Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

هه‌ر سه‌رۆک جاشێک ژیانی زۆرتر له‌ هه‌زار کوردی له‌ مردن پاراستووه‌، قاسم ئاغا وه‌ک نموونه‌!

Closed
by October 11, 2010 گشتی

 
8.10.2010 هه‌ینی

 

به‌شی یه‌که‌م‌
  ئیبراهیمی شێخ نه‌سره‌دین به‌رزنجی سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (102)ی جاشه‌ سووکه‌کان، له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره‌ (651)ی رۆژی چوارشه‌ممه‌، رێکه‌وتی (4.8.2010)دا، له‌لاپه‌ڕه‌ (17)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌ر سه‌رۆک جاشێکی سه‌دام و به‌عس توانیوێتی له‌ سه‌روو هه‌زار کورد بپارێزێت له‌ مردن و تیاچوون. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ناوونیشانی ووتاره‌که‌م له‌ لێدوانه‌که‌ی ئه‌و وه‌رگیراوه‌، پاشانیش ده‌مه‌وێت چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌ڵبژێرم‌ له‌و سه‌رۆک جاشانه‌ی سه‌دام که‌ گوایه‌ ژیانی هه‌زار کوردیان پاراستووه‌، با بزانین قسه‌ی سه‌رۆک جاشی ناوبراو وا ده‌رده‌چێت یان پێچه‌وانه‌! لێره‌دا قاسم فارس تاهیر ئاغای کۆیه‌ وه‌کو نموونه‌ دێنینه‌وه، که‌ به‌مشێوه‌یه‌ له‌ په‌رتووکی (ئینسکلۆپیدیای تاوانبارانی ئه‌نفال و کوردۆسایدکردنی گه‌لی باشووری کوردستان)دا باسی ناوبراو کراوه‌‌.  
  راوێژکاری فه‌وجی (85)ی جاشه‌ سووکه‌کان قاسم فارس تاهیر مسته‌فا ئاغا غه‌فوری کرۆژی کۆیی و فارس تاهیر مسته‌فا ئاغای باوکیشی ناوی له‌ رۆژنامه‌کانی رژێمدا وه‌کو راوێژکاری فه‌وجی (85)ی جاشه‌ سووکه‌کان هاتووه‌. جێگرانی راوێژکاری فه‌وج مه‌جید مه‌ڵا فه‌تاح موسا و ئه‌کره‌م مه‌لا فه‌تاح موسا، هه‌ریه‌ک له‌ چه‌تۆ که‌ریم سه‌عید (که‌ خاوه‌نی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی ژماره‌ 72 بوو)، حاجی ئیبراهیم عه‌زیز حه‌سه‌ن، ئیبراهیم عه‌بدوڵڵا فه‌ره‌ج، به‌کر عه‌بدوڵڵا فه‌ره‌ج، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د، محه‌مه‌د عه‌لی بێشیری، له‌تیف خورشید سه‌عید، مسته‌فا ره‌شید مسته‌فا تۆبزاوه‌یی و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا فه‌رمانده‌ی سریه بووینه‌‌. مه‌جید مه‌لا فه‌تاح موسا، پێشتر پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو دواتر له‌ ساڵی (1985)دا گه‌ڕایه‌وه‌ ناو رژێم و بوو به‌ جێگری سه‌رۆک جاش لای قاسم فارس کۆیی، دوای راپه‌ڕینیش گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌کێتیی و کرا به‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کۆیه‌، به‌ڵام ئێستاکه‌ له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژیت. ‌
  قاسم فارس تاهیر که‌ خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی لاوازو مرۆڤێکی قومارچی و نه‌فس نزم بوو،‌ له‌ سه‌ره‌تای چه‌ک هه‌ڵگرتنی بۆ رژێم و بوونی به‌ مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی، پێشمه‌رگه پێیان شه‌رم بوو که‌سێکی سووک و بوده‌ڵه‌ی وه‌کو ئه‌و بکوژن، ئه‌گینا زۆر به‌ئاسانی ده‌یانتوانی بیکوژن، که‌چی دواتر قاسمه‌ کۆر ئه‌و دڕنده‌یه‌ی لێده‌رچوو. قاسم فارس ئاغای کرۆژی (که‌ له‌ کوردستان به‌ قاسمه‌ کۆر و له‌ناو کۆیه‌دا به‌ قاسم ئاغای پووشته‌ ناسراوه‌)، کۆمه‌ڵێک تاوانی دژ به‌ هاووڵاتیان، پێشمه‌رگه‌، که‌سوکاری پێشمه‌رگه‌ و نه‌ته‌وه‌په‌رستانی کورد ئه‌نجام داوه‌ و شه‌هیدی کردوون، که‌ به‌شێک له‌ تاوانه‌ دیاره‌کانی ئه‌مانه‌ن:
قاسم ئاغاو ئه‌وکاته‌ی که‌‌ مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی سه‌ربه‌ ئیستخباراتی هه‌بوو، له‌ بۆسه‌یه‌کدا له‌ شه‌وی (19.11.1978)دا له‌ کۆده‌ره‌ی نزیک گوندی (سکتان)ی خۆشناوه‌تی بۆ مه‌فره‌زه‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان ره‌سوڵ حاجی ئه‌حمه‌د خان خدر بۆڵیی بریندارکرد که‌ بۆ به‌یانی له‌ ئه‌نجامی سه‌ختی برینه‌که‌ی شه‌هیدبوو – سه‌رچاوه‌: (شاخه‌وان عه‌باس، سه‌فه‌ری کوردایه‌تی بیره‌وه‌رییه‌کانی شار و شاخ 1974-1980، ل220).
