Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل…ئازاد حەمە

Be First!
by January 25, 2008 گشتی

 7- لە کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل شتێ نییە پێبووترێ شیکردنەوەی دەروونی و  ڕۆشنبیری تەندروستی:
گەندەلبوونی تاک و شتە دەروونیەکان
    – بەشی دووەم و کۆتای-
ئەوی لایسەرەوە باسکرا لایەنێکی کێشەکەیە بەلام لایەنی تری ئەو کێشەیە ئەوەیە کۆمەلگە (مەبەست کۆمەلگەی گەندەلە) پڕبووە لە کەسی بێباوەڕ و بیر نەزۆک و بێ ئامانج. ئەم لایەنە بەخۆی یەکێکە لە دیاردە زۆر ئالۆز و تایبەتەکانی نێوەندی کوردی لە کوردستان و لە هەندەران. ئەگەرچی ئەم دیاردە دەروونییە شتێ زۆر چاخییە و بەرهەمێ ڕاستەوخۆی گۆڕانە پەلە و خێراکانی جیهانی نوێیە بەلام کورد وەک کۆمەلگە و کولتوور لە کاریگەریی شتە چاخییەکان لێدابڕاونیە و کەسی کوردیش لەم بوارەدا وەک کەسێ نا-بەرهەمهێنەر و بێ لایەن ناشێ ببینرێتەوە. بۆنموونە کاتێ تەماشای دەوروبەری خۆماندەکەین و یان تەماشای بەرهەمە هونەریی و بەناو فکری و کارە ڕۆژنامەگەریی و ئەدەبیەکانمان دەکەین چاومان بە سەدەها حالەتی نەخۆشاوی و کێشەئامێز دەکەوێ کە لەڕەچەلەکدا هەموو بەسەرهات و گێڕانەوەی دەروونی و پاتۆلۆژی لەپشتەوەیە و پریشکی ئەو بەچاخبوونەشی پێوەیە تیایدەژین. یان کاتێ تەماشای مالپەڕە کوردیان دەکەین (ڕەنگە نێوەندی کوردی کەمترین مالپەڕی هەبێ نەک هەر لە چاو ڕۆژئاوا بەلکو لەچاو زۆربەی کۆمەلگەکانی دەوروبەریشمان) تادەگاتە کتێب و پڕۆگرامە تەلەفزیۆنی و هەروەها ئەو هەموو ڕۆژنامە و هەفتەنامە و ئەمجار گۆڤارانەی سەرجادەکانی لە شارەکانی کوردستان تەنیوەتەوە بەو بینینە دەگەین بەشێ زۆر لەو مالپەر و ڕۆژنامە و گۆڤارانە لەهەموو ڕووێکەوە زەمینە بۆ ژیانێ نەزۆک و بیرکردنەوەهاێ بێ مانا و تێگەیشتنی بێ ئایندە خۆشدەکەن و تادەشتوانن کەس و مرۆڤی بێ باوەڕ پەروەردەدەکەن ، ئەلبەتە لە فۆڕمی کەسی دیموکراسی و جیهانی و مۆدێرن و لیبرال.
ئێمە نامانەوێ لێرەدا ئەم ناو و واتانە (دیموکراسی، جیهانی و ..هتد) بێ ماناکەین و لە ڕەوتی مێژووی و شارستانی خۆیانی بخەین چونکە ئەوە ئامانجی ئێمە نییە و ئەم باسە کورتەش ئەو هەلەی تیاناڕەخسێ ڕەوتی مێژووی و شارستانی ئەم ناو و واتانەی تیا بە باشی ڕونکەینەوە بەلام ئەوی ئێمە ویستمان لەمیانەی گوزارەکردن لەوی ووتمان بیریخەینەوە ئەوەبوو یەک لە دیاردەکانی چاخی ئێستامان ئەوەیە کە لەژێرڕکێڤی تەوژمی ئەو ئابووریزمەی سەرتاپای گەردوونی گرتۆتەوە واتای وەک دیموکراسی، جیهانی و لیبڕال لە کۆنتێکستی ڕاستەقینەی خۆیان دوورخراونەتەوە و ئەو واتانە وایانلێکراوە ملکەچی بازاڕ بن و ئامادەبن وەک شمەکیان لێبێ و لەوە بکەون مانا و بەها درووستکەربن و پارێزەری کۆنتێکستی (سیاقی) مرۆیی خۆشیان بن. ئەوی لەمحالەتەشا دەمانەوێ جەغتی لەسەربکەین ئەوەیە نووسین و هونەر و سیاسەتی تازەی کوردی لەلایەن خۆیانەوە بەشداری خۆیانیان لە بێمانادارکردن و نەزۆککردنی ژیان و حەزە ئەبەدییەکانی ناو ئەم ژیانە هەیە و ڕۆلیشیان لە ڕاهێنانی خەلک لەسەر جۆرە ژیانێ کۆیلایەتی سۆپەرمۆدێرن هەیە کە ئەمەش دواتر وادەکا کۆمەلگەی ئێمەش ببێ بەخاوەنی تاکهاێ سایکۆی ماندوو و بێ باوەڕ و بێ ئایندە. ئەوەی لەم پەڕەگرافەش حەزدەکەین نەختێ ئاماژەی پێکەین ئەو بێ باوەڕیەیە بەشێ زۆر لە تاکەکانی سەر گۆی ئەم زەوییە زۆر پێشکەوتوو و سەردەمییەی گرتۆتەوە، کە گومانی ناوێ کەسی کوردیش لەبەرئەوەی تازە بووە بە میوانی ئەو گۆی زەوییە دەشێ دووچاری گشت ئەو شتانە بێ کە ئەویتر پێوەیدەبێ. بۆیە لەڕیزی کوردانیش بێباوەڕی لە نەشونماێ سەیردایە و ئەمەش (واتە بێ باوەڕی) دەبێ بە هۆێ کە دواتر دەروونناساغ و ڕۆحشەکەتمان هەبێ و خۆشیان لە کونجی نەخۆشخانەکانا ببیننەوە. چونکە بێ باوەڕی و خۆ ڕاهێنان لەسەر بێ ئامانجی و بێ هیوایی لە ڕووحسارە سەرەکییەکانی ژیانی لەمەولامانن و ئەمەش یارمەتیدەرێ گەورەن نەخۆشکەوین و هەروەها ژیانمان بە سەدەها دیاردەی پاتۆلۆژی (نەخۆشیئامێزی) یەوە تێکەلبێ.
