Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

گوتوبێژێکی بەرفراوان لەگەڵ عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Be First!

 

 

                                    گۆڤاری نووسەری نوێ

 

عەبدوڵڵا سلێمان مەشخەڵ زیاتر لە بوارێک دەنووسێت و هەمیشەش لە هەوڵى بەردەوام و جددى دایە ، زۆرجار لەبازنەى شیعر و وەرگێڕان و وتارى رەخنەى ئەدەبى دەردەچێت و دەچێتە بازنەى سیاسییەوە ، ئەم نووسەرە ئەگەرچى بەهۆى دوورەوڵاتى و بارودۆخى کوردستانەوە وەک پێویست ئاوڕ لە بەرهەمەکانى نەدراوەتەوە و جێگاى بایەخى دەزگاکانى بڵاوکراوە کوردییەکان نەبووە ، وەلێ پێم وایە ئەمە ماناى ئەوەنییە، کە بەرهەمەکانى جێگاى هەڵوەستە لەسەرکردن نەبن . ئەم نووسەرە هەمیشە بەدەم وشەکانەوە بە رەشەباى خەیاڵەوە دەفڕێت ، مەشخەڵ شازدە ساڵە لە وڵاتى کەنەدا دەژیەت . لە زۆربەى بڵاوکراوەکانى ناوەوەو دەرەوەى کوردستان و سایتە ئەلیکترۆنییەکان بەرهەمەکانى دەبینرێن . ناوبراو لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار کارى کردووە سەرنووسەرى رۆژنامەى ( دەنگى بێکاران ) بووە ، ئەندامى دەستەى نووسەرانى گۆڤارى ( هانا ) بووە ، چەندین کۆڕى کردووە، لەوانە دوو کۆڕ لە وڵاتى کەنەدا لە شارى هانکۆڤەر لە ساڵەکانى 2001 و 2010دا. ئێمە بە پێویستمان زانى ئەم نووسەرە بدوێنین و لەبارەى بەرهەمەکانى و چەند پرسێکى ترى ئەدەبیات بە گشتى و ئەدەبیاتى کوردى بەتایبەتى وتووێژى لە گەڵ سازبدەین.

 

غەمگین بۆڵی : تۆ سەرەتاکانى دونیاى نووسینت، چۆن دەستت پێکردووە چۆن لە شیعردا گیرساویتەوە، ئایا ئەمە چۆن بووە؟ 

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای دەستپێکی هەر نووسەرێک ڕەنگە بۆ خۆی هەڵگری چەندین چیرۆکی جۆراوجۆر بن. نووسین بۆ من لەسەرەتای دەستپێکردنم خۆ لەقەرەدانی تاقیکردنەوەیەکی تازە و نوێ بوو کەپێشتر ئەزموونم نەکردبوو. دەستبردن بوو بۆ خەون و ئاوێزانبوون بوو بە خەیاڵێک کەتیایدا ببمە شۆڕەسواری گۆڕەپانی خەونەکانی خۆم. نووسین وەک دۆزینەوەی جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگ وا بوو. من لەنووسیندا تروسکایی پراکتیک کردنی سەربەستییەکانم تێدا بینییەوە بۆیە کەدەستم لێی گیر بوو بەدەر لەهەر تێگەیشتنێکی ئەوسام بۆ شیعر و دەق پێموابوو دەستم لەبەشێک لەئازادییەکانم گیر بووە. قوتابخانەش بۆ من کایەیەکی تری ئەزموونکردنی تواناکانم بوو. حەزیکی گەورەشم  بۆلەبەرکردنی شیعرەکانی ناو کتێبەکانی قوتابخانە و وتنەوەیان بەدەنگی بەرز هەبوو. هەرلەبەر ئەوەش بوو لەزۆربەی ڕاوەستانی نێو گۆرەپانی قوتابخانە هەر کاتێک مامۆستایەک داوای بکردایە کێ شیعر یان سروود ئەخوێنێتەوە ئەوە دەستی من بەرز ئەبۆوە. ئەم حەزە لەگەڵمدا ژیا تا تۆزێک گەورەتر بووم و توانیم کرێکاری بکەم و کتێب بکڕم. ئینجا هەستم کرد جیهانێکی گەورە و سەراسیمەم دۆزیوەتەوە و لەخوێندنەوە تێر نەدەبووم. دیارە ئەوەش ناشارمەوە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ناو دەلاقەکانی ژوورەکەمان کەژووری چوار کەس بوو من و خوشکم و دایکم و باوکم پرتەوبۆڵەش لەلایەن دایک و باوکمەوە زیادی دەکرد بەوەی ئەو پارە جوانەی کەبەو زەحمەتییە پەیدای ئەکەم بۆ ئەیدەمە ئەو کاغەز و کتێبانە. لەساڵەکانی کۆتایی هەفتاکان سێ چیرۆکی درێژم نووسی. هەر چیرۆکێکی 30 – 40 لاپەرە دەبوو و لەخەیاڵی خۆم دروستم کردبوون. لەیادمە یەکێکیان سەبارەت بە جەنگ بوو و دووەمیان سەبارەت بەڕفاندن و سێکس بوو و سێیەمیانیش کۆمەڵایەتی بوو. ئەم چیرۆکانە نەموێرا بەکەسیان نیشان بدەم جگە لەوەی هەر چیرۆکێکم ئەنووسی بۆ خوشکەکەم باس ئەکرد و ئەویش هەندێکجار دڵی بەکارەکتەرەکانم دەسووتا و هەندێجاری تریش ئەیگووت”ئەڵڵاه چەند چیرۆکێکی خۆشە” ئیتر لەبەر بێ ئەزموونی و بێمتمانەیی بە توانای ئەدەبیم چیرۆکەکانم دڕاند و فڕێمدان. دوای ئەوە وردە وردە لەشیعر نزیک کەوتمەوە و ئیتر لەگەڵ شیعردا کەوتمە دەستوپەنجە نەرمکردن. لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ شیعر دەژیم و هەناسە دەدەم. بەگەلێ توولەڕێ و پێچ و پەنادا تێپەڕیووم تا گەیشتوومەتە ئێرە. لێرەشەوە حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و ڕازه‌ش بدرکێنم که‌ چه‌ندین جار سه‌رزه‌نشتی خۆمم کردووه‌ له‌وه‌ی بۆ سه‌ره‌تا به‌ چیرۆک ده‌ستم پێکرد و دواتر هاتمه‌ نێو شیعره‌وه‌. ئێستاش هه‌رچه‌ند ده‌که‌م ناتوانم بچمه‌وه‌ له‌ ده‌رگای نووسینی چیرۆک بده‌مه‌وه و تازه‌ له‌گه‌ڵ شیعر په‌یمانێکی زۆر جیددیم مۆرکردووه‌، به‌و ئومێده‌ی ڕۆژێک بتوانم یه‌کلایه‌نه‌ ئه‌و په‌یمانه‌ بشکێنم!. له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا که‌ ده‌ستم به‌ شیعر نووسین کرد، پێم وابوو ئاسانترین نێچیرم ڕامکردووه‌ و پێده‌شتێکی سه‌وزی پڕ له‌به‌خته‌وه‌ریم له‌ئامێز گرتووه‌. زۆرم مه‌به‌سته‌ بڵێم پێم وابوو له‌هه‌ق شیعر دێم و ده‌توانم قۆرخی بکه‌م. دواجاریش ئاڵوگۆڕه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی تێگه‌یشتنم بۆ شیعر و ماهیه‌تی شیعر ئه‌و ڕاستییه‌ی لا به‌رجه‌سته‌ کردمه‌وه‌ که‌ شیعر په‌ناگه‌یه‌که‌ ده‌توانم لێوه‌ی ده‌ست بۆ ڕوح به‌رم، نووسینی شیعر بۆ من گەڕانە بەنێو خودی خۆم و سەفەرە بەجیهانی بەربڵاوی خەیاڵ، شیعر چوونەوەیە بۆ هەموو ئەو ڕۆژگارانەی کەتێیدا ژیاوم و بەبەشێک لەئەزموونی خودی خۆمی ئەزانم و وا جاری دڵنەوایی یەکتر ئەکەین بێئەوەی بزانم دواڕۆژم لەگەڵ شیعر بەچی دەگات.