قاسم ئاغا، له‌ رێکه‌وتی (5.5.1980)دا به‌هۆی خۆفرۆشێکه‌وه‌ به‌ناوی جه‌رگۆ، توانی باوکی شه‌هیدی پێشوو (ره‌سوڵ حاجی ئه‌حمه‌دخان) واته‌ ئه‌حمه‌د خان خدر بۆڵی فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی (10)ی سه‌فینی حزبی سۆسیالیستی کوردستان له‌ گوندی سماقولی گرتکی دۆڵی خۆشناوه‌تیدا شه‌هید بکات.
قاسم فارس تاهیر ئاغای غه‌فوری به‌خۆی و جاشه‌کانی شانبه‌شانی سه‌دان سه‌رباز و ژماره‌یه‌کی زۆر کۆپته‌ری دوژمن به‌شداری شه‌ڕی ده‌شتی قۆڕه‌به‌رازه‌ی رێکه‌وتی (11.8.1979)یان کردووه،‌ که‌ له‌و شه‌ڕه‌دا نۆزده‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌م ناوانه‌ی خواره‌وه‌ شه‌هید بوون: (شه‌فیق زاهیر که‌ریم، فه‌رمانده‌ی هێزه‌که‌، مه‌ولود حاجی عه‌بدوڵڵا (مه‌ولود شینه‌)، محه‌مه‌د قادر قورقوره‌یی، مه‌عروف عارف نه‌جم قه‌یسه‌ری، محه‌مه‌د عه‌زیز عه‌لی، ئازاد حاجی ره‌فیق نانه‌وا، زاهیر محه‌مه‌د شه‌ریف، ره‌فعه‌ت محه‌مه‌د، شێروان ئیسماعیل نازه‌نینی ناسراو به‌ ئامانج، ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دئه‌مین نازه‌نینی، حه‌وێز ئیسماعیل مه‌حمود، ئه‌حمه‌د مه‌حمود ئه‌حمه‌د، جبرائیل حاجی خدر، سه‌عید محه‌مه‌د عه‌لی ساڵح قه‌ره‌ناوی، محه‌مه‌د قادر حه‌مه‌د، جه‌عفه‌ر سه‌عید عه‌باس، عومه‌ر ره‌فیق ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، ئاودێر عه‌بدوڵڵا ساڵح و قوباد فه‌تحوڵڵا سه‌عید که‌ ئه‌م چواره‌‌ی دواییان به‌ برینداری ده‌ستگیر کران و له‌ شه‌وی (12.8/11)دا له‌ خانه‌ی میوانداری ئه‌فسه‌ران – دار الضیافة للضباط له‌ کۆیه‌ قاسم ئاغا خۆی گولله‌ بارانی کردبوون – سه‌رچاوه‌ی ناوه‌کان‌: شاخه‌وان عه‌باس، سه‌فه‌ری کوردایه‌تی بیره‌وه‌رییه‌کانی شار و شاخ 1974-1980، ل253-254).
قاسم ئاغاو جاشه‌کانی له‌ ساڵی (1980)دا له‌ دۆڵی ئه‌سحابان سێ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی شه‌هید ده‌که‌ن به‌ناوه‌کانی (محه‌مه‌د ئیبراهیم مه‌نتک، مه‌جید ئیبراهیم مه‌نتک و به‌کر که‌ریم که‌ به‌ برینداری قاسم ئاغا شه‌هیدیکرد، هه‌روه‌ها له‌و شه‌ڕه‌دا سێ پێشمه‌رگه‌ی تر بریندار بوون به‌ناوه‌کانی سه‌باح ئه‌حمه‌د، مه‌جید سوسه‌یی و فارس حه‌سه‌ن).
شه‌هیدکردنی دوو پێشمه‌رگه‌ی (ی. ن. ک) له‌ رێکه‌وتی (16.8.1981)دا به‌ناوه‌کانی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل حه‌مه‌د ناسراو به‌ ئه‌حمه‌د بڕنه‌و و یه‌کیه‌تی مه‌جید وسو.
شه‌هیدکردنی هاووڵاتی دلێر مسته‌فا له‌ناو باخه‌کانی کۆیه‌ له‌ ساڵی (1981)دا.
شه‌هیدکردنی دوو هاووڵاتی بێتاوان به‌ناوه‌کانی ئه‌حمه‌د ئه‌بابه‌کر عه‌بدال و شوکریه‌ قادر له‌ناو شاری کۆیه‌ له‌ خۆنیشاندانه‌کانی ساڵی (1982)ی سه‌رجه‌م کوردستان به‌ بۆنه‌ی یادی هه‌شت ساڵه‌ی بۆردومانی قه‌ڵادزێ له‌ رێکه‌وتی (24.4.1974).
له‌ ساڵی (1982)دا جاشێکی قاسم ئاغا به‌ناوی میرزا ئیسماعیل پێشمه‌رگه‌یه‌کی (ی. ن. ک)ی به‌ناوی نه‌وزاد ره‌ئوف په‌ڕه‌چی له‌ گه‌ڕه‌کی جه‌معیه‌ی کۆیه‌ نزیک کانی بن شاخان شه‌هیدکرد.
