Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

ئێمه‌وه‌ك خۆمان ….. سه‌رهه‌نگ محه‌مه‌د

Closed
by October 6, 2010 چیرۆک

ده‌ستی له‌ نێوده‌ستی مندا بوو، كه‌ ده‌موت: پێ ده‌چێت ئێستا له‌ خه‌ویدا ده‌سته‌كانی له‌ نێوده‌ستی خه‌ونێكدابێ‌، یا ده‌ستی وه‌ردابێته‌ سینه‌ی به‌ وێنه‌ی كچه‌ چاو مه‌ستێكی  ناسك بۆنی بكات. یا، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ پێشه‌وه‌، به‌سه‌ر هه‌ڵبه‌ز و نشێوییه‌كانی به‌رده‌میدا سه‌ركه‌شانه‌ ڕێ بكات.
به‌خۆمم وت: له‌وانه‌یه‌ ئێستا له‌ خه‌و هه‌ستێت، وه‌ك پاڵه‌وانی نێو خه‌ونه‌كانی هه‌ندێ‌ به‌هێزتر، بێ هیچ پێویستییه‌ك ڕێی بگرێته‌ به‌ر. له‌جێی ئه‌وه‌ی خوده‌یه‌كی سه‌ربازی یا تاجێكی پاشایه‌تی له‌سه‌رنێ‌، خه‌ونه‌كانی له‌سه‌رده‌نێ‌ و خـۆی وه‌ك سوپاسالار ده‌بینێ‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ڕمێك یا شمشێرێك بگرێته‌ ده‌ست، له‌ جه‌نگه‌كانی ژیانا، خه‌ونه‌كانی ده‌گرێته‌ ده‌ست.
ئه‌و له‌ جێگاكه‌ی خۆیدا نوستبوو، كه‌ چاوه‌ڕێ بووم له‌ خه‌و هه‌ڵبستێت، چاوه‌ ڕوونه‌كانی ببڕێته‌ چاوم. جارناجارێ‌ ده‌موت: نـا، ئێسته‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێ‌. ده‌مزانی له‌مێژه‌ چاوه‌ڕێم له‌ خه‌و ڕابێ‌. یا له‌مێژه‌ هه‌ڵده‌ستێ و من بێئاگام. گومانی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ دروستكراوی ئه‌ندێشه‌ی خۆمبێ‌ و بێهوده‌ چاوه‌رێبم، ئازاری ده‌دام، به‌ڵام نه‌م ده‌توانی ئه‌م گومانه‌ به‌ سه‌ر چاوه‌ڕووانیمدا زاڵبكه‌م، چونكه‌ بینیبووم كه‌ هه‌ڵده‌ستا  وه‌كــ، نا…  نا، له‌ توانای زمانی  مندا نیه‌ بۆ ئێوه‌ی بگێڕمه‌وه‌، ده‌ترسم له‌وه‌ی ئه‌و به‌هێزییه‌ی  له‌ چاوانیدا، هه‌ستم پێده‌كرد، گه‌ر ته‌نیا ئه‌وانه‌ی له‌ توانامدایه‌ بیگێڕمه‌وه‌، به‌ ئه‌فسانه‌یكی ئه‌ندێشه‌كراوی خه‌یاڵی خۆمی تێبگه‌ن، ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا نه‌وترابێ. دڵنیام دواتر به‌ گه‌وره‌ترین شاكاری خه‌یاڵ ده‌ژمێردرێ كه‌ هێزی ده‌روونی مرۆڤ ده‌ربخات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاستیه‌و با نه‌ بێ به‌ ئه‌فسانه‌.
