Skip to Content

Monday, May 23rd, 2022

ره‌فعه‌ت سمایل به‌گی داوده‌ و ڕۆلًی له‌ شۆڕشه‌كه‌ی (برایم خانی ده‌لۆ)دا …..

Closed
by November 12, 2010 مێژوو

حاجی ره‌فعه‌ت و ده‌یانی وه‌كو ئه‌م قاره‌مانه‌ تیكۆشه‌ره‌ له‌ پێناو خاك و نیشتمانه‌كه‌یاندا هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بونه‌ ڕۆژیه‌ك له‌ ڕۆژان بستێك له‌م خاكه‌ به‌ ده‌ستی داگیركه‌رانی ناوخۆی و ده‌ركیه‌وه‌ بده‌ن، بۆیه‌ له‌و پێناوه‌دا گیانی خۆیان به‌خشیوه‌ و مێژوویه‌كی پڕ له‌ سه‌روه‌ریان بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان تۆماركردووه‌ و گه‌لی كورد هه‌رده‌م شانازیان پێوه‌ بكات .
ره‌فعه‌ت به‌گی داوده‌ ڕۆڵیكی هه‌ره‌ گرنگی بینیوه‌ له‌ شۆڕشه‌كه‌ی برایم خانی ده‌لۆدا و ئه‌توانین بڵێن كه‌سی دووه‌می ئه‌و شۆڕشه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاوكاری و پاڵپشتی خۆی و هۆزه‌كه‌ی ده‌ربریوه‌ له‌ پێناو سه‌ر خستنی ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌دا و ڕزگار بوون له‌ داگیركه‌رانی ئنگلیز و پێكهێنانی حكومه‌تێك كه‌ تێدا كورد به‌ راسته‌قینیه‌ ڕۆڵی خۆی ببینێ .
ئاشكرایه‌ شۆڕشه‌كه‌ی خان به‌شێكی هه‌ر گرنگی شۆڕشی بیست بووه‌ كه‌ پێش وه‌خت ئاماده‌باشی بۆ كرابوو و ته‌نسیقێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رجه‌م هۆزه‌ كوردی و عه‌ره‌بیه‌كانی باشور و ناوڕاست دروست ببوو بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشێك به‌رپا بكرێت له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا بۆ ده‌ركردنی هێزی داگیركه‌ری ئنگلیز . هه‌ر بۆیه‌ پێش وه‌خت نوێنه‌ری هۆزه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی (فرات)ی ناوڕاست گه‌یشتنه‌ كوردستان بۆ گفتوكۆ كردن له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌روك هۆزه‌كانی كورد بۆ دانانی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ . سه‌ره‌تا (برایم خان) له‌ (كفری)ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ جۆڵانه‌وه‌ی شۆڕش كرد له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ تێدا هۆزه‌ كوردیه‌كان ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ پاڵپشتی خان و شۆڕشه‌كه‌ی كه‌ له‌ سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌ (ره‌فعه‌ت به‌گ كوڕی سمایل به‌گ) به‌ خۆی و هۆزه‌كه‌یه‌وه‌ ، به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی سنوری شاری خورماتوو وه‌كو (به‌یات) به‌ سه‌رۆكایه‌تی (فارس به‌گ).

له‌ شه‌ڕی شوعه‌یبه‌دا باس له‌ ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوه‌ زۆر ده‌كرێت كه‌ چه‌ند ئازایانه‌ توانیویه‌تی وه‌كو سه‌ركردیه‌كی لێهاتوو دژی ئه‌نكلیزه‌كان بوه‌ستێته‌وه‌ و به‌رگری بكات له‌ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌دا (نامیق ئاغا)ی ئامۆزای شه‌هید ده‌بێت .
دیاره‌ مه‌به‌ست له‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ دوو ئه‌نجامی سه‌ره‌كی ئه‌پێكی ئه‌وشیان ئه‌توانیین به‌ دوو خاڵ ده‌ست نیشانی بكه‌ین .

