مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان
مرۆڤ له‌وکاته‌وه‌ی وه‌ک بونه‌وه‌رێک دێته سه‌ر زه‌وی و پاش دابینکردنی پێداویستیه بنچینه‌یی وسه‌ره‌تاییه‌کانی، ئیتر یه‌کێک له سیفه‌ته هه‌ره گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی بونیه‌تی . کۆمه‌ڵایه‌تیبوون به‌و مانایه‌ی که مرۆڤ ده‌که‌وێته ناو بازنه‌ی په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کانی تر‌و ده‌وروبه‌ریدا . بوونی ئه‌م بازنه کۆمه‌ڵایه‌تیه له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و هه‌مه‌لایه‌نه جگه له‌وه‌ی پێویسته بۆ بوونی مرۆڤ ، هه‌روه‌ها ده‌شبێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی بناسێت و هه‌وڵێش بدات که به‌ده‌ستیان بهێنێت . به شێوه‌یه‌کی گشتی مافه‌کانی بریتین له مافی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی ، دووه‌م مافی هاوڵاتی بوون وه سێیه‌م مافی مرۆڤ .
مافی هاوڵاتی بوون یه‌کێکه له‌ومافانه‌ی که پایه‌کانی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕۆچوون و پێ به‌پێی ژیانی شارستانی مرۆڤ په‌یدابوه‌و گه‌شه‌ی سه‌ندوه . له‌م سه‌رده‌مه‌شدا مافی هاوڵاتی بوون بۆته یه‌کێک له کۆڵه‌که بنچینه‌ییه‌کانی ژیانی مرۆڤی ئازاد و پێشکه‌وتوو. مسۆگه‌رکردن و دابینکردنی مافی هاوڵاتی بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌رکێکی سه‌رده‌میانه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌که ، له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێته کلیلی پاراستن و ئارامی و دڵنییایی بۆ کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کان . هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌شدا ده‌کرێت بڵێین که دابینکردنی مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان، پردی په‌یوه‌ندی و دڵسۆزی نێوان تاک وکۆمه‌ڵگایه . کاتێک مرۆڤ به‌بێ جیاوازی به‌هره‌مه‌ندبێت له مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی تردا ، ئیتر هه‌ست به بوون و سه‌نگی خۆی ده‌کات له کۆمه‌ڵگادا . ئه‌م مافه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆته مافێکی سه‌ره‌تاییانه‌ی مرۆڤ له هه‌مان کاتدا مافێکی ڕه‌وا و سه‌رده‌میانه و دیموکراتیکه و زۆریش گرنگه بۆ پێشکه‌وتنی تاک و کۆمه‌ڵگا .
پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌رهوشیاری مرۆڤ . ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ زانیاری زیاتربه‌ده‌ست بهێنێت له‌مه‌ڕمافه‌کانی خۆی . له‌م نێوه‌شدا به پێی یاسا و ڕێسا مرۆسروشتیه‌کان مرۆڤ هه‌رده‌م دژه به ژێرده‌ستی و بێمافی . هه‌ربۆیه‌شه له نه‌بونی مافی یه‌کسان بۆ هاوڵاتیان ، ئیتر مرۆڤه‌کان هه‌ریه‌ک به شێوه‌یه‌ک و به تاک و گروپ ده‌که‌ونه خه‌بات و تێکۆشان بۆ به‌ده‌ستهێنانی دوباره‌ی مافه‌کانیان . مرۆڤی کۆیله و بێ‌ماف به‌خشش و تواناکانی که‌م ده‌بنه‌وه . نایه‌کسانی له ماف‌دا سه‌رچاوه‌ی دواکه‌وتویی مرۆڤ و په‌ککه‌وتنی کۆمه‌ڵگایه . مرۆڤ له‌و کاته‌دا ئاسوده ده‌بێت که هه‌ست بکات به‌بێ جیاوازی ، به‌هره‌مه‌نده له مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ هه‌موو تاکه‌کانی تری کۆمه‌ڵگاکه‌یدا . مرۆڤی ئازاد سه‌رچاوه‌ی بوونی کۆمه‌ڵگای ئازاده .