وتم: پێ ده‌چێ‌ ئێستا له‌ بیری چووبێته‌وه‌ كه‌ پێم ده‌وت: ها چ بووه‌؟من گه‌رچی ده‌مزانی خه‌ونی دیوه‌ و به‌ره‌ و خه‌ونه‌كه‌ی ده‌ڕوا، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌م ته‌نها به‌هانه‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم بدوێ‌، چوون له‌و كه‌سانه‌ نه‌ بوو به‌ درۆ سۆز ببه‌خشێته‌ چوارده‌وری. ده‌یوت: خه‌وم دیوه‌.
ئا بیرمه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ی لێره‌ له‌ ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵیواسیم، ده‌هاته‌ به‌رده‌مم تا خه‌ونه‌كانی بگێڕێته‌وه‌ و بڵێ كامه‌ پوچه‌ و كامیان خۆی بۆ فیدا ده‌كات. له‌وكاته‌دا گومانم ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وبێ ده‌ستی له‌نێو ده‌ستمدایه‌، یا ئه‌و هاتوچووانه‌ی ڕۆژانێ‌ ده‌یكر ڕاستی بوو؟ یا من ڕاهاتبووم ببینم كه‌سێك لێره‌وه‌ دێتو ده‌ڕوا؟  ئایا ئه‌م جه‌سته‌ مردووه‌ یا زیندوو؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌، بۆ نایه‌ته‌ به‌رده‌مم؟ من ده‌مه‌وێت لێی بپرسم، تۆ ئێستا خه‌ون ده‌بینی؟ ئه‌و خه‌ونانه‌ی وا هه‌میشه‌ بیرت لێ ده‌كردنه‌وه‌ و خۆت به‌ فیدا ده‌كردن؟ ئیدی پێم وابوو هه‌رخه‌ونێكی ده‌سكرد بووبێ‌. به‌ قه‌هرێكی زۆر و پرسیارگه‌لێكه‌وه‌ چاوه‌ڕوانیی بوم، چاوه‌ڕوانییه‌ك هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌ چاوه‌ڕوانیی شیرین بۆ فه‌رهاد. له‌وكاته‌دا ده‌نگێ‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی بناسَنێ و هیچ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ بڵێ‌ وتی: به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆیه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ستت خستووه‌ته‌ نێوده‌سته‌كانی.
كه‌سه‌یرم كرد تارماییه‌ك له‌ نێو هه‌وای ژوره‌كه‌دا دێت و ده‌چێت، به‌ڵام نازانم بۆ واهه‌ستم كرد ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ من غه‌ریب نییه‌! یا هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ من زۆر ئاشنایه‌. بواری قسه‌كردنی پێنه‌دام.
وتی: ئه‌و ئێستا كه‌ هه‌ڵده‌ستێ، داواده‌كات بڕۆم و به‌جێی بێڵم، هه‌رگیز نه‌یه‌مه‌وه‌. ئێستا ئه‌و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قسه‌ هاوار ده‌كا: درۆیه‌، درۆ. من نازانم ئه‌مه‌چ نه‌زانێ‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌؟ دڵنیام هه‌ركه‌س ئه‌مه‌ی وتووه‌  زۆر نه‌زان بووه‌ یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، قسه‌كه‌یان هه‌ڵگێراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و تارماییه‌ی به‌ ده‌نگی گه‌لێ‌ بیره‌وه‌ریم سه‌مای ده‌كرد، وه‌ك سه‌مای گوڵه‌كان به‌ ده‌ستی بــا. ده‌مدی له‌نێو باخێكی پڕِ له‌ باڵنده‌دا، خۆمان فێری فڕینی ئه‌و باڵندانه‌ ده‌كرد كه‌ له‌ ئاسمان نیشتنه‌وه‌یان له‌ بیر ده‌چووه‌وه‌. وام هه‌ست ده‌كرد مرۆڤه‌كان په‌ڕ و باڵیان سووتاوه‌ و هه‌ستی پێناكه‌ن، یا ده‌یانه‌وێت فڕینیان له‌ بیر بچێته‌وه‌! هه‌ندێجار له‌نێو زه‌لكاوێكدا هه‌ردووك ده‌ست له‌نێو ده‌ست ده‌ڕۆشتین  ئه‌و ئاسكانه‌ ڕزگاربكه‌ین كه‌ له‌ ده‌ستی پڵنگه‌كان ڕایانده‌كرد، ئه‌فسوس خۆیان له‌نێوده‌می تیمساحه‌كاندا ده‌بینییه‌وه‌.
