Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
هزرەڤانیکردن بە بێدەنگی: موریس بلانشۆ

هزرەڤانیکردن بە بێدەنگی: موریس بلانشۆ

Closed
by November 18, 2011 گشتی

 

دەمێک ساڵە مەراقی ئەوەین شیاوی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەێ فەلسەفی لەسەر کردەی هزریاری بیرمەند و تیۆریزەکەری ئەدەبی فەڕەنسی موریس بلانشۆ Maurice Blanchot (2003-1907) بدۆزینەوە(1). بۆ ئێمە ئەم لایەنە کە نەدەچووە خانەی ئەستەمیەوە لەوێڕا چەقیبەستبوو کەی دەشێ لە خوێندنەوەی تێکڕای کارەکانی ئەم بیرمەندە تیۆریزەکەرە ئەدەبیە ببینەوە. کارەکانی بیرمەندی ناوبراو، کە تا ساڵانێ،  ئێمەی دیلی خۆیکردبوو نەدەکرا دەستبەرداریبین بێئەوەی گەشتی خۆمان لەناو داڵانەکانی کۆماری بیری بلانشۆ دا کۆتایپێنەهێنین. وەکیتریش، دیلبوونی ئێمە لەناو کۆماری بیریاری بلانشۆ جۆرە سووربوونێک بوو لەسەر خولانەوە ، خولانەوە بەهیوای بینینی گشت شوێنێکی ئەم کۆمارە. لێبەلێ ئێمە لەوەش حالین کە لەکۆتای کۆتایدا هزرەڤانیکردن بەسەر هزرێکەوە لە ماتیداکراوە قووڵاییەکانی بیرکردنەوە و تێهزرین هەمیشە پەرتدەکات و لە چەقی خۆیان دووریاندەخاتەوە. ئەمەش تاوانی ئێمەی تیانییە بەقەدئەوەی بە خەسلەتەکانی تێکستەکانی بلانشۆوە تایبەتن. واتە بلانشۆ بەرامبەر بە پەرتبوونی هزرمان و بەرامبەر بەوشتەش کە زۆرجار هزری خۆی لە کارە ئەدەبییەکانیدا ناداتەدەستەوە بەرپرسیارە. هەربۆیشە بە پێویستی دەزانین بپرسین: چۆن دەکرێ ڕەفتار لەتەک هزری هزرەڤانێکدا بکرێت کە بەبێدەنگی، بە سستی ، بە هێمنی و هیچگەراییانە ڕووداو و گێڕانەوەکان دەهۆنێتەوە و لەڕێگەیانەوە هزرەڤانی پیادەکات ؟ یان مەبەستمان، چۆن دەشێ مامەڵە لەتەک هزرەڤانی ئەدەبی تیۆریزەکەرێ ئەدەبیدا بکرێت هزرێکی خوێنسارد، هزرێکی لەسەرەخۆ و پەرتی خولقاندووە؟ بەدلنییاوە کارێ لەوجۆرە شتێ ئاسان نییە و ئێمەش لەناو ئەو نائاسانیەوە سەردەردێنین و ووتن لەمەڕ هزری موریس بلانشۆ، لێرە و دواتریش، دێنینەگۆڕێ(2).
کەوابێت، دیلبوونی ئێمە ، کە لەخودی خۆیدا گەڕانە، لەناو کۆماری هزریاری بلانشۆ دا پێدەچێت (!) دیلبوونێ ، گەڕانێ، بەختەوەرانەبێت، ئەم دیلبوونە ، ئەم گەڕانە، لە شوێنێکا کاتەکانی بەسەردەبات چڕوپڕن. ئەم جۆرە دیلبوونانە جۆرە سەربەستیێکیش لەخۆدا حەشاردەدەن کەمکەس دەکارێ دەرک بەو سەربەستیە بکات. چونکە هەم سەربەستی لە گەڕان و هەمیش لەبەرئەوەی ژیان لەناو ئەم جۆرە کۆمارانەدا ئاکتیڤە ئەمە کارێوادەکات دەربازبوون یان هاتنەدەرەوە لە ئەستەمیدا بێت. ئەگەرچیش جووڵە لەناو ئەم جۆرە کۆمارانەدا ئاکتیڤە وەلێ جووڵەکان مامەڵە لەتەک کارەکتەرە پاسیڤەکانا دەکەن و تێڕامانی هیچگەرا و هەستپەرتانە لەناخی ، شتەکانا ، گێڕانەوەکانا، دەسازێنن. ئەمە بەخۆی ئەو لەکیسەچوونەیە کە لەوێندەرێ ، لە کۆماری هزریاری بلانشۆ دا ، دەکرێ ببینرێتەوە. لەبەرئەوەی تێکستەکانی بلانشۆ شوێنێکن بۆ بەدەستهێنانی شتە لەکیسچووەکان. ئەدەب لەسەر دەستی بلانشۆ دەکرێت بە ئامرازێ بۆ گەڕانەوەی شتە لەکیسچووەکان، شتە وون و بزرەکان. ئەو شتانەی لەدەستدانیان نۆستالژی لە ڕۆحی کەسەکانا دروستدەکات. دیارە ، شتەلەکیسچووەکان ئەو شتانەن هەموان مەراقین بیدۆزینەوە، هەمیشە وەدوویان دەگەڕێین و تامەزرۆی دیتنەوەیانین. بەڵام چۆن و کەی شتەلەکیسچووەکان دەدۆزرێنەوە؟ ئەم شتەلەکیسچووانە لە کوێن و چۆن وەدەستدەخرێن؟ ئاشکرایە یەکێ لە نهێنیەکانی بوونمان گەڕانە بەدووی شتە لەکیسچووەکان. وەکیتریش ئەمە بەشێکە لە هەقایەتی بوونیشمان! کاتێکیش ئەدەب دەبێ بە نوێنەری بوون ئەم شتە لەکیسچووانە دەبن بە ووتن و لەڕێگای گێڕانەوەکانەوە بیردەخرێنەوە و شوێن و بنکەی ئامادەبوونیشیان دەستنیشاندەکرێت. بەس نابێت ئەوەمان بیرچێت کە ، هەموو ئەدەبێک دەرەقەتی گێڕانەوەی شتەلەکیسچووەکان ناێت. گێڕانەوەی شتەلەکیسچووەکان ئوستدای خۆی دەوێت و لە لێزانێکیشەوە بۆ ئەویتر شتەلەکیسچووەکان وەک یەک ناگێڕدرێنەوە و وەکیەکیش دەرناخرێن و پیشاننادرێن. ئەمەش لەبەرئەوەی شتەلەکیسچووەکان ئەو مەراقە پێکدێنن کە لەناخی گشت کەسێکمانا پەنگیخواردۆتەوە. بەدلنیایشەوە لێرەوە چیرۆکی مەراق گێڕانەوە دەستپێدەکات. ئەمەش بەو واتایەی چۆن بکارین مەراق بکەین بە پەیڤ و لەدووتوێی تێکستدا چوارچێوەداریکەین و ئەرک و ویستی بۆ دابینکەین. جێووتنیشە: مەراق و هزر لە مێژووی هزری ڕۆژئاوا پێوەندیێ دێرینیان هەیە. هزر لەناو ئەم مێژووە بێ مەراق نەژیاوە، هەرچی مەراقیشە گوێڕایەلی خۆیەتی ئەمەش وادەکات لەدواینکاتدا هزر بێتەبەرهەم. بۆئەوەی ئەمە ڕوبدات مەراق لەخۆخواردنەوە و لە گەڕانا کاتەکانی بەسەردەبات. خۆخواردنەوە نیازێ دێنێتە بەرهەم پێشوەخت ئەستەمە پێشبینیکرێت. گەڕانیش شلەژان و گومان دەکات بە بنکە بۆ تێگەیشتن لە شتەکانی ناو بوون و ژیانمان.  
بەپێی بینینی ئێمە، بڕێک لەو ئەدەبانەی سەرکەوتنی نەک هەر ئەدەبی بەڵکو هزریشیان وەدەستنەهێناوە ئەو ئەدەبە ، یان چاترە بلێین ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەن ،لەتەک خۆخواردنەوە و گەڕاندا دەستلەملان نەبوونە. چونکە ئەدەبی ڕووکەش ناتوانێ بە ووتنی سادەی بێناواخن و دووبارە دونیاێ هزری ئالۆز دروستکات ئەمەش وادەکات ئەو هزرەی لەپشت ئەو ئەدەبەوە بووە ئەزموونێ نەک هەر ئەدەبی بەڵکو هزریشی نەخوڵقاندووە. لێرە زۆر دوور ناڕۆین گەر بلێین ئەزموونی ئەدەبی کافکا ، مالارمێ، ڕێلکە ، ئارتۆ ،کە بلانشۆش سەرقاڵی  شیکردنەوەکردنیان بووە، لەو جۆرە ئەدەبەن ئەزموونیان خستۆتەوە و هزرێکیان لەپاش خۆیان وەگەڕخستەوە و، هەر ئەو هزرەشە ئەوڕۆ کارە ئەدەبیەکەی وەک ئەزموون قووتکردۆتەوە و واشی لە بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاوایەکان کردووە هزرەڤانی بەسەر ئەو جۆرە ئەدەبەوە بکەن ، کەسانێ وەک کافکا ، مالارمێ، ڕێلکە ، ئارتۆ و ..هتد لەپاش خۆیانبەجێیانهێشتووە و وەک ئەزموونێ لە تێڕامانی فەلسەفیش تەماشاشکرێن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بلێین: ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبن بە شوێنی تێهزرینی بیریاران کە لەخودیخۆیانا هەڵگری ڕیشاڵی یان تووخمی هزرین.