له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگادا، ده‌کرێت مافی یه‌کسان بۆ هاوڵاتیان به شێوه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ک له‌لایه‌ن داموده‌زگای فه‌رمی و ده‌وڵه‌تیه‌وه به نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگا دیاری بکرێت و به یاسا که‌مه‌ربه‌ند بکرێت . مافی هاوڵاتی بوون هه‌م مافه و هه‌م لێپرسراوێتی و ئه‌رکه . که‌واته په‌یوه‌ندیه‌کی دوولانه‌ی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگایه . له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵێکی پته‌وه له نێوان تاک و ده‌وڵه‌تدا . کاتێک مرۆڤ به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت له مافه‌کانی، ئیتر به ئاسانی ئه‌رکه‌کانیشی به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌ست پێده‌کات و به به‌شێک له ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانێت .
دابینکردنی مافی یه‌کسان بۆ هاوڵاتیان زه‌مینه‌ی به‌رهه‌مهێنای مرۆڤی ئازاد و ئه‌فرانده‌یه .مافی یه‌کسان بۆ هاوڵاتیان له هه‌موو بواره‌کاندا به بێ جیاوازی ده‌بێته هۆی زامنکردنی چه‌ند پایه‌یه‌کی گرنگی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی له‌وانه‌ش :
یه‌که‌م : مافێکی ڕه‌وای ئینسانیه‌وه و ده‌بێت مرۆڤ لێی به‌هره‌مه‌ندبێت. بنچینه‌شه بۆ گه‌شه‌ی په‌روه‌رده و که‌سێتی مرۆڤ وشکۆمه‌ندی .
دووه‌م : دابین کردنی ئه‌م مافه ده‌بێته هۆی دروستکردنی ئینتمابوون له لایه‌ن هاوڵاتییه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگا و سروشت و چوارده‌وره‌که‌ی و هه‌روه‌ک ده‌بێته ئه‌لف و بێی ژیانی وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد .
سێیه‌م : دابینکردنی مافی هاوڵاتی ده‌بێته سه‌قامگیری و ئارامی کۆمه‌ڵگاو پێشکه‌وتنی بواره زیندو وه هه‌ستیاره‌کانی ژیان له کۆمه‌ڵگادا .
چواره‌م : له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کات ، ئه‌م مافه ده‌بێته بنه‌مایه‌کی کلتوری و ڕۆشه‌نبیری وه ده‌بێته به‌شێکی گه‌وره‌ی داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا .
پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌موو بواره‌کاندا، هاوکات له‌گه‌ڵ قورسایی وکاریگه‌ری هێزه پێشکه‌وتنخوازه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا ده‌بێته پایه و بنچینه‌ی ده‌سته‌به‌رکردنی ماف وئازادییه‌کی زیاتر بۆ یه‌ک به یه‌کی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. سه‌نگی مه‌حه‌ک و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک و حزبێکی سیاسیش ده‌کرێت لێره‌وه سه‌رچاوه‌بگرێت . ئه‌ویش به‌وه‌ی که بزانین حزبی ناوبراو بۆچون و به‌رنامه‌ی چییه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی وه‌ک مه‌سه‌له‌ی ژنان ، مناڵان، که‌مینه‌کان و مافی چاره‌نوس ، ئازادی بیروباوه‌ڕو ڕاده‌ربڕین ، ئازادی خۆڕێکخستن و خۆپیشاندان ، مافه‌کانی هاوڵاتی بوون ، تێڕوانین له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیان . هه‌رلێره‌شدا گرنگه ئه‌وه‌ش بوترێت که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیای هه‌مه‌جۆره و به تایبه‌ت ته‌کنه‌لۆژیای په‌یوه‌ندییه‌کان کاریگه‌ری له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاری تاک و کۆمه‌ڵ .
به شێوه‌یه‌کی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان سه‌رباری ئه‌وه‌ی مافی یه‌کسانیان نییه‌و هه‌ر که‌سێک به پێی ئه‌وه‌ی کێی پێ ئه‌ڵێن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌کرێت . واته به پێی ئه‌سڵ و نه‌سه‌ب ( بۆ نمونه کوڕ‌و کچی کێیت و سه‌ربه چ بنه‌ماڵه‌و تایفه‌یه‌کی ) یاخود بۆ نمونه پله‌وپایه‌ی ژن به ته‌نها به پیاوه‌وه ده‌ناسرێته‌وه ، وه حساب بۆ که‌سێتی مناڵ ناکرێت و که‌مئه‌ندامانیش به ته‌نها به چاوی به‌زه‌یی لێیان ده‌ڕوانرێت ) .