 

 غەمگین بۆڵی : لەدەقەکانتدا گەمەى پەیڤەکان لەنێو هێزى شیعرەکانتدا حەشاردراون،زمانیش ڕۆڵى ئەکتیڤى بینیوە لەسەر”شیعراندن”ى کاتێک کەبەدەورى دەسەڵاتى باکگراوندەکاندا دەخولێتەوە، ئایا ئەوە چ نۆستالیژیایەکە لەڕۆحیەتى شیعرەکانتدا خەڵقت کردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : یەکێک لەو گۆشەنیگا گرنگانەی کە ڕەخنەی ئەدەبی پێویستە لێیەوە بڕوانێتە شیعر، زمانە. زمان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە ڕۆڵی چارەنووسساز دەبینێت لە بەخشینی جوانی بەئەدەب. کەمەندێشی نێوان خوێنەر و دەق، زمانە. بایەخی زمان بۆ دەقی ئەدەبی و بەتایبەتیش شیعر بێئەندازە گرنگە و جوانییەکانی دەق لەڕێگەی زمانەوە ئەڕژێنە نێو دڵ و هەستی خوێنەر. گەمەکانی زمانیش لە شیعر لەپێناو بەرجەستەکردنەوەی ئیستاتیکا وبەرزڕاگرتنی چێژی خوێنەر وەک پێویستییەک خۆی بەسەر شاعیردا فەرز ئەکات. زمانی شیعر ئەبێت هەڵگری کۆمەڵی کۆد بێت بۆ نیشاندان و کردنەوەی جوانی دەق.. گەمەی پەیڤ بۆ من ئەگەر توانیبێتم ئەنجامی بدەم ناکەوێتە دەرەوەی ئەو پێکهاتەیەی کە بونیادی شیعری لەسەر وەستاوە و خەیاڵی بەبەردا بڕاوە. یەکێک لەڕەگەزەکانی شیعر گەمەی پەیڤە. 

ئەوەی زیاتر من دەباتەوە نێو ئەو ڕۆژانەی کەتیایدا بێدەسەڵات بوومە لەپیادەکردنی سەربەستییەکانی خۆم، نەتوانین بووە بۆ بینینی ئەودیوی ئاسۆکانی منداڵیم. لێرەدا نۆستالیژیا بەخەستی بوونی خۆی بەسەر بەشێکی زۆر لە شیعرەکانمدا دەسەپێنێ، بەتایبەتی ئەو شیعرانەی کەلە تاراوگە نووسیومن. من ئێستاش کۆمەڵێ دیمەن لەیادەوەریمدا دەژێن کە ناکرێ ئاوڕیان لێ نەدەمەوە. گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و بەسەرکردنەوەی بۆنەکان و دووبارە وێنەگرتن لەگەڵ هاوڕیکانی منداڵی و پیاسەکردنەوە بەسەر شەقامەکانی خەیاڵ و چوونەوە بۆ ناو هۆڵی سینەمای ڕوح و تەماشاکردنی فلیمە رەنگاوڕەنگەکانی خەون و خواردنەوەی شەربەتی مێوژی سەر کۆڵانی گەڕەک و سەردانیکردنی فەنتازیایی قوتابخانەی سەرەتایی و گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ کچە دراوسێکەمان و ئاوڕدانەوە لەو ڕۆژانەی دەستم دایە سیاسەت و خوێندنی پەیمانگا و زیندانی ئینفرادی ئەمنی کەرکوک و فیراری و ڕاپەڕین و برینداری  وسووتان لە ڕاپەڕیندا هەموو ئەمانە ئەو دیمەنانەن کە نۆستالیژیای من پێکدێنن. تاکە ئامڕازیکی چالاکیش بۆ لەچوارچووپەدانی ئەم وێنەنانە شیعر بووە. من لەڕێگەی زمانەوە کۆششم کردووە تا بکرێت ئەو وێنانە جوان نیشان بدەم. من خۆم  قه‌رزاری هیچ شتێک نیم، به‌ڵام خۆم زۆر به‌قه‌رزاری زمان ده‌زانم. خۆم به‌قه‌رزاری شیعر و نووسین ده‌زانم چونکه‌ ئه‌و بواره‌یان پێبەخشیم که‌ ڕوحی خۆم بدوێنم و که‌سانێکیش به‌ ده‌ربه‌نده‌ پڕ پێچ و په‌ناکه‌ی ڕۆحم ئاشنا بکه‌م. من بایەخی وشە و گەمەی وشەکانم لا ڕوونە و ئاگایانە ئیشیان لەسەر دەکەم و هەوڵم داوە ئەو ئیشکردنە لەدەقدا بەرجەستە بکەمەوە و نیشانی خوێنەر بدەم کە چێژی ئەو لەبەرچاو دەگرم. ڕادەی باش یان خراپ بوونی ئەو لایەنەش لای ڕەخنەی ئەدەبی و خوێنەرانە.

 

غەمگین بۆڵی :  ئایا پێت وایە شیعر لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا، تایبەتمەندى هەبێت؟ یاخود دەتوانین بەشیعرێک بڵێین: شیعرى مێیینە، بەشیعرێکیش بڵێین: شیعرى نێرینە؟ لەکاتێکدا هەنووکە شاعیر خۆى لە کۆمەڵگەدا دەدۆزێتەوە، نەوەک کۆمەڵگە لەخۆیدا بدۆزێتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بەبۆچوونی من شیعر هەڵگری هیچ تایبەتمەندییەک نییە لەنێو ڕەگەزی نێر و مێدا. تا ئێستا و تا هەتایەش دەقی ئەدەبی ناتوانێت هەڵگری هیج تایبەتمەندییەکی جێندەری بێت. دەق ناتوانێت لەسەر بنەمای ڕەگەز بژێت و هەناسە بدات. وەک دەزانین ئەوەی دەقی ئەدەبی وەک دەق دەناسێنێت کۆمەڵی ڕەگەز و توخمن نەک بنەمای جێندەری. ئەشێ لەمیانی دەقێکەوە تەواوی هەستە فیمینیستی و جێندەرییەکان ببینرێن، ئەشێ ڕەنگدانەوەی تەواوی خودی ڕەگەزێکی دیاریکراو بێت، بەڵام هیچ بیانوویەک لەئارادا نییە بۆ پۆلینکردنی دەقی ئەدەبی لەژێر خشتەی جێندەردا. هەر هەوڵدانێکیش بۆ ئەو پۆلینکردنە بەبڕوای من خزمەت بەهیچ ڕەگەزێک ناکات و بەڵکو ئەبێتە زەمینەسازی بۆ دابەشکردنی هەست و نەستی مرۆڤەکان بۆ هەستی نێرینە و مێیینە. ئەمەش چەند هەنگاو لەهەستە مرۆییەکان دوورمان ئەخاتەوە. نەخێر من هەرگیز بڕوام بەشیعری نێرینە و مێینە نەبووە و نییە. ئەگەر دەقی ئەدەبی پۆلینبکرێت بۆ دەقی نێر و مێ، ئەوا لەوێشەوە ڕەوایەتی بەو ڕیوایەتە پووچانە ئەدەین کە هەزاران ساڵە ئیش لەسەر جیاوازی نێوان مرۆڤەکان ئەکەن. ئەگەر کۆمەڵگە وەک یەکەیەکی ئۆرگانیکی چاو لێبکەین دەبینین کە تەواوی کاریگەرییەکانی خۆی بەسەر مرۆڤەکانەوە جێئەهێڵێت بێ ئەوەی ئاوڕ لەجێندەری مرۆڤەکان بداتەوە. ئیملی دینکسۆنی شاعیری ئەمریکی ئەگەرچی ژیانێکی گۆشەگیرانە ژیا بەڵام ئەو 1775 شیعرەی دوای خۆی بەجێیهێشت پڕاوپڕن لەهەستی مرۆڤایەتی و ئەدەبی ئەمریکیش شانبەشانی واڵت وایتمان بەگرنگترین شاعیری سەدەی نۆزدەی ئەمریکی ناوزەد کردووە. بەبۆچوونی من دەستبردن بۆ هونەری نووسین و خەیاڵکردن و بەکارهێنانی زمان و بەدەستەوەگرتنی ئامڕازەکانی شیعر و داهێنان لەشیعر هیچ پەیوەندییەکی بە نێر یان مێ بوونی نووسەرەکەوە نییە. ئەیمی لۆوێڵ و جێرترێد ستین و سارا تیسدەیڵ و ئلینۆر وایلی و ماریانا مۆر و لویس بۆگان و لوسی مۆود مۆنتگەمەری و ئانی لویسا وۆڵکەر تاد لەبزووتنەوەی شیعری ئەمریکی و کەنەدی شانبەشانی ڕۆبەرت فرۆست و  ئامۆنز و لنگستۆن هیوز و ئێدگار ئاڵن پۆ و عەزرا پاوەند و ولیام کارلۆس ولیەم و ڕۆبەرت ولیام و دونکان کامبڵ و بلیس کارمان و تاد کۆمەڵی ئەستێرەی درەوشاوەن بەبێ ئەوەی بچووکترین هێما یان ئاماژە لەسەر جێندریان هەبێ. ئەو داهێنانەی (نازک الملائکة) لەشیعری نوێی عێراقی ئەنجامیدا چی کەمترە لە پێشڕەەوییەکانی ( بدر شاکر السیاب).؟ بەڵام سەیرە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی هێشتا بەتەواوەتی نەیتوانیوە خۆی لەسەر مەسەلەی جێندەری نووسەران یەکلایی بکاتەوە. ڕەخنەگرانی کورد ئەبێ ئەوە بزانن کە مەرج نییە ئەو پرسیارەی بەخەیاڵی ڕەخنەگرێکی عەرەبدا دێت هەمان پرسیار بۆ واقیعی ڕەخنەی ئێمەش دروست بێت. ئەشی پرسیار و بیرکردنەوەی ئەو ڕەخنەگرە عەرەبە یان فارسە دواکەوتووانە بێت، ئێ خۆ ناکرێت ئێمەش هەمان پرسیاری دواکەوتوو بوروژێنین و تەبەنی بکەین. بەبڕوای من کاتی ئەوە هاتووە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بەتەواوەتی ئەو پرسیارە وەڵام بداتەوە و لەدژی پۆلینکردنی جێندەرانەی دەق بوەستێتەوە. 