شه‌هیدکردنی هاووڵاتییه‌ک به‌ناوی نه‌جات حاجی عه‌بدوڵڵا له‌ناو شاری کۆیه‌ له‌ ساڵی (1982)، دواتریش شه‌هیدکردنی کوڕێکی ئه‌و شه‌هیده‌ له‌ ساڵی (1987)دا به‌ناوی دلێر نه‌جات عه‌بدوڵڵا.
شه‌هیدکردنی خوێندکار ئاراس عه‌بدولواحێد حه‌مید له‌ زستانی ساڵی (1982)دا، که‌ ئه‌وکاته‌ ته‌مه‌نی له‌ خوار (18) ساڵان بووه‌و سه‌ربه‌ رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بووه‌، جاشه‌کانی قاسم ئاغا دوای ده‌که‌ون له‌سه‌ر هه‌ڵواسینی پۆسته‌ر و بڵاوکراوه‌، ئه‌و مێردمنداڵه‌ له‌ناو ماڵ ده‌رده‌هێنن و له‌ کۆڵاندا به‌ به‌رچاوی دایک و خوشکی شه‌هیدی ده‌که‌ن. 
قاسم ئاغاو جاشه‌کانی، له‌ ساڵی (1983)دا له‌ناو شاری کۆیه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی قاره‌مانی حزبی سۆسیالیستی کوردستانی به‌ناوی جه‌لیل حاجی دێوانه‌ شه‌هیدکرد.
له‌ ساڵی (1984)دا له‌ناو شاری کۆیه‌ ئازاد مام فه‌تاح له‌لایه‌ن قاسم ئاغا شه‌هیدکرا، هه‌ر له‌ زستانی هه‌مان ساڵدا قاسم فارس کرۆژی له‌سه‌ر رێگای کۆیه‌ – هه‌ولێر سێره‌ی له‌ چه‌تری سه‌ر سه‌ری مامۆستا نه‌ریمان تاهیر گرتبوو به‌ مه‌به‌ستی پێکانی نیشانه‌و ناوبراوی شه‌هیدکرد.
شه‌هیدکردنی هاووڵاتی جه‌مال ئه‌حمه‌د فه‌قێ خۆشناوی ناسراو به‌ جه‌مال خۆشناو له‌ رێکه‌وتی (26.9.1985)دا له‌ناو شاری کۆیه‌، که‌ پێشتر پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی بوو و له‌ مانگی نۆڤێمبه‌ری ساڵی (1977)دا له‌ گوندی (چناران)ی سه‌ربه‌ قه‌زای دوکان ده‌ستگیرکراو، پاشان فه‌رمانی له‌ سێداره‌ دانی له‌ هه‌یئه خاسه‌ی که‌رکوک بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام دواتر له‌ رێکه‌وتی (11.8.1979)دا به‌بۆنه‌ی ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ستی سه‌دام حوسێنی دیکتاتۆره‌وه‌ وه‌کو سه‌رۆک کۆمار لێبووردنی گشتیی ده‌رچوو و، جه‌مال خۆشناو ئازاد بوو.
شه‌هیدکردنی دوو پێشمه‌رگه‌ی (ی. ن. ک) له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (1985)دا له‌ چنارۆک به‌ناوه‌کانی شه‌هید ئه‌میری عه‌بده‌ خڕه‌ و شه‌هید سه‌رکه‌وت.
سووتاندن و شه‌هیدکردنی پێشمه‌رگه‌ی (ی. ن. ک) شه‌فیق ئیبراهیم ئیسماعیل مام قلینجی له‌ گونده‌که‌ی خۆیاندا له‌ مانگی ئه‌پریلی ساڵی (1985)دا، دوای سووتاندنی خانووه‌که‌یان به‌ بڕیاری قاسم ئاغا که‌ شه‌هید شه‌فیق له‌ خانووه‌که‌دا بوو، هه‌روه‌ها منداڵێکی ته‌مه‌ن (4-5) ساڵان به‌ناوی رزگار ساڵح ئیسماعیل به‌ گولله‌ی جاشه‌کانی قاسم ئاغا شه‌هید ده‌بێت.
شه‌هیدکردنی هاووڵاتییه‌ک له‌ ساڵی (1986)دا به‌ناوی ئه‌سوه‌د ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن شوڤێره‌که‌ی قاسم ئاغا، که‌ له‌به‌رده‌م فلکه‌ی تایه‌ر تۆفیق به‌ ئۆتۆمۆبێل به‌سه‌ریدا رۆیشت، که‌ پێشتر کوڕێکی مام ئه‌سوه‌د به‌ناوی شه‌هید جه‌عفه‌ر ئه‌سوه‌د ئه‌حمه‌د،‌ له‌ شه‌ڕی به‌ناوبانگی ده‌شتێو له‌ رێکه‌وتی (8.3.1978)دا به‌دیل گیراو دواتر له‌ رێکه‌وتی (21.6.1978)دا له‌ شاری موسڵ له‌ سێداره‌ درا.
گرتن و بێسه‌رو شوێن کردنی دوو هاووڵاتی له‌ ساڵی (1986)دا له‌ رێگای بنکه‌ی ئیستخباراتی سه‌ربازی کۆیه‌وه‌ به‌ ناوه‌کانی ئه‌حمه‌د کوێخا ره‌حیم و دلێر ئیسماعیل حه‌مه‌خان.
