Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

کۆچ و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەلای ڕۆمانووسی گەورەی عەرەب تەیب ساڵح

Be First!



 من بەردێک نیم تووڕدرێمە ئاوەوە، بەڵکو تووێکم و لەکێڵگەدا دەوەشێنرێم.
نیعمەتت دا بە کەر و دەوڵەتت دا بە سەگ .
ژیان تژییه لە ئێش و ئازار . بەڵام دەبێ گەشبین بین و بوێرانە ڕووبەڕووی ببینەوە.

ماوەیەکی زۆرە وڵاتی سودان بۆتە وێردی سەر زمانی میدیاکانی جیهان . زۆرجار وڵاتان حەزدەکەن ببنە بابەتی میدیاکانی جیهان بەتایبەت رۆژئاوا، بەڵام بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە نەک نێگەتیڤانە. لێ سودان ماوەی چەندین ساڵە وێنەیەکی ئێجگار ناشرین و قێزەونی خۆی پیشانی جیهان داوە. ( کۆیلەکردن، کوشتنی ملیۆنان کەس، کێشەی باشووری سودان و دارفور، جینۆسایدکردنی گەلانی باشوور و دارفور بەدەستی رژێمی عەرەبی فاشیستی باکوورەوە) . لێ هیچ کاتێک سودان نەیتوانیوە وێنەیەکی جوانی خۆی پیشانی جیهان بدات . من لەناو ئەم هەموو وێنە ناشرینانەی سوداندا ، گووڵێکی ئێجگار جوانم  لە ناو زەلکاوی تاوانی ئەم وڵاتەدا دۆزیەوە. تەیب سالح ئەو گوڵە بۆن خۆشەیە ، کەبۆنی تاوانی ئەم وڵاتە دەسڕێتەوە. مۆمێکی بچووکە کە تاریکسانی ئەم وڵاتە رۆشن دەکاتەوە.
دیارە زۆرن ئەوانەی لەسەر کۆچ نووسیویانە، زۆر رۆمان و چیرۆکم دەربارەی ئەم بابەتە خوێندۆتەوە، لێ هیچ کامیان هێندەی رۆمانی ( وەرزی کۆچ بەروباکوور) ی تەیب ساڵح کاری لێنەکردم . تەیب ساڵح  زۆرشارەزاییانە بە جیهانی کۆچ و کێشەکانی ئەفریکاو پرسی رۆژهەڵات و رۆژئاوا  قووڵ بۆتەوە. زۆر بە جوانی تواینویەتی قەڵەمەکەی لە دروستکردنی تەلاری رۆماندا بەکاربهێنێت.