 غەمگین بۆڵی : ئایا تۆ چۆن سەفەر بە بەنێو خۆتدا دەکەیت و چۆنچۆنى سەفەر بەخۆت دەکەیت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەفەر کردن بەنێو خود سەفەرکردنە بەنێو خەیاڵ و فەنتازیا. سەفەرە بەنێو دیوە پەنهان و تاریکەکانی ڕوح کەهەر تەنها ئەو کەسە خۆی ئەتوانێ ئەو گەشتە بکات و لە هونەردا بەرجەستەی بکاتەوە. ئێمە لەڕیگەی هونەرەوە بەو جێگایانە ئاشنا ئەبین کە نەمان بینیوە. من پێموایە سەفەرکردن بەنێو خود لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی تر جیاوازە و هەریەکە بەشێوازێکی تایبەت بەخۆی ئەو گەشتە ئەنجام ئەدات. من هەوڵمداوە ناخی خۆم هەڵگێڕمەوە و لەڕێگەی زمان و دەنگ و ڕەنگەوە خوێنەر لەبەردەم تابلۆیەک ڕابگرم کە پراوپڕ بێت لە تەنیایی و دووری و ماڵئاوایی و ڕق لە مەرگ و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. ئەم چەمکانەی نێو ئەم تابلۆیەی نەستم هەر هەموویان لە چوارچێوەی تاراوگەدا و لەسەر دەستی شیعر مانا بەسەفەرکردنی من ئەدەن. سەفەری من سەفەرە لە تاراوگەوە بۆ ناخ و بەپێچەوانەوە. سەفەرە بۆ نیشتمان و بەپێچەوانەوە، سەفەرە بۆ ڕابردوو و ڕۆژەکانی منداڵی و بەپێچەوانەوە. ئەگەر سەفەر هەوڵدانێک بێت بۆ کەشفکردن و دۆزینەوەی نوێ، ئەشێ سەفەری شیعر دۆزینەوەی دوورگەکانی دیوی نائاگایی شاعیر بن و خوێنەریش لەڕێگەی شیعرەوە ببێتە گەڕیدەیەکی بەردەوام. من زۆربەی جار یان دەچمەوە ڕابردوو یانیش بەدیار نائومێدییەکانی ئەمڕۆم خەریکی ڕامان و تەئەمولم. زۆرجاریش هەستم کردووە شیعر بەبەری سەفەرم تەنگە و پەنام بۆ شانۆگەری بردووە تا بتوانم لەوێوە مانایەک بە تابلۆکەی ناو نەستم ببەخشم. هونەر لەسەردەمی ئەفسانەکانەوە تا ئەمڕۆ هۆکاری گوزارشت بووە لەخەون و خۆزگەکان. بۆ شاعیریش شیعر هونەری سەفەر و گەڕانە. بۆ منیش شیعر تەسلیمبوونە بەخەیاڵ و ئازادییەکانی بیرکردنەوەمە لە ڕابردوو و ئێستا. من لەڕێگەی شیعرەوە ئەتوانم نەخشەی ڕوحی خۆم هەڵگرم و بەڕێگاکانی نەستەوە بچمەوە ئەو شارانەی کە مەراقم بوو کۆڵانەکانی پەی بکەم و جگەرەیەکی ئارامی لێ بکێشم. لەڕێگەی زمان و هونەرەوە (شیعرەوە) ئەتوانم لەو خەونانە نزیک ببمەوە کەبەمنداڵی ئەمبینین و ئەترسام بیانگێڕمەوە. منێک کە هەمیشە ڕقم لەمەرگ بۆتەوە بەشیعرەوە لەکەرنەڤاڵی مەرگدا سەما ئەکەم و حەزیشم نەکردووە ئەم ڕقە بشارمەوە. من هەوڵمداوە ئینجانەی شیعرم پڕ بێت لەگوڵی خۆشەویستی و قەد دیواری خەونم پڕ بێت لەلاولاوی خەیاڵ و باخچەی نووسینم پڕ بێت لە بۆنی عەشق. دەبێت ئەوەش بڵێم کە سەفەرکردن بەخود ئەگەر نەتوانێت فەنتازیای خوێنەر کێش بکاتە ناو کەشە شیعرییەوە کەسەفەر خوڵقاندویەتی ئەوا مانای وایە لای شاعیرەکە بۆشاییەک هەیە لەڕەگەزی خەیاڵی شیعری. سەفەر ئینتمای شاعیرە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی دیوە پەنهانییەکەی ڕوح. سەفەر هەناسەی شیعرە و شاعیریش بەبێ کەشتی شیعر مەحاڵە بتوانێت ئۆقیانووسی نهێنییەکانی ناخی خود ببڕێت و خوێنەر بگەێنیتە ئەو کەنارە پڕ لە ئارامییەی کەلێوڕێژە لە جوانی و بینینی مەحاڵەکان و سەراسیمە سیحراوییەکانی بوون. شاعیر لەتوانایدا نییە هەموو ڕۆژێک سەفەر بەخۆی بکات، بەڵکو تەنها ئەو کاتانە لەتوانایدا هەیە سەفەر بکات کە شیعر زەمینەی سەفەری بۆ خۆش دەکات. زۆربەی ئەو دیمەنەنانەی کەلەڕابردووی خۆم ئەچن لەڕێگەی خەیاڵەوە منیان بردۆتەوە ئەو ڕۆژگارانەی کە بیرچوونەوەیان مەحاڵە. شوێنیش پنتکێکی گرنگ داگیر دەکات لەخەیاڵ و باکگراوندی ڕابردووم. ئەگەر شار هێمای پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی ژیاری مرۆڤەکان بێت، ئەوا شاری کەرکووک وێستگەی سەفەرەکانی شیعرمە و قورسایی خستۆتە سەر دەقە شیعرییەکانم. بەبۆچوونی من سەفەر ئەو کاتە بۆ شاعیر مانا پەیدا ئەکات کەهاوسەنگی نێوان خەیاڵ و ڕوح دروست بووبێت. 

 