بۆیە ئێمە هەر لەم سەرەتایەوە، لەم شوێنەوە کە قسەکردن دێنینە پێشەوە لەسەر ئەزموونی ئەدەبی موریس بلانشۆ، خۆمان بەو سێرکردنەی خۆمانەوە مەحکومدەکەین کە ئەدەب دەکارێ ئەزموونی هزری بخاتەوە. ئەو شێوە ، یان کارە ئەدەبیانەی، لەگەل کاتا وون دەبن و شوێنیان لە سەبووڕەی هزری ئەدەبیدا نادیار و بێناونیشانە ، بەپێی سێرکردنی ئێمە، ئەو جۆرە ئەدەبانەن هزر دروستکەر نەبوونە و تەماشاکردنیشان بۆ ئەدەب وەک بەشێ لە کردەی هزرەڤانی نەبووە. کەوابێت بایەخدانی ئێمە بە موریس بلانشۆ لێرەوە سەردەردێنێ و کاریخۆی ئەنجامدەدات. بەواتێتر، نووسینە ئەدەبیەکانی بلانشۆ ئەو بینینەیان لایئێمە تۆخ و زەقکردۆتەوە کە هزر لە تێگەیشتنە ئەدەبیەکانیدا ببینین و خۆمانیش سەرقاڵی ئەو مێشکە ئەدەبیە بکەین لە تێکستە ئەدەبیەکانی بلانشۆ دا زاڵ و سەروەرن. 
هێزێ ئەدەبی لە کارە ئەدەبیەکانی بلانشۆ دا بێووچان دێن و دەچن و تەنێ ئەوانەش لێیدەگەن کار لەسەر شتی هزری دەکەن. بۆیە ئەزموونی ئەدەبی بلانشۆ بۆ بیرمەندانی فەڕەنسی هاوچەرخ(لێڤیناس، دێریدا، دولۆز، فوکۆ و …هتد) بابەتی تێڕامان بووە و لە ساتەوەختی خۆیدا پێویست و کاریگەربووە. بۆیە هزری بلانشۆ لە دەرەوەی نێوەندی ئەدەبی و فەلسەفی فەڕەنسی بڕەوی پەیداکردووە و بووشە بە لانەێک بۆ ئەدەب و هزرکاری لەیەککاتدا.
زۆردوورناڕۆین گەربلێین: زێدی ئەدەبی بلانشۆ لەپەنای هزری فەلسەفیدا نەشونمای کردووە. ئەو جۆرە ئەدەبەی بلانشۆ سەرگەردانی بووە لە هزری فەلسەفی نەڕەنجاوە. گەر ئەدەبیش بەوجۆرە گەشەکات هەرگیز بیرناچێتەوە و نەشنەی ئەدەبی خۆی وونناکات. وەلێ بلانشۆ بۆئەوەی هزری فەلسەفە لەخۆی زیز نەکات ئەو جۆرە کارە ئەدەبیانەی ئەنجامداوە کە وشەگەلی ئەدەبی فەلسەفەئامێزی لەخۆگرتووە (بێدەنگی، مەرگ، تەنیای، و….). وەکیتریش دەشێ ئاماژە بۆئەوەبکەین کە ، ئەو واتایانەی لە نووسینەکانی بلانشۆ دا ، بێدەنگانە و لەنێوان لێواری ئەدەب و فەلسەفە بەرهەمدەهێنرێن و زەقدەکرێنەوە ئەم واتایەن: نووسین، مەرگ، تەنیای، خوێنەر، خەیال، پرسیاری نووسین، جیاوازی، تاریکی، خوێندنەوە، خەون، بێدەنگی، نووسەر و…هتد.
ئەمجۆرە ئەدەبە جۆرە شتێ دەووروژێنێ کە ئەدەبێ سادە و سەرپێی هیچیپێنییە لەوبارەوە شتێ ئەوتۆ بلێت. بۆیە قەوارەی ئەدەبیەتی ئەدەبی بلانشۆ لەگەل نووسین لەپاش نووسین گەورەتربووە و پتر بووە بەزێدێک بۆ پەرەدان بە شتە نەووتراوەکانی ناو ئەدەب. ئەم لایەنە بۆ گەلێ لە توێژرەوەکان تایبەت بە هزری ئەدەبی بلانشۆ شوێنی تێڕامان بووە. چونکە دروستکردنی زێدێ بۆ هزری فەلسەفی لەناو کارە ئەدەبیەکانا نەک هەر ئاسان نییە بەلکو سەلیقەی و وریایێ بێئەندازە زۆری گەرەکە.
هەربۆیشە شوێنی تێڕامانە گەر لێرە بلێین: لەبەرئەوەی وشەگەلێ ئەدەبی (مردن، جودای، تاریکی)لەسەر دەستی بلانشۆ جۆرە تێگەیشتنێ جیاواز و نائاساییان لەبارەوە دەدرێ ئەمە وادەکات ئەو جۆرە وشانە هەوارێ تر بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لەناو کاری ئەدەبی بۆ چێکرێت. ئەمەش وادەکات ئێمە پیێگیریلەوەبکەین کە، شێوازیکارکردنی بلانشۆ لە بواری ئەدەبی دەشێ لەو دیتنەشدا پووختکرێتەوە کە بە ووتنی نەووتراوەوە، ووتنی ئامادەنەبووەوە سەرقاڵبووە. ئەملایەنەش زۆرجار کارێئەوتۆی کردووە ئەو جۆرە ئەدەبەی بە ووتنی نەووتراو و ووتنی ئامادەنەبووەوە سەرقاڵبێت دیتنی تووندوتۆل و ناسادە بەرهەمبهێنێت. لەسەرێتریشەوە ئەم شێوە ئەدەبانە خۆیان وەک ئەدەبێ گومڕا و ئالۆز نیشاندەدەن وەلێ چێژبەخش و ویستدروستکەریشن. شیاویووتنە، دروستکردنی چێژ و ویست لە ئەدەب ، و لەڕێگای ئەدەبەوە، سەبری دەوێت و ئوستادیێکیش داوادەکات کە ئەو ئوستادیەتە تەنێ بە ئەزموون و تێژیانەوە گرێدراو نییە بەلکو بەوەشەوە گرێدراوە چۆن مامەڵە لەتەک خودی مێژووی ئەدەب دا دەکرێ و چ پرسیارێکیش دەبن بە هەوێنی ئەو تێڕامانانەی لەناو کارە ئەدەبیەکەدا چەقیبەستووە و دواتر چۆن ئەو تێڕامانانە لەکارە ئەدەبیەکەدا جێقایمدەکرێن و بۆ چ مەبەستێک وەگەڕدەخرێن.
