
چكه‌ی غه‌مێك بۆ حه‌بیب به‌پیر فرمێسكه‌كانی ئه‌نوه‌ر حهسهنپوورههوه!
” تۆ له‌وێ …”
له سه‌ر گه‌ڵای داربه‌ڕوویه‌ك ده‌تنووسمه‌وه
زستانانیش چاوه‌كانی سه‌وز سه‌وز ورشه‌یان بێ
له ناو خه‌می كه‌لاوه‌كانی گوندێكدا دهتپێچمهوه
كه زریانی تۆپخانه‌كان په‌نجه‌كانی له گۆ نه‌خه‌ن
له زوڵاڵیی ئه‌و ئاوه‌شدا ده‌تخۆمه‌وه
كه سمكۆڵی به‌رازه‌كان شلوێی نه‌كه‌ن.
تۆ كه جاران پاڵت وه بناران دابوو
تۆ كه جاران كوێستانی سه‌ر له هه‌وری وێ
“ودم”ی هه‌ستانی پێده‌دای
ئهوێستاكه له گه‌ڵ دیواری شێ‌دار و
بۆخنكی ناو به‌ندیخانه چۆن هه‌ڵده‌كه‌ی؟
تۆ كه جاران ئاواڵدوانه‌ی یاڵ و بژی كۆساڵان بووی
تۆ كه سیڕه‌ی هه‌ڵۆیه‌كی لای ئاویهرت له قوڕگدا بوو
ئهوێستاكه
له‌و تاریكهساتهی وێدا
له گه‌ڵ قه‌له‌باچكه‌ی نیشتووی ده‌وروبه‌رت چۆن سهردهكهی؟
له‌یادمه تۆ هه‌میشه
كڵاوه‌ی شاخت ده‌كرد به جامانه‌ت و
نێرگزێكی پهژمهلابووی تاك و ته‌رات
ده‌دا له لاچهپهی سینه و
گۆرانییه‌كت ده‌چڕی
تاسه‌ی ژوانی دایكهوڵاتی پێوه‌بوو.
ئه‌مێستاكه‌ش ئێمه هه‌موو
به‌ده‌م ترسێكه‌وه ده‌نووین
كه باڵنده‌ی باس و هه‌واڵ
ده‌مه‌وبه‌یان به ده‌نووكی سوورباوهوه
له په‌نجه‌ره‌ی ئێمه نه‌دا و
كۆستێكی تر نه‌نێ به سه‌ر دڵمانه‌وه.
كه‌چی ئه‌تۆ
پێكه‌نینت به‌وانه دێ
كه ئه‌م ترسه سهگمهرگهیان
له ناو دڵی ئێمه‌دا چاند.
تهقڵهكوتی شه‌وه‌زه‌نگه و
ته‌متومانی بێدادییه
ههناسهبهندانه له‌وێ و
لێره‌ش فرمێسكێكی دیتر به به‌ژنی چاوماندا ده‌بڕێ
ده‌زانم تۆ له‌وێنده‌رێش
چاوێكت هه‌ر له سه‌ر غه‌می نیشتمانه و
چاوه‌كه‌ی دیش حه‌سره‌ته‌كانی دایكهلێ ده‌خواته‌وه
دوابزهشت به په‌پووله‌یه‌ك ده‌به‌خشی
كه پێتوایه
سه‌رێك ده‌كا به گوڵجاڕی تهمداگرتووی ئازادی‌دا و
پڕی ده‌كا له گوڵواژه و گوڵئهوینی سه‌ر لێوی تۆ.
8 – 10 – 2010
ئاواره وڵات