 غەمگین بۆڵی : ئایا سیاسەتى دەسەڵاتى کوردى چ رۆڵێکى هەبووە لەو گروپ وگروپکارییەى کەئەمرۆ لەنێو ئەدەبى کوردییدا دەبینرێت؟ لەکاتێکدابوونى ئەم گروپانە بەئەدەبى ناوچەگەریى کەوتۆتەوەو هەناسەکانى داهێنانیان خنکاندووە، تۆچۆن لەم قەیرانە دەڕوانى؟ 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من وای دەبینم دەسەڵاتی کوردی وەک چۆن لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانیان کەوتنە بەرپاکردنی شەڕێکی ماڵوێرانکەری سێ ساڵە کەبەشەڕی ناوخۆ یان براکوژی ناسراوە بۆ سیمادان بەقەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکانیان و لەبەریەکترازانی باشووری کوردستان بۆ دوو ئیدارە و دوو شێوە دەسەڵاتی بنەماڵەیی لەچەشنی دەسەڵاتی میرنشینەکانی ناو مێژووی کوردستان، ئاواش بزووتنەوەی ئەدەبی هونەرییان لەت کرد و هەریەک لەو باڵە شەڕکەرەی شەڕی ناوخۆ هەوڵی ئەوەی ئەدا زۆرترین نووسەر و ئەدیب بۆ لای خۆی کێش بکات و بیانخاتە خزمەت سیاسەتەکانی خۆیەوە. جێی داخە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە نووسەران و ئەدیبان ئاڵای پشتیوانیان لەو شەڕە هەڵکرد و ناشرینترین ڕۆڵیان گێڕا. دوو ئیدارەیی لەباشووری کوردستان زەمینەی لەبار بوو بۆ ئەو دابەشکردنە کە جگە لەژمارەیەک قەڵەمی جوان کە بێلایەنی خۆیان پاراست و دژ بەو شەڕ و کلتوورە ناشرینە وەستانەوە، ئەدیبانی کورد لەو سەنگەری شەڕەوە کەوتنە نووسینی کێوێک لە ناجورترین نووسین کەجگە لە شەرمەزارییەکی گەورە هیچی تری بۆ نەهێنانە بەرهەم. دوای بەناو یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەی دەسەڵاتیش ئەو شێوازە هەر بەردەوامە. ئێستا هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی خاوەن دەزگاو پەخشی تایبەت بەخۆیەتی و گۆڤار و ڕۆژنامە دەرئەکات و ئیش بۆ منداڵان ئەکات و وەرزشنامە بڵاو ئەکاتەوە و بەرهەمی ئەدەبی بڵاو ئەکەنەوە و باس لە ژنان ئەکەن و بەزمانی عەرەبی گۆڤار دەردەکەن و دەزگاکانیان سایتی تایبەت بەخۆیان هەیە. وەک ئەوەی ئەگەر ئەو دەزگای چاپ و پەخشەی ئەو بەڕێزە نەبێت ئەوا کۆمەڵگەی باشووری کوردستان تروسکایی پێشکەوتنی لێ ئەکوژێتەوە. هەروەها ئەبێ ئەوەش بڵێم کە بوونی بۆشاییەکی گەورە لەنێوان نووسەران و ئەدیبانی سۆران و بادینان بەدی ئەکرێت کەبەداخەوە ئەدیبان و نووسەران ئەبێ کاری جیددی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بکەن و نەهێڵن ئەدیبی کورد ببێتە قوربانی سیاسەتەکانی حیزبەکانی کوردستان. ئەبێ لێرەشدا ئەوە زیاد بکەم کە ئەم کارەساتە هەر تەنها بەرۆکی دەسەڵات ناگرێتەوە بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیش خەریکی پیادەکردنی هەمان سیاسەت و بەدەستەوەگرتنی هەمان کلتوورە. ئەم هەلومەرجە وەک جەنابیشتان ئاماژەتان پێداوە هەناسەکانی داهێنان دەخنکێنێت و ئازادییەکانی نووسەر لەقاڵب ئەدات و ئیتر بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی دووچاری سستبوون و لەدەستدانی ئیرادە ئەکات. ئەدیبان و نووسەران نابێت چاوەڕوانی دەسەڵات بن هەنگاو هەڵبگرێت بۆ چاکسازی لەبواری ڕێکخراوبوون و دەست لەپشتدانی ئەدیبان و نووسەران بۆ لێک نزیککەوتنەوە و پڕکردنەوەی بۆشایی نێوانیان. ئەدیبان خۆیان ئەبێ ئەو دەست پێشکەرییە بکەن و هەنگاوی پێویست هەڵبێنن بۆ وەڵامدانەوە بەو دۆخەی کەبەقەیران وەسف دەکرێت. ئەم دۆخە گروپکارییەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان فەزایەکی سەیری هێناوەتە ئاراوە کە بەئاشکرا کەلێنێکی گەورە ئەبینرێت لەنێوان ئەدیبانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک. باری داهێنانیش بەبڕوای من لەئەمڕۆی باشووری کوردستان بەبەراورد بە ساڵانی حەفتاکان زۆر زۆر لەدوایە و هەر بەو هۆیەشەوە ئەو کواڵەتییەی داهێنانی دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گۆراوە بە چەندایەتییەکی بێبەها کەجگە لەزیان هیچ سوودێکی بۆ بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی تێدا نییە.

 

غەمگین بۆڵی :  نووسەرگەلێک لەسەر ئەوە کۆکن، کەدەقى ئەدەبییات” ورووژاندنى گومان وپرسیارکردنى ئەزەلییە” بەهۆى گەڕانى نووسەرەوە، بەڕاى تۆ ئەگەر ئەدەب “بەتایبەت شیعر”دەرهاوێشتەو گەڕان بەدواى پرسیار و خولقاندنى گومان بێت،چ وەڵامەکەیەتى، ئیستاتیکا ڕۆڵى چى دەبێت و لەکوێى شیعردا ئاوێتە دەبێت، لەم حاڵە‌تەدا؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : وروژاندنی پرسیار و گومانکردن خەسڵەتێکە کە دەقی ئەدەبی مۆدێرنی پێ ئەناسرێتەوە. دەقی ئەدەبی مۆدیرن دەقێکی فرە ڕەهەندی و فرە واتاییە و  دوورە لەو گووتارە سادە بێژییەی کە گوێچکەی مێژووی شیعری کوردی پێی ئاشنایە. شیعری نوێ دەیەوێت بەو ڕێچکەیەدا بڕوات کە تاقی نەکراوەتەوە، لەو دەرگایانە بدات کە هێشتا نەکراونەتەوە و لەو ئاسۆیانەوە بڕوانێت کەهەڵگری پرسیارگەلی ڕەنگاوڕەنگن بیانوروژێنیت. دەقێک کە ئینتمای بۆ مۆدێرنە یان پۆستمۆدێرنە هەبێت، خاوەن ستایڵی جیاواز و دەڕبڕینی جیاواز و تەنانەت زمانی جیاوازیشە. ئەم دەقە لەجیاتی ویژدانی دەستەجەمعی نادوێت و بەڵکە گوزارشتە لەنەستی دەقنووس دەکات و تەنها دەنگێکە قسە ئەکات. (ئێمە) لە دەقانەدا بواری قسەکردنی نییە ئەگەر دەمامکیشی هەبێت. لەو دەقانە (من)ی نووسەر تەنها و تەنها بەناوی خۆمەوە ئەدوێم و نوێنەرایەتی هیج کەسێکی تر ناکەم. شیعری نوێ گەڕانی نووسەرە بۆ دۆزینەوە و بەریەککەوتنی خوێنەر و نهێنییەکانی ناوەوەی دەق. شاعیر بۆ ئەوەی بتوانێ لەمڕۆدا لەبەردەم پەنجەرەکانی ڕەخنەدا هەوای داهێنان هەڵمژێت، پێویستە بەوردی لە سەردەم و جێگاوشوێنی دەق بڕوانی و بەدەربەستانە مامڵە لەگەڵ توخمەکانی نوێبوونەوە بکات و بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵبێنێت. شاعیر ئەبێت لەدەقە شیعرییەکەیدا کارامەیی تەواو نیشان بدات و لێهاتوویی خۆی بخاتە بەردەم خوێنەران. لەم پرۆسەیە هەم واتای شیعر ئەبێت پڕ واتا و گومان خوڵقێن بێت و هەم ئەبێت تەکنیکیش لەئاستی پێشبینی خوێنەر بێت. لێرەوە ئیستاتیکا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕیت لەبەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە و بەشێکیشە لەو پرۆسەیە. ئیستاتیکا ناکەوێتە دەرەوەی شیعر و پرۆسەی شیعرییەوە،بەڵکو شوێنی لەناو ئەو پرۆسەیە و لەناو خودی دەقی شیعریدایە. 

 

غەمگین بۆڵی : ئایا چۆن دەتوانین بەرهەمێک بکەینە بەرهەمێکى نەمرى جیهانى ،یاخود تایبەتمەندییەکانى بەرهەمی بەجیهانى بوون چین،نووسەرانى کورد لەم ڕوانگەوە لەکوێى نووسیندان ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لێرەدا بڕێک جیاوازی هەیە لەنێوان نەمری و بەجیهانیبووندا. ئەم دوو چەمکە بە بۆچوونی من ئەشێت جیا لەیەکتر مامڵەیان لەتەکدا بکەین.  ڕەنگە دەقێکی ئەدەبی لەدیدگای ڕەخنەگرانەوە نەمر بێت بەڵام وەرنەگێردرێتە سەر هیج زمانێک و هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە. ئەشێت دەقێکی تر هەڵگری چەند خەسڵەتێک بێت کەبەخەسڵەتی جیهانیبوون ناوزەد دەکرێن و کاریگەری بەسەر بڕگەیەکی زەمەنی تایبەتدا هەبێت و زۆر خێراش لەیادەوەری خوێنەردا کاڵ ببنەوە. بەتێگەیشتنی من هیچ چوارچێوە و  یاسابەندییەک لەگۆڕێدا نییە کە دەقی ئەدەبی پێ بپێوین تا بزانین ئەو دەقە جیهانییە یان دەقێکی لۆکاڵە. بەڵام چەند خەسڵەت(ممیزات)ێک هەن کەدەتوانرێت لێوەیانەوە جیهانیبوونی دەق ببینین. ئەو خەسڵەتانەی دەقێک ئاودیوی سنوورە جوگرافییەکان دەکات و دەچێتە نێو زمانەکانی تر بە بۆچوونی من ئەبێت ئەو دەقە ئەدەبییە هەڵگری ناوەڕۆکێکی مرۆیی مەزن بێت و لەدەوری خەمەکانی مرۆڤایەتیدا بخولێتەوە، ئەبێت ئاستێکی هونەری بەرزی هەبێت. ئەبێت لاساییکردنەوە پێشووی خۆی نەبێت و ناوازە و شاکار(masterpiece) بێت، ئەبێت ئەو بەرهەمە بەزمانی داهێنان خوێنەر بدوێنێت و دوور بێت لەکڵێشەسازی و کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی ئەدەبی.