• دروست كردنی گۆشارێك له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا تاوه‌كو (شێخ مه‌حمودی حه‌فید) ئازاد بكرێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی خۆی له‌ كوردستان .
• تێكۆشان له‌ پێناو ئازادی و سه‌رفرازی و هه‌وڵدان بۆ دروست كردنی حكومه‌تێكی لۆكاڵی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا كه‌ تێدا رێز له‌ خواست و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بگیرێت .
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاریكراوه‌ ره‌فعه‌ت سمایل به‌گ به‌ خۆی و هۆزه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمانێتی هۆزی به‌یات به‌ سه‌رۆكایه‌تی فارس به‌گ و هاوكاری و پشتیوانی هۆزی (ئال سائیح) له‌گه‌ڵ خێڵه‌ كوردییه‌كان وه‌كو (زه‌نگنه‌ و داوده‌ و ده‌لۆ و ……..هتد) له‌ (20)ی ئابی ساڵی (1920) هێرش دێننه‌ سه‌ر شاری خورماتوو له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی شاره‌كه‌ له‌ ژێر كۆنتروڵی سوپای داگیركه‌ر ده‌رده‌هێنن و ئاڵای به‌ریتانیا ده‌هێننه‌ خواره‌وه‌ .
 له‌ دوای ئه‌وه‌ی خورماتوو به‌ یه‌كجاری ئازاد ده‌كرێت له‌ ده‌ستی ئنگلیزه‌كان و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، جه‌نگاوه‌رانی دژی داگیركه‌ر هه‌ڵده‌ستن به‌ دروست كردنی ئیداره‌یه‌كی خۆماڵی (كاتی) بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری شاره‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌فعه‌ت سمایل به‌گ ئه‌نجومه‌نێك پێكدێنن كه‌ تێدا نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ هه‌ڵده‌پژێرن و به‌رقه‌راركردنی ئارامی و ئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بینرێت . ئه‌مه‌ش وا ده‌كات داگیركه‌رانی ئنگلیز بێ مۆڕاڵ و تاقه‌ت بكات ، بۆیه‌ به‌ په‌له‌ ده‌كه‌ونه‌ گڕ بۆ ئه‌وه‌ی پیلانێك دابرێژن بۆ دووباره‌ داگیركردنه‌وه‌ی شار .
(لونكریك) حاكمی سیاسی به‌ریتانیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵا شێخ حه‌میدی تاڵه‌بانی و لایانگرانی تریاندا كۆده‌بنه‌وه‌ وه‌ و تێدا بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ زه‌بری تفه‌نگ و شه‌ڕی خوێناوی وڵامی چه‌كدارانی راپه‌ڕیوه‌كان بده‌نه‌وه‌ بۆ جێ به‌ جێ كردنی ئه‌و ئامانجه‌ ئنگلیز به‌ سه‌رۆكایه‌تی (میجه‌ر مۆلۆی) سوپایه‌كی گه‌وره‌ پێك ده‌هێنی و به‌ره‌و شاری خورماتوو به‌ڕێ ده‌كه‌وێت سه‌ره‌تا ئه‌و سوپایه‌ له‌ ناوچه‌ی (قه‌ره‌حه‌سه‌ن) له‌گه‌ڵا چه‌كدارانی (شێخ قادر) دووچاری شه‌ڕێكی قورس ده‌بنه‌وه‌ ئنگلیزه‌كان بۆ وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر چه‌كی قورس و فڕوكه‌ی چه‌نگی كه‌ ده‌رئه‌نجام زیانێكی زۆری گیانی و مادی ده‌گه‌یه‌ننه‌ گوندنشینه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دواتر سوپا درێژه‌ به‌ ڕێوره‌وه‌كه‌ی ده‌دات و له‌ نێوان (داقوق – خورماتوو) شێخ حه‌مید به‌ (300) سواره‌وه‌ تیكه‌ڵ به‌ سوپای ئنگلیزه‌كان ده‌بێت بۆ هاوكاریكردنیان له‌ داگیركردنی شاری خورماتوودا ، بۆیه‌ سه‌ره‌تا ئاگادار كردنه‌وه‌ی توند ئاراسته‌ی شۆڕشگیران ده‌كرێت له‌ ناو شاری خورماتوو كه‌ تێدا هاتووه‌ (ئه‌گه‌ر ده‌موده‌ست له‌ شاره‌كه‌ خۆتان نه‌كیشنه‌وه‌ ئه‌وه‌ سوپای بریتانیا دێته‌ سه‌رتان و ……. هتد) . ده‌رئه‌نجام شۆڕشگیران به‌م داوایه‌ قایل نابن و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ هه‌ڵده‌پژێن له‌ دژی ئنگلیز . ئیدی ئه‌و سوپایه‌ به‌ هاوكاری چه‌كدارانی شێخ حه‌مید له‌ چوار قوڵه‌وه‌ په‌لاماری شاره‌كه‌ ده‌دن و تاكو ئێواره‌ێكی ده‌رنگ شه‌ڕ درێژه‌ی ده‌بێت تێدا سوپای داگیركه‌ر چه‌كی قورس و فڕۆكه‌ی جه‌نگی به‌ كار ئه‌هێنن له‌ ئه‌نجامدا زه‌ره‌رێكی زۆر به‌ شاره‌كه‌ و گونده‌كانی وه‌ك (ئه‌لبو سه‌باح و سلێمان به‌گ و خاسه‌دارلی) ده‌كه‌ێت وه‌ له‌ ئاكامی ئه‌و شه‌ڕه‌ قورسه‌دا شه‌ڕی مان و نه‌مان كه‌ یه‌ك رۆژ ده‌خایه‌نیت (40) شه‌هید ده‌به‌خشن و پاشان به‌ ناچاری به‌ره‌و زنجیره‌ ته‌پۆلكه‌كانی خۆرهه‌ڵات شۆڕشگێڕان هه‌ڵدین به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌فعه‌ت سمایل به‌گ به‌مه‌ش شار دووباره‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر  كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌رانی ئنگلیزه‌وه‌ .

كورته‌یه‌ك له‌ ژیننامه‌ی …
ره‌فعه‌ت به‌گ كوڕی سمایل به‌گ داوده‌یه‌
له‌ ساڵی (1889)ز له‌ دایك بووه‌
له‌ ساڵی (1961)ز كۆجی دوایی كردوه‌
سه‌روكی هۆزی داوده‌ بووه‌
سێ ژنی هێناوه‌ و (5) كوڕ و (11) كچی بووه‌ كوڕه‌كانی (سامی و یونس و سه‌ردار و سرور و نوری)

سه‌رچاوه‌ :
• مامۆستا نه‌جاج یونس ره‌فعه‌ت سمایل به‌گ داوده‌ .
• (حه‌سه‌ن بارام) چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژووی خورماتوو . (2007) .

Previous
Next