ئێمە پیێمانوایە ئەوی بلانشۆ کردوویەتی ، واتە ئەو شێوازە کارکردنەی لەسەر ئەدەب و لەناو ئەدەب، جۆرە دەستپێشخەریێکبووە بۆ سازاندنی هەوارێ نوێ بۆ ئەدەب. هەوارێ کە ملکەچی بیری کاوێژاوی و ڕووکەش و سەرپێی نەبێت. بلانشۆ بۆئەوەی ئەمەبکات هزرەڤانی بەسەر ئەدەبەوە کردووە و ئەلبەتە ئەمەشی زۆر بە بێدەنگی کراوە. ئەم جۆرە کارکردنە ئەدەبیانە نەبایە ڕەنگبوو نەک هەر خودی ئەدەبی فەڕەنسی لەدەمووەختی بلانشۆ (کە دەکات ماوەی پێش جەنگی جیهانی دوو و دواتریش) بەلکو ڕەخنەی ئەدەبیش دووچاری دەردی خۆدووبارەکردنەوە و سادەی بهاتایە. بیرمانەچێت سادەی لەناو کاری ئەدەبیدا ئەو دەمە پەسەند و گرانبەهایە کە لەتەک هزرا دەستلەملان بێت و ئەو سادەییە ئەدەبیە خاوەنی تێگەیشتن و ماهیەتی هزری خۆی بێت. سادەی کە دۆستی کاوێژ و خۆجووین و سەرپێیەتی بێت زیانبەخش و پووچە. بۆیە ئەو ئەدەبە سادانەی ڕۆحیان بە جووینسازی و ڕووکەشیەوە تێکەلە نەک هەر زوو بیردەچنەوە بەلکو ئێسکی ئەدەب قوورس دەکەن و ئەدەب دەکەن بە شوێنێک بۆ پیادەکردنی بێهزری و سەرپێیەتی لە بیرکردنەوەدا.
ئێمە کە ئەدەبەکەی بلانشۆ دەخوێنینەوە دەبینین والە ئەدەب کراوە گوێڕایەلی موغامەراتە هزریەکان بێت. ئەدەبی تێر و بەپیت ئەو ئەدەبەیە هەواری خۆی بەرەو ناوچە هزراویەکان گواستەوەتەوە. ئەو دەمەش ئەدەب باروبارگەی لە هزرستانا دادەنێت بەمە ئەدەب توانیویەتی پەناگەێ ئەمین بۆخۆی چێکات و خۆبە هاوئاوازی هزر  و یاوەری تێڕامانە هزریەکان بزانێت. لەمگۆشەنیگایەوە بۆئەوەش دەچین کە ئەدەب ناشێ و ناتوانێت خۆی لە هزر بتۆرێنێ. گەر شتێ لەوجۆرەش ڕووبدات ئەدەب دەبێت بە مۆلگەێک بۆ سەفسەتە و چەنەئامێزی. گشت ئەو ئەدەبانەش، ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەی، لە پەناگای هزرا گەشەیانکردووە ئەو ئەدەبانە ئەمڕۆ جێی مەراقی زۆرینەن. گشت ئەوی کافکا ، لۆتریامۆن، تراکل، سیلان، پێسوا یان مالارمێ ،شار ،دەستەیۆفسکی، هۆلدرلین و ..هتد بەرهەمیان هێناوە ئابلۆقەی شتێکیان داوە کە تەنێ ئەدەبی نییە و یان ئەدەبێ ڕووت نییە بەلکو ئەدەبێ هزراویە. یان ئەو جۆرە ئەدەبانەی ناویانهات و ئەوانەش کە هاوشێوەی ئەوانەن و ناویان نەهات لەناو ئەدەبدا ،لە مالی ئەدەب دا،لانەێکیان بۆ هزرکاری سازاندووە. ئەم لانەیە زۆر بەبێئاگایەوە کراوە یان لە نەستی ئەدەبەکەدا خۆی مەڵاسداوە وەلێ ئەوی کە کراوە ،بەهەچ جۆرێک بووبێت، ئەوەبوووە کە وایکردووە ئەو شێوە ئەزموونانە بڕەو پەیداکەن. ئەمەش دیسانەوە فاکتەێ ترە لەسەر ئەوەی بۆ ئێمە ئەدەبەکەی بلانشۆمان کردوە بە مۆلگەی توێژینەوە ، و یان هزرەڤانی بەسەر تێگەیشتنە ئەدەبیەکانیەوە دەکەین.