ئێمە کە دەلێین بێ باوەڕی دەمانەوێ ئەو وێنە هەلە و نەخۆشانە لەسەر باوەڕداری دوورخەینەوە ڕۆژئاوا و کۆمەلگەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا لەسەر کەسی باوەڕدار دروستیان کردووە کە مرۆڤێ ناشرین و چلکن و تیرۆریست و نەخوێندەوار و ڕیشنە. نەخێر وانییە و ئەو وێنانە سەرچاوە لە دەروونێ ناساغ و ناسازەوە هەلدەگرن و زادەی تێگەیشتنێ عیلەتدار و تەرەفداریشن. ئەمەو ئێمە مەبەستمان لە کەسی باوەڕدار ئەو کەسەیە بێ زەرەر و ڕێنیشاندەر (نەک نوێنەر و سەرپەرشتیکەر و بەڕێوەبەر) و نیەت پاک و بە ویژدان و میهرەبانە نەک گێرەشێوێن و هیچگەرا و هەلپەڕست و دۆگما و مشەخۆر. بۆیە باوەڕداری ئەوەیە مرۆڤ گوناه و هەلە دەرهەق بەویتر نەکا و بەشداریش لە دروستکردی تاوان، بەدی و ناپاکی نەکا و، ڕۆلیشی لە هەلگیرسانی ئاشووب و جەنگ نەبێ و ، ئامانجیشی چاندنی تۆوی ویژدان و مەحەبەت و سۆز بێ نەک سزادان و دووبەرەکینانەوە. بەلام ئەم مرۆڤە لە ئێستادا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لەنەماندەکا و گشت وێنە و نیشانەکانیش ئەوەمان بۆڕوندەکەنەوە ویژدان و میهرەبانی و سۆز لە ئاوابووندان و ئەم شتانە کە وونیانمانکردوون پێناچێ بەمزوانە بیاندۆزینەوە. ئەی ئەگەرنا کوان مرۆڤە باوەڕدارەکان ،ئەو کەسانەی زانین و باوەڕەکانیان هاوسێییەکبوون، ئەوانەی باوەڕساغ و نیازپاکبوون (وەک باوەڕی نالی و مەحوی، ئەفلاتوون و ئاگۆوستینۆس، و….) نەک ئەوانەی باوەڕیان لە دەرد و زەغم لێوانلێوبوو (جا ئەوە کەسێ سیاسی وەک ستالین و سەدام بێ یان هونەرمەندێ وەک مادۆنا).
لەوانی لەسەرەوە باسمانکرد سەیرتر ئەوەیە باوەڕداری وەک ئەوەی ئێمە وێنامانکرد و ڕووخسارەکەیمان دەستنیشانکرد ئەوەیە چاخی نوێ لە گشت ڕوو و لایەکەوە دژی ئەم جۆرە کەسەیە کە ئێمە ناوماننا کەسی باوەڕدار. چونکە ئەو تەکنیکە نوێیەی بەڕێوەیە دوژمنی هەرە گەورەی باوەڕ و باوەڕدارییە و، بەو واتایەی ئێمە ئاماژەمان پێکرد تەکنیکی نوێ و کۆمەلگەی نێتهۆرک توانیوویەتی لەگەل خۆی جۆرێ تر لە باوەڕداری دروستکا کە ئەوەش پارەپەرستی و سێکسخوازی و جەنگدۆستی و مەرگبازییە. ئەمانە باوەڕە تازەکانن و سەرچاوەکەی ئەو میتافیزیکە نوێیەن پێیدەلێن تەکنەلۆژیای زانیاریی. بۆیە ئەوەی پێیبلێن ویژدان و مەحەبەت و میهرەبانی ڕۆژبەڕۆژ لە فەرهەنگی ئەم چاخ و میتافیزیکە تازەیە ڕوو لەکەمبوون دەنێ و لەبڕی ئەوە هەوەسبازی و خۆپەرستی و دروستکردنی پارە ،بەهەچ جۆرێبێ، باودەبی و دەشبێ بە تاکە باوەڕێکی لەمەولامان. وەلی زۆر حەیف نەوەی نالی و مەحوی و دەیەها لەم جۆرە زاتایانە ئەمڕۆ لەخۆڕا و بەئاسانی کەوتونەتە ناو ئەم چاخە بەناوەڕۆک سایکۆ و شەکەتەوە و بەگشت جۆرێکیش ئامادەن وەک کەسهاێ تازە تەماشاکرێن و بکرێن بە ئەندامی ئەم چاخە پەرت و بێ ئایندەیە. ڕەنگە بۆ ئەوانەی بەڕێوەن بێنە ئەوروپا یان ئەوانەی ئێستا لە کوردستان یان لە هەندەران عاشقی ئەوروپان پێکەنینیان بە تێگەیشتنەکانی ئێمە بێ و وایبۆبچن ئەوە ئێمەین ماندووین نەک ئەوانەی بەناوی نووسینی فکری و سەروتاری سیاسی و کاری هونەری سەیرسەیرەوە تۆوی بێباوەڕی و نەزۆکی و سینیستی دەچێنین. لەگەل ئەوەشدا ئێمە بێگومانین لێرە و لەوێ تاکهاێ هەرهەن کە زۆرترین بیرکردنەوە و ئەندێشەیان بۆئەوە تەرخاندەکەن دژی بەدی و دووڕوی و بێ باوەڕی سەردەم بوەستنەوە و ڕەنگە زۆرجاریش لە بڕی ئەوە پاداشتیان لەسەرکارلابران و غەمنۆشکردن بێ بەلام زۆر موخابن ژمارەی ئەو کەسانە ڕۆژانە لەکەمبووندان و زۆرینەکە بوونە بە تاکهایەکی سەردەمی و ئەو باوەڕدارە مۆدێرنانەی کۆیلەی پارە و غەریزەن. کۆمەلگەی گەندەلیش لەبەرئەوەی مۆلگەی بێ مافی و نا-دادپەروەری ژیندەری و نا-تەبای کۆمەلایەتی و ئابووریە یارمەتیدەرێ چاکە بۆ بوونبەکۆیلە و شوێنێ بەجێشە بۆ دروستکردنی کەسی ناتەواو و ناسەلیم و ، ئەم شوێنە شیاویێ زۆریشی لەبەردەستە بۆ لەخۆخستنی خۆ ، واتە ئەوەی خۆ نەکارێ ببێ بە خۆی، واتە تاک نەتوانێ ببێ بە تاک و کەسێ خولقێنەر. بۆیە پیێمانباشە لە دووتۆی ئەم چەند لاپەڕەیە بەشێ لەو سەرنجانە ڕووخەین لەمڕوەوە تایبەتن بە کۆمەلگەی گەندەل و دیاردەی داننەهێنان بە تاک و شتە دەروونیەکان:
 
