دەبن ، وەشیعریش لەمانەوە دروست دەبێت.1″
ڕاستە شیعر گوزارشت لە هەستەکانی مرۆڤ دەکات ، وێنەیەکی جوانی سروشتمان بۆ دروست دەکات، بەرگێکی پاکو بێگەرد دەکاتە بەر ژیان. ئەمانە هەمووی ڕاستن ، بەڵام لەم سەردەمی گلۆبالیزم و شۆرشی تەکنەلۆژیا و فیسبووک و ئینتەرنێتەدا ، ئاخۆ هێشتا باوی شیعر ماوە ؟ ئایا لەناو ئەم هەرا گەورەیەی  تەکنەلۆژیدا ، جێگای شیعر دەبێتەوە ؟.
  رەخنەگری گەورەی عەرەب رجاء النقاش دەڵێت :
” هەروەک چۆن نان بۆ لەش پێویستە ، شیعریش  پێویستیەکی گرینگی رۆحە . شیعر هێزێکە کە زۆرجار لە هێزی تانک و تۆپ و دەمانچەش بەهێزترە 2 )
بەش بەحاڵی خۆم هیچ کاتێک ناتوانم بەبێ شیعر بژیم . شیعر بۆتە شتێکی گرینگی ژیانم . لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دەقێکی جوانی شیعری ، ئاسوودەیەکی باش دەداتە جەستەم . بەپێچەوانەوە هەر دەقێکی ناشرینی شیعریش ببینم ، ئەوا  بێ تاقەتم دەکات .
دیارە قسەکردن لەسەر شیعری شاعیرێک  بەگشتی زەحمەتە ، گەر ئەو شاعیرەش ژن بێت زەحمەتتر دەبێت ، چونکە پیاوێکی  خوێنەر  وەکوو ژنێکی خوێنەر ، ناتوانێت بەباشی لە ژنە شاعیرەیەک بگات . لێ من  سیحر و مۆسیقای شیعرەکانی چنوور نامیق ، بۆ ناو دەریای شیعری خۆیان ڕاکێشام و لەکەناری ئاسوودەیدا خۆم بینیەوە.
کەرکووک و گەرمیان دوو جەستەی بریندار و هیلاکی ئەم وێرانە خاکەن . حکایەتە تۆقێنەرەکانی تەعریب و تبعیث ، پاشان کابووسەکانی ئەنفال ، هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەی هەژاندووە. ئەوە جێگای ڕێز و شانازییه ، کەلەپاش ئەم هەموو کارەسات و کابووسە نەبڕاوەنی مەرگ ، گووڵی شیعر شین بێت و ژنە شاعیرەیەک لەدایک بێت.
هەرچەندە ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین ، کە رەنگی پیاو ، زاڵە بەسەر هەموو رەنگەکانی تردا. کۆمەڵگایەک ، کەهیچ کات ڕیگا نادات ژنێک دەنگی خۆی هەڵبرێت . بەڵام چنوور نامیق یەکێکە لە دەنگە ناسراوەکانی گەرمیان و کەرکووک ، توانیویشیەتی مۆمی شیعری خۆی دابگیرسێنێت.
ئەم شاعیرە لە ناو زیندانی پیاو سالاری دا ، بێزار بووەو هەستی نامۆیی و تەنهایی بەسەریدا زاڵە. هەربۆیە کاتێک شیعرەکانیم خوێندەوە ، ئەم دوو هەستەم لا بەدیکرد.  لە شیعری ” تا دەرگا کڵۆمدراوەکەی ژیان دەڕۆم ” دەڵێت:
لەم دونیایە کە قەد لە دونیای من ناچێ
ڕۆژانە گەڵا دەگرم و رووتدەبمەوە لە سەوزایی
هەموو شتە نامۆکان لاساییم دەکەنەوە و
دەبن بە من بە رووخسەتی ئاخافتنێکی ژاناوییەوە
لەزاماربوونم دەڕوانم
سوێند بە سارد و سڕی دیدارە تێپەڕیوەکەم
ئەمە لە دونیا تەمەن کورتەکەم ناچێ . ل 171
هەرچەندە جوانتر بوو بڵێت ” رۆژانە گەڵا دەگرم و لە سەوزایی ڕووت دەبمەوە” چونکە کردار دەکەوێتە پاشی ڕستەوە.
چنوور ڕقی لەم دونیاییە چونکە ئەمە دونیای ئەو نییه ، هەر ئەمەش وا لە شاعیر دەکات ، کە هەستی نامۆبوون و تەنهایی لا دروست بێت . هەستی بێگانەیی تەنها ئەو کاتە دروست نابێت ، کە کەسێک بێگانە بەو وڵاتە بێت کە تێیدا دەژی ،  بەڵکە گەر  لەگەڵ ئاکار و نەریت و عەقڵیەتی کۆمەڵگا نەگونجێیت ، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبیتە کەسێکی بێگانە  بە وڵاتەکەی خۆت . هەربۆیە زۆرجار هەستی تەنهایی و نامۆبوون لەلای ئەو کەسانە دروست دەبێت .
چنوور لە شیعری ” ئەمارەتی پەنجەکانم”  ئەم هەستە ناشرێتەوە و پێمان دەڵێت :
لە تەنهاییدا وەختە دەبمە پارچەیەک سڕبوون
دەبمە وڵاتێک لەوەحشەت
وەحشەتێک لەسەمای شین
پاکییەک لە بەفر
لەهۆشی سەرسپی و
لەزیکری رۆح جەرموو ل.116