ـ وتی: ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی ژووره‌كه‌ و له‌شی ده‌بینی؟
ـ وتم: من هیچ خوێن نابینم.
ـ ئه‌و له‌مێژه‌ به‌ شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ی، یه‌ك یه‌ك سه‌رمان ده‌بڕێ‌.
ـ هیچ خوێن نابینم، به‌ڵام ده‌مێكه‌ لێی بووه‌ته‌ خوو زۆر توڕه‌یه‌ كه‌چی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی سه‌یر له‌ ڕوخساری ده‌رده‌كه‌وێ‌  یـا هیهیۆهیـ پێده‌كه‌نێ‌.
ـ ئـممم، ڕاست ده‌كه‌ی.
نه‌م ده‌زانی پرسیار له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بكه‌م یا ئه‌و پرسیارانه‌ی چه‌ند ساڵه‌ له‌لام بێ وه‌ڵام ماوه‌نه‌ته‌وه‌.
وتم: من كه‌ هیچ تێناگه‌م، ئه‌ی تۆ تێده‌گه‌ی؟
وتی: ئێمه‌ش ئه‌وكاته‌ له‌وگوزه‌ره‌ تێنه‌ده‌گه‌شتین، نه‌شماده‌توانی تێبگه‌ین. باسی ئه‌وگوزه‌ره‌ ده‌كه‌م، گوزه‌ری چی پێده‌ڵێن؟ گوزه‌ری مامۆستایان، یا گوزه‌ری دكتۆره‌كان؟ تائێستاش نه‌م توانیوه‌ سنورێك له‌ نێوان ئه‌وگوزه‌ره‌ و نه‌خۆشخانه‌دا دابنێم! ئه‌و گوزه‌ره‌ و قوتابخانه‌لێك جوێ بكـمه‌وه‌! ئه‌و گوزره‌ و زیندان به‌ یه‌ك ده‌چن! زۆر جار ئه‌و گوزه‌ره‌مان، له‌گه‌ڵ گه‌لێك شوێنی دیكه‌دا لێ ده‌گۆڕا ( به‌ گوزه‌ری منداڵ،به‌ گوزری ماف، به‌ گوزه‌ری گه‌نجان، به‌ گوزه‌ری دڵداران، به‌ گوزه‌ری پیران، به‌ گوزه‌ری بازرگانان، به‌ گوزه‌ری سیاسه‌ت، به‌ گوزه‌ری….  ته‌نانه‌ت به‌شاری یاریی) به‌ درۆزنم مه‌زانه‌ كه‌ ده‌ڵێم شاری یاریی، لێره‌ كات زۆر به‌ خۆشی ده‌ڕواته‌سه‌ر. مامۆستاكان مامۆستا مه‌زنه‌كان، ئا پێشه‌واكانی ئه‌مبه‌ر، ڕێنیشانده‌ره‌كان، پۆل پۆل دێن و وه‌ك مێگه‌ل لێره‌ مۆڵ ده‌بن، لێره‌ گه‌ر ئه‌م گوزه‌ره‌ نه‌ بوایه‌ كیسه‌ڵه‌كان به‌ خێرایی هه‌زاران فرسه‌خ له‌ پێشی كاته‌وه‌ ده‌بوون، ئه‌مبه‌ر هه‌موو شاره‌كانی گوزه‌رێكی وای لێیه‌.گه‌ر ئه‌م گوزه‌رانه‌ نه‌بوایه‌ن له‌مبه‌ر ده‌بووخه‌ڵكی شاره‌كانی هه‌رچییان كردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كاتیان ڕه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ر بكردایه‌. له‌وێ هێنده‌ی دوو ده‌ست دۆمینه‌ یا تاوڵه‌ت كرد ئیدی دێیه‌ سه‌ر گره‌وی خواردن و خواردنه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ی دووهێنده‌، یا سێ هێنده‌ی باڵای خۆی پاشماوه‌ به‌ جێ دێڵێت، كێ‌ پاشماوه‌كه‌ی