شه‌هیدکردنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ناوی سالار که‌ریم بۆیاخچی ناسراو به‌ (سالاره‌ سوور) له‌ ساڵی (1986)دا له‌ ره‌بایه‌کی جاشه‌کانی قاسم ئاغا له‌ گوندی داربه‌ڕوو.
قاسم ئاغای پووشته‌ و جاشه‌کانی له‌ شه‌ڕێکدا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ رێکه‌وتی (10.7.1986)دا، رۆڵه‌یه‌کی قاره‌مان و کادیرێکی رۆشنبیری کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستانی به‌ناوی شه‌هید جه‌لیل ئه‌مین سادق ته‌له‌لخێمی ناسراو به‌ (ره‌نجده‌ر)، که‌ فه‌رمانده‌ی که‌رتی دووی تیپی (87)ی قه‌ره‌چوغ بوو له‌گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ی تر به‌ناوه‌کانی شاکر عومه‌ر عه‌لی ناسراو به‌ (شاکر سۆربه‌شی) و یاسین ئیبراهیم عومه‌ر ته‌له‌لخێمی ناسراو به‌ (یاسین موعه‌لیم، که‌ دوو برای تریشی به‌ناوه‌کانی شه‌هید مه‌غدید ئیبراهیم عومه‌ر ته‌له‌لخێمی ناسراو به‌ (مه‌غدیده‌ قه‌ڵه‌و) و شه‌هید سه‌مه‌د ئیبراهیم عومه‌ر ته‌له‌لخێمی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (1987)دا‌ له‌ بۆسه‌یه‌کدا له‌ نزیک گوندی مه‌لاقه‌ره‌ی سه‌ربه‌ دیبه‌گه‌ شه‌هید بوون)، له‌ گوندی سێگرتکان شه‌هیدی کردن و سێ پێشمه‌رگه‌ش به‌ناوه‌کانی حامد هه‌ینی سه‌عید خه‌یلانی، دینۆ زرار سیان و ئیبراهیم ته‌له‌لخێمی ده‌ستگیرکران که‌ دواتر حامد و دینۆ به‌ سزای هه‌تا هه‌تایه‌ زیندانی کران و (ئیبراهیم ته‌له‌لخێم)یش سزای له‌ سێداره‌ دانی بۆ بڕدرایه‌وه‌و دواتر له‌ سێداره‌ درا. ئه‌و سێ دیله‌ (حامید، ئیبراهیم و دینۆ) له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (1987)دا له‌ ژووری ژماره‌ یه‌کی زیندانی ئه‌منی هه‌ولێر به‌یه‌که‌وه‌ بووین و به‌ ده‌یان جار باسی ئه‌و شه‌ڕه‌یان کردووه‌ که‌ جاشه‌کانی قاسم ئاغای کۆیه‌ ئه‌وانی ده‌ستگیرکردووه‌. ئه‌و سێ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌پێناوی رێکخستنی قسه‌کانیان له‌به‌رده‌م دادگای به‌ناو سه‌وره‌ی به‌غدا و بۆئه‌وه‌ی له‌ سزای له‌ سێداره‌ دان دوورکه‌ونه‌وه‌، ده‌یان جار له‌گه‌ڵیان دانیشتووم، ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رنجی هه‌موومانی راکێشابوو له‌ ژووره‌که‌دا زۆر ئاسته‌م بوو بۆ شه‌هید ئیبراهیم ته‌له‌لخێمی به‌ جاش بڵێت فورسان، که‌ هه‌رده‌م ئامۆژگاریمان ده‌کردن له‌بری جاش بڵێن فورسان، چونکه‌ ده‌مانزانی به‌کارهێنانی ووشه‌ی جاش به‌ ته‌نیا له‌ دادگادا به‌سه‌ بۆ عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ری سه‌رۆکی به‌ناو ئه‌و دادگایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سزای له‌ سێداره‌ دانیان بۆ ببڕێته‌وه،‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌وده‌م بوو بۆ شه‌هید ئیبراهیم و یه‌ک خوله‌ک دواتر دیسان ده‌یگووت: (که‌ جاشه‌کان گه‌یشتنه‌ ناو گوندی، ئێمه‌ خۆمان راده‌ستی جاشه‌کان کرد، دواتر جاشه‌کان هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ ئه‌و چه‌کانه‌یان کردۆته‌ هی ئێمه‌، ئه‌گینا ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌بووینه‌، به‌ڵکو فیرار بووینه‌و له‌و گونده‌ دانیشتبووین). ئه‌وه‌بوو له‌ هاوینی ساڵی (1987)دا هه‌رسێ پێشمه‌رگه‌ی ده‌ستگیرکراو له‌لایه‌ن جاشه‌کانی قاسم ئاغای کۆیه‌ ره‌وانه‌ی دادگا کران و شه‌هید ئیبراهیم به‌ته‌نیا له‌ به‌رده‌م عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ری جه‌للاددا ووشه‌ی جاشی به‌کارهێنابوو و دووه‌که‌ی تریش فورسان، بۆیه‌ عه‌واد به‌نده‌ر هه‌ریه‌ک له‌ حامید هه‌ینی و دینۆ زراری به‌ سزای هه‌تا هه‌تایه‌ زیندانی کردو فه‌رمانی له‌ سێداره‌ دانیشی بۆ ئیبراهیم ته‌له‌لخێمی ده‌رکرد، هه‌روه‌ها پێشی گووتبوو: (إنت الجحش، أبوک الجحش، جدک الجحش، عشیرتک الجحش، أدزک للجهنم وبئسک المصیر)، نزیکه‌ی مانگێک ده‌بوو من گه‌یشتبوومه‌ زیندانی (ألأحکام الخاصة)ی ئه‌بوغرێب که‌ حامد هه‌ینی و دینۆ زرار به‌بێ شه‌هید ئیبراهیم ته‌له‌لخێمی هاتنه‌ لامان و ئه‌و رووداوه‌ی ناو دادگایان بۆ گێڕاینه‌وه‌. دواتر حامید هه‌ینی خه‌یلانی و دینۆ زرار له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا (ته‌واوی زیندانیانی کورد له‌و به‌شه‌دا) له‌ رێکه‌وتی (14.9.1988) و رۆژانی دواتردا به‌ر بڕیاری لێبووردنی گشتیی سه‌دام حوسێنی دیکتاتۆر ژماره‌کانی‌ (736+737) که‌وتین و ئازاد کراین.