* ئەوەی لە کۆمەلگەی گەندەل باوی نەبێ چوونە لای پزیشکی دەروونییە هەروەها گەر خەلک یان دەوروبەر پێتبزانن چوویتەتە لای پزیشکێ دەروونی ڕەنگە بە کەمئەقل و ناتەواوت لەقەلەمبدەن. کەواتە دکتۆری دەروونی و دەروونناس و تاکی دەروونی و کێشەی دەروونی بابەتی باسکردن نیین و شیکردنەوەی دەروونیش وەک پۆلێ لە زانست لە کۆمەلگەی ناوبراو نەناسراو و ناباوە ئەمەش وایکردوە ئەم بەشە لە زانکۆکان بایەخی نەدرێتێ، یان کۆلێژی دەروونناسی کراوە بە بەشێ لە کۆلێجی پەروەردە یان وێژە (ئاداب) بۆیە کەس ئامادە نییە بچێتە ئەو کۆلێجە کە دواتر کارەکەی لەناو خەلک زۆر دیار و بەرچاوینابێ. کەواتە ئەو قوتابیانەی  بەتازەگی ئامادەییان تەواوکردوە و بیرلەوە دەکەنەوە ئایندەیان لەناو کۆمەلگە دیاربێ بەزۆری بیر لەو بەشە زانستیانە دەکەنەوە بیخوێنن کە ستاتۆسی (کیانی) کۆمەلایەتییان بۆدروستدەکا (وەک پزیشکی، ئەندازیاری، و یاسا) بۆیە زۆرینەی قوتابیانی کورد کە ئامادەی تەواودەکەن (کە زۆربە لەنێوان 18 بۆ 20 سالن) لەوەناگەن کۆلێجی سیکۆلۆژی یان سیکیاتری چەند بۆ کۆمەلگە گرینگە و چەند دەرچووی ئەم بەشە دەکارێ بەشداری لە چارەسەرکردنی دەردەکانی تاک و کۆمەلگە بکا. بەلام لە ولاتانی ڕۆژئاوا کۆلێجی سیکیاتری داواێ زۆری لەسەرە و تابلێی سەختیشە وەرگرتن لەم کۆلێجە چونکە دەرچووانی ئەم کۆلێجە دواتر زۆرترین کاریان دەستدەکەوێ و ، بۆئەوەی قوتابیەکیش لەو بەشە وەرگیرێ دەبێ باشترین پلەی هەبێ، واتە هەمان ئەو پلەیەی کۆلێجی پزیشکی و کۆلێجی تەلارسازی داوایدەکا.
 