لێرەشەوە بوونی وەرگێڕکارانی کوردی یان بیانی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لەپرۆسەی بەجیهانیبوون. ئەگەر چاو بەو بەرهەمە ئەدەبیانە بخشێنین کە لە زمانەکانی ترەوە وەرگێردراونەتە سەر زمانی کوردی بەتایبەتی ئەو بەرهەمە بەپێزانەی کەشایانی خوێندنەوەن لەچەشنی بەرهەمەکانی جەنگیز ئیتماتۆڤ و نیکۆس کازانتزاکیس و عەزیز نەسین و یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک و …تاد ئەبینین هۆکاری بەپێز بوونیان و وەرگێرانیان ئەو ناوەڕۆکە مرۆییەیە کەلەهونەرێکی باڵادا خراوەتە ڕوو. ئەمە ئەو پێوەرەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی ئاستەکانی پێ دەستنیشان دەکات و خوێندنەوەی خۆی لەسەر بنیاد دەنێت. تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم هیچ چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەئارادا نییە ئەدەبی پێ بپێورێت جگە لەو هەستە مرۆییەی کەلە تێکستەکەدا بوونی هەیەو لەشێوەی هونەرێکی جوان داڕێژراوە. ئەمە زامنی ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە ئەدەبییە ئەتوانێ سنوورەکان ببڕێت و ئاستەنگەکانی بەردەم قەتیس بوونی خۆی لابدات. ئەدەبی کوردی گەلێ بەرهەمی بەپێز و جوانی تێدایە کە دەتوانرێت وەربگێردرێنە سەر زمانەکانی تر. ئەمەش بەو مانایەیە کە کورد خاوەنی گەلێ دەقی جیهانییە کە بەکوردی نووسراون. بە بۆچوونی من شیعری ناڵەی جودایی هێمنی شاعیر هیچی کەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێت لە شیعری (ئەو ڕێگایەی نەگیرایە بەر” ی ڕۆبەرت فرۆستی شاعیری ئەمریکی کە ڕۆبەرتی وەک داهێنەرێک لەسەر پێی خۆی وەستاندووە. یان ئەگەر هەموو ئەدەبیاتی ئینگلیزی بگەڕێی شیعرێکی وەکو گۆڕستانی چراکانی شیرکۆ بێکەسی تێدا نادۆزیتەوە. زمان و هونەر و ئیستاتیکا وەک هێزی دەق ڕۆڵیان هەیە لە سەرکەوتنی دەق و تێکشکاندنی سنوورە جوگرافی و زەمەنییەکان. بەرهەمی ئەدەبی جوان کەخۆی داهێنانی ئەدەبییە لێوڕێژە لەخەیاڵ و بارگاوییە بە ڕەگەزەکانی هونەر هەمیشە لەبەردەم ئەو تاقیکردنەوەیە دایە کەڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگۆشەیەکی تری ئەم هەسارەیە خوێنەرێکی تر بەزمانێکی تر بیخوێنیتەوە و لەگۆشەنیگای خۆیەوە ڕاڤە بۆ خەیاڵی ئەدیبەکە بکات.

 

غەمگین بۆڵی : تیرى ئیگلتن پێى وایە “کەلێنێک لەهەمووکارێکى ئەدەبیداهەیە،ئەوە ڕەخنەیە ئەو کەلێنەپردەکاتەوە” بەو مانایەى کەهیچ شتێک لەژیاندا بەتەواویەتى کامل نییە،وەلێ پێت وایە ڕەخنەى ئەدەبى کوردى ئەوکەلێن وکامڵ نەبوونەى پرکردبێتەوە؟،یاخود دەست نیشانى کردبێت؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئەو قسەیەی تێری ئیگلتن دەستنیشانکردنی ڕۆڵی ڕەخنەی ئەدەبییە، من پێوایە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی وەک پێویست نەیتوانیوە بەهای هەستە مرۆییەکان ببینێت و کەلێنی کارە ئەدەبییەکان پڕبکاتەوە. دیارە منیش هاوڕام لەگەڵ تێری کە هیچ دەقێک بەکامڵی نایەتە بوون. دەقی کامڵ بوونی نییە و ڕەخنەش ڕۆڵی هەیە لەپرۆسەی تەکامولی دەق. تەنانەت کامڵترین دەق هێشتا گەلێ بواری تری تێدا دەدۆزریتەوە بۆ ئەوەی ئیش لەسەر کامڵبوونەکەی بکرێت. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە تێڕوانینی من تا ئێستا بەپێی پیویست نەیتوانیوە بەو ئەرکەی هەستێت. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئەبێت لەو ئیشکالاتانەی کەپێوەی دەناڵێنێت خۆی دەرباز بکات و ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت. دەقی ئەدەبی دەقی زانستی نییە تا هۆکار و ئەنجامی تێدا بێت و وەڵامی ئامادە بەدەست بداتە خوێنەر. دەقی ئەدەبی وەک هەموو دەزانین دەقێکە سەروکاری لەگەڵ خەیاڵ و فەنتازیایە. دەقێکە سەر بەنیشتمانی نەستی نووسەرە. لێرەشەوە ئەو دەقە لەوانەیە چەندین کەلێنی تێدا بێت و کۆمەڵێ بوار بۆ خوێنەر بخوڵقێنیت تا بەشێوازی جۆراوجۆر بیخوێننەوە. ڕەخنەی ئەدەبی هەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی ئاستەکانی خوێندنەوەی دەق و لەوێشەوە ڕەخنەگر گەشتێک دەست پێدەکات کە بۆ دۆزینەوە و شیکردنەوەی گرێ و کۆدەکانی دەقەکە و ڕاڤەکردنیان. ئەم خوێندنەوەیەی ڕەخنەگر ئەبێتە تەواوکەری پرۆسەی نووسین و سەرەنجامیش دەقێکی ڕەخنەیی نوێ دیتە بوون. ئەم گەشتەی ڕەخنەگر بۆ ئەو دۆزینەوە کۆدە مەعریفییەکان و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کەلەدەقدا دەژیت. 

 

غەمگین بۆڵی :  تۆ یەکێکى لەونووسەرانەى زۆرت لەگەلێک بواردا نووسیوە، بەتایبەت شیعر،کەچى کەمت لەسەرنووسراوە و ڕەخنەگران وەکو پێویست ئاوریان لەدەقەکانى تۆ نەداوەتەوە، بەڕاى تۆ هۆکارەکەى بۆچى دەگەڕێتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : هۆکاری ئاوڕ نەدانەوە و نەخوێندنەوەی شیعرەکانم بۆ ڕەخنەگران و خوێنەران جێدەهێڵم. ئەوە ئەوانن ئەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە نەک من، چونکە تا ئەم ساتەش کەوەڵامی پرسیارەکانی ئێوەی بەڕێز ئەدەمەوە هیچ ڕەخنەگرێک ئاوڕی لە شیعری من نەداوەتەوە. بەڵام من ئەتوانم چەند لینکێک باس بکەم کە ببێتە هۆی بەرچاو ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر. خودی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیی بەها نەبۆتە عەقڵییەتی بیرکردنەوەی. بەبۆچوونی من ئەمەش پەیوەندی بە کلتووری لاوازی ئیرادەی ڕەخنەوەیە.  ئەگەر ڕەخنەی کوردی هەستەجوان و ناشرینیەکانیان نەدوێنێت ئەوە گوناهی شیعر نییە. بەهای نووسین بەهای هەستی مرۆڤەکانە، بەهای جوان بینینیانە لەم کۆمەڵگە لێوڕێژە لە ناشرینی. شاعیرێک کە دێت شیعرێک ئەنووسێت ئەیەوێت خۆی لەو ئاوێنەیە ببینێتەوە کەهەموو کەس پەنجەی جوانی بۆ درێژ ئەکەن. هیچ نووسەرێک بەو نییەتە دەست ناداتە قەڵەم تا دەقی خراپ و ناشرین بنووسێت. هەموو ئەو بەهایانەش لەبەردەم ڕەحمەتی میزاجی ڕەخنەگر و هاوڕێی و هاو سەنگەری و کۆمەڵێ هاوی تریش دایە. بەزمانێکی تر ئەوە ڕەخنەی ئەدەبییە بینینێکی ڕوونی نییە بۆ دەق. هەموو ئەزانین ڕەخنە لە چ دۆخێک دایە سەبارەت بە نووسەرانی لەژیاندا ماو. ئەدیب و نووسەر تا لەژیاندا ماوە ڕێزی لێناگیرێت و لا لەدەقەکانی ناکرێتەوە، بەڵام وەختێ دەمرێت و بوونی کۆمەڵایەتی نامێنێت ئیتر ڕەخنەگران دەکەونە خوێندنەوەی دەقەکانی و باسی بەرهەمەکانی ئەکەن. ئەم کلتوورە بەتوندی جێگای ڕەخنەیە. ئەدیب و نووسەر وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تا لە ژیاندایە ئەبێت ئەو ڕێزەی لێبگیرێت و کۆمەڵگە لەبەرامبەر بەرهەمەکانیدا پێزانینی خۆی بۆ ڕابگەێنێت. ئەدیب و نووسەر (دیارە مەبەستم نووسەری جیددیە) تا لەژیاندایە ئەبێت خەڵات بکرێت و ئاوڕ لەخۆی بەرهەمەکانی بدرێتەوە و کاتێکیش ئەمرێت، ئەوسا با بەشێوازێکی تر ڕێزی لێبگیرێت و ژیاننامەی بنووسرێتەوە و کۆی بەرهەمەکانی بەجوانی چاپ بکرێتەوە و ساڵانە یاد بکرێتەوە.