زیاتر بوو به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌باوه‌شی ده‌گرن، باوه‌خولێی پێده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه‌ سه‌رداری ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆیان، هه‌رچی قوتوی بیپسی كۆلاوشتی تریشه‌ هه‌ڵیده‌ده‌ن به‌ ئاسماندا. تـا ئه‌و كاته‌ یاری به‌ رده‌وامه‌ كه‌ دنیا به‌رگی تاریكی له‌به‌رده‌كات، یاپێ ده‌چێ‌ ئه‌وه‌ پاشماوه‌كانبـێ كه‌ توڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌ ئاسمان به‌ری تیشكی خۆریان گرتبێ، نه‌هێڵێ‌ زه‌وی ڕووناك بكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا هه‌ر یه‌كه‌ی گه‌صێكی گه‌وره‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌گرتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆشتی بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵی بخۆن. هه‌ر له‌و كاته‌دا ئه‌و مامۆستا و دكتۆرانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ربانی دوكانه‌كان خانویان دروست كردوه‌، سه‌له‌ی خۆڵه‌كانیان بۆ ڕشتن دێنن، دیسانه‌وه‌ یاری ده‌سپێده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌رچی تێدایه‌ ده‌ی گرنه‌ یه‌كتری، ته‌نانه‌ت ئه‌و زه‌رفانه‌ی كه‌پڕن له‌ شڵپه‌گوو شه‌پ ،شه‌پ ده‌دا به‌ نێوچاوانیاندا.
ئه‌و له‌ نێوژوره‌كه‌دا به‌رده‌وام قسه‌ی ده‌كرد و ده‌هاتوو ده‌چوو. من چاوه‌ڕێ بووم ئازاد له‌ خه‌وڕابێ، دیسان چاوه‌ ڕوونه‌كانی ببڕێته‌وه‌ چاوم و هه‌ر وه‌ك جاران خۆی لێ ببێته‌وه‌ به‌(فه‌رهاد) و هاوار بكا: من كۆشكی بێستونم دروست كرد له‌م شاره‌دا، چونكه‌ شیرین یه‌كێ‌ بوو له‌ خه‌ونه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانم، بۆ به‌ده‌ست هێنانی پێویست بوو كێوی بێستون بنه‌خشێنم. ئه‌وانه‌ی باسی مردنی من ده‌كه‌ن له‌ درۆیه‌ك زیاتر هیچی دیكه‌ناڵێن. من ئێستاش كێوه‌كان له‌ ده‌ستمدا وه‌ك لۆكه‌ وان. پاشان به‌ بزه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: نا، راست ده‌كه‌ن فه‌رهاد مردووه‌، ئه‌وكه‌سێكی كه‌یه‌ و من كه‌سێكی دیكه‌. ئای چه‌نده‌ تامه‌زرۆی وه‌ها له‌ خه‌و هه‌ستانێكی كه‌ی بووم! كه‌ تارمایه‌ كه‌ قیڕاندی: ئه‌و ئێستا نا خه‌وێ و ته‌نیا چاوه‌كانی لێكده‌نێ، ئه‌و نه‌ مردووه‌، ئه‌وه‌ی تۆ لێی تێناگه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌دوێ‌. هاته‌پێشه‌وه‌ و به‌ هێمنی پرسی