هزرەڤانی بلانشۆ ساتێکە لە ساتەکانی هزریاری نەک هەر لەناو کردەی هزریاری هاوچەرخی فەڕەنسی بەلکو ڕۆژئاواش. چونکە سەرنج و تێڕوانینەکان لەنێو هاوبیرمەندانی بلانشۆ (لێڤیناس، پۆل دۆمان، دێریدا و…..) ، ئەمجار توێژرەوەکانی بواری ئەدەبی لێرە و لەوێش لە ڕۆژئاوا، دۆخێکی لە گفتووگۆ هێناوەتەپێشەوە کە چیدی پشتکردن لە هزرەڤانی بلانشۆ قبوولنەکرێت. ئەمەش تەنێ لەبەرئەوەی نووسینەکانی کاریگەریێ بێوێنەی بەسەر تیۆریزەکەرانی فەلسەفەی پاش بنەماخوازییەوە (لەوانە بارت ، فوکۆ ، دێریدا، لیوتار، دولۆز و ..هتد) و خودی ئەدەبی پاش تازەگەریشەوە هەبووە.
بۆئەوەی لە خەسلەتەکانی کۆماری هزری بلانشۆ دەستپێکەین، لەو خولانەوانەوە کە لێرە و لەوێ لە کۆشکەکانی ئەم کۆمارە بەردەوامدەبینلەسەری ، بە ووریاییەوە ئاماژە بۆئەوەدەکەین کە هزری بلانشۆ تەنێ فەلسەفی نییە یان فەلسەفە تاکە بوارێکی کارکردنی هزری ئەم هزرەڤانە نییە. هزری بلانشۆ هزرێ نائاسای و ناباوە و لەدەرەوەی نێوەندی ئەکادیمی فەڕەسیش گەشەی کردووە. هزری بلانشۆ تێکەلێکە لە نووسینی فەلسەفی و تێکستی خەیالی ئەدەبی. ئەم پیاوە کە فەلسەفەی لەتەک هەندێ فەیلەسوف لە زانکۆ خوێندووە (لەوانە لێڤینانسی هاوڕێی) کاری فەلسەفەی بەجۆرێ ئەکادیمی وەک هاوڕێیانی (بۆنموونە لێڤیناس و دێریدا) نەکردووە. بەڵام ئەمە بۆشای نەخستۆتە نووسینە فەلسەفی و ئەدەبیەکانیەوە. هەربۆیشە لەگەلێ ڕوەوە دەستپێشکەر بووە و ،بەیەکێ لە نووسەر و بیریارە دیارەکانی قۆناغی پاش جەنگی جیهانی لە فەڕەنسا دەژمێردرێ و، بۆ گەلێ لە بیریارە ناودارەکانی پاش جەنگی جیهانی دوو و بەتایبەت نەوەی 1960 کان لە فەڕەنسا بە نووسەرێ بێ وێنە لەقەلەمدەدرێ و وەک یەکێ لە دامەزرێنەرانی تیۆری بیری پاش بنەماخوازی فەڕەنسی تەماشادەکرێ و کاریگەری بەسەر گەلێ لە هزرەڤانانی فەڕەنسیەوە (بارت، دێریدا ، فوکۆ ، دولۆز) بێسنوور هەبووە.
لە نووسینە ئەدەبیەکانیدا هەر زوو بایەخی بە ڕوونکردنەوەی بابەتهاێکی وەک نووسین، بێدەنگی، تەنیای، مەرگ و شیاویەکان، شیاوییەکانی ئەدەب و چییەتی کاری ڕەخنەی داوە. ئەلبەتە نووسینە سەرەتاییەکانی بریتی بوونە لە نووسینی ڕۆمان و دواتر ڕووی ناوە لە نووسینی سەروتار و تێکستی هەقایەتی هەروەک ئەوەی خۆی ناوی دەنێ “”گێڕانەوە””(3). ئەمەو لە نووسینە ئەدەبیەکانیدا کاری لەسەر تێکستەکانی مارکیز دۆ ساد مالارمێ، کافکا ، لۆتریامون، هۆلدرلین، هینری میشۆ، هایدیگەر و رۆنیە شار کردووە.
گەلێ لەوانەی هزری فەلسەفی و ئەدەبی بلانشۆیان خوێندۆتەوە بۆئەوەدەچن ئەستەمە هزری بلانشۆ وەک هزرێ یەکانگیر و هاوتا تەماشاکرێت. ئەوەش بەوە بەلگەداردەکەن کە هزری بلانشۆ هزرێکە خۆی لەسەر پاڕادۆکس و ناشیاوی بوونیاددەنێت. ڕەنگە لەم بارەوە هۆ زۆربن وەلی ئێمە لێرە و لایخوارەوە ئاماژە بە لایەنێکیان دەکەین کە ئەوەش بە بایەخەکانیەوە تایبەتە.