ئیتر لێرەوە پرسیارەکان خۆیان دەوروژێنن لەچەشنی ئەوەی : چەند کەس شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بەجیددی دەخوێنێتەوە؟ لەو ژمارەیە چەندیان شیعرەکانیان لەو ئاستەدا بینیوە کە قسەی لەسەر بکەن؟ لەو ژمارەیەش چەندیان نووسین لەسەر شیعرەکان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانێت؟ لەو ژمارەی دواییشیان چەندیان هاوڕێی کۆمەڵایەتی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) نین و ئامادە نین هیچ بڵێن و چەندیشیان ڕای وایە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) چییە تا شتی لەسەر بنووسرێت؟ و تاد. گەر ئەمە واقیعی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بێت ئیتر چاوەڕوانی چی بکەین و چۆن ئومێد لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی هەڵچنین.

 

غەمگین بۆڵی : ئایا ئەوانەى لەسەردەقەکانتییان نووسیوە ، تاکو چ ئەندازەیەک توانیویانە لەفانتازیاى دەقەکەکانت نزیک ببنەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : تا ئێستا هیچ نووسینێکی تایبەت لەسەر شیعرەکانی من نەنووسراوە تا بزانم ڕەخنەگر لە فانتازیای دەقەکانم نزیک بۆتەوە یان نا.

 

غەمگین بۆڵی : بەراى تۆ ئەم قەیرانەى ئەمڕۆى ڕەخنەى ئەدەبى کوردى تەنیا نەبوونى میتۆدو تیۆریى ڕەخنەییە،یاخود ڕەخنەکارى لەسەرئەساسى هاورێیەتییە ، بەپێچەوانەشەوە؟ ئایا ڕەخنەى تەندروست و ڕەخنە گرى جددى لە ئەدەبیاتى کوردییدا هەن ؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بێ میتۆد و تیۆر نییە. ڕەخنەی ئەدەبی هەوڵی داوە هەنگاو هەڵبگرێ و تا ئەو ئاستەی کەمن ئاگام لەڕەخنەی ئەدەبی کوردییە دوو شێواز لە ڕەخنە ئەبینم. ڕەخنەیەک ئەبینم کەهەوڵ ئەدات جیددی بێت و قووڵ لە هونەر بڕوانێت و کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی(کەهەشیەتی) لەخەمی نیشاندانی ڕوخسار و تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و بزاڤی ڕۆشنبیرییە. ئەم ڕەخنەیە دەیەوێت کار لەسەر کۆی پێکهاتە مەعریفییەکان بکات. ئەم ڕەخنەیە لەسەر ئاستێکی دیاریکراو ناوەستێت و ئیش بۆ خوێندنەوەی تەواوی دراوەکانی سەردەم دەکات. خەمی ئەم ڕەخنەیە خەمی وەڵامدانەوەیە بەکێشەکانی بەردەم گەشەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی. ئەم ڕەخنەیە خەریکە جێی پێی خۆی قایم ئەکات، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە وەڵام بەسەرجەم کێشە ئەدەبی و کلتورییەکان بداتەوە. لەلایەکی تریشەوە و هەر لەسێبەری ئەو بزووتنەوە ڕەخنەییە، ڕەخنەیەکی تر هەیە زیاتر موجامەلەی نووسەرەکەیە و ستایشی هەوڵدانێکە کەزیاتر ئیش بۆ بەرجەستەکردنەوەی دەقنووس دەکات. واتە ئەرکی ڕەخنە لەبری خوێندنەوەی دەقەکە دێت زیاتر نووسەرەکە وەک پاڵەوان بە خوێنەر نیشان ئەدات. ئەمانەش زیاتر لەکەشوهەوایەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێن. بەلێکدانەوەی من ئەم ڕەخنەیە زیاتر ڕووی دەمی لە نووسەرەکەیە وەک لە دەقەکە و پاشان زیاتر خەریکی پڕکردنەوەی لایەنی لاوازی نووسەرەکەیە، چونکە نووسەرەکە نەیتوانیوە خوێنەر لە تەئەمول ڕابگرێت و ئەو پرسیارانەی کەدەبوایە بیکردنایە بەتەواوی نەکراون و ڕەخنەگرەکەی هاوڕێشی دێت و بەهەندێک ڕستەی ئەدەبی باقوبریقەوە ئەو لاوازییانە ئەشارێتەوە. هەروەها پێدانی کرێدتە بەو نووسەرە لەسەر حیسابی خوێنەر و چێژی خوێنەر و قەرزێکیشە کە زۆرجار دەدرێتەوە. واتا نووسەریش ڕۆژێک دێت ئەو تۆڵەیەی بۆ بکاتەوە و ئەمیش لەنووسینێکیدا بەشان و باڵی ئەم هەڵبدات. ڕوخسارێکی تری ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە لەسەر ئەو دەنگانەی ناو دونیای ئەدەب بنووسێت ئەویش نەک وەک پێویستییەکی ئەدەبی و مەعریفی، بەڵکو وەک ناو و ناوبانگ پەیداکردن بۆ خۆی وەک ڕەخنەگر و نووسەر. ئەم جۆرە ڕەخنەیە کە من زیاتر بەڕەخنەی بێسوودی ناو ئەبەم وای ئەبینم کە جگە لەزیان هیچ قازانجێکی بۆ بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی نییە. 

 

 غەمگین بۆڵی : ئایا ئەو ئیشکالەتانە چین ،کە لەنێوان ئەدەب وڕێزماندا سەرهەڵدەدەن،پێت وانییە نەبوونى ڕێزمانێکى یەکلایى کوردى هۆکاربێت، یاخود تا ئێستا زمانێکى ستانداردى کوردی دروست نەبووە، دەکرێت تیشک بخەیە سەر ئەم لایەنە؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئەوەی من دەیبینم نووسەری دەقی ئەدەبی زۆرجار بە گوێنەدەر بەڕێزمان ناسراوە بەتایبەتی لەبواری شیعردا. نووسەر یان شاعیر ئەو مافەی بەخۆی داوە لەپێناو جوانکاری دەقەکەی(شیعرەکەی) ڕیساکانی ڕێزمانی فەرامۆش کردووە. ئەمەش تەنها لەئەدەبی کوردیدا بوونی نییە، بەڵکو لەئەدەبیاتی جیهانیشدا هەیە. بۆ نموونە ڕێنووس لەزمانی ئینگلیزی کە زمانێکی ستانداریشە کێشەیەکە نووسەر پێوەی ناڵاندوویەتی. ئەگەرچی تەکنەلۆجیا لەئەمڕۆدا یارمەتیدەرێکی بێوێنەی نووسەرە لەبواری ڕێنووسدا، بەڵام کەدێتە سەر حونجەکردنی وشەکان و گۆکردنیان و ئینجا نووسینیان، ئەبینین کە نووسەر تووشی چ ئیشکالاتێک دەبێت. لەزمانی ئینگلیزی نزیکەی شانزە پیتی بزوێن هەیە. بەگشتیش لە نوسیندا تەنها پێنجیان دەبینرێن و یانزەکەی تریان نابینرێن. بۆیە کە دێتە سەر چۆنیەتی دەربڕینی دەنگی وشەکان ئیشکالاتەکان دەردەکەون. بەڵام زمانی کوردی نە ستاندارە و نە نیمچە ڕێکەوتنێکی گەوهەریش هەیە بۆ نووسین، ئەبینین ئیشکالاتەکان گەورەترن. ئیشکالاتی (ڵ) و (ڕ) لەسەرەتای وشە و ڕستە و (و) و (وو) و (ی) و (ئ) و (د) و (ت)ی کۆتایی فەرمان و جیاوازی لە گۆکردنی وشەکان لەشێوەزارەکان هەندێکجار دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم نووسەردا. زمانی ستانداری کوردی دەبێت خاوەنی ڕێزمانێکی یەکلایی و سەرتاسەر بێت. بەڵام بەبۆچوونی من گەر بگەینە ئەو ئاستەش کێشەی ڕێزمان لەزمانی کوردی تەواو نابێت و ئەدیبی کورد ئەبێت لەدەستویەخەدا بێت بۆ ئازادی نووسین و چوونە دەرەوەی جوغزی ڕێزمان.