خۆشەویستی بابەتێکی گرینگی ترە ، کە تارمایی خۆی بەسەر بەشێکی زۆری شیعرەکانی چنوورەوە هەیە . هەمووکاتێک خۆشەویستی ووزەیەکی گەورە بە شاعیران دەدات ، هەتاوەکوو تەلاری شیعری خۆیان پێ جوانتر بکەن .
 رجاء النقاش دەڵێت :
” هەموو گوڵێک لەم  دونیایەدا دەکرێت بوەرێت و بمرێت ، تەنها یەک گووڵ نەبێت ئەویش گوڵی خۆشەویستیه. ئەم گوڵە لە بەهارێکی جوانی بەردەوام دەژی ،  و سروشتیش  ژیان و جوانی پێدەبەخشێت ، بۆ ئەوەی ئاوەدانیەک بداتە مرۆڤ ، لەوکاتە ی کەهەموو دەورووبەری تووشی ووشکەساڵی هاتووە . 4″
ژمارەیەکی زۆری گوڵی خۆشەویستی جوان و بۆن خۆش  لە شیعرەکانی چنووردا  هەیە. لەیەکەمین شیعرەوە هەتا دواهەمین شیعری ، خۆشەویستی هاورێیەکی بەئەمەکی چنوور نامیقەو هیچ کاتێکیش بەجێی ناهێڵێت .
لە شیعری ” چاوەروانی عەسرانێک ئەکەم بۆنی مەغریبی لێوە بێ ” . دەڵێت :
هەندێ عاشق بۆچەند جارێ یەک دەبینن
هەندێکیشیان هەر لەخەونا
هەناسە تاڵەکانی یەکتر ئەخۆنەوە
هەموو شەوێ لەسەر دەستی مامانی خەواڵوی قەدەرەوە
خەیاڵێکیان لەدایک دەبێت و دەمرێ . ل 151

لە شیعری ” چەند وردە پروشەیەک ” دەڵێت :
ئەمشەو تاقە نوێژێکم کرد
کەخاڵی بوو لەناوی تۆ
ئەویش لەسەر ئەو بەردە بوو
کەعومرێکە جێژووانمانە . ل 351
هەناسەم غەرقی شیوەنە
شیوەنی شین
وەک هێمنیت
لەچاوانتا هەڵمگرە
تاکو شین شین . ل . 352