کۆچ /
دیاردەی کۆچ لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا پەیدابوو. هەرلەسەرەتاوە مرۆڤ ، بەدوای خواردن وئاوو ئاسایشدا وێڵ بووەو هەتا کشتووکاڵ پەیدانەبوو ، مرۆڤ جێگیرنەبووە. کۆچ هەتاوەکوو ئەمرۆش بەردەوامە ، بەڵکە کۆچکردن بۆتە یەکێک لەسیما گرنگەکانی کۆمەڵگای مۆدێرنی ئەمڕۆمان . تەیب ساڵح یەکەمین رۆمانووسی عەرەبی و جیهانیش بووە، کە پرسی کۆچی لەباشوورەوە بۆ باکوور باس کردووە. ئەم رۆمانە کەلەساڵی 1966 دا نووسراوە، من ئەم ساڵ خوێندمەوە لەلایەن بەرێز سەباح ئیسماعیل کرابوو بە کوردی . پاش نزیکەی 45 ساڵ هێشتا ئەم رۆمانە هەمان گرنگی و جێژی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێت. تەیب ساڵح توانیوویەتی هۆکارەکانی کۆچ ، بەزمانێکی ئێجگار بەرزی ئەدەبی باس بکات. مستەفا سەعید کە قارەمانی رۆمانەکەیە ، سەرەتا لەبەر ئەوەی خوێندکارێکی ئێجگار زیرەک و چالاکە ، وڵاتەکەی خۆی ( سودان) بەجێدەهێڵێت و دەچێت بۆ قاهیرە بۆئەوەی لەیەکێک لە قووتابخانەکانی ئەوێدا بخوێنێت . هەروەک مامۆستاکەی بە مستەفا سەعید دەڵێت ( ئێمە لێرە هەر ئەوەندە زانیاریم پێیە ، باشترە بچێت بۆ قاهیرە لەوێ زانیاری زیاتر پەیدا دەکەیت ) . لەوێش لەلایەن خانەوادەیەکی ئینگلیزیەوە کەلە قاهیرە دەژین ، دەینێرن بۆ ئینگلتەرا بۆئەوەی لەیەکێک لە زانکۆکانیدا خوێندن تەواوبکات . واتە لەم کاتەدا ، فاکتەری سەرەکی  کۆچی ئەفریکایەکان بۆ باکوور گەڕان بەدوای خوێندن و زانستدا بووە. دیارە جگە لە خوێندینیش تەیب ساڵح باسی هۆکاری تر دەکات ، بۆ نموونە راکردن لە ئاووهەوای گەرمی ئەفریکا . هەرچەندە ئەمە ژمایەکی کەمی خەڵکی دەگرێتەوە.
نارەزایی بەرامبەر بە خۆر و گەرمای ئەفریکا /
هەمووکاتێک خۆر لای زۆربەی ئەدیبان و هونەرمەندان ، وەسفێکی جوان و تەلیسماوی هەبووە. خۆر نیشانەی ڕووناکی و گەرمایی و ژیان بووە. هەتاوەکوو ئێستا هیچ نووسەرێکم نەبینیووە، کە دژی خۆر ڕاپەڕێت و شۆرشێکی  گەورەی ووشە لەدژی بنووسێت . لێ گەلانی باشوور بەحوکمی ئەوەی چەندین مانگ لە ژێر گەرمایی خۆردا دەژین ، زۆرئاساییە کە لەم کەشووهەوایە ناڕازی بن . تەیب ساڵحیش زۆر شارەزاییانە ناڕەزاییەکانی خەڵکی باشووری بەرامبەر بە خۆر ڕاگەیاندووە.

لەم ئاسمانە سووتێنەرە پەڵە هەورێک نییه ئومێد ببەخشی . هەر دەڵێی سەرقاپی تەنووری دۆزەخە. ڕۆژ لێرە شتێکە هیچ نرخێکی نییه . تەنیا ئازارێکە و بوونەوەری زیندوو لە چاوەڕوانیی هاتنی شەودا پێوەی دەتلێتەوە. شەو سەرفرازییه ،،،، لاپەڕە 106
خۆ ئاوەزی مرۆڤ لە یەخچاڵ نەپارێزراوە. ئەمە ئەو خۆریە ، کە بەرگەی ناگیرێت. مێشک دەتوێنێتەوە و بیرکردنەوەش ئیفلیج دەکات .لاپەڕە107
ڕێگەکە نابڕێتەوە، ڕۆژەکەش وچان نازانێت . مستەفا سەعید ناهەقی نەبوو بەرەو سەرماو سۆڵی باکور هەڵات .. لاپەڕە 109 .


رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا/

پرسێکی گرنگی تر کەلەم رۆمانەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت ، مەسەلەی رۆژهەڵات و رۆژئاوایە. دیارە ئەم بابەتە زۆرکۆنەو ، زۆر لەمێژە نووسەران وبیرمەندانی جیهان ، خۆیان پێوەخەریککردووە. لێ تەیب ساڵح هەوڵی داوە بە زمانێکی ئاسان قسەی خۆی لەم بوارەدا دەرببرێت . دیدی مرۆڤی رۆژهەڵاتی بۆ رۆژئاوایی زۆر جیاوازە. دەتوانین رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە دوو جیهانی گەورەی دابنێین. ئەم دوو جیهانە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کەشووهەوا و فەرهەنگی و ئایینەوە جیاوازن . هەر ئەم جیاوازیەش بۆتە هۆی ناکۆکی و شەڕی چەندین ساڵەی نێوان ئەم دوو بەشە گرنگەی جیهان. تەیب ساڵح لەم رۆمانەیدا هەوڵی داوە ئەم پرسە لە زاری کەسایەتی ئاسایی و زاری رۆشنبیرەکانەوە باس بکات . بۆنموونە کاتێک  حکایەتخوان دەگەڕێتەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا کەسووکارەکەی کۆمەڵێك پرسیاری سەیری دەربارەی ژیان و خەڵکی ئەوروپا لێدەکەن . دیارە ئەم پرسیارانە لەهەموو جێگایەکی تری رۆژهەڵات دا دووبارە دەبێتەوە.

دەربارەی ئەوروپا پرسیاریان لێدەکردم ، خەڵکانی ئەوێ وەک ئێمەن ، یا جیاوازییان هەیە ؟ گوزەران لەوێ چۆنە ، گرانە یاخود هەرزانە؟ خەڵکی لە زستان چی دەکەن ؟ دەڵێن ئافرەتیان بەسەری ڕووتەوە لەگەڵ پیاواندا بەئاشکرا سەما دەکەن !. ل 9

ترساین بە ژنە دیانێکی خەتەنە نەکراوەوە بگەرێیتەوە ناومان . ل. 9

بەڵام تەیب ساڵح دەیەوێت خۆی بکاتە پردێک و ئەم جیاوازیانە کەم بکاتەوە. لای تەیب ساڵح مرۆڤەکانی رۆژهەلات و رۆژئاوا هەموویان یەکن . ئەو هەوڵ دەدات ئەو نامۆ بوونە تادەتوانێت کەمتری بکاتەوەو نەیهێڵێت .
بەپێی زانینی خۆم وەڵامم دانەوە . ئەبڵەق بوون ، بەوەی  گوتم ئەوروپیەکان هەندێ شتی لێ دەرکە ، وەک ئێمەن . ژن دەهێنن و مندال بەخێو دەکەن ، بەپێی دابوونەریتی خۆیان ڕەوشتیان باشە ، بەگشتی میللەتێکی باشن . ل 9
هەر لەم رۆمانەدا نووسەر شوێنێکی تری بۆ  ئەم ململانێ گەورەیە داناوە. ئەمجارەیان گفتوگۆی سیاسی و کولتووری نێوان کابرایەکی ئینگلیز( ریتچارد) و کابرایەکی سودانی ( مەنسسور) بەجوانی دەردەخات . کە دەتوانین زیاتر لە زمانی رۆشنبیرانی هەردوو لاوە گفتوگۆکە کراوە.
ریتچارد دەڵێت :
بڕوانن ، ئێمە چەند لێبوردەو ئازادیخوازین ! ئەم پیاوە ئەفریقییە وەک ئەوەی یەکێک بێ لەئێمە ! کچمانی خواستووە و بێ جیاوازی لەگەڵماندا کاردەکات . گەر پێ بزانن ئەم جۆرە ئەوروپییانە باشترنین لەو شێتانەی بڕوایان بە باڵا دەستی پیاوی سپی پێستە لەخوارووی ئەفریقیا و ولایەتەکانی خوارووی ئەمریکا ،، ل. 61
پاشان ریتچارد ڕەخنە لە عەقڵیەتی ئەفریکایی و رۆژهەڵاتی دەگرێت :
ئێوەخۆتان بڕواتان بەپڕوپووچ و ئەفسانەی لەجۆری تازەهەیە. ئەفسانەی دروستکردن، ئەفسانەی خۆماڵیکردن ، ئەفسانەی یەکێتی عەرەبی ، ئەفسانەی یەکێتی ئەفریقی. ئێوە وەک منداڵ باوەڕتان وایە کە لەناخی زەویدا گەنجینەیەک هەیە بە موعجیزە دەستتان دەکەوێت و گرفتەکانتانی پێ چارەسەردەکەن و بەهەشتێک بنیات دەنێن . خەیاڵ، زیندەخەو، ئەمەش لەڕێگای فاکت و هەژمارەو ئامارەکانەوە. ل 61
پاشانیش ئامۆژگاری ئەفریکایەکان دەکات و دەڵێت :
دەکرێ بەو واقعەی خۆتان قایل بن ولەگەڵیدا هەڵبکەن و لەسنووری تواناتاندا هەوڵی گۆڕانی بددەن ،،، ل. 62