 

غەمگین بۆڵی : ئایا په‌یوه‌ندی زمان به‌  ئیستاتیکییه‌کانی ده‌ق، له‌ پرۆسه‌ی نووسیندا چییه‌؟ زمانی پاراوو دروست چ ڕۆڵێک ده‌گێرێت له‌ بۆبه‌رهه‌می نه‌مرو به‌ جیهانیبوون؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەبارەت بەبەشی یەکەمی پرسیارەکە پێموایە پەیوەندییەکی زۆر گرنگ لەنێوان زمان و ئیستاتیکای دەقدا هەیە. نووسەر هەمیشە و بەردەوام هەوڵی ئەوە ئەدات لەدەقەکانیدا ئەو وشانە بەکاربهێنیت کە گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانی ئەکات و بەشێوەیەکی سەرجڕاکێشانە دایبڕێژێت کە کۆمەکی خوێنەر بکات لەگەشت بەنێو دونیای دەقەکە و دۆزینەوەی پنتکە شاراوەکانی. زمان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە تەواوی کایەکانی ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی کایە ڕۆشنبیری و مەعریفییەکان. پرۆسەی نووسین پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی ئازادانەیە کە نووسەر ئازادانە مێشکی بەکار ئەهێنێت بۆ ئەوەی بەشداریمان پێبکات لەو گەمانەی کەپرۆسەکەی پێدا تێپەڕدەبێت تا کۆتایی. گەمەکانی زمان هەر لە وشە دۆزینەوە و داڕشتنی دێرەکان و وێنە و خەیاڵ و هارمۆنی و مۆسیقا و شێوازی گێڕانەوە و هەڵبژاردنی شوێنکاتی گونجاو  وکارەکتەری پڕبەپێستی دەق لەبەردەم تەکنیکێکدا ڕامان دەگرن کەبەشێکی جیانەکراوەی ئیستاتیکای دەقی ئەدەبین. هەموو ئەو گەمە و تەکنیکانە ناکەونە دەرەوەی زمان. کەوابوو ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئیستاتیکا خۆی ڕۆڵەیەکی شەرعی زمانە و بەبێ بوونی زمان ئیستاتیکا بوونی نییە.

بەکاربردنی زمانێکی پتەو و جوان و پاراو دەقی ئەدەبی دەباتە ئاستێکی تر لەداهێنان و خوێنەرانیش دەخاتە سەر هێڵی ڕامان و بیرکردنەوە. بەکارهێنانی زمان لەئاستێکی بەرزدا کاریگەری گەورەی لەسەر بەجیهانیبوونی دەق هەیە. بەڵام سەبارەت بە نەمری پێموانییە هیچ دەقێک بتوانێت بۆ هەتاهەتا بژێت. دەق دەتوانرێت بنووسرێتەوە و هەڵبگیرێت و لەفەوتان و لەناوچوون بپارێزرێت. بەڵام مردنی مەعنەوی دەق هەمیشە ئامادەیە و بەردەوام سێبەر ئەخاتە سەر دەقی ئەدەبی. ئەشێ کەسێک باس لە چیرۆکەکانی نێو ئەفسانەکانمان بۆ بکات ، یان باسی تراژیدیای یۆنان و ئەدەبی جاهیلی عەرەبی و نووسینە کۆنەکانی وڵاتی چینمان بەنموونە بۆ بهێنێتەوە. بەڵام هیچ کام لەم نووسینانە نەمر نین. ئەدەبی نەمریش بوونی نییە. ئەوەی ناوی نەمری لەو دەقانە ئەنێت لەڕاستیدا بەهەڵەدا چووە و لەبری نەمری ئەبێ سوپاسی زمان و نووسین بکەین کەتوانراوە بپارێزرێن و بە ئێمە بگەن. ئاڵوگۆرەکانی جیهان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و چوونەسەری ئاگایی ئینسان و گەشەی سەرسوڕهێنەری تەکنەلۆجیا بوارێکی بۆ نەمری دەقی ئەدەبی نەهێشتۆتەوە. داستانی گلگامش نەمر نییە و لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکیدا دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە. لەوانەیە دەقێک کاریگەری لەسەر ڕەخنەگرێک هەبێت و پێی وابێت دەقێکی نەمرە و هەمان دەق نەتوانێت بچووکترین هەستی ڕەخنەگری دووەم بجوڵێنێت. دوای ئەوەش لەکوێدا بەدوای نەمری دەقدا دەگەڕێین؟ لە ڕێباز و قوتابخانە فیکری و ڕەخنەییەکان یان لەخودی دەقەکەدا؟ ئێمە لە خودی دەقەکەدا بەدوای نەمریدا دەگەڕێین و بەو ڕێبازە ڕەخنەییانەش ئەیان خوێنینەوە. ئێ خۆ هەر ڕێباز و قوتابخانەیەکیش بۆچوون و بروای تایبەتییان هەیە بۆ ئەو چەمکە. ئەوەی لای ڕەخنەی بونیادگەری نەمرە ڕەنگە لای ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی قسەی بەتاڵ بێت و بەپێچەوانەوە.

 

غەمگین بۆڵی : به‌بروای تۆ ئاسۆکانی زمانی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن له‌ کوردستاندا به‌کوێ گه‌یشتوون؟ ئه‌م جۆره‌ زمانه‌ له‌ کام ژانه‌ری ئه‌ده‌بی کوردییدا زیاتر بوونی هه‌ست پێده‌کرێت؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من بۆ خۆم تا ئێستا ناولێنانیکی لەو جۆرەم لەئەدەبی کوردیدا نەکەوتۆتە بەرچاو. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە زمانی کوردی وەک کۆی زمان لەکارلێک و کارتێکردن بەدوورە و بەحوکمی واقیعییەتی فرە دایەلێکت و نەبوونی زمانی ستانداری سەرتاسەری. زمانی کوردی وەک هەر زمانێکی تری جیهان لەگەشەو بەرەوپێشچووندایە و زیندووە. زمانی کوردی بەبەراورد بە ڕابردووی خۆی ئەتوانین بەئاشکرا هەست بەو جیاوازییە گەورەیە بکەین کەلەهەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە. بەبۆچوونی من زمانی کوردی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو زمانێکی تێکەڵ بووە لە کوردی و عەرەبی و فارسی و هەندێک تورکی. دواتریش لەنیوەی یەکەم و سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو بە هەوڵی چەندین ئەدیب و ڕۆشنبیری کورد هەوڵ بەپەتیکردنی زمان دەدرێت و زمانی کوردی پاکژ دەکرێتەوە لەو وشە بیانیانە و لەو بوارەشدا گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەش ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوە. ئینجا بەپێی گۆڕانە سیاسییەکان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد زمانی کوردیش ئاڵوگۆڕی زیاتری بەسەردا دێت و تا سەرەنجام ئەم زمانەی ئەمڕۆی لێدەردەچێت کە ئێستا پێیدەنووسین. زمانی کوردی وەک هەر زمانێکی تری زیندووی جیهان ( مەبەست لە زیندوویی ئەوە نییە کەزمانی کوردی وەک زمانی ئینگلیزی گەورە و بەرین و خاوەن زمانی ستاندار و تەکنەلۆجیایە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە زمانێکە هەم ملیۆنەها کەس قسەی پێدەکات و پێی دەنووسێت و هەم لەلێکخشاندندایە لەگەڵ ئاڵوگۆرەکان و تێدەکۆشێت بەزیندوویی بمێنیتەوە) بەردەوام لەگەشەکردندایە و لەئاڵوگۆڕی بەردەوامدا دەژێت. وشەی تازە لەزمانەکانی ترەوە وەردەگرێت و  وشەی کۆن فڕێ دەدات. نووسینەکانی فێرناند دی سوسێری زمانناسی سویسری کەبەباوکی زمانەوانی مۆدێرنە دائەنرێت ڕۆڵێکی گەورەیان گێراوە لەگەشەپێدانی بونیادگەری وەک میتۆدێکی زانستە مرۆییەکان. سوسێر ئەڵێت “زمان سیستەمێکی بونیادییە و بونیادی زمانیش بەرهەمی کۆمەڵایەتی بەشی زمانە”. ئەو بنەما ڕەخنەییەی کە زمانی کوردی بەسەر مۆدێرن و پۆستمۆدێرن دابەشدەکات، بۆم ڕوون نییە لە چ قۆناغ و ساڵێکدا زمانی کوردی پێئەنێتە ناو مۆدێرنێتە و پۆستمۆدێرنە؟ ئایا مەبەست لە پۆستمۆدێرنە زمانی نووسینی نەوەی نوێیە یان زمانی نووسینی گروپی ڕەهەندە؟ بەبۆچوونی من ڕەخنەی ئەدەبی کوردی و زمانناسان هێشتا لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر نەکردووە، یان کردوویانە و بەحوکمی دووریم لە کوردستانەوە من نەمبینیون. من وای دەبینم زمانی کوردی ئەمڕۆ پتەوتر و بەرجەستەتر بووەتەوە و هەست ئەکەیت قووڵترە لەو زمانە سادەییەی کە چەند دەیە پێش ئێستا پرۆسەی نووسینی پێ ئەنجام دەدرا. بەبۆچوونی پۆستمۆدێرانەی زمان گرنگ جەخت کردنە لەسەر هێما و مانای وشەکان و هێزی بونیاد کەوەک بەشێک لەبەکارهێنانی وشە قەبوڵ ئەکرێت. دەقی ئەدەبی کوردی ئێستا هەمان ئەو دەقانەی چەند دەیەی پێش ئێستا نین، دەقی ئەمڕۆ (دیارە مەبەستم دەقی جوان و داهێنانە) تاک ڕەهەندی نییە، چونکە دەقی یەک ڕەهەندی یان تاک ڕەهەندی خاڵییە لەفەلسەفە و تەئەمول. دەقی کوردی هەنگاوی باشی ناوە بەرەو فرە ڕەهەندی و فرتە مانایی. ئەگەر باس لەئاسۆی زمانی کوردیە، ئەوا بێگومانم لەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان بەرەو پێش ئەڕوات . ئەم زمانە پتەو بەرجەستەیە زۆر بەئاسانی ئەتوانرێت لە شیعر و ڕۆمان و لێکۆڵینەوانەکاندا ببینرێت. 