سارتەر دەڵێت ” مرۆڤ هەڵوێستە” . واتە بوونی مرۆڤ پەیوەیستە بە هەڵوێستەکانیەوە لە ژیان. هەڵوێست بریتییه لە پیشاندانی بەرگی دەرەوەی مرۆڤ . خەڵکانێک هەن بەرگێکی جوانیان هەیە، هەشیانە  بەرگێکی ناشرین. بەدڵنییایەوە مرۆڤ لەژیانیدا ، هەروەک چۆن هەڵوێستە جوانەکانی جێگای رێزە و شانازی خەڵکیە، بەهەمانشێوەش هەڵوێستە خراپەکانی جێگای  قێز لێبوونەوەو ناخۆشی خەڵکانی ترە.
بەداخەوە لەم وڵاتەی ئێمەدا  هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر شتە ناشرین و قێزەون خراپەکان” گەندەڵی و دزی ”  دەبێتە هۆی ” نانبڕین و دەرکردن و ڕیسوایی” مرۆڤ . هەر لەبەر ئەوەشە کە  لەم وڵاتەی ئێمەدا هەڵوێست ، دۆستێکی رەزا گران و دوژمنێکی خۆشەویستە.
هەربۆیە چنوور دەڵێت :
ئاخ هەڵوێست گیان
ئەبێ ماڵت لەکام وێرانە گەڕەکی ویژدانەوە بێت
ئاخۆ ناونیشانی شەوەکانت بەکام تەیرە
شەوارە گرتووانە بێت .
ئاخ هەڵویست گیان
خۆ ئەو پیاوانەی لە نەسلی من بوون
هەموو وەرین ،،،
ئاخ هەڵوێستە قشتەکەی من
ئەوەی سێوەکەی لێکردەوە تەنها تۆ بوی
ئەوەی دەستی بۆ حەرامە جوانەکانی بەرزایی برد
ئادەم نەبوو
ئەویش هەر تۆ بووی
هەموو رۆژێک لەو زیندانە گەورەیەی ناوی ژیانە
بەدەستی پیاوانی تەریقەتەوە ئەکوژرێی
بەدەم قەڵەمی پیاوانی مۆدێرنەوە دائەچۆرێی
لەوانەی فەلسەفە درێژدادرەکانی سەلەفییانەی سەر کورسی
عەزەمەتەوە
تادێ بچووک ئەکرێیتەوە . ل 331.335.337

شاعیر ئەندامێکی پاسیفی کۆمەڵگا نییه ، بەڵکە ئەندامێکی ئەکتیف و هەستیاری کۆمەلگایە. شاعیر دەفتەری بیرەوەری گەلەکەی تۆمار دەکات و ئازار و مەینتیەکانی کۆمەڵگاکەی ، دەبێتە سامانی نەبڕاوەی خۆی . وەکو دکتۆرێک  هەوڵی چارەسەرکردنی زامەکانی کۆمەڵگاکەی دەدات ، وەکوو دایکێک بۆ نەوەکانی خۆی دەگری .
چنوور لە سەردەمە تاریک و ناخۆشەکانی جەنگی ناوخۆو برسێتی و گەمارۆی ئابووریدا ژیاوە. لەوکاتەدا سیاسەت گەورەترین جەلادی کۆمەڵگا بووە. جەلادێک کە نە رەحم بە منداڵی بێ دایک وباوک ، وە نە ئاگای لە دایکی شەهیدی جەرگ سووتاو بووە.  بەتایبەت ساڵانی نەوەتەکان ، کە کوردستان لە لێواری کۆچ و مەرگ دا بوو، ساڵانێک کە سیاسەت جگە لە وەرینی گەلای داستانەکانی جەنگی براکان ، هیچی تری پێ نەبوو. هەربۆیە لەم ساتانەدا ، شاعیر قەڵەمەکەی دەکاتە چرایەک و ئەم تاریکستانەی  جەنگ و کۆچ و مەرگی پێ ڕووناک دەکاتەوە .
 چنوور لە دیوانی ” مەرکانە شکاوەکانی جەنگ ”  شیعری (وەچانێ لە رۆخی ژانە نارنجییەکان ) دا دەڵێت :
ئەمە وەرزی گرانەتای عەشقە
لەژێر باڵی ترسا ئەنوێ
ئەمە رازی سەمای چنوور و شەوبۆیە
لەپرچی ئەم شەوە ئەتکێ
منیش ئەنووم گەر سێبەری ئەم دارستانە
رەشپۆشە نەمتەزێنێ
بێدەنگ ئەبم گەر جێ پەنچەی تاوانەکان روومەتی
چرای بێداریم نەسووتێنێ . ل 202