بایەخە فەلسەفیەکانی بلانشۆ بەزۆری بواری فەلسەفەی زمان و فەلسەفەی سیاسی و فەلسەفەی ڕەووشت دەگرێتەوە و ئەلبەتە زۆرتر شوێنی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی دا دیارترە. بەڵام زۆربەی توێژەرەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە نووسینەکانی بلانشۆ کاریگەریێ زۆرییان لەبواری نووسیندا، نووسینی فەلسەفی و ئەدەبی، بەجێهێشتووە. ئەوەش کە زێدە گرینکە لێرە ئاماژەی پێکەین ئەوەیە، نووسینەکانی بلانشۆ جۆرە خەسلەتێکیان تێدایە کە نووسینی تر دەخەنەوە و ئاسۆ لەبەردەم نووسینی دواتر دا دەکەنەوە. واتە نووسینە ئەدەبیە ڕەخنییەکانی شیاوێ زۆریان لەبەردەم نووسیندا کردۆتەوە و بۆ تێگەیشتن لە جیهانی نووسین و ڕەخنەش تابلێیت بوارێ بەپیتن. بەواتاێ بەرینتر، ئەو دەمەی بلانشۆ لەسەر کارە ئەدەبیەکانی کافکا، ستیفان مالارمیێ یان ڕۆنیە شار دەنووسێ لەڕێگای خوێندنەوەکانیەوە دەرگا لەبەردەم نوسینێ، تێکستێ، تر دا دەکاتەوە کە کەمتر بەهێز نییە لە نووسینە، یاخود تێکستە، ئەسلییەکە. واتە کە مالارمێ شیدەکاتەوە نەک هەر مالارمێ لای خوێنەر شیرین دەکات بگرە بەخۆشی جیهانێ لە ئەدەب دێنێتەکایەوە کە کەمتر لە ئەدەبیەتی مالارمێ بەهێز نییە. ئەمەو جگەلەوەی لە ڕێگای نووسینە ئەدەبیەکانیانەوە، لەڕێگای شێوازە ئەدەبیە گێڕانەوەیەکانیانەوە واتای نووسین، خوێندنەوە و ئەرکی خوێنەر ڕاڤەدەکات و بناغەێ تیۆری بۆ تێگەیشتن لێیان دادەنێ. ئەمەش وایلێکردوە بە ڕابەرێ تیۆری پاش – پۆست- بنەماخوازی بناسرێ و بە بیرمەندی ئەو بیرمەندانەش لەقەلەمدرێت توێژینەوەی سەرووی بنەماخوازی بەرهەمدێنن.
لێرەوە ئێمە دەشێ بێینەسەر باسێ کە پێیدەووترێت هەمەچەشنی. ئەو هەمەچەشنیەی لە ئەدەب و هزری ئەدەبیدا لای بلانشۆ کاردانەوەی هەبووە بەشێ زۆر لە هەڤالە بیرمەندەکانی (وەک لێڤیناس و دێریدا بۆ نموونە) سەرسامکردووە. هەربۆیشە لە لێدوانێکدا کە لە دێریدا دەپرسن گەر “تۆ ” ئەو دێریدایە نەبایتایە کە ئەمڕۆ هەیت حەزتدەکرد کێ بوویتایە؟ ئەویش زۆر وەفادارانە دێتە گۆ و دەلێت: حەزمدەکرد ڕۆماننووس ببوومایە و بۆنموونە وەک ڕۆماننووسەکەی هاوڕێم موریس بلانشۆ.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا، بۆئێمە لێرە ئەوەش شوێنی ووتنە، ئەدەب لە نووسینەکانی بلانشو دا ئۆتۆنۆمیێکی خۆی هەیە(4) هەروەها بەهۆی ئەو شێوەکارکردنەی بلانشۆ وە لەسەر ئەدەب ئەدەبدۆستانی لە ڕۆژئاوا کەوتنە ناو پۆلێک پرسیاری سەرەتای و بنەمای لەسەر چیەتی ئەدەب. بەقسەی ئان سموک  Ann Smock لەو پێشەکیەی بۆ کتێبی ” مەودای ئەدەب”کەی بلانشۆی نووسیوە پرسیاری ئەدەب چییە و ئەوەی لەوەنەکەوتووین پشت لە ئەدەب کەین و هەروەها ئەوەش کە ئێمە ناویدەنێین ئەدەب لەوەنەوەستاوە کاریگەریمان تێنەکات خودی ئەو شێوە پرسیارە تێڕامان ئامێزانەن بلانشۆ زەقیاندەکات (5).  باشە ئەمە شێوازێک نییە بۆ تێهزرین لەناو ئەدەب؟ ئێمە وایدەبین جۆری کارکردنە ئەدەبیەکەی بلانشۆ و خودی تێکستە ڕەخنەیەکانیشی ئەوە یەکلایدەکەنەوە کە نووسینەکانی بلانشۆ سنوورەکان تێدەپەڕێنن و ئەدەب و فەلسەفە و بواری هونەری بەیەکتر لێکدەئالێنن. هەربۆیشە گرینگی بلانشۆ بۆ نەوەی خۆی گەلێ بۆئەوەی دەگێڕێتەوە کە بلانشۆ کارەکانی خۆی لەسەر ئەو بناغەیە بوونیادناوە کە چۆن ئەدەب بەرزکرێتەوە ئاستی فەلسەفە هەروەها چۆن کێشە ئەدەبیەکان وەک کێشەی فەلسەفی ببینرێن. ئەمەو بۆ بلانشۆ زێدە گرینگ بووە چۆن ئەدەب بکارێ بە گژ هزر دا بچێتەوە. هەروەها واش لە ئەدەب کرێ فەلسەفی بێ.