ـ ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه‌ ویستی وتاره‌كه‌ی بخوێنێته‌وه‌، له‌یادته‌؟
ـ نا من چۆن ئاگاداربم كه‌ لێره‌ له‌ ناو ئه‌م چوارچێوه‌دا هه‌ڵواسراوم؟
ـ هه‌روا كه‌ تۆ ده‌ڵێی زۆر نه‌رمونیان له‌گه‌ڵم ده‌دوا، له‌ ناكاو داوای لێكردم بڕۆم و به‌جێی بێلم! هه‌رچه‌ند وتم بۆچی؟ وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، داوای ده‌كرد بڕۆم و لێی دوور بكه‌ومه‌وه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك هه‌یه‌ خۆم بشارمه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌یتوانی بمـخاته‌وه‌ نێودڵی و حه‌شارمبدا. به‌ڵام پێیی وابوو شاردنه‌وه‌ی من له‌نێو دڵیدا ڕێگه‌چاره‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌ترسا بیروهۆشی بگرم و وتاره‌كه‌ی بۆ نه‌خوێندرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ من بدوێ‌. بۆیه‌ سه‌رمی توند كێشا به‌ دیواره‌كه‌دا و به‌ پێنوسه‌كه‌ی ده‌ستی هه‌موو له‌شی  برینداركردم. ده‌یوت: ئه‌وه‌تا وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌وه‌، نایبینی؟  له‌ هه‌ردوو لای به‌ڕیز دانیشتون. چه‌ند جارێك ده‌سته‌كانی ڕاوه‌شاند، له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ی ،ئه‌وه‌تام لێره‌ ڕاوه‌ستاوم. منم من توتیه‌كه‌ی خۆت نامبینی لێره‌م. ئه‌وه‌ تۆ سه‌یری كێ ده‌كه‌ی؟ كه‌ من لێره‌ راوه‌ستاوم؟! چاوه‌ڕیی ته‌نیا فه‌رمانێكی تۆ ده‌كه‌م. ئاخر من به‌بێ فه‌رمانی تۆ چی بكه‌م؟ بۆ كوێ‌ بچم؟ تۆ وا چاوانت سور كردووه‌ته‌وه‌ ئایا له‌ من ده‌ڕوانی؟؟
وای…. ئێستاچاوه‌كانت مامۆستا هه‌ر به‌وكاته‌ ده‌چێت كه‌ خه‌وه‌كه‌م بۆ گێڕایته‌وه‌ وتم: مامۆستاخه‌ونم دیوه‌ خه‌ون، له‌ خه‌ونمدا وانه‌م بۆ ئێوه‌ ده‌وته‌وه‌، وانه‌ی ئاسك.ئاسك چۆن ده‌خه‌وێ‌؟ چۆن نیگا ده‌كات؟ چۆن به‌له‌نجه‌ولار به‌سه‌ر سه‌وزه‌گیادا ئه‌ڕوات؟ سیفه‌ته‌كانی چییه‌؟ چی ده‌كات؟ بۆ هێنده‌ چاوه‌كانی جوان ‌و پڕ ته‌لیسمن؟ ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پرسیاری ترم بۆ وه‌ڵام ده‌دانه‌وه‌. من خه‌ونه‌كه‌م بۆ ئێوه‌ ده‌گێراِیه‌وه‌ كه‌چی چاوه‌كانتان تا ده‌هات زیاتر له‌ من زیتو سور ده‌بونه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێنێ‌ كوشتنێكیان تیابێت! منیش بێباك له‌ چاوه‌ زیتو سوره‌كانتان، خه‌ونه‌كه‌م ده‌گێڕایه‌وه‌. له‌و كاته‌دا تۆ توند گه‌رووت گرتم و تووڕت هه‌ڵدامه‌ نێوحه‌وشه‌كه‌وه‌! به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ده‌ت قیراِن: سه‌گبابی ده‌ڵه‌میز كێ وتوویه‌ خه‌ون ببینی؟ كێ‌ به‌تۆی ووتووه‌ خه‌ون ببینه‌؟ من  پێكه‌نینم به‌ تۆ ده‌هاتو وتم :خۆبه‌ده‌ستی خۆم نیه‌. كه‌چی ئێوه‌ تا ده‌هات زیاتر توڕه‌ ده‌بوون.یه‌كی چه‌قۆیه‌ك و هه‌سانێكتان به‌ ده‌سته‌وه‌گرتبوو! ده‌م وت: مامۆستا ئاسك جوانه‌ تۆ زمانت ده‌بڕیم. ده‌م وت: له‌ چاوه‌ پڕ له‌ ته‌لیسمه‌كانی زۆرشت فێربووم تۆ زمانت ده‌بڕیم. ڕۆژانه‌ ده‌هاتم وانه‌ی نێو خه‌ونه‌كانم بۆ ده‌وتنه‌وه‌. من وانه‌كانم بێ سنور بوون، له‌وانه‌ی سنوری جوگرافیدا وتم ئه‌مانه‌ له‌ درۆیه‌ك زیاتر هیچی دیكه‌نین، وه‌رن با بچینه‌ لای حاجی له‌ق له‌ق ئه‌وگه‌ریده‌یه‌كی به‌ توانایه‌، هاوڕێكانم ووو……..تۆ زمانت ده‌بڕیم. ده‌م وت: ئه‌و ده‌توانێ ته‌نانه‌ت وشه‌ی سنورمان له‌ بیر بباته‌وه‌ سنوریـــــ…….. ، دیسان زمانت ده‌بڕیم. من ڕۆژانه‌ ده‌هاتم خه‌ونه‌كانم بۆ ئێوه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌، كه‌ چی تۆش هه‌مووجارێ‌ توند گه‌رووت ده‌گرتم و توڕت هه‌ڵده‌دامه‌ نێو چواردیواری حه‌وشه‌كه‌وه‌. ده‌توته‌وه‌ كێ‌ وتویه‌ خه‌ون ببینی؟ منیش له‌ به‌رئه‌وه‌ی هێورببیته‌وه‌ ده‌م وت: ئاخر مامۆستا به‌ده‌ست خۆم نیه‌، به‌ڵام ئه‌و ساڵانه‌ كه‌من ئالوده‌ی شیعره‌ نه‌نوسراوه‌كانی ناو( ڕۆح)م بووم، ئیدی هه‌میشه‌ به‌ خواستی دڵی خۆم خه‌ونه‌كانم دیاری ده‌كرد، تا بۆ ئێوه‌ی بگێڕمه‌وه‌. گه‌رچی له‌نیگاكانتاندا به‌دوی خۆڵه‌میشی  ئومێددا ده‌گه‌ڕام،  وه‌لێ‌ ته‌نها نه‌شئه‌ به‌خشی من خه‌ونه‌كانم بوو، ئه‌و خه‌ونانه‌ی زیندوو وێتیان ئه‌دایه‌وه‌ به‌بوونم. ئێوه‌ش كه‌ توند گه‌رووتان ده‌گرتمه‌وه‌ دیسان هه‌ستم به‌و ده‌ستانه‌ ده‌كرده‌وه‌ له‌ شه‌مدا كه‌ چه‌ندین برینی قوڵیان له‌ شه‌م به‌جێده‌هێشت، كه‌ من هه‌میشه‌ چێژم له‌ ئازاره‌كانیان ده‌برد و به‌ بینینی خوێنی خۆم مه‌ست ده‌بووم. برینی قوڵی ئه‌و چه‌قۆیانه‌ له‌سه‌رسینه‌م هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو به‌دوای شیعره‌كانی  ناو ڕۆحمدا گه‌ڕابن، یا ویستبێتیان ده‌ست بگه‌یه‌ننه‌ ناو