لەبەرامبەر ئەم قسانەی ریتچارد ا، مەنسوور  وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت :
 پیاوی سپی ، هەرلەبەرئەوەی لەمێژووماندا ساڵانێک فەرمانڕەواییان کردووین ، تاماوەیەکی زۆریش بەوچاوەوەلێمان دەڕوانن ، کەدەسەڵاتدار لەژێردەستەکەی دەڕوانێت ،،ل 62
پاشان مەنسوور دەڵێت :
ئێوە پەتای ئابوورییە سەرمایەدارییەکەی خۆتان بۆ ئێمە گواستەوە . جگەلەچەند کۆمپانیایەکی کۆڵۆنیالی ، کە خوێنمانیان مژی و ئێستاشی لەگەڵدا بێت چیتان دا پێمان ؟
ریتچارد وەڵامی مەنسوور دەداتەوە :
 تێکرا ئەمانە ئەوە دەگەیەنن ، کەئێوە بێ ئێمە هەڵناکەن . بۆڵە و سکاڵاتان بوو بەدەست کۆڵۆنیالیزمەوە . هەرکەدەریشچووین ، ئەفسانەی کۆڵۆنیالیزمی پەنهانتان داهێنا، دیارە بوونمان بەشێوەیەکی بەرچاو و شاراوەش ، وەکو ئاو وهەوا پێویستە بۆتان . ل 63

بۆچوونی جیاواز دەربارەی کۆڵۆنیالیزم /
لەنێوان ئەم دووبۆچوونە توندەدا ، تەیب سالح هەوڵی داوە ڕێگایەکی ناوەراست بدۆزێتەوە . یان بەواتایەکی تر بەشێوەیەکی عەقڵانی سەیری بابەتەکە بکات . تەنها ڕەنگی ڕەش وسپی نەبینێت ، بەڵکە هەوڵ بدات هەموو ڕەنگەکانی ئەم پرسە گرنگە ببینێت . 
لە زاری حکایتخوانەکەوە دەیەوێت بۆچوونی خۆی دەرببرێت و دەڵێت :
 هەڵبەت ئەمە دەستەواژەیەکی میلۆدرامییه. وەلێ هاتنەکەی ئەوانیش کارەسات نەبوو بەو شێوەیەی کە ئێمە بۆی چووین . نیعمەتیش نییه وەکو خۆیان دەڵێن . کارێکی میلۆدرامی بوو ، بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار دەبێتە ئەفسانەیەکی گەورە. ل62.