له‌ رێکه‌وتی (28.10.1986)دا جاشه‌کانی قاسم فارس تاهیر ئاغای کۆیه‌ به‌ پشتیوانی هێزێکی زۆری رژێم و چه‌ندین کۆپته‌ر هێرشیان کرده‌ سه‌ر گونده‌کانی په‌ڵکانه‌ و قۆڕیتانی ده‌شتی کۆیه‌، دوای شه‌ڕێکی سه‌خت و بۆردومان کردنی گونده‌که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌که‌ و کۆپته‌ره‌کانی رژێمه‌وه‌ دوو پێشمه‌رگه‌ی که‌رتی پێنجی سه‌ربه‌ تیپی (86)ی ده‌شتی هه‌ولێر به‌ناوه‌کانی سابیر بانیمارانی و فارس بانیمارانی له‌گه‌ڵ دوو که‌س له‌ هێزی پشتگیری گونده‌کان به‌ ناوه‌کانی له‌تیف شه‌وگێڕی و مام به‌کر ناسراغه‌یی شه‌هید ده‌بن و، جاشه‌کانی قاسم ئاغا پێشمه‌رگه‌یه‌کی قاره‌مانی تر به‌ناوی محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا عه‌لی ناسراو به‌ (رزگار مام قلینجی) به‌ برینداری به‌دیل ده‌گرن و راده‌ستی رژێمی ده‌که‌ن که‌ دواتر له‌ سێداره‌ درا، هه‌روه‌ها زۆرتر له‌ (20) که‌س له‌و دوو گونده‌دا شه‌هید بوون له‌گه‌ڵ ماڵ و منداڵی هه‌ریه‌ک له‌و دوو‌ پێشمه‌رگه‌یه‌: (سابیر قۆڕیتانی و که‌ریمه‌ ڕه‌ش) – سه‌رچاوه‌: (ئه‌حمه‌د کورده‌، بیره‌وه‌ری رۆژانی سه‌ختی خه‌بات، به‌رگی یه‌که‌م، ل219-220).
شه‌هیدکردنی پێشمه‌رگه‌یه‌کی تیپی (91)ی سه‌فینی یه‌کێتیی به‌ناوی سه‌فین سه‌عید ره‌زا، که‌ له‌ ساڵی (1987)دا له‌ گوندی فه‌قێیان ده‌که‌وێته‌ بۆسه‌ی جاشه‌کانی قاسم ئاغاوه‌.
شه‌هیدکردنی دوو برا به‌یه‌که‌وه‌ له‌ ساڵی (1988)دا له‌ به‌رده‌م یانه‌ی کۆیه‌ به‌ ناوه‌کانی رزگار ره‌سوڵ محه‌مه‌د سوێسنی و عه‌بدوڵڵا ره‌سوڵ محه‌مه‌د سوێسنی و بریندارکردنی گه‌نجێک به‌ناوی محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم که‌ ئامۆزازای ئه‌و دوو شه‌هیده‌یه‌ و ئێستاکه‌ وه‌کو که‌م ئه‌ندامێک له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژیت.
شه‌هیدکردنی هاووڵاتی بێتاوان مامه‌ی سه‌مون فرۆش له‌ ساڵی (1988)دا له‌ گه‌ڕه‌کی (قه‌سرێ)ی کۆیه‌.
ده‌ستگیرکردنی شه‌ش راکردو له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی له‌لایه‌ن جاشه‌کانی فه‌وجی قاسم ئاغای غه‌فوری له‌ شه‌وی (11.8.1988/10)دا له‌ ده‌وروبه‌ری گوندی سکتانی دۆڵی خۆشناوه‌تی که‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ک له‌: (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌گ، بارزان ره‌فیق عه‌بدولکه‌ریم، دلاوه‌ر عه‌بدوڵڵا مام یه‌حیا، شێروان ره‌فیق عه‌بدولکه‌ریم، هاوڕێ به‌کر ئه‌مین و کامه‌ران حه‌وێز)، پاشان راده‌ستکردنیان به‌ ئیستخباراتی کۆیه‌و بێسه‌رو شوێنکردنی پێنج که‌سی یه‌که‌میان تاوه‌کو ئێستاکه‌، که‌ ته‌نیا کامه‌ران حه‌وێز ئازادکرا، که‌چی ئه‌ویش دواتر له‌ رێکه‌وتی (9.3.1991)ی رۆژی راپه‌ڕینه‌که‌ی کۆیه‌ هه‌ر به‌ده‌ستی قاسم ئاغاو جاشه‌کانی شه‌هیدکرا.