دوورگه‌ی خه‌ونه‌كانم. ئــا ئــه‌و ده‌ستانه‌ مامۆستا هه‌موو له‌شییان ده‌كردمه‌ دورگه‌یه‌ك له‌برین. كاتێ‌ تۆ وات ده‌زانی ئیدی من خه‌ونم نییه‌و، ده‌توت: وه‌ك جاران هه‌ڵیت و په‌ڵیت ناڵێی و منت گێڕایه‌وه‌ نێو پۆلی توتوتیه‌كان و نازناوی توتیه‌كه‌ی خۆتت پێ به‌خشیم (توتیه‌كه‌ی سه‌رۆك) من خه‌ونم ده‌دی. خه‌ونی زۆر جیاوازم ده‌دی، به‌ڵام من هه‌روه‌ك فه‌قێیه‌كی سه‌رده‌می نالی خه‌ونه‌كانم هه‌ر له‌ دڵی خۆمدا زینده‌به‌چاڵم ده‌كرد، له‌ سه‌ر زمانم، له‌ ڕوخسارم، له‌ ژیانمـدا ده‌مكوشتن. یا له‌ ژووره‌كه‌مه‌وه‌ توڕم هه‌ڵده‌دانه‌ نێو زێرابه‌وه‌، یا له‌گه‌ڵ پوش و په‌ڵاشا ده‌م دانه‌ ده‌ستی دراوسێكه‌مان تا حه‌مامی پێ‌ دابخات.
له‌و كاته‌دا به‌ جه‌سته‌یه‌كی برینداره‌وه‌ هه‌ستام و بانگم كرد : ئئئازاد، ئئـازاد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ستم خسته‌ سه‌رشانی له‌رزوتایه‌كی سه‌یر هه‌موو له‌شی داگرت و به‌یه‌كجار هه‌موو له‌شی وردبوو توایه‌وه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی ،كه‌س گرنگی پێبدا.
له‌ پاش بێده‌نگبوونێكی كه‌م تارمایه‌كه‌ وتی: تۆ بڕوانه‌ له‌ ده‌سته‌كانی نێوده‌ستت به‌ خوێنی من وده‌یان خه‌ونی تری سوره‌. له‌ ده‌سته‌كانیم ڕوانی هه‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگاداربێ كه‌هیچ نابینم وتی: زیاتر لێی بڕوانه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌خۆی ته‌نها تۆ، ئا ته‌نها تۆ ده‌توانی من ببینی و هه‌ست به‌بوونم بكه‌ی. ئێستا زۆر له‌ مێژه‌ من وه‌ك سه‌گ به‌دویدا وێڵم. ته‌نانه‌ت له‌ خه‌ونه‌كانیشی دا. ئاخر ئه‌و ئێستا ناخه‌وێ‌ ته‌نها چاوه‌كانی لێك ده‌نێ‌،كه‌ ده‌شخه‌وێ‌ ڕێ‌ له‌من ده‌گرێ‌ بچمه‌وه‌ نێو دنیای.
ئێستا كه‌ تۆش گومان له‌ بوونی ده‌كه‌ی. نا…نا ئه‌و نه‌مردووه‌. ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ دویدا ڕاده‌كه‌ین .تۆ ته‌ماشای ده‌سته‌كانی نێو ده‌ستت بكه‌ به‌خێونی من و ده‌یان خه‌ونی دیكه‌ی سوره‌.
كه‌ زیاترلێی وردبوومه‌وه‌، دوو ده‌ستی به‌خوێن سور، له‌شه‌ێكی شه‌ڵاڵی خوێن، ژوورێك پڕ له‌ جێ ده‌ستی خوێناویم دی. من تا ئه‌وكاته‌ هه‌ستم به‌ هیچ یه‌كێ‌ له‌وانه‌ نه‌كرد بوو كه‌ ئه‌و وتی.
ئه‌گه‌ر چی من وێنه‌یه‌كی  هه‌ڵواسراوی  ئازاد خۆیبووم له‌ ژووره‌كه‌یدا.

2009

Previous
Next