 

غەمگین بۆڵی : ئایا بۆچی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ زمان له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرییه‌تی کوردییدا شێواندنێکی پێوه‌ دیاره‌؟ قه‌یرانی ڕه‌خنه‌ی زمان و شێواندنی بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟ زمانناسانی کورد تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک به‌شدارن؟

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من لەوەڵامی پرسیارەکەی پێشتردا هەوڵمدا ڕوونی بکەمەوە کە زمانی کوردی حاڵەتێکی وەستاوی نییە و بەردەوام لەگەشەکردندا بووە و لەگەشەکردندایە. زمانیش هەر بەتەنها لەخۆیەوە گەشە ناکات، بەڵکو ئەوە ڕەخنەگران و نووسەرانن کە تێدەکۆشن ئامڕازی زمان لەگەڵ شێوازی نووسین و جۆری پێویستییان بێتەوە. زمانی کوردی گەلێ بابەتی جیددی و پڕ مانای لێپێچراوەتەوە کەلەنێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردی قسەوباسی لەسەرکراوە و دیبەیتی لەسەر کراوە. کە ستانداربوونی ئەو زمانە زۆرترین دیبەیتی لەخۆ گرتووە. من بەپێچەوانەوە شێواندی ئەو گووتارە ڕەخنەییە ناخەمە ئەستۆی ڕەخنەگران ئەوەندەی دەیگەڕێنمەوە بۆ بارودۆخی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی. ئەوە دەسەڵاتی سیاسی کوردستانە بەجیددی نایەوێت کۆمەککەری بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی بێت. نووسەران و ڕەخنەگرانی کورد و زمانناسانی کورد سەرباری جیاوازییەکانیان بەڵام بەشدارن لەو دیبەیتە فراوانەی کەلەسەر زمانی کوردی و بەهێزبوونی ئەو زمانە لەئارادایە و هەر کەسێکیش بەپێی شارەزایی خۆی لێکدانەوەی و شڕۆڤەی خۆی وەک دەرهاویشتەی بارودۆخەکە خستۆتە بەر دیدی خوێنەرانی کورد. پرۆژەکانی جووت ستانداری و سۆرمانجی و لاتینی و سۆرانی لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردەوە خرانە بەرباس  و لێکۆڵینەوەوە. زمانناسانی کوردیش خولقێنەری هیج قەیرانیک نین. ئەوە شتێکی سروشتییە جیاوازی لێکدانەوەکان تاوتوی بکرێن و وردبوونەوەیان بۆ بکرێت و هەر لایەنێکیش بەفاکت ڕاست و دروستی بۆچوونەکانی خۆی بسەلمێنێت. بەڵام کێشەی بنەڕەتی لەو دەسەڵاتە سیاسییەی کورد دایە لەباشووری کوردستان کەئامادە نییە وەڵام بەکۆسپەکانی بەردەم نزیکبوونەوە لەزمانی ستانداردی کوردی بداتەوە. بوونی هەر شێواندنێک لەو مەسەلە گرنگە دەسەڵاتی سیاسی کوردی وەک خاڵی بەهێزی خۆی چاوی لێئەکات و بەزیندوویی ئەیهێڵێتەوە. دەسەڵاتی کوردی لەباشووری کوردستان ئەگەر ئەیەوێت لەو هاوکێشەیەی وەڵامدانەوە بە کێشەی زمانی ستانداری کوردی ڕۆڵی هەبێت ئەبێت گووتاری سیاسی خۆی بگۆڕێت. کەئەمەش قوربانییەکی گەورەیە و پێموانییە دەسەڵاتی کوردی بوێرێت خۆی لەقەرەی بدات. 

 

غەمگین بۆڵی : ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی ڕۆڵی له‌م شێواندنه‌ی زماندا هەیه‌؟ تا چه‌ند ئه‌مه‌ بۆ زمانی ستاندارد کۆسپه‌؟ 

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : دەسەڵاتی کوردی لەباشووری کوردستان لەسەر کۆمەڵی جومگە و بەها ئیش دەکات و ویستویەتی بەو ڕێیەیدا ببات کە خۆی ویستوویەتی. بۆ نموونە بەدەبەنگکردنی تاکی کورد و سەقەتکردنی زمانی کوردی لەبوارەکانی پەروەردە و فێرکردن. بەتێگەیشتنی من بەئەندازەی ئەوەی بەرپرسیارەتی لەئەستۆی ڕەخنەگرانی زمانناسانە بەو ئەندازەیەش لەئەستۆی دەسەڵاتی کوردییە. دەسەڵاتی کوردی ئارەزوومەندانە و لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان هەستاوە بە دروستکردنی دیوارێکی گەورە لەنێوان سۆرانی و بادینی و جیاکردنەوەی بەعەمەلی دەسەڵات و برەودانە بە واقیعی لەتوپەتکردنی کورد و زمانی کوردی. ئەوەتا دەزگا تەبلیغیەکانی دەسەڵات و میدیاکان ڕۆڵی بەرچاو ئەگێڕن لە نابوود کردنی زمان و دوورکەوتنەوە لە گەیشتن بەزمانی ستاندارد. لوڕی و لەک و هەورامی و زازایی ئەبێت لە دیبەیت و ململانێی نێوان ڕۆشنبیران و زمانناسان و دەسەڵاتدا جێگایان بۆ بکرێتەوە و بەوردی حیسابیان بۆ بکرێت. دەسەڵاتی کوردی بەفیعلی زمانی ستانداری کوردی بۆ گرنگ نییە و ئێستاش ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییە زاڵە بەسەر گوتاری سیاسی دەسەڵاتی کوردی . دەسەڵاتی کوردی چونکە ئاسایشی نەتەوەیی کوردی بۆ گرنگ نییە، چونکە دەوڵەتی کوردی بۆ ئامانج نییە، چونکە خاکی کوردستانی سەرتاسەری بۆ مەبەست نییە ، هەر لەبەر ئەمانەش زمانی یەکگرتوو و ستانداری کوردی بۆ خەم نییە و ئامادەش نییە یەک هەنگاو لەو بوارەدا هەڵبهێنیت. 

 

نیسانی 2011 

ڤانکۆڤەر – کەنەدا

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply