
ئینسانێك له چاو …. هاوڕێ خالید
به فۆتۆ گرافهر (فایه‌ق حه‌مه‌ساڵح) پێشكه‌ش…
ئارام باوه‌ش به جێگه‌كه‌دا بكه‌و
خه‌ون ببینه
ئاوابوون زۆری ماوه بێت
هێشتا شهستهیهك باران
چاوه‌ڕێی پیاسه‌كانی تۆیه!
هێشتا ژیان جلێكی ماوه له‌به‌ری بكات
چاوی كامێراكه‌ت مهتروكێنه
هێشتا كچه جاحێڵێك ماوه
به رووتی وێنه‌ی بگری
تا عهباكان له شه‌رماندا ته‌ریق ببنه‌وه
هێشتا لاپه‌ڕیه‌ك ماوه ره‌نگی بكه‌ی
راستیه‌ك ماوه بیده‌ی له یه‌خه‌ی مێژوو
به په‌نجه‌ت كامێراكه بچركێنه
ئیدی حیكمه‌ته‌كانی شایه‌تمان ته‌واو
فێرمانكه چۆن نامه‌كانی خۆمان بنێرین بۆ ئه‌به‌دییه‌ت
كه تۆ لێره‌یت دونیا شه‌ڵاڵه له بینین
تژییه له روانین
سه‌ر رێژه له چاو
تا دوا هه‌نگاوی ئه‌م پیاسه‌یه
هه‌موو بینینه‌كان بۆ تۆ
تا كردنه‌وه‌ی دواهه‌مین ده‌رگا
هه‌موو روانینه‌كان
بۆ گلێنه‌ی چاوی كامێراكه‌ت
له نزیك پهنجهرهكهشهوه
وێنه‌یه‌كی من بگره
كاتێك دواین شیعر بۆ یار ئه‌نوسم
زوومی چاوت بخه‌سه‌ر
دڵۆپه ئارهقهكانی نێوچه‌وانم
كاتێك ئه‌مه‌وێت هه‌موو خهونهكان بخه‌مه
سه‌ر زمانی شیعرێكو ناتوانم
هاوڕێم..من ئه‌و رۆژه ئه‌بینم
كه ده‌ستی راستت بۆ دواین خواحافیزی
به‌رز ئه‌كه‌یته‌وه‌و
بیرت ئه‌چێت مشتێك روانینمان بهشبدهی
ئیدی بۆ دواجار كوێری ئهمانكوژێتو
هه‌موومان به نابینایی
مه‌جبوری مردن ئه‌بین
دواین هه‌ناسه‌مان لێوه‌رگرێت..