ئەو بینینەی لایسەرەوە وامانلێدەکات بەو تێگەیشتنەش بگەین کە، ئەوی بلانشۆ نووسیویەتی تێهزرینە وەلێ شێوازی تێهزرینەکە داوای سەرلەنوێ تێهزرینمان لێدەکەنەوە و نووسینە ئەدەبیەکانیشی فێری ئەوەمان دەکەن چۆن دەژین و چۆن دەمرین ، ئەلبەتە هەر لەڕێگای ئەو شێوازەی بلانشۆ کارلەسەر مەرگ و ژیان دەکات کردەی نووسینیش دەخاتە نێوان ئەم دوو حاڵەتەوە(واتە حاڵەتی مردن و ژیان). بۆیە زێدەڕۆیناکەین بێژین بلانشۆ لە ڕێگای نووسینە ڕەخنەییە ئەدەبیە هزریەکانیەوە کارێوادەکات خوێنەر بە ڕۆشنبیری ئەدەبی ڕۆژئاوایی ئاشناکات. ئەم لایەنەش بۆئێمە ئارگۆمێنتێکە لەسەرئەوەی کە ئەدەب و خودی ڕەخنەی ئەدەبیش لەسەر دەستی بلانشۆ دەرگا لەو ئاسۆ و دیدە نوێیانە دەکەنەوە ئێمەی خوێنەرانی غەیرە ڕۆژئاوای ، کە بە ئەدەبی ڕۆژئاوا زێدە ئاشنانین، خۆمان لەسەر خوێندنەوەیان ڕابێنین. چونکە خوڕانەهێنانمان لەسەر خوێندنەوەی مالارمێ، سیلان، شار، میشۆ ، لۆتریامون و دەیەهای تر ئەوپەڕی سەختیمان بۆ دروستدەکەن و هەرگیز ناکارین بەئاسانی  لە ماهیەتی تێکستە ئەدەبی و ڕەخنەییەکانی بلانشۆ بگەین. ئەمەش لەبەرئەوەی بلانشۆ لە نووسینە ڕەخنەییە ئەدەبیەکانیدا میراتی ئەدەبی ڕۆژئاوامان بیردەخاتەوە و لە ڕوناکبیرمانا بەرجەستەیدەکات ئەمەش بۆ ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە مێژووی  ئەدەبی نوێی ڕۆژئاوا ئاشنانین ناکارن لە لوغزی هزری و ئەدەبی بینینە ڕەخنەییەکانی بلانشۆ حاڵیبن. 
بۆیە ئێمە گومانی ئەوەناکەین کە بلانشۆ لە ڕێگای نووسینە ئەدەبیەکانیەوە نووسین و بەتایبەت نووسینی ئەدەبی نەخستبێتە ژێر پرسیارەوە و ئەم لایەنەش بووە بە بەشێ هەرە گەورەی بواری پسپۆری بلانشۆ. ئەم حالەتەش دۆزێ ڕەخنەی ئەوتۆی لەتەکخۆدا هێنا کە بلانشۆ جۆرە ئەزموونێ لە نووسین بخاتەوە کە نەشیاوی لەتەکخۆدا بێنێتە ناو پرۆسەی نووسین نووسینەوە. بەواتاێتر، بلانشۆ سەمەرەی، غەریبی، خستە ناو کردەی نووسینەوە، ئەم لایەنەش کە ئەزموونێ بلانشۆیانەیە  blanchotien وەک ئەزموونێ ناشیاویش دەشێ سێردەکرێت. چونکە ئێمە بۆئەوە دەچین کە بلانشۆ لەڕێگای ئەم شێوە کارکردنە کەوتبێتە ناو هیچگەرایێکەوە کە لە ئەمڕۆدا بابەتی  توێژینەوەیە. ئەمەش لەبەرئەوەی، مرۆڤ کە تەماشای بەرهەمەکانی بلانشۆ دەکات خەیاڵی بۆئەوەشدەچێت کە کاری ئەدەبی لای بلانشو کارێ هونەریە ئەم کارەش کارێ ئازادە و ئەم ئازادیەش وادەکات کەس نەزانێت ئەم کارە ئەدەبیە بەرەو کوێدەچێت (لێرە ئاڕاستەی ئەو کارە ئەدەبیە مەبەستە نەک شتێتر).لەوە عەنتیکەتر بلانشۆ لە  نووسینەکانیا ئەوە دەنووسێ کە نانووسرێت، ئەوە دەنووسێ کە لە نووسیننووسین هەڵدێت، واتە نووسینی ئەو شتەی خۆی لە خۆنووسینەوە دەدزێتەوە. بۆیە و زۆرجار تێکستە ئەدەبیەکانی بلانشۆ والە خوێنەر دەکەن بە توونیەتی بمێنێتەوە و، وەکیتریش خوێنەر دەشێ جارجارە بەو بینینەش بگات کە شوێنێک بۆ تێربوون لە نووسینەکانی بلانشۆ دا بەدینەکرێت. واتە،تێکستەکانی بەلێنی ئەوەنادەن تێرت دەکەن و یان چارەسەر دەخەنە بەردەستت. بگرە زۆرجار جێتدێلن و خەریکو خورکاویشت دەکەن. گەر بە هەڵەدا نەچووبێتم ، بلانشۆ زۆرجار خوێنەر چاشدەکات ئایا بژی یان بمرێت، گەر خوێنەر تەنانەت بشیەوێت بمرێت ئەوە نووسینەکانی بلانشۆ نایەڵن بمرێت چونکە نووسین بۆ بلانشۆ تەقەلاێکە بۆ سەرکەوتن ، یان ڕوونتر بدوێین، بۆ زەفەربردن بە مەرگ.  