هەرچەندە زۆر جوانتر دەبوو گەر بینووسیایە “
گەر جێ پەنچەی تاوانەکان روومەتی
چرای بێداریم نەسووتێنێ
بێدەنگ دەبم

هەمووکاتێک ژنان قووربانی یەکەمی جەنگەکانن ، چونکە ئەوان هیچ دەستییان لەم  جەنگەدا نەبووە بەڵکە پیاوان هەمووکاتێک هەڵگیرسێنەری جەنگەکانن. هەر لەبەرئەوە شاعیر لەلایەک دەیەوێت دڵی دایکێکی شەهیدی بداتەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕقی پیرۆزی خۆی بە چاوی پیاوانی جەنگەوە دەتەقێنێتەوە .
چنوور هەر لەم دیوانەیدا لە شیعری ” دوانزە چڵە حەزی وشک هەڵاتووی 97 ” ، کە بە بڕوای من یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی . لێرەدا دەڵێت :
داڕمانی جەستەی پیناوی سیاسەت و
شوێن پێڵاوە کۆنەکانی نەفامەکان
دڵی رووباری لێڵ ئەکرد
هێشتا من و گۆرانییەکەم لێک غەریب بووین
هەڵمی ئاشنابوونی کۆچمان بەسەرا هات . ل 266

