Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
توركیا و قۆناخێكی ترسناك

توركیا و قۆناخێكی ترسناك

Closed
by January 16, 2012 گشتی

هێدی هێدی ئەو تروسكاییانە كزدەبنەوە كە هیوای ئاسۆی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتیانەی كێشەی كوردی لە توركیا لێدەكرا.

بەتەواوەتی ئاشكرا بوو كە حكوومەتی ئاكەپە نەك هەر چارەسەری ئاشتیانە –  دیموكراتیانە، بەڵكو بەهەمان شێوەی حكومەتەكانی پێش خۆی، لە بەرامبەر كێشەی كورددا رێبازی توندوتیژی سەربازییانەی گرتۆتە بەر، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئاكەپە بەڕێوەیدەبات، كۆمەڵكوژی سیاسییە و تەنانەت لە كۆمەڵكوژی جەستەییش بەدەر نییە.

ئاك پارتی و عەسكەرتارییەت

ئیدی ناتوانین ئەو هیوایە بخوازین كە ئاكەپە نیازی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی گەلی كوردی هەیە لە باكوری كوردستان، هەر نەبێت – بۆ ئێستا راستە- گەر بڵێین هەموو دەرگاكانی دایالۆگی داخستووە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو تەنانەت پەلاماری دەزگا سیاسی و مەدەنی و كەلتووری و مرۆییەكانیش دەدات.

تەنیا لە هەڵمەتی دوو ساڵی دواییدا نزیكەی 5000 كوردی خستۆتە زیندانەكانەوە، ئەو بیانوانەی دەیكاتە هۆكاری هەڵمەتەكەیشی، تەنانەت پێچەوانەی یاساكانی خۆیشیانە.
ئیدی كەم كەس هەیە لە توركیا نەزانێت كە ئاكەپە لە دەسەڵاتی خۆیدا مەغرور بووە، لەبەرامبەر كوردانیش سیاسەتێكی نەژادپەرستیانە پەیڕەو دەكات.
دیموكرات و چەپ و مافپەروەر و گەلێك لە كەسانی دیاری نێو كۆمەڵگای مەدەنی بەڕەسەن توركیش، وا خەریكە دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن و بێدەنگیان شكاندووە.

پەكەكە و ستراتیژییەتی نوێ
لە بەرامبەردا پەكەكە (شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل)ی راگەیاندووە و رێبازی زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانەی هەڵبژاردووە، بێگومان هەڵبژاردنی ئەو رێبازە لەسەردەمی ئێستادا بێئەنجام دەبێت، چونكە شەرت و مەرج و تایبەتمەندییەكانی ئەو رێبازە لە گەڵ رەوشی ئەمڕۆدا ناگونجێت، بەكارهێنانی چەك لە ئێستادا، مەگەر تەنیا بەكەڵكی خۆپاراستن بێت .
پەكەكە لەوانەیە بتوانێت شەڕ گەورە و بەرفراوان بكات، تەنانەت شەڕ بخاتە نێو شارەكانیش، بەڵام ئەو شەڕە، یەكەم ناتوانێت دەوڵەتی تورك بڕوخێنێت، دووەمیش رك و كینە زیاد دەكات و زمانی دایالۆگیش لە نێو دەبات.

گوڕبوونی توندوتیژی و دەرەنجامەكانی
 
دەتوانین دوو خوێندنەوە بۆ گرتنەبەری توندوتیژی ئاك پارتی بكەین:
یەكەم: ئەگەر ئاكەپە لەو توندوتیژییەی بەرێوەی دەبات نیازی لە ناوبردنی كوردان، یان لەناوبردنی پەكەكە، یان سیاسەتی نكۆڵی و قڕكردن بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە، كە سەركوتوو نابێت، لەوەش زیاتر جیا لە لایەنی كوردی، زیانێكی گەورەیش بە میللەتی تورك دەگەیەنێت و پارتەكەی خۆیشی بەرەو لاوازی و شكست دەبات.

دووەم: نا، ئەگەر نیازی ئاكەپە لەو هەڵمەتە توندوتیژییە ئەوەبێت كە دەسەڵاتی خۆی و هێزی خۆی پیشان بدات و دواتر ئەگەر دیالۆگ ئەنجام بدات بە پێگەیەكی بەهێزەوە دانیشێت و مفاوەزات بكات و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت، ئەوا لەوەشیاندا رێگەی هەڵەی هەڵبژاردووە، چونكە ئاستی توندوتیژییەكە، واز لەوە بێنە گەریلاكانی پەكەكە یان سیاسەتمەدارانی كردووەتە ئامانج، تەنانەت كۆڵبەر و كاسبكارە گوندییەكانیش بە ناپاڵم و بۆمبی قەدەغەكراو لە ناو دەبات، بۆیە هەرچەندە ئاستی توندوتیژی و جووڵەی سەربازی پتر بێت، ئەوەندەش برینەكان قووڵتر دەبن و چارەسەریش نەك هەر دوادەكەوێت، بەڵكوو بێواتا دەبێت.

PKK
دەتوانین هەڵوێستی پەكەكەش بەم شێوەیە بخوێنینەوە:

یەكەم: ئەگەر پەكەكە ئەو ستراتیژییە نوێییەی شەڕ (شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل)ەی، رایگەیاندووە، بە نیازی ئەوە بێت دەوڵەتی تورك بڕووخێنێت، ئەوا زیاتر نزیكی خەیاڵە، یان ئەگەر بە نیازی لەدەسەڵات لابردنی ئەكەپە بێت، دیسان گەرەنتی نییە، چونكە دەوڵەت بە شەڕی چەكداری كەمینە ناڕووخێت و حكوومەتێكیش كە بە رێژەیەكی زۆری دەنگی خەڵك هاتبێتە دەسەڵات، دیسان ناڕووخێت، چونكە بەو شەڕ و چالاكییانەی پەكەكە ئەنجامی دەدات، ئەوەندەی دیكە هەستی شۆڤینیەتی تورك لەبەرامبەر كوردان زیاد دەبێت و دوور نییە ئاكەپە لە نێو توركەكاندا دەنگی زیاتر بهێنێت، بەڵام ئەوەی كاریگەر بێت لەسەر ئاكەپە كەمبوونەوەی دەنگی كوردانە لە كوردستان و توركیاشدا، كە دوور نییە یەكێك لە ئامانجەكانی پەكەكە بێت.

دووەم: ئەگەر پەكەكە لە پێناو بەهێزبوونی پێگەی خۆی ئەم شەڕە بەرفراوان بكات، بۆ ئەوەی لە دیالۆگ و مفاوەزاتەكاندا هێزی خۆی پیشان بدات، ئەوا لەوەشدا دیار نییە، كا گەر ئاكەپە زەبری كوشندەی بەركەوێت، ئامادەی دایەلۆگ دەبێت، یان چاوسوورتر دەبێت.

سێیەم: ئەو كاتە شەڕی چەكداری پەكەكە رەوایی و كاریگەری خۆی زێدەتر دەبێت، كە شەڕی بەرگری لە خۆكردن بێت، كاتێك دەوڵەت هیچ رێگا چارەیەكت بۆ نەهێڵێتەوە و تەنیا رێگای تەسلیمكاری و پەشیمانی، یان لەناوچوونت لەبەردەم دابنێت، ئەوا بەرگری كردن لە خۆت بەڕێبازی چەكدارانە و (شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل) شەڕێكی رەوا و ژیانییە، تەنانەت مرۆییشە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.