له‌ کۆتایی شاڵاوه‌ دڕندانه‌کانی ئه‌نفال، له‌ شه‌ڕێکی ئازایانه‌ی پارتیزانه‌کانی حزبی شیوعی که‌ یازده‌ پێشمه‌رگه‌ بوون، له‌ رێکه‌وتی (4.9.1988)دا به‌ فه‌رمانده‌یی به‌رپرسی ده‌سته‌ی پارتیزانه‌کانی لقی هه‌ولێر، مولازم هه‌ژار (ره‌فعه‌ت کاک ئه‌حمه‌د مه‌عروف) که‌ ئێستاکه‌ له‌ دانیماک ده‌ژیت، له‌گه‌ڵ فه‌وجی جاشه‌کانی قاسم ئاغای کۆیه‌دا له‌نێوان گونده‌کانی سماقه‌ و بایزئاغادا، جاشه‌کانی قاسم ئاغا دوو پێشمه‌رگه‌ی ئازاو گیان له‌سه‌ر ده‌ستی حزبی شیوعییان به‌ناوه‌کانی (ئیسماعیل مه‌لا عه‌بدولقادر سه‌رده‌شتی ناسراو به‌ (ئارام شاهین) و فه‌یسه‌ڵ ماستاوه‌یی ناسراو به‌ جووتیار) شه‌هیدکردو، قاسم ئاغا ته‌رمه‌کانی هه‌ردوو شه‌هیدی به‌دیاری بردن بۆ ئیستخباراتی کۆیه‌.
شه‌هیدکردنی چوار پێشمه‌رگه‌ی تێکۆشه‌ری حزبی شیوعی کوردستان – ئێراق له‌ بناری چیای کۆسره‌ت له‌ رێکه‌وتی (6.3.1989)دا که‌ یه‌که‌م و دووه‌میان به‌ برینداری له‌ سه‌ربازگه‌ی دوکان شه‌هیدکران، که‌ چوار پێشمه‌رگه‌که‌ سه‌ربه‌ لقی کۆیه‌ی حزبی ناوبراو بوون و بریتین له‌ هه‌ریه‌ک له‌: (جه‌نگی که‌ریم ناسراو به‌ شه‌پۆڵ، جه‌لیل ئیبراهیم ئه‌حمه‌د کێله‌سپی ناسراو به‌ رێباز، عومه‌ر شه‌ریف ناسراو به‌ چالاک، کاوه‌ حه‌مید به‌هرام). ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ سریه‌یه‌کی حزبی شیوعی بوو که‌ فه‌رمانده‌ی سریه‌که‌ مام جوامێر بۆلقامیشی و جێگری فه‌رمانده‌ی سریه‌ ملازم شێرزاد سلێمان گۆڵته‌په‌یی بوو، که‌ مولازم شێرزاد دواتر له‌ رێکه‌وتی (27.3.1991) له‌ هێرشی به‌ناو سوپای دڕنده‌ی سه‌دام و به‌عس بۆ سه‌ر شاری که‌رکوکی گڕو بڵێسه‌دا له‌ناو ئه‌و شاره‌دا شه‌هید بوو. به‌گوێره‌ی ئه‌و فیلمه‌ ڤیدیۆیه‌ی که‌ که‌مپینی کۆیه‌ له‌پێناوی دادگاییکردنی تاوانباری دژ به‌ کورد و کوردستان قاسم ئاغا سه‌باره‌ت به‌و شه‌ڕه‌ی بناری کۆسره‌ت بڵاویان کردۆته‌وه‌، ده‌ریده‌خات که‌ موقه‌ده‌مێکی سه‌ربازی به‌ناوی موقه‌ده‌م روکن عه‌زیز و قاسم ئاغا ده‌رده‌که‌ون له‌گه‌ڵ ناوهێنانی چه‌ند جاشێکی وه‌کو ئه‌کره‌م (که‌ پێده‌چێت ئه‌کره‌م مه‌لا فه‌تاح موسای جێگری قاسم ئاغا بێت، که‌ پێشتر پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو دواتر له‌ ساڵی (1985)دا هاته‌وه‌ ناو رژێم و بوو به‌ جێگری قاسم فارس کۆیی، دوای راپه‌ڕینیش گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌کێتیی و ئێستاکه‌ له‌ مه‌کته‌بی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆیه‌دایه‌)، جه‌لیل، که‌مال، سه‌ید جه‌مال (دوای راپه‌ڕین چۆته‌ ناو پارتی و ئێستاکه‌ به‌رپرسی ناوچه‌ی ته‌قته‌قی پارتی دیموکراتی کوردستان)‌، مه‌حمود، میران، رزگار، شێخ محه‌مه‌د، مام هه‌ژار، تۆفیق و چه‌تۆ (که‌ پێده‌چێت چه‌تۆ که‌ریم سه‌عیدی خاوه‌نی کۆنه‌ مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی ژماره‌ (72) و فه‌رمانده‌ی سریه‌ لای قاسم ئاغای پووشته‌ بێت).