چەند سەرنجێک /
ئەوەی کە لەشیعرەکانی چنوور نامیق دا هەستمپێکرد ، بوونی سەدان ووشەو دەستەواژەی عەرەبی ڕەقن ( فیراق، مەیئووس، مەنفا، مەعبەد، ،،)  لای من ئاساییە گەر شاعیر پەکی لەسەر ووشە بکەوێت و هانا بۆ ووشەیەکی بێگانە بەرێت ، لێ نابێت ئەمە بکاتە نەریتێک یان بە شێوازی تایبەتی خۆی دابنێت .
لە شیعری ” خەونی بیابان لە دییەم نابێتەوە ” دەڵێت :
لەمابەینی بیرەوەری گەڵایەک و
خەمە ساردەکانی نیگات . . ل 44
ئایا ” لە نێوان ” جوانتر نییە تا ” مابەین” ؟ .
لە” چاوەکانم بوون بە مۆڵگەی باران ” دەڵێت:
ئەو دێت و سۆراخی
مەوسیمی کۆچم لێدەکات
وەلێ زەمەنی کۆچیش گۆڕاوەو
هەر دەگڕێم … ل 35
” زەمەن و مەوسیم ” هەردووکیان لەم شوێنەدا یەک مانا دەبەخشن .
یان لە شیعری ” ئیستێک لەخەوزڕانی شەوێکدا ” دەڵێت :
هێشتا گزنگ بەتەراویحی بەیانیان ئاشنا نەبوو . ل 204
( تەراویح) نەریتێکی شەوانەیە ، کەتەنها لە شەوانی رەمەزان دەکرێت . لەبەرئەوە دانانی ” تەراویح ” لەم ڕستەیەدا ، هیچ مانایەکی نابەخشێت .
چنوور لە ناولێنانی شیعرەکانیشی کەمێک کێشەی هەیە ، بۆ نموونە هەر لەم شیعرەی سەرەوە . ” چاوەکانم بوون بە مۆڵگەی باران ” .  تۆ کەناونیشان هەڵدەبژێریت بۆ شیعرێک دەبێت پێش ئەوەی بەدوای مۆسیقای ووشە وێڵ بیت ، بیر لە مانای ووشەکە بکەیتەوە. ووشەی ” مۆڵگە ” بۆ حەیوان بەکاردێت . ” چاو” ناسکترین و پاکترین ئەندامی لەشی مرۆڤە . چاو بە مۆلگە شووبهاندن ، ناشرینترین  میتافۆرەی شیعریە  کە دیبێتم .
خاڵێکی تر کەلە شیعرە خۆشەویستیەکانی بەدیدەکرێت ، کە خوێنەر نازانێت ئەمە شیعری دڵدارییه یان دۆستانە . بەواتایەکی تر ، ئەو کەسەی کە شاعیر رووی دەمی لێیەتی خۆشەویستەکەیەتی یان هاوڕێ کەی . ووشەی هاورێ  زۆر بەکاردەهێنێت ، لەکاتێکدا شیعرەکە دڵدادرییە. ” هاورێ” بۆ شیعری دڵداری بەکارنایەت ، چونکە هاورێ ، مانای خۆشەویست ناگەیەنێت ، بەڵکە زیاتر مانای دۆستایەتی مرۆڤانە دەگەینێت .
سەرت بنێ بەسەرمەوە
لەپیاسەیەکی بێ پەنای ناوەختانێکمدا ،،
پاشان دەڵێت :
هاورێ خەمێکی پێرو کەم بگرەو
رۆژەکانم بکە ڕێگا
هاورێ پێکێکم بۆ تێکە .ل . 28/ 30
لە کوردەواریدا ژن و پیاو کە سەریان نا بەسەر یەکەوە و پیاسەیان کرد ، پێیان ناڵێین هاورێ بەڵکە دەبنە خۆشەویستی یەکتر .
بەداخەوە ئێمە رۆژانە گوێمان لە هەواڵی کوشتن و یان لێدان و سووتاندنی ژنێک دەبێت. ئەمەش یەکێکە لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگای کوردی . لەپێش هەمووکەسێکەوە پێویستە ژنان ، بەتایبەت ئەوانەی قەڵەم بەدەستن و ئاستێکی رۆشنبیری باشیان هەیە ، ئەوان دەبێت ببنە پێشەنگی ژنانی تر و ڕێگا لە دڕندایەتی پیاوان بگرن . لێ ئەوەی کە بۆشاییەکی گەورەی خستۆتە ناو شیعرەکانی چنوورەوە، نەبوونی شیعرێکە لەسەر ئازار و مەینتیەکانی ژنی کورد .  بە بڕوای من دەبوو ئەم باسەش ، پانتاییەکی گەورەی لە شیعرەکانی داگیربکردایە ، چونکە ئەو بۆ خۆی ژنە و زۆر لەپیاوانیش باشتر دەتوانێت باسی هەست و نەستی ژنان بکات و ڕاستگۆیانە تریش دەتوانێت بەرگری لە مافەکانیان بکات .
هیوادارین لە داهاتوودا ، ئەم کەلێنانەش پڕ بکاتەوەو کاریان لەسەر بکات 4.


ئەردەڵان عەبدوڵڵا


سەرچاوەکان :

1.    رجاء النقاش . شعراء عالمیون . کفافی . بابلو نیرودا. طاغور . رسول حمزاتوف .  الطبعة الاولی . دار اطلس للنشر و الانتاج الاعلامی  . قاهیرە . 2007 . 188
2.    هەمان سەرچاوە. ل . 41
3.     هەمان سەرچاوە . ل 178
4.    چنوور نامیق . کۆمەڵە شیعر . خەتام کرد وای ئادەم کەوتم . چاپخانەی بەڕێوبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی . چاپی یەکەم . 2009

ئەم ووتارە لە گۆڤاری هەنار بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.