دەسەڵاتی نیشتمانی و دەسەڵاتی داگیرکەر /
لەپاش ڕزگاربوونی هەر نەتەوەیەک لەدەستی بێگانە ، حاڵەتێکی نوێ دێتەئاراوە. لە زۆر وڵات و شوێندا لەیەک دەچن . هەتا ئەم رۆمانەم نەخوێندبوەوە ، نەم دەزانی ئەو کێشە سیاسیانەی کە ئەمڕۆ ئێمە هەمانە ، ئەو دەوڵەتانەش هەمان کێشەیان هەبووە. مەسەلەی دەسەڵاتی نیشتمانی و دەسەڵاتی بێگانە ، دوو بابەتی تری گرنگی ئەم رۆمانەن. تەیب ساڵح ، یەکێکە لەو قەڵەمە جوانانەی کەهەمیشە سیاسەتەکانی رژێمە عەرەبیەکانی خستۆتە بەر رێژنەی ووشەی . کاتێک حکایەتخوان دەگاتەوە ناو وڵاتی خۆی ، دەبینێت خەڵکی زۆر لە دەسەلاتی نیشتمانی بێزارن.
لە زاری مام عبدول مەنانیەوە دەڵێت :
ئەوی بیباتەوە دوو سێ ساڵ جارێک بە جەماوەر و لۆری و لافیتەکانەوە دێن.. بژی فڵان ، برووخێ فڵان ، وەختی ئینگلیز سەرمان سووک بوو ئاگامان لەم بەزم و ڕەزمە نەبوو،،، ل 67
ئەمە ئەوانەن کەلە کتێبدا بە ( جووتیاران ) ناویان دەبرێن ؟ ئەگەر بە پاییرەم بێژم شۆڕشەکان بەناوی ئەمانەوە دەکرێن و حکومەتەکانیش لەپێناو ئەماندا دێن و دەڕۆن ، ئەوا لە تریقەی پێکەنینن دەدات . ل 67
باشە هەنووکە وڵات سەربەخۆ نییه؟ لەوڵاتی خۆمان ئازادنیین ؟ دڵنییابە سووک وچرووکترین خەڵکیان لەباوەش گرتووە. هەرئەوانەش بوون وەختی ئینگلیزەکان شوێنە گەورەکانیان لەبندەست بوو ،،، ل 57 .

پاشان لەزاری حکایەتخوانەوە ، زۆر بەتوندی ڕەخنە لە بەرپرسانی ولاتە ئەفریکایەکان دەگرێت و دەڵێت:
ئەمانە کەسانێکن لەخەمی سک و ناوگەڵیان زیاتر هیچ خەمێکی تریان نییه . دادپەروەری و راستی لە دنیایا نەماون ،، ل 120

جوان کردنی دەسەڵاتی ئینگلیز و داگیرکەر ./
ئەوەی جێگای داخە ، کە تەیب ساڵح لەم رۆمانەیدا وێنەیەکی زۆر ناشرینی دەسەڵاتی نیشتمانی پیشان دەدات ، لەبەرامبەردا وێنەیەکی جوانی داگیرکەری ئینگلیزی پیشان دەدات. لەهەموو رۆمانەکەدا وێنەیەکی ناشرینی داگیرکاری ئینگلیزی نابینیت ، بەڵکە بە پێچەوانەوە ، تەیب ساڵح هەوڵی داوە ئینگلزەکان لای خوێنەر شیرین بکات . پاڵەوانی رۆمانەکە مستەفا سەعید لە ڕێگای خانەوادەیەکی ئینگلیزیەوە گرنگی پێ دەدرێت و دەنێرێت بۆ ئینگلتەرا. یان باسی دروستکردنی بەنداو و هێڵی شەمەندەفەر دەکات ، کەئینگلزەکان دروستیان کردووە. ( بەنداوی سنار، ئەو بەنداوەی ئینگلیزەکان لەساڵی 1926 بنیاتیان نا، ل. 57 ) .
 بەبڕوای من تەیب ساڵح یەکێکە لەو رۆشنبیرە عەرەبانەی کە زۆر هۆگری  کولتووری رۆژئاوان . ئەو لەو جۆرە خەڵکانەیە ، کە بڕیاڕی تەواوی بەرو رۆژئاوا داوە. من ناڵێم دەسەڵاتی نیشتمانی نابێت ڕەخنەی لێ نەگیرێت ، بەڵام ناکرێت تۆ ڕەخنە لەدەسەڵاتی نیشتمانی بگریت و هەوڵی جوانکردنی تەلاری داگیرکەران بددەیت . بە بڕوای من ئەمە یەکێکە لەخاڵە لاوازەکانی ئەم رۆمانەو نووسەرەکەی.
سەرانی نوێی  ئەفریکا /
تەیب ساڵح بەگشتی ڕقێکی ئێجگار ئەستووری لەسەرانی نوێی ئەفریکایە . لای ئەو ئەم سەرکردانە نەک نەیانتوانیوە کێشەکانی ئەفریکا چارەسەربکەن ، بەڵکە بوونەتە کێشەی گەورەی ئەم کیشوەرەش .

