Skip to Content

Tuesday, July 5th, 2022

به‌یانییه‌ك بیرم ده‌چێته‌وه‌ ژیان هه‌یه‌….. پشتیوان علی

Closed
by September 3, 2010 ئەدەب

 

 

هه‌موو چیرۆكی پاسیكیل سواریكی پیرمان بیستووه‌  
كه‌چۆن به‌ناو ته‌می شاره‌كاندا ده‌ڕوا
تاله‌وێ له‌باخێكدا، له‌ژێر لاسكی گوڵێكدا بمرێ
هه‌موو چیرۆكی ئه‌و كه‌شتیانه‌ ده‌بیستین                 
كه‌ده‌ڕۆن‌و ناگه‌ڕێنه‌وه‌
بۆچیرۆكی منیش هه‌روا
ئه‌شێ سبه‌ی زه‌وی خه‌ونێك ببینێ‌و
واده‌یه‌ك دانێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی

شوێنێك نامێنێته‌وه‌ بۆ هه‌تاوی گوڵێك
من ئه‌زانم قسه‌ی ئه‌م كۆگایانه‌
وه‌ك نه‌شته‌ری با ئه‌مبڕێ‌
له‌پێچه‌كانی بیرچوونه‌وه‌دا
وه‌ك هه‌ساره‌یه‌كی چۆڵ ده‌كه‌وم
به‌رله‌وه‌ی كه‌سێك به‌ده‌نگی تێك شكاوی بانگم بكات
بیر له‌كتێبی بێزاركه‌ری خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
من له‌ژێر تابلۆیه‌كی كۆكاكۆلادا ئه‌مرم

من به‌هه‌ڵه‌ بلیتی ئێره‌م بڕیوه‌
من به‌هه‌ڵه‌ لێره‌دا دابه‌زیوم
كه‌ی ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی قه‌ره‌بوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
من گه‌ر لێره‌ نه‌ڕۆم
لۆریه‌ بارهه‌ڵگره‌كانی خۆشبه‌ختی وه‌ك ژینگه‌ پیسم ده‌كه‌ن

زۆر رێگه‌ی ئاسنم دیوه‌
سه‌رنشینی زیاد له‌شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی ئاسنین بووم‌و
زۆر كوره‌ی ئاسنین چووم
زۆر شاری ئاسنین گه‌ڕام
به‌ڵام گوێم له‌ ئاوازێكی زێڕین نه‌بوو
بولبولێكم نه‌دی له‌گوزه‌ری ئاسنگه‌رێك

هاوڕێم دڵگران مه‌به‌ به‌وه‌ی
كه‌ تۆ دێیت‌و من لێره‌ نیم
پێده‌چێ دوای ده‌نگه‌ نارازییه‌كانی سه‌رم كه‌وتبم
پێده‌چێ شه‌وه‌كه‌ی كچێك به‌ته‌له‌فون داوای كردبێ
گه‌ر هیچ نه‌بێ تاسپێده‌ به‌خه‌یاڵ له‌گه‌ڵیا بنوم
كێ ده‌زانێت
 ره‌نگه‌ له‌گه‌نمی دیارنه‌بوونم نانی رۆژێكی نوێ بده‌م

له‌”با” دابڕاوم
ناچمه‌وه‌ سه‌ر ره‌نگی سپی باران
شتێك نابینم به‌ناوی هه‌تاوه‌وه‌
له‌ئه‌لبومی شاردا من نیم
به‌گشتی له‌ژیان هاتومه‌ ده‌رێ
وه‌ك بڵێی مردنم ئاسان بووه‌
ده‌بینی له‌ژووره‌كه‌ت دڵنیایی هه‌یه‌
له‌شاشه‌كه‌ بڕوانه‌
گه‌ربته‌وێ ده‌توانی به‌ماوسه‌كه‌ كلیك بكه‌یت‌و بمكوژیت

به‌یانییه‌ك زوو كۆڵانی دره‌خته‌كان جێدێڵم
رووده‌كه‌مه‌ هه‌ساره‌یه‌كی دوور
له‌چۆڵی خۆته‌وه‌ بانگم بكه‌، له‌ته‌نیایی خۆته‌وه‌ به‌ئاگام بێنه‌
به‌رله‌وه‌ی پیاوانی “ناسا” مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان
وێنه‌كه‌م به‌شێواوی بڵاوبكه‌نه‌وه‌        

   p_ali84@yahoo.com

 

 

Previous
Next