شه‌هیدکردنی دوو پێشمه‌رگه‌ و بیست و هه‌شت هاووڵاتی له‌ رۆژی (9.3.1991)ی رۆژی راپه‌ڕینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کۆیه‌ی قاره‌مان، که‌ دوو پێشمه‌رگه‌که‌ به‌ برینداری له‌ناو قشڵه‌ی کۆیه‌ به‌ده‌ستی تاوانبار قاسم ئاغا شه‌هیدکران، که‌ بریتی بوون له‌ ئه‌حمه‌د کانی وه‌تمانی و جه‌وهه‌ر بایز حه‌مکۆل (جه‌وهه‌ری ناسکه)‌، هه‌روه‌ها (28) هاووڵاتییه‌که‌ش بریتیین له‌: (ئاکۆ که‌ریم، به‌رزان تۆفیق، ئه‌میر عه‌بدوڵڵا، ئیبراهیم حه‌سه‌ن، ئیبراهیم سه‌دره‌دین، جاسم فه‌رحان، جه‌لیل خالید، جه‌نگی ئه‌سعه‌د، حه‌مید مسته‌فا، ستار حه‌مید، سه‌مه‌د حه‌مید، سه‌میره‌ ئه‌حمه‌د، سواره‌ عومه‌ر، شێروان ئیسماعیل، عومه‌ر حه‌مه‌د، عومه‌ر ساڵح، فه‌یسه‌ڵ مه‌جید، قاره‌مان عومه‌ر، کامه‌ران حه‌وێز، کاوه‌ حه‌مه‌دئه‌مین، کاوه‌ حه‌مه‌د، محه‌مه‌د خدر، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، میرزا فه‌تاح، نازم ساڵح، نازه‌نین قه‌ره‌نی، نه‌سرین سدیق و نامیق سلێمان – سه‌رچاوه‌: کۆیه‌: که‌مپینێک دژ به‌ موسته‌شارێک رێکده‌خات، ماڵپه‌ڕی کوردستانیوز).
جاشێکی قاسم فارس ئاغا به‌ناوی ره‌حمان عه‌لی ئیسماعیل له‌ رۆژی راپه‌ڕین و ئازادکردنی شاری کۆیه‌ له‌ رێکه‌وتی (9.3.1991)دا دوای هێرش و فشاری زۆری خه‌ڵکی کۆیه‌ بۆسه‌ر داموده‌زگاکانی رژێم و جاشه‌ خۆفرۆشه‌کان به‌ قاسم ئاغای گوتبوو: (ئاغا با ته‌سلیم به‌ جه‌ماوه‌ر بین)، قاسم ئاغا هه‌ناوی جاشی ناوبراوی پڕ له‌ گولله‌ کردبوو و کوشتبووی.
فه‌وجی قاسم ئاغا به‌شداری شاڵاوه‌ دڕندانه‌کانی ئه‌نفاله‌کانی (1+2+4+5+6+7)ی کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریکردنی فه‌وجی قاسم ئاغای کۆیه‌ له هه‌ریه‌ک له‌‌ شاڵاوی ئه‌نفاله‌کانی یه‌ک و دوودا – سه‌رچاوه‌: (رۆژنامه‌ی ئه‌لسه‌وره‌، ژماره‌ (6536)ی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌، رێکه‌وتی (17.4.1988) + (رۆژنامه‌ی ئه‌لجمهوریه‌، ژماره‌ (6777)ی رۆژی سێشه‌ممه‌، رێکه‌وتی (5.4.1988)، لاپه‌ڕه‌6). هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری کردنه‌ له‌ ئه‌نفاله‌کانی یه‌ک و چواردا – سه‌رچاوه‌: (شۆڕش حاجی ره‌سوڵ، ئه‌نفال کوردو ده‌وڵه‌تی ئێراق، لاپه‌ڕه‌کانی 148، 162)‌. سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریکردنی ئه‌و فه‌وجه‌ له‌ شاڵاوه‌ به‌دناوه‌کانی ئه‌نفالی (پێنج، شه‌ش و حه‌وت)دا، نووسراوی ژماره‌ (ش3/ق3/11365)ی رێکخراوی هه‌واڵگری باکوور بۆ هۆبه‌ی سێی ئیستیخبارات به‌ رێکه‌وتی (28.6.1988)، ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌ که‌‌ له‌ رێکه‌وتی (21.6.1988)دا هێزێک به‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌کانی دوو که‌ پێکهاتبوو له‌ (سریه‌کی تانک، سریه‌کی زرێپۆش، سریه‌کی کۆماندۆی سه‌ربه‌ باره‌گای فه‌یله‌قی یه‌ک، سریه‌ی موره‌ته‌بی/6، فه‌وجه‌ سووکه‌کانی 85، 90، 92، 93، 135، 138، 162، 210، 241، 261 + شه‌ڕکه‌ره‌کانی محه‌مه‌د سادق شوانی)، هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر ده‌شتی کۆیه‌و ناو شاری کۆیه‌ – (سی دی که‌یسی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئه‌نفال، که‌ بریتییه‌ له‌ (9312) لاپه‌ڕه‌، به‌شی بیست و دوو، لاپه‌ڕه‌ 5144). قاسم ئاغای فارس تاهیر ئاغای سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (85)ی جاشه‌ سووکه‌کان بۆ رۆژنامه‌ی هاوکاری به‌مشێوه‌یه‌ ده‌دوێت: (ئێمه‌ هه‌رچ فه‌رمانێکمان پێ سپاردرابێ به‌جێمان هێناوه‌ بێدواکه‌وتن، وه‌ دوا فه‌رمانیش ئه‌وه‌بوو که‌ به‌شداری شه‌ڕی ئه‌نفالمان کرد بۆ راونانی به‌کرێگیراوه‌کانی خومه‌ینی و، جه‌نگاوه‌رانمان به‌شداریی پاککردنه‌وه‌ی گونده‌کانی چۆغماغ، یاخسه‌مه‌ر، چیای ئاسنگه‌ران و گاپیلۆن-یان کرد – هاوکاری، ژماره‌ (972)، رۆژی