سەروەرانی نوێی ئەفریقا ، ئەو دەم وچاولووسانەن، زاریان گورگ ئاسا بەش کردووەتەوە، مۆری بەردی گرانبەهایان بەدەستەوەیە ، نێوچەوانیان بۆنی خۆشی لێ دێ ، جلی سپی و شین و ڕەش و سەوز لەمەرزەی نایاب و ئاوریشمی گرانبەها لە شێوەی چەرمی پشیلەی سیامی بەسەر شانیاندا دەخزێت . پێڵاوەکانیشیان ڕووناکی مۆمدانەکان دەدەنەوە لەسەر مەڕمەڕەکە جیڕەیان دێ.ل119

باجارێک ئەوان قووتابخانە بنیات بنێن ، ئەوجا گفتووگۆی یەکخستەوەی فێرکردن بکەن . کات بە کۆنفرانس و قسەی بێ ماناوە دەکوژن ، کەچی مناڵی ئێمەش چەندین میل دەبڕن تا دەگەنە قووتابخانەکەیان . ل 118

بەببڕوای من پێدەچێت سەرانی نوێی ئەفریکا خەڵکانی گەندەڵ و دیکتاتۆریان تێدابێت و خزمەتی گەلەکەیان نەکردبێت ، بەڵام ناکرێت هەموو سەرکردە ئەفریکایەکان بەیەک چاو سەیربکرێت ،بۆ نموونە تۆماس سەنکارا ، کەبە گیڤارای ئەفریکا دەناسرێت ، لۆمۆمبا ، بە سیمبۆڵی خەبات لەدژی داگیرکەری ئەوروپی دەناسرێت . لەکۆتایشدا ئەمڕۆ کەسایەتیەکی مەزنی وەکو نیلسۆن ماندێلا ، هەموو جیهان بەچاوێکی ئێجگار رێزو خۆشەویستیەوە سەیری دەکات . گەر کیشوەرێک خاوەنی ئەم کەڵە پیاوانە بێت ، تاوانە هەموو سەرانی ئەم کیشوەرە مەزنە بە خراپ و گەندەڵ دابنێیت .

سێکس و داگیرکەری بێگانە /
خاڵێکی گرنگ کەبۆیەکمجار تەیب ساڵح لەم رۆمانەدا ووروژاندوویەتی ، مەسەلەی سێکس و دەسەڵاتی داگیرکەر . دیارە قسەکردن و هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ سێکس لەناو رۆماندا ، لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی تر دەگۆڕێت . لێ تەیب ساڵح لەم رۆمانەیدا توانیویەتی بە شێوازێکی ئێجگار تایبەت ڕەگەزی سێکس بخاتە ناو رۆمانەکەیەوە.
ئەی خودا لەو پیاوە ئافرەت وەکوو مێش بەسەریەوە دەنیشتنەوە . دەیگوت :
بە ک،،،، ئەفریقا ڕزگار دەکەم .،،ل 120.
مستەفا سەعید لەڕێگای سێکسەوە دەیویست تۆڵەی خۆی لە داگیرکەرانی ئینگلیزی بکاتەوە. ئەمەش زیاتر جۆرە گوزارشتێکی نوێ بوو ، کە تەیب ساڵح  هێنایە ناو جیهانی ئەدەبەوە. .