به‌م پێیه ئه‌گه‌ر ڕه‌فتار و مامه‌ڵه ده‌رهه‌ق به هاوڵاتیانی کوردستان به‌پێی ئه‌سڵ و بنه‌ماڵه سه‌رچاوه‌ی له قۆناغه کۆمه‌ڵایه‌تیه کۆنه‌کانه‌وه گرتبێت ، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و نامه‌ده‌نیانه ئامرازی زیندوکردنه‌وه و هێشتنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانیه‌تی . هه‌ربۆیه‌ش ئێستا ڕه‌واجی ووشه‌ی وه‌ک ــ جه‌ناب و قوربان و گه‌لێكی تر له ووشه‌ی پڕ له موجامه‌له‌ی ڕۆژانه ــ له چاو جاران بازاڕی گه‌رمتره، له جێی مافی یه‌کسان وهه‌مه‌لایه‌نه‌ی هاوڵاتی .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له کوردستان که‌سه‌کان له مافی هاوڵاتی بوونی یه‌کسان و بێجیاوازی به‌هره‌مه‌ندنین . وه له په‌رله‌مانیشدا باسێک نییه له‌سه‌ریاسای مافی هاوڵاتی بوون . هه‌روه‌ها به گشتیش په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیان ناته‌ندروست و لاسه‌نگه . ئه‌ویش به‌و ده‌لیله‌ی که ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت حزبیش کۆبه‌ند و شوێنی چه‌قبه‌ستنی ده‌سه‌ڵات و مافێکی زۆره و لێپرسراوانی کوردستان له چاو خه‌ڵکدا له ماف و ئازادییه‌ک به‌هره‌مه‌ندن که هینی خه‌ڵکه‌و بۆ خۆیانییان قۆرخ کردوه . به مانایه‌کی تر بوونی ئازادی ڕه‌ها و زێده‌ماف بۆ ده‌سه‌ڵاتداران ، له‌سه‌ر حسابی بێبه‌شی و که‌مبونه‌وه‌ی ماف و ئازادی هاوڵاتیانه . ده‌سه‌ڵات و حزب له کوردستاندا قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییان له بوونی مافی یه‌کسان و ئازادی زێده‌تری هاوڵاتیاندا نابینه‌وه ، وه هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندییان له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگادا نییه ، هه‌ربۆیه به توندی ده‌ستیان به داب و نه‌ریته کۆن و عه‌شایه‌ریه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه گرتوه .
له هه‌ر وڵاتێک‌دا هاوڵاتیان له مافی یه‌کسان و ئازادی زیاتر به‌هره‌مه‌ندبن ، ئه‌وا له‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گمه‌ن ئه‌توانێت کورسی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به‌کاربهێنێت . له نه‌بوونی ماف و ئازادی‌دا ده‌سه‌ڵاتدار به چوارده‌وری کورسییه‌که‌یدا هێڵی سوری پیرۆزییه‌کان ده‌کێشێت . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تا سه‌ر سه‌رکه‌وتوه ، که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات ئاسایی و شه‌فاف بکات و به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه بدات که قه‌ت دیوارێک له به‌ینی خۆی وخه‌ڵکدا دروست نه‌بێت وهیچ شتێکیش له ماف و ئازادییه‌کانی مرۆڤ به پیرۆزتر نه‌زانێت .
له کوردستان ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌وڵنادات بۆ دابینکردنی مافی یه‌کسان بۆ هاوڵاتیان ، به‌ڵکو هه‌موو کات له هه‌وڵی بێمافی وسنوردارکردنی ئازادی هاوڵاتیان دایه . ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م مرۆڤی کۆیله و ده‌سته‌مۆ به‌رهه‌م بهێنێت . هه‌ربه‌م پێیه ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێکدان که له مافه‌کانی خۆی نه‌پرسێت و به‌م پێیه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر حسابی تواناکانی خۆی نه‌بینێت . لێپرسراوانی کوردستان، کورسی ده‌سه‌ڵات وه‌ک مڵک و باڵه‌خانه چاولێده‌که‌ن و حکومه‌ت و په‌رله‌مانیش به پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌رکی پارێزگاریکردنی ده‌سه‌ڵات و سامانی خۆیانه .هه‌ربۆیه‌ش ماف به خۆیان ئه‌ده‌ن که سه‌رچاوه ئابوری و سروشتیه‌کانیشیان بۆ خۆیان قۆرخ بکه‌ن .
مقداد هادی
مانگی یه‌کی 2012