Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

بۆ كچه‌ پاریسییه‌كه ….. ‌هه‌ڵگورد سه‌مه‌د

Closed
by October 20, 2010 ئەدەب

 

سه‌فه‌ر هه‌موو بوونی داگیركردووم،
كه‌چی هێشتا كه‌ڵكه‌ڵه‌ی هه‌زاران سه‌فه‌ریدی هێرش دێنێ
كه‌چی هێشتا نامۆیی به‌رۆكی به‌رنه‌داوم..
مه‌گه‌ر ته‌نیا غه‌ریبیی هێنده‌ی من غه‌ریبی دیبێ و
هه‌ر ته‌نیایی ئه‌وه‌نده‌ی من ده‌ردی دووری یاری چه‌شتبێ،

سه‌فه‌ر هه‌موو بوونی داگیركردووم،
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ناخی ئه‌و كچه‌ی یه‌كه‌م جار له‌ناو میترۆكه‌وه‌ له‌ ته‌نیشتمه‌ دانیشتبوو و
به‌ ئه‌سپایی تێیده‌گه‌یاندم خودا لێره‌ چه‌نده‌ نامۆیه‌
به‌ڵام له‌و نامۆتر مرۆڤه‌ كۆچه‌ریییه‌كانن
له‌ رێڕه‌وی ئه‌و میترۆ دورودرێژه‌وه‌ تێگه‌یشتم
ئیدی خوداش سه‌رقاڵی سه‌فه‌ره‌ دوورودرێژه‌كانییه‌تی و
له‌وانه‌یه‌ تا ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌ر نه‌یبینینه‌وه‌
له‌وانه‌یه‌ ئه‌ویش پێویستی به‌ پشوویه‌كی درێژبێ له‌ باوه‌شی یار

سه‌فه‌ر سه‌رتاپای ته‌نیوم و
كونجێك نییه‌ بۆ وچان
سه‌فه‌ر به‌ری ئه‌و هه‌تاوه‌شی لێ گرتووم
كه‌ عه‌سرانێك به‌ بێده‌نگی
دوور له‌ چاوی جه‌لاده‌كان خۆمان ده‌دایه‌ به‌ری
به‌ری ئه‌و كزه‌ بایه‌شی گرتووه‌ كه‌ جارجاره‌
دوور له‌ چاوی جاسوسه‌كان
هه‌ناسه‌یه‌كی خاڵی له‌ ژه‌هرمان هه‌ڵده‌مژی

سه‌فه‌ر له‌ ته‌وقی سه‌رمه‌وه‌ تا به‌رپێی داگیركردووم
نیازمه‌ سه‌فه‌رێكی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و لانه‌ی ئه‌و كیژه‌ ده‌ستپێبكه‌م
كه‌ له‌ یه‌كه‌م دیدارماندا
به‌ قاقاوه‌ گاڵته‌ی به‌ نیوتن ده‌كرد و
پێیوابوو ئه‌و سێوه‌ به‌ سه‌ری ئه‌و نه‌كه‌وتایه‌
ئیدی بوارمان نه‌ده‌بوو له‌ناو ئه‌م میترۆیه‌ به‌یه‌كه‌وه‌بین
چه‌ند سه‌یره‌ سێوێك به‌رده‌بێته‌وه‌ و ناچار به‌ سه‌فه‌رمان ده‌كا
سێوێكی دیش به‌رنابێته‌وه‌
كه‌چی له‌ به‌هه‌شت ده‌رمان ده‌كا
سێوێكیش هه‌تا دونیا دونیایه‌ به‌ سینه‌ی ئه‌م شۆڕه‌ژنه‌وه‌ ده‌له‌رێته‌وه‌
من له‌ پێكه‌نینی ئه‌م كچه‌ سه‌رمسوڕماوه‌ و له‌ زمانی ناگه‌م
ئه‌و له‌ مۆنی من راماوه‌ وله‌ رووخسارم ناگا
ئه‌و نه‌ باكی به‌ دابڕانه‌ نه‌ به‌ سه‌فه‌ر
من زراوم له‌ دابڕان چووه‌ و هه‌تره‌شم له‌ سه‌فه‌ر

سه‌فه‌ر چۆته‌ قوڵایی ناخمه‌وه‌،
ئیدی سه‌فه‌ره‌كانی من
خاڵییه‌ له‌و
من به‌نیازی سێوی سێیه‌م ئه‌م سه‌فه‌ره‌م ده‌ستپێكرد
به‌ڵام ئه‌فسوس ره‌نگه‌ دووه‌مین سێو به‌شی من بێ
هه‌موو سه‌فه‌ره‌كانم
له‌ سێوه‌كه‌ی دایكه‌ حه‌وا ده‌چن،
دوای وچانێك كه‌ ده‌ستم ده‌یانگاتێ
له‌ به‌هه‌شت ده‌رمده‌كه‌ن

من به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ و به‌ده‌م ڕێوه‌
خه‌ون به‌ سه‌فه‌رێكه‌وه‌ ده‌بینم
چیدی له‌ ته‌نیشت من نه‌ترازێی
هه‌میشه‌ هاوڕێی سه‌فه‌ركانم بی
چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵی دیش بژیم
له‌ هه‌ركوێبم
به‌ یادی یه‌كه‌م سه‌فه‌ری ناو میترۆكه‌
هه‌ر رووم له‌ پاریسه‌

هه‌ڵگورد سه‌مه‌د
Halgurd@journalist.com

Previous
Next