نامۆیی و کاریگەری رۆمانی( نامۆ ) ی ئەلبێرت کامۆ  /
مستەفا سەعید جۆرە کەسایەتیەکی ئێجگار تایبەتی هەیە ، زیاتر رەگەزی ( نامۆ) یی بەسەر ئەم کەسایەتیەدا زاڵە . مستەفا سەعید لە هەڵسووکەوتیدا ، لە جۆری ئاخافتن و گفتووگۆکانیدا ، لە جۆری ژیانیدا ، نامۆییەکی زۆری پێوە دیارە . کەسێک کە هیچ داهاتووی خۆی نابینێت . داهاتوو لای ئەو هیچە. هەربۆیە بە بڕوای من رۆمانی (نامۆ) ی ئەلبێرت کامۆ ، کاریگەری زۆری بەسەر ئەم رۆمانەوە هەیە . کەسایەتی مستەفا سەعید، کەسایەتیەکی ( خۆپەرست  ) نییه ، هەروەک کاک سەباح ئیسماعیل بۆی چووە، بەڵکە مستەفا سەعید خاوەنی کەسایەتیەکی نامۆییه.

خراپ بەکارهێنانی رەگەزی کات /
یەکێک لە خاڵەکانی تر کە تەیب ساڵح نەیتوانیوە باش بەکاریبهێنێت ، مەسەلەی رەگەزی ( کات) . بە بروای من لە رۆمانەکەدا هەڵەیەکی گەورە هەیە ، ئەویش کاتێک حکایتخوان باسی کاتی ڕووداوەکان دەکات ، دەیگێرێنێتەوە بۆ ساڵانی بیست و سیەکان . بە بڕوای منیش ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە . ئەوکاتانە لە ئینگلتەرا ڕەش پێست نەک بۆی نەبوو ژنی ئینگلیزبهێنێت ، بەڵکە هەتاوەکوو شەستەکانیش ، ڕەش پێستەکان بە مرۆڤیش سەیرنەدەکران . گەر سەیری رۆژنامەکانی ئەو ساڵانە بکەیت ، لە بەشی زۆری ریکلامەکاندا دەنووسرا  (فڵانە ریستۆران ، بار، هۆتێل ، باشترین جێگایە ، هاتنە ژوورە بۆ سەگ و ڕەش پێست قەدەغەیە.) لەبەر ئەوە ناکڕێت لەو ساڵانەدا مستەفا سەعیدێکی سودانی و ڕەش پێست بچێتە ناو بارو باخچەکان و دڵداری لەگەڵ کچ و ژنی ئینگلیزی بکات . ئەم حالەتانە وەکوو پێشتریش باسم کرد ، لەپاش کۆتایی شەستەکانەوە ، ڕەش پێستەکان وەکو مرۆڤ سەیردەکران . هەربۆیە بە بڕوای من ، نووسەر لە هەڵبژاردنی کاتەکەدا هەڵەی کردووە.

دەرئەنجام/
لەکۆتاییدا دەتوانم ئەوە بڵێم ، تەیب ساڵع لەم رۆمانەیدا توانیوویەتی کۆمەڵێک پرسی گرنگ ( کۆچ ، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، دەسەڵاتی نیشتمانی و داگیرکەر، داڵداری و سێکس) . هەموو ئەمانە لە نۆڤلێتێکی ئێجگار بچووکدا کۆکردۆتەوە. تەیب ساڵح توانی بەم کورتە رۆمانەی ، ئەوە ڕابگەیەنێت ، کە نووسەر دەتوانێت لەڕیگای چەند لاپەرەیەکی بچووکیشەوە ، دەتوانێت زۆرترین بابەت و  گرنگترین مەسەلە بووروژێنێت. بە دڵنییایەوە ئەم رۆمانە یەکێکە لە رۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی عەرەبی و جیهان . وەرگێرانی بۆسەر زمانی کوردی ، کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە و جێگای دەستخۆشییه .

سەرچاوە:
 ئەلتەیب ساڵح . وەرزی کۆچ بەرەو باکور . وەرگێرانی : سەباح ئیسماعیل . دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس . چاپی یەکەم. هەولێر. 2007.


نووسینی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com


Previous
Next

Leave a Reply