پێنجشه‌ممه‌، رێکه‌وتی (5.5.1988). وابزانم که‌سمان گومانمان نییه‌ له‌ نۆکه‌رێتی و دڵسۆزی قاسمه‌ کۆری راوێژکار بۆ سه‌دام و به‌عس، دوای کۆچڕه‌وه‌که‌ی ساڵی (1991)، له‌ پێشوازییه‌کی سه‌دامی دیکتاتۆر بۆ کۆمه‌ڵێک خۆفرۆشی کورد که‌ یه‌کێکیان قاسم ئاغا بوو، که‌ به‌ عاره‌بییه‌کی شه‌ق و شڕ که‌ خۆم ئه‌و دیداره‌م له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئێراقی بینی و ئه‌وه‌ی له‌ بیرم مابێت به‌ سه‌دامی گووت: (گه‌وره‌م من به‌ فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌ق (لیوا روکن عه‌لی محه‌مه‌د شه‌لال)م گووت که‌ به‌ کیمیاوی له‌ رانیه‌و چوارقوڕنه‌و پشده‌ر بدات، یان ساروخه‌کان بداته‌ من و خۆم به‌ کیمیاوی لێیان بده‌م، به‌ڵام فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌ق‌ به‌قسه‌ی نه‌کردم و به‌ کیمیاوی لێینه‌دان. ئه‌وه‌بوو دواتر شاره‌کانی سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک و که‌رکوک که‌وته‌ ده‌ست ئاژاوه‌چی و تێکده‌ران و ئێمه‌ش ناوچه‌که‌مان چۆڵکرد). هه‌روه‌ها قاسم فارس تاهیر، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی (85)ی فه‌وجه‌ سووکه‌کان، له‌لایه‌ن (دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق)ه‌وه‌، به‌هۆی به‌شداریکردنی له‌ ئه‌نفاله‌کاندا، فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی ده‌رچووه‌و، ژماره‌ (115)ه‌یه‌ له‌ لیستی ناوی داواکراوه‌کان‌. قاسم فارس تاهیر کۆیی، دوای راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) چووه‌ خزمه‌تی سه‌دامی ئاغای و تاوه‌کو رووخانی رژێم له‌ رێکه‌وتی (9.4.2003)دا خزمه‌تی به‌عس و عروبه‌ی سه‌دامی کرد. دواتریش بۆ ماوه‌یه‌ک هاته‌وه‌ هه‌ولێرو پاشان چووه‌ سوریا. که‌چی له‌ به‌هاری ساڵی (2010)دا بۆ جارێکی تر گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی له‌ هه‌ولێر له‌ میوانداری سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (11)ی جاشه‌ سووکه‌کانی سه‌دام (به‌هرام محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د)ی ناسراو به‌ (به‌هرامی شێمه‌ی هاڕوون)ی بووه‌ له‌ (مه‌لا ئۆمه‌ر)ی نزیک هاوینه‌هه‌واری پیرمام. به‌ڵام قاسم ئاغای کۆیی، رۆژی هه‌ینی، رێکه‌وتی (1.10.2010) له‌ژێر فشاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و خانه‌واده‌ی قوربانییانی ده‌ستی ئه‌و، که‌ نیازیان وابوو رۆژی شه‌ممه‌، رێکه‌وتی (2.10.2010)، خۆنیشاندانێک ئه‌نجام بده‌ن له‌پێناوی دادگاییکردنی ئه‌و تاوانباره‌ خۆفرۆشه‌، که‌چی له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر به‌ یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌تایبه‌ت عه‌بدولکه‌ریم سوڵتان عه‌بدوڵڵا (که‌ریم شه‌نگالی) وه‌زیری ناوخۆ و نه‌وزاد هادی ئه‌حمه‌د ئاغای پارێزگاری هه‌ولێر گوایه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و وڵاتێکی ئه‌وڕوپی به‌ڕێ خراوه‌، که‌ گومانی زۆرم هه‌یه‌ بۆ ئه‌وڕوپا ناردرابێت، چونکه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان باش ده‌زانێت کوردانی ئه‌وڕوپا و هه‌نده‌ران قاسم ئاغا ده‌دۆزنه‌وه‌ و سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ن و ده‌ستگیر ده‌کرێت و دادگایی ده‌کرێت و سزای زیندانیشی بۆ ده‌بڕدرێته‌وه‌. پێموایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خانه‌واده‌ی قوربانییان و کوردپه‌روانه‌ ئه‌گه‌ر هاتبێته‌ ئه‌وڕوپا، که‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی دادگایی ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌رگیز له‌ دڵی نایه‌ت قاسم ئاغا و قاسم ئاغاکانی کوردستان بداته‌ دادگا.

ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
 Darsim2006@hotmail.com 

Previous
Next