Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
ئەفسوس ..بۆ ئەو ساڵانەی لە زیندانی ڕۆژەكاندا پیر بوون

ئەفسوس ..بۆ ئەو ساڵانەی لە زیندانی ڕۆژەكاندا پیر بوون

Closed
by July 6, 2011 ئەدەب

 
1. (( ژوورەكەم ..
دورگەیەكی دوورە
تەنھا بۆ سەرگەردانی
خۆم ))  
             ***
ژوورەكەم ..
پڕە لە جانتای بەجێماو
نە من ئەڕۆم و
نە كەسێكیش دێ بۆ لام

لە مندا شتێك سەفەری كرد
سەفەرێك لە ناو مندا شتێكی
برد ..
بردی و نەیھێنایەوە

ڕێگەی سەفەر
لە ناو مندا ..
تەپوتۆزی لێنیشتووە
لە ناو مندا سەفەر
لەسەر كورسیەك دانیشتووە

لە ناو سەرابی ڕێگادا
جگە لە من و چاوەڕوانی
كەسی دی نابینی ..

2. (( لە سەفەری ئەو خاتونەدا
میلی عومرم
بەجێیھێشتم .. ))
                  
             ***
ئەگەر نەگەڕێتەوە
 ئەو كچە ..
بە تاڵێ قژی
لە كەناری ئاسماندا
خۆر ئەبەستمەوە

ئەگەر نەگەڕێتەوە
بە موژگانێكی
ئەو كچە ..
ئەرز لە مەداری خۆیدا
ئەچەقێنم

نەبا ئەو كچە ..
لەپڕ بێتەوە و
پیر ببم و
نەمناسێتەوە

3. (( لە پەنجەرەی دواھەمین سەفەرەوە
 عومر دەستی دەرھێناوە
ماڵئاوایی ئەكات ))

              ***
ئەو كچە ڕۆشت
چركە چركی كاتژمێرەكەم
بێدەنگ و ئارام
نوست ..

ئەو كچە ڕۆشت
بە پەنجەرەكەوە
چنگ و پەلی لاولاوەكەش
ووشكبوویەوە

ئەم ئێوارەش ..
پەڕەسێلكەكان نایەنەوە

4. (( بیابانێكی پیر
ڕێگایەكی وونی بە كۆڵەوەیە
سۆراغی موسافیرێك ئەكات ))

            ***
لەوەتەی ئەو كچە ڕۆشتووە
سیسركێك ..
كەوتۆتە ناو داوەكەوە
جاڵجاڵۆكەیەك ..
لەناو كلیلی دەرگاكەوە 
لمۆزی ئەلێسێتەوە

كە ئەو كچە ڕۆشت
بەلۆعاكەی گرتەوە
ھەنگێك ..
دەمی ناوە بە بەلۆعاكەوە
پەپولەیەكیش لەبەردەم بەلۆعاكەدا
ھەڵوەریوە

5. (( ژوورەكەم .. پیاوێكی ماندووی
ڕیش سپیە ..
لە ناو مندا
بۆ ئەو خاتونە .. 
دەرگا و پەنجەرەی كردۆتەوە ))

          ***
سەری ئەرزم بە ئاسمان
داپۆشیوە ..
تا ژیان سارد و سڕ
نەبێتەوە ..

پێیەكم لەمسەر و
پێكەی ترم لەوسەری دنیا
داناوە ..
 
ھەموو شتێك لە شوێنی خۆیدا
وەستاوە ..
ئاخر لەبەر ئەو كچە ..
تایەكانی ژیانم پەنچەر كردووە

6. (( لە بەستەڵەكی دابڕاندا
تەزیوم ..
گوێم لە بێدەنگیە
ئەقیژێنێ ..
كەللەی تەقاندوم ))

       ***
كە ئەو كچە ڕۆشت
بە گۆرانی ..
چاوەكانم خەواند
تا ڕەنگەكانی جوانی 
تیایاندا كاڵ نەبنەوە

ئەزانم بەمزوانە
ڕوخساری ئەگەڕێتەوە

لەوەتەی ئەو كچە ڕۆشتووە
گوێكانم ..
وەك دوو منداڵی عەجول
بەرەڵای ناو شەقامەكان كردوون
وەك مەستەكانی شەو
شەوانیش نازانم
لە كوێ ئەنوون
 

7. (( لە كەناری ژوورەكەمەوە
دوور دوور ..
بۆ ئەو كەشتیە ئەڕوانم
لە ناو سەرابی شەپۆلەكاندا
كز كز .. ئەنیشێت ))

          ***
ئەم ژوورە دوورگەیەكە
بە لم داپۆشراوە ..
لەوەتەی ئەو كچە ڕۆشتووە
پێم لەناو پێپێكانی
چەقیوە ..
نەبا شەپۆل بیانسڕێتەوە ..  

لەم ژوورەدا
تا تەوقی سەرم
گوێچكە ماسییە ..
قەوزەش تێمئاڵاوە
من لەناو پێی ئەو كچەدا
ماومەتەوە ..

ئێستا لە ناو ئەم ژووردا
دنیایەك ھێلانەم پێوەیە و ..
ھەموو جەستەم ئەجریوێنێ

لەم دورگەدا ..
تەنیا بێچوە كیسەڵێكی ھەتیوە
ئەو ھەر من و
منیش ھەر ئەوم ھەیە ..
 

8. (( من و ئەو كیسەڵە پیرە
عەیامێكە .. وەستاوین
ئەو لە ژێر سێبەری من و
منیش لەناو پێی
ئەو خاتونە ))

              ***
ھێلانەیەك بەسەرمەوە
ڕوخاوە ..
ھێلكەكانی شكاون
كیسەڵەكەش پیر بووە

ھەموو ڕۆشتن
شەپۆل و لم .. پێكانی سڕیەوە
كەسیش نەگەڕایەوە ..
لم ھەموومانی داپۆشیوە

ئێستا لەم ژوورەدا
ئاسمان و ئەرز نیە
دەرگا وپەنجەرە و كۆڵان نیە
دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانی نیە

ئێستا پیاوێك ..
لە ژوورەكەیدا
دەستی بە ناوچاویەوەیە
بۆ ھەموو لایەكی خۆی
دوور دوور .. ئەڕوانێ
لە ھیچ زیاتر
ھیچ نابینێ  ..

Simkan97@hotmail.de    

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.