* دامەزراوەکانی کۆمەلگە تازەکان زۆر بە دکتۆری دەروونیەوە پێوەندیدارن. زۆربەی بوار و کەرتەکانی کۆمەلگا و بواری بەرهەمهێنان کە یاسای بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی جیای خۆیان هەیە پزیشکی دەروونیشیان هەیە بۆنموونە دائیرەکانی پۆلیس و ئاسایش ، شوێنەکانی داد و ماف، دائیرەکانی باج و قەرەبوونەوە، قوتابخانە و شوێنەجیاکانی پەروەردە و …هتد هەریەک لەم شوێنانە پزیشکی دەروونیان هەیە. ئەمەو ئەو شوێنانە جگەلەوەی یاساناس و مافناسی خۆیانیان هەیە دکتۆری دەروونیشیان هەیە کە شیکردنەوەی خۆی لەبارەی کەس و ڕووداوە ڕۆژانەی و کاتیەکان دەدا. ئەمەو جگەلەوەی نەخۆشەکان بەگشتی دەروونناس و دکتۆری پزیشکی خۆیانیان هەیە و دوای گشت ڕوودا و کێشەێ پزیشکی زۆرئاسایە نەخۆشەکە بنێردرێتە لای دکتۆری دەروونی بۆنموونە ئەو ئافرەتەی لە ڕووداوێ منالەکەی لەباردەچێ یان بەئارەزوی خۆی منالەکەی لەباردەبا دەنێردرێتە لای دکتۆری دەروون ئەمەو ئەو دایکەش کە بەتازەگی منالی بووە و لە مانای دایکایەتی و واتای منال و منالبوون ناگا ئەویش دەنێردرێتە لای دکتۆری دەروونی ئەمەو تادەگاتە حالەتی تر وەک کوشتن و تەعدالێکراوان و تەعداکەر و زۆر شتی وورد ووردی کۆمەلایەتی تریش. بەلام نابێ ئەوەشمان لەبیرچێ گشت خێزانێکیش بۆی هەیە دکتۆری دەروونی خۆی هەبێ و ئەندامەکەکانی هەمان خێزانیش دەتوانن دکتۆری دەروونی جیاجیان هەبێ ئەمەش بۆئەوەی هەریەکە بەئارەزووی خۆی و بێڕاڕای شتە تاکی و کەسیەکانی خۆیباسکا.
لەو چەند سەرنجەی لایسەرەوە ووترا ئامانج ئەوەبوو بلێین، دامەزراوەکانی کۆمەلگەی گەندەل (خێزان، قووتابخانە، دادگا، ئاسایش و..هتد) پێوەندیان بە شیکەرەوەی دەروونی و پزیشکی دەروونیەوە نییە و ئەو نەرێتە تەندروستیەش لەو دامەزراوانەدا باو نییە کە بەوچاوەوە بڕواننە منال و قوتابی و کارمەند و کارگێڕ و فەرمانبەران. هۆی بنەڕەتیش لەمڕوەوە ئەوەیە کە لەلاێ ئەو دامەزراوانە لەسەر بناغەی دانهێنان بە تاکبوون دروستنەبوونە و لەلاێتریش تاکی دەروونی و حالەتی دەروونی بۆ ئەم دامەزراوانە بابەتی تێڕامان نییە چونکە لەکۆتایدا ئەم دامەزراوانە هیچیان نییە لەتەک دەروون دا بیکەن. بۆئەم دامەزراوانە دەروون ڕێگر نییە لەبەردەم ژیانی تاک و دروستکەری هیچ ئاماژە(سیمتۆم) ێکیش نییە. واتە ئەم دامەزراوانە بۆئەوەناچن دەروون لە ژیانی تاکا ئەوەندە کاریگەر بێ و مەترسی شتی گەورەشی لێناکرێ.
 
* تاکەکانی کۆمەلگەی کوردی هاوچەرخ کە نەوەی یەک ڕیز لە تراژیدیای وەک مەهابادن پێویستیێ زۆریان بە چاودێری دەروونی ئاست جۆراوجۆرە چونکە زانستی شیکردنەوەی دەروونی لەماوەی 40 سالی ڕابردوو بە گەلێ گۆڕانی مێتۆدی تێپەڕیووە. لایئێمە خەلک تەنیا شیکردنەوەی دەروونی بیستووە بەلام ئەمڕۆ لەڕاستیدا لە کۆمەلگە تازەکانی ڕۆژئاوا ، کە کەوتوونەتە ژێر زەبری کاریگەریەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری نوێووە، شیکردنەوەی دەروونی لقوپۆپێ زۆریلێبوەتەوە و، ڕۆژانە هەولدەدرێ نەخۆشە دەروونیەکان لە ژووەرەکانی نەخۆشخانە دەروونیەکان دوورخرێنەوە و ببریێنە باخچە و سینەما و شانۆکان و یان بە پۆل سەفەریان بۆسازکرێ بۆکەنارەکانی دەریا و شوێنە سەیر و سەمەرەکان بەلام ئەمەش گرێدراوە بە ئابووری و بودجێتی تەندروستی ئەو کۆمەلگە ڕۆژئاوایانەوە. چونکە ئاوڕدانەوەی گشت کۆمەلگە ڕۆژئاواییە نوێکان لە تەندروستی تاکەکانی کۆمەل وەک یەک نییە و لە ڕاگەیاندنەکانا هەمیشە مشتوومڕی تووندی لەسەرە. بەلام هوشیاری تاک لەم کۆمەلگانە و ڕاستگۆی مێدیاکان لەمڕوەوە یارمەتیدەری باشن بەردەوام گفتوگۆ لەسەر بودجێتی تەندروستی و پەروەردە بەتایبەتکرێ و بۆیشە لە هەلبژاردنەکانا ئەم لایەنە هەمیشە زۆرترین سەرنجی دەخرێتەسەر. چونکە درووستبوونی تاکی بەپەروەردە و بەتەندرووست بە قازانجی گەورەی کۆمەلگە و مرۆڤایەتیش دەگەڕێتەوە، هەروەها  کەمکردنەوەی نەخۆشییە دەروونی و کۆمەلایەتی و کێشە سیاسی و فیزیایەکانی تاک ڕەنگدانەوەی گەورەی بەسەر گشت دامەزراوەکانی کۆمەلگەشەوە هەیە و یارمەتیدەریشە بۆ بنەبڕکردنی هەلپەڕستی و مشەخۆری و تاوانسازی و توندوتیژی و بێهیوای لەناو خەلک.

* ئێمەی خەلکی کۆمەلگەی گەندەل دەروونناسێکمان پێویستە نائاگایی سیاسی تاکەکانی کۆمەلگەمان بۆ شیکاتەوە. بەلام بۆئەوەی ئەم شیکردنەوەیە ئەنجامدرێ پێویستیمان بە شیکەرەوەی دەروونی شارەزا و ڕاهاتووە لەسەر مێتۆدە هاوچەرخەکان. چونکە تاکە سیاسییەکانی کۆمەلگەی ئێمە ئامادەنین خۆیان وەک نەخۆش ناوزەدکەن و دۆزی کۆمەلایەتیشیان بەجۆرێ ڕەخساوە و ستاتۆسی وەرگرتووە خۆیان بە ساغترین و بەتەندروستترین کەسی کۆمەلگە دەزانن بەلام لەڕاستیدا ئەمە بەوشێوەیە نییە و تاکی سیاسی گەندەلی کوردی ، تاکی ڕۆشنبیری گەندەلی کوردی، سەرچاوەی گەلێ لە کێشە دەروونیەکانی کۆمەلگەی گەندەلە یان سەرچاوەی بەشێ زۆر لە کێشە دەروونیەکانی تاکی کۆمەلگەی ناوبراوە. بەلام گرفتەکە لێرەدا لەوێدایە کە دامەزراوەکانی کۆمەلگەی گەندەل و ئەمجار مێدیای ئەم کۆمەلگەیەش لاواز و ناکاریگەرە ئەگینا دەیتوانی ببێ بە ڕەقیب بەسەر ئەو نەخۆشانەوە و پەیتا پەیتا پەلەکێشی نەخۆشخانە و دواتر دادگاشیانکا. چونکە سیاسیێ یان ڕۆشنبیرێ دەروون نەخۆش سەرەتا پێویستە بەتەندروستکرێ ، واتە تیمارکرێ، دواتر پەلەکێشی دادگاکرێ نەک بەپێچەوانەوە.

* لەبەرئەوەی بوونی کەسی سایکۆ (دەروونی) و دواتر دەرووننەخۆش لەناومانا لە ئاکامی گۆڕانکارییە کۆمەلایەتی و ئابووری و زانیارییەکان لەگەشەکردندایە و لەلاێ تر گەشتی بەردەوای کەسی کورد لەنێوان دوو شێوە کۆمەلگا و مێنتالیتێ (خووڕەوشت) و دوو جۆر لە ترادیسیۆن و ئاکار، واتە پاێ لە کوردستان و پاێ لە ئەوروپا، پاێ بەرەو گرووپگەرایی و پایەکەی تر بەرەو خۆلیبرالکردن، پاێ لەناو ئەندێشەهایەکی دەستەجەمعی و ئەویتریان لەناو گۆڕەپانی تاکە جەمعی، هەروەها پاێ لەناو حیزبایەتی و بیرتەسکی و پایەکەیتر لەناو بیرگەرایی گلوبال و ڕادیکال، کاردانەوەی بەرچاویی خۆی بەسەرئەمکەسەوە هەیە کە گەلێ ئاساییە لەئاکامی ئەوەوە ئەم کەسە دووچاری دوانەیی و دووکەسی و پەرتیدەروونی بێ. بەلام باس لەم دیاردەیە (دیاردەی دروستبوونی سایکۆ(دەروون نەخۆش) لە کۆمەلگەی گەندەل  پێویستە لە پێوەندی بە بارودۆخی سیاسی و فکری کۆمەلگە ، یان بەواتا باوەکەی لە پێوەندی بە دۆزی هزری سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە، بەرباسخرێ. چونکە خەلک لە کۆمەلگەێ لەو جۆرە کە بەزۆری زەلیلی دەستی دیاردەی گەندەلییە وەک لە شتێتر ئەم دیاردەیە ماناێ گەورەی بۆ دروستکردنی ناسازی مافی و یاسایی و نالێشاوی لە کاری سیاسی و ڕۆشنبیریی هەیە و ئەوەش دونیایێ کێشەی دەروونی و هەستی و عەقلی بۆ خەلکی ئەم کۆمەلگەیە دروستکردووە. بۆیە تاکی دەروونی کۆمەلگەی گەندەل تایبەت و جودایە و ناشێ بەهەمانچاوی تاکی دەروونی ڕۆژئاوا تەماشاکرێ کە لەژێرکاریگەری زەبری زانستی نوێ دایە. بۆیە ئێمە وایبۆدەچین لەمحالەتانەدا بۆباس لە بوونی دیاردەی دروستبوونی تاکی دەرووننەخۆش دەشێ لەڕیزی کەسانی سیاسی و ڕۆشنفکرانەوە وەسەرکەوین و وێنە و تارمایەکانیان ووردە ووردە دیارکەین و باری پەشێوی و هیلاکی دەروونیان دەستنیشاندەکەین دواتر شۆڕبینەوە ناو دەرەوەی ئەم بازنەیە و کەس و توێژ و تاقم و چینەکانی تر بەسەرکەینەوە. چونکە گەندەلی ئەوەندەی خایاند و ئەوەندەش شاررایەوە و سوودی لێوەرگیرا لەئاکامای ئەوە لەشکرێ لە دەروون ناساغ و تاکی نا- تەندورووست لە گشت شوێنێکی کۆمەلگە هاتۆتەکایەوە. بۆیە بۆ لەمەولا کۆمەلگەی کورد زۆر ئاساییە چەند جۆرێ لە کەسی دەروونبیماری هەبێ و هەروەها لەئاکامی هاتنەدەرەوەی بەلێشاوی کوردیش لە هەموو نوێژ و چینەکانەوە بۆ ئەوروپا (حیزبی ،لبیڕال،مامۆستا ،کاسبکار ، هونەرمەند ،شێخ ، نەحوێندەوار و ئەکادمیکەر و…..) و ئامادەبوونیان بۆ ژیان بەسەربردن لە کۆمەلگەهاێکی تەواو جیا لە ڕووی فکری و خووڕوشت و ئاین و ئیتنییە گومانناکەین ئێستا خاوەنی ڕیزێ مرۆڤی نا-تاکجۆری دەروونبیماری کورد نەبین.

* چەند سێستەمی پەروەردە لە کۆمەلگەی گەندەل وێرانە چەندین قاتی ئەوە سێستەمی تەندروستیش وێرانە. دلنیام بودجێتی وەزارەتی ڕۆشنبیری یان پەروەردە گەلێ بەرزترە لە بودجێتی وەزارەتی تەندروستی. ئەمەش بەدلنیایەوە ماناێ زۆری بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەروونناساغی لە کۆمەلگە و بلاوبوونەوەی نا-تەندروستی دەروونی لەناو دامەزراوەکان و کایە سەرەکی و چالاکەکانا هەیە. لەبەرئەوەش کە بواری ڕاگەیاندن، قوتابخانە ، نێوەندی ئەکادیمی و ڕێکخستنەکانی حیزب و یان خێزان و دائیرەکانی دەولەت باوەڕیان بە دەروونناسی و هوشیاری تەندروستی نییە ناتوانن لەو کێشە نوێیانە بگەن ڕۆژانە بەرۆکی تاکی کۆمەلگەی گەندەلی کوردی دەگرێ. چونکە دامەزراوەکان کە شوێنی تاکن نە باوەڕیان بە دروستبوونی تاکە و نەش لە دەروونی تاک دەکۆلنەوە. بۆیە کاتێ بودجێتی یان خەرجی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە لوتکەدا دەبێ لە گەندەلی زیاتر شتێ ئەوتۆ بەرهەمناهێنێ.

* کۆمەلگەی تازەی کوردستان، مەبەست کۆمەلگەی پاش ڕاپەڕینە، پێویستی بە سیکۆتێڕاپی(چارەسەرسازی دەروونی) یێ زۆر هەیە. ئەم کۆمەلگەیە لەبەرئەوەی چەندین دەیەیە، بەدرێژای وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ژێردەست و لاواز و بێدەرەتان و بێ ناسنامەدەکرێ و ئێستاش کتوپڕ کەوتۆتە ناو کاریگەریەکانی کۆمەلگەی زانیاری نوێی ڕۆژئاواوە کانیاوێکە لە کێشە کۆمەلایەتی و کولتووری و دەروونیەکان. بۆیە ئەم کۆمەلگەیە پێویستیێ زۆری بە دەروونناس و جۆرەکانی تری پسپۆڕیە لە بواری دەروون لەوانە: تێڕاپیست (چارەسەرساز، بێبەکاربردنی دەرمان)، سیکیاتریست (شیکەرەوەیدەروونی)، سیکۆتێڕاپێست (پزیشکی دەروونیچارەسەرساز) و ..هتد. هەریەک لەم بەشانەش بەجۆرێ و لەسەر شێواز و مێتۆدێ کار بۆدۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی تاک دەکەن. واتە هەربەشە و لەسەر ڕەوتێ لە ڕەوتەکانی زانستی دەروونی دەیەوێ خۆی لەو کێشە بووناوی و پەیوەندییانە نزدیککاتەوە کە ئەو کێشە دەروونییانەیان لە کەسە نەخۆشەکە دروستکردووە و ، ئەلبەتە هەندێ لەو بەشانە پشت بە چارەسەرسازی دەبەستن و خۆیان لە دەرمانسازی دووردەخەنەوە و بەشێکیشی پشت بە دەرمان و یان ڕێگای جومناستیک و هەندێ وەرزشی فیزیای و جەستەی و زەینی دەبەستن. واتە کاری سیکۆتێڕاپی گەلێ فۆڕمی هەیە هەر لە فۆڕمی بایەخدان بەلایەنی ئاگای و ناگای نەخۆشەوە تادەکاتە ئەو فۆڕمانەش نەخۆش ئەخاتە ژێرچارەسەری ترەوە تا بایەخ بەتوانای هزری و هەستی نەخۆش بدرێ ، جائەوە لەڕێگای چارەسەری پزیشکییەوە بێ یان غەیرە پزیشکی.

* لە کۆمەلگەی گەندەل ""ڕۆشنبیری تەندروستی"" بابەتی باس نییە و سەختی ژیان وایلە تاکی ئەم کۆمەلگەیە کردوە خەیالی تەنێ لای کارکردن بێ و ئاگای لە تێچوون و کڕینەکانی بێ. بۆیە لەم جۆرە کۆمەلگانە، لەبەرئەوەی تەوژمی گەندەلی ئیداری و سیاسی ئەوەندە کاریگەر و زەفەربەرە مرۆڤ ناکارێ بیر لە پشوو و حەوانەوە بکاتەوە و هەروەها ناپەرژێتەسەرئەوەش لە ڕووی تەندروستیەوە بایەخ بە جەستەی خۆی بدا و ڕاگەیاندنەکانیش لەبەرئەوەی دیسانەوە بێئاگان لە ڕۆشنبیری تەندروستی و خۆشیان قووربانی ئەو گەندەلە ئیداری و سیاسی و ڕۆشنبیریەن کۆمەلگەی تەنیوەتەوە بۆیە نازانن و ناتوانن هوشیاری لەسەر چۆنیەتی پاراستنی لەش و بەرزکردنەوەی ڕادەی ڕۆشنبیری تەندروستی بلاوکەنەوە. لەبەرئەوەی نووسینە ڕۆژنامەوانیەکانیش بەزۆری سەرقالی ووتنن لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان و هەلسەنگاندنی تێکستە ئەدەبیەکان (ئەدۆنیس بووە بە خوای ڕەخنەگرانی کورد) بۆیە هیچ ڕۆژنامەوانێ خەیالی بۆئەوەناچێ چەند دێڕێ لەسەر چۆنیەتی خواردنی ژەمەکان (قاوەتی، خواردنی نیوەڕۆ و ئێوارە) و چی باشە بخورێ و چیش خراپە نەخۆرێ بنووسێ. چونکە ڕۆژنامەوانە ئازیزەکانمان تەنیا خەیالیان لای سازدانی لێدوانە لەسەر ""ڕۆشنبیری و دەسەلات""، ""بودجێتەکەی هەرێم""، ""مادەی 140""، ""دادگای ئەنفالچیەکان"" یان وەرگێڕانی تێکستی ئەدەبی، بۆنموونە ئەدۆنیس بەحال بدوێ لە پاش خوێنەری عەرەبی خوێنەری کوردی لێبەئاگادێ.
ئەمەو ئەو هوشیاریەش لەناو خەلکی کۆمەلگەی گەندەل نییە کە پۆلی باس لە ""تەندرووستی تاک"" دەکارێ خۆی لەقەرەی مەسەلە کۆمەلایەتی و کولتووریەکانیش بدا بۆنموونە پەروەردەی منال و پێوەندی منال بە باوک و دایک و دواتر پێوەندی منال بە دەرەوەی مالەوە واتە منال لە قوتابخانە و گەڕەک و شوێنە تایبەت و گشتیەکانیتر. ڕاستە مافی پەروەردەی دایک و باوک بەسەر منالەوە دیاردەێ ئونیڤێرسالە بەلام کێشەی بەدواوەیە بۆنموونە ئەو باوک و دایکانەی توانای ئەوەیان تیانییە ببن بە باوک و دایک گەورەترین کێشە لە پێوەندیەکانیانیا لەتەک منالەکانیا بەجێدێلن مەبەستم زۆرێ لە باوک و دایکەکان ئەو شیاوییەیان تیانیە وەک باوک و دایک تەماشاکرێن جا ئەوە پێوەندی بەلایەنی پەروەردەی ئەو باوک و دایکانەوە بێ یان بە لایەنی باری تەندروستی دەروونی ئەم باوک و دایکانەوە بۆیە دەبێ شوێنی تایبەت و دامەزراوەی تایبەت ئەم شتانەبکا و خەلک لەسەر ئەوە پەروەردەکەن و ڕابێنن کە بایەخ بەو منالانەبدەن  باوک و دایکێ دەروونبیمار و یان هەلەیان هەیە. ئەمەش بەخۆی پێوەندیێ زۆری بە ڕادەی هوشیاری دەروونی و تەندروستی تاکەوە هەیە کە چۆن ئەم تاکە بکارێ خۆی بناسێ (دەروونیخۆی بناسێ ) و خۆی (دەروونیخۆی ) لە ویتر (لە دەروونیئەویتر) جیاکاتەوە.

* یەک لەو خالانەی زێدەبایەخدارە لێرە هێجگار پێویستە ئاماژەی بۆکرێ ئەوەیە گەلێ مرۆڤی تازەی کورد وەک باقی مرۆڤەکانی تری سەردەم نازانێ نەخۆش و ماندوو و پەرتە هەروەها لەوە بەئاگانییە پێویستی بە چارەسەرە و دەبێ تیمارکرێ. بۆیە لەمڕوەوە شیکەرەوەدەروونیەکانی کورد گەلێ کێشە و بەربەستیان دێتەڕێ تائەو دیتنە لای کەسی نەخۆشی کورد دروسکەن کە نەخۆشە و پێویستی بە تیمارسازی دەروونی هەیە. 

* لایسەرەوەش ووتمان کۆمەلگەی گەندەل کۆمەلگەی تاک نییە و بەلکو کۆمەلگەی گشتە ئەمەشوادەکا تاک بێشوێن و بێئەدرێس بێ ئەمەش لەلایخۆیەوە ڕەنگدانەوەی ترسناکی لەسەر بوونەوەرهاێکی وەک منال و ئافرەت دواتر نووقسان و شێت و پەککەوتە و پیر و بەسالاچوو زۆرترە. بۆیە ئەودەمەی تاک لە کۆمەلگە ووندەبێ ، ئەو دەمەی شوێنێ نیە بۆ خود ئەوا منال و ئافرەت و پیر زۆرترین زیانیانلێدەکەوێ چونکە ئەمانە لە بنەڕەتدا لە کەسە لاواز و فەرامۆشکراوەکانی کۆمەلگەن، کۆمەلگەی گەندەل. هەروەها کاتێ کۆمەلگەی ناوبراو تەنیا تاکێک و تەنیا ژیندەرێ(ڕەگەزێ) لە کۆمەلگە دیار و بەرچاوی دەکا بەمە زۆرترین نا-دادپەروەری ژیندەری و فیزیای بەرهەمدێنێ چونکە ئەم جۆرە کۆمەلگەیە مانەوەی بە هەندێ شتەوە گرێدراوە یەک لەوانە ئەوەیە کە ئەم کۆمەلگەیە تاکسڕەوەیە(مەبەست سڕینەوەیە) و ئەمجار زەقکەرەوەی ژیندەری پیاویشە بۆیە کاتێ کە دانیشدەنێ بە تاک تەنیا دان بە تاکی گەورە و ژیندەری پیاو دەنێ لەمبەینە دیسانەوە منال و ئافرەت زەرەرمەندن. چونکە گشت بڕیارەکان لەناو دامودەزگاکان لە پشت منال و ئافرەتەوە دادەڕێژرێن. ڕاستە ڕێژەی فەرمانبەری ئافرەت لە کۆمەلگەی گەندەل لە زیادبوونە بەلام ئەم بەرزبوونەوەیە هیچی لە جەوهەری چەوسانەوە و تووندوتیژیەکان نەگۆڕیوە چونکە تەوژمی گەندەلیزم هەروەها لکانی کۆمەلگەی گەندەل بە کۆمەلگەی دیگیتالەوە وایکردوە چەوسانەوە و توندوتیژیەکان ئاڕاستە و ڕەوتی تر وەرگرن. بۆیە وونبوونی هوشیاری تەندروستی و نەبوونی شوێنێ بۆ شیکردنەوەی دەروونی لە کۆمەلگەی گەندەل زۆرترین کاریگەری نێگەتیڤانە لەسەر ئافرەت و منال بەجێدێلێ. ئەمەو لە کۆمەلگەی گەندەلی کوردی تائێستا ئەو نەرێتە دەیخوا کە ""بەرخی نێر بۆ سەربڕین باشە"" ئەمە دیتنە وایکردووە نێر(پیاو، کوڕ) بکرێ بە هێماێ بۆ ئەوپەڕی لەشساغی و هی ئەوە نەبێ نەخۆش کەوێ یان نەخۆشە بۆیە بەچاوێکەوە تەماشای دەروون و لەشی نێر دەکرێ کە شتێ پۆلاین و ئەفسانەییە کەچی بەهەمان چاوەوە سێری دەروون و لەشی ئافرەت ناکرێ و ئافرەت لایئێمە واتە ئەو کەسەی دەروون وێران و لەش لاوازە بۆیە زۆرجار لایئێمە مێ وک زەعیفە تەماشادەکرێ ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەو زەعیف و لاوازە و بەرگەی هەمووشتێ ناگرێ. ئەمەش بەلگەێترە لەسەرئەوەی وونبوونی تاک، داننەهێنان بە دەروونی تاک لە کۆمەلگەی گەندەل وەک یەک کاریگەری ناخاتەوە و دادپەروەریش لە بلاوبوونەوەی کاریگەریەکانا نییە.
بەلام لە حالەتی کۆمەلگەی ئێمەدا، واتە بۆئەوەی شیاوی لەبەردەم دانهێنان لەلاێ بە کێشەی دەروونی و ئەمجار بە بوونی تاکی دەروونی بهێنرێ، پێویستە ڕەچاوی چەند سەرنجێبکرێ کە گرینگترینیان ئەمانەن:

* پێویستە لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە، لەمیانەی مێدیای کوردیەوە بەگشت جۆرەکانیەوە، شیاوی لەبەردەم گفتوگۆکردن لەبارەی گرفتی دەروونی و چۆنیەتی بوونی تاک لە کۆمەل بە تاکی دەروونی(سایکۆ) بهێنرێتەپێشەوە. واتە هەنگاوی یەکەم بریتیە لە پەخشکردنی هوشیاری و زانیاری لەبارەی دەروونی تاک و چۆنیەتی تووشبوونی ئەم تاکە بە کێشە دەروونیەکانەوە و ئەمجار چۆنیەتی ناسینەوەی ئاماژەکانی کێشەی دەروونی لای تاک.

* دەرگاخستنەسەرپشت لە مێدیای کوردی لە پسپۆڕان لەبواری دەروونی و لە شیکەرەوانی دەروونی بۆ ووتن هێنانە پێشەوە لەسەر کێشە دەروونیەکان. ئەم دەرگایە پێویستە لەسەرخۆ و دادپەروەرانە بخرێتەسەرپشت. چونکە دەرگای ناوبراو بەزۆری بۆ ڕەخنەگری ئەدەبی (نەک زمانەوان)، وتاربێژیسیاسی (نەک تیۆریزەکەریسیاسی) و پیاوانیئاینی(نەک ئاینناسان) لەسەرپشتە.

*هەولدان بۆ دروستکردنی نەوەێ لە پسپۆڕان ئەوەش بەهۆی خۆشەویستکردنی بەشی دەروونناسی و شیکردنەوەی دەروونی لەناو لاوان و دەرچووانی بەشی ئامادەی.
 
* ڕێگائاسانکردن بۆ کارکردنی پسپۆڕان لە بواری نەخۆشییە دەروونیەکان ئەمەش بەهۆی ئاسانکردنی کردنەوەی کلینیکی دەروونی و دامەزراندنی نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت و تەرخانکردنی پارە بۆئەم مەبەستە.
 
* پشتگیریکردنی وەزارەتی تەندروستی بۆ هاریکاریکردنی شوێنە تەندروستیەکان و دابینکردنی دەرمان و ئەو پێویستییە پزیشکیانەی لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی دەروونی بەکاردەبرێن، وەک ئامرازەکانی جومناستیک.

* دروستکردنی پردێ مەعریفی(ئێپستمی) لەنێوان دەزگاکانی پەروەردە و تەندروستی بۆ چاودێریکردن و بەرزکردنەوەی باری ڕۆشنبیری پەروەردەی و ڕۆشنبیری تەندروستی تاکە جیاوازەکانی کۆمەلگە.

Previous
Next

Leave a Reply