وەلێ زۆر ئاسایە خوێنەر لەڕێگای کارە ئەدەبیەکانی بلانشۆوە تووشی عاسیبوون بێت، عاسیبوونی ئەدەبی و بگرە هزریش، ئەمەش وادەکات خوێنەر لە ڕێگای خوێندنەوەی دەقێ ئەدەبی بلانشۆوە هەر بڕوات وەلێ هیچکات هیوا نییە ئەم خوێنەرە دەکارێ بگاتە شوێنی مەبەست. ڕەنگە وونبوون و ، فەنابوون و تەنانەت ناقوتاربوونیش بەدەست دەقەکانی بلانشۆ بەشێ بن لە چارەنووسی خوێنەر.
بۆیە ئێمە هیچ بەدوری ناگرین ئامادەبوونی ڕیشالی هیچگەرای لە هزری بلانشۆ یەکێ نەبێت لەو شێوازە ئەدەبیەی کاری لەسەرکردووە. ئەڵبەتە بەشێ لەو هیچگەراییە هزریەی بلانشۆ ،کە لە کارە ئەدەبیەکانیا چەقبەستووبووە، سەرچاوە لەو کارە هزری و ئەدەبیانەشەوە دەگرن کە بلانشۆ خۆی بە خوێندنەوە و ڕەخنەکردنیانەوە مەراقدارکردووە. بێجگەلەوە، خولانەوەی بەردەوامیشی بەدەوری تێماگەلێکی وەک بۆشای، مەرگ و چۆنیەتی زەفەربردن بە مەرگ و کارکردنیشی لەسەر تێکستە ئەدەبیەکانی کافکا، ئارتۆ و چەندین دیاردەی تری ئەدەبی ، کە مەرگ و بەتاڵای دەخەنە ژێرپرسیارەوە، بۆ ئێمە بلانشۆ دەکات بە فیگۆرێ هیچگەرا و وەک یەکێ لە بیریارانی هیچگەرای ئەدەبیش پێشنیاریدەکات(6).

ئازاد حەمە، پاریس

پەراوێز و سەرچاوەکان:
1. زۆربەی ئەو کتێبانەی لەشێوەی دەروازە یان بیبلیۆگرافیا(گێڕانەوەی خۆی، سیرەی زاتی)لەسەر بلانشۆ نووسراون باس لە دوورەپەرێزی و کەمدووی بلانشۆ دەکەن. ئەڵبەتە بلانشۆ لە مێدیادا کەمترین وێنەی هەیە کە لە 3 یان 4 دانەێک تێناپەڕێن، لێدوانی نەداوە و کەمتر لیبرال بووە. بۆیە ئەوی تەنیا دەتوانێ شتێ لەسەر بلانشۆ بلێ نووسینەکانیەتی کە ئەوانەش پڕن لە لوغز ، لە ووتنی ناڕوون لەسەر تەنیای، مەرگ، بێدەنگی و…93 ساڵیش ژیاوە و هاوڕێی گەلێ لە بیرمەندەکانی پاریسیش بووە، لەپێش هەمووشیانەوە لێڤیناس و دێریدا. پاش مردنیشی لە 2003 ، واتە ساڵێ پێش مردنی دێریدا، دێریدا تێکستێ وروژێنەر لەسەر مەرگی بلانشۆ و هاوڕێیەتی دەنووسێت.
2.ئەوی لێرە بەردەست خوێنەری دەخەین چەند دێڕێکن لەو توێژینەوەیەی تایبەت بە هزری فەلسەفی و ئەدەبی موریس بلانشۆ کاریلەسەر دەکەین.
3. شێوازی نووسینی بلانشۆ بریتیە لە گێڕانەوە  récits.
4. Hadrien Buclin. Maurice Blanchot ou l’autonomie littéraire، Lausanne، Antipodes. 2011.
5. Maurice Blanchot. The space of literature . Translator and Introduction by Ann Smock. University of Nebraska Press.1989 ، p. 1.
 6. بڕوانە ئەم نووسینەی لایخوارەوە بۆ زێتر تێگەیشتن لە هیچگەرای بلانشۆ :
Thomas Regnier . La question du nihilisme. Europe، numéro Maurice Blanchot ،85e année — N° 940-941 / Août-septembre 2007،pp.16-18.
،
.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.