Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
گەندەڵی فرەئاراستەکان

گەندەڵی فرەئاراستەکان

Closed
by November 21, 2010 گشتی

لەو بڕوایەدام لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا هیچ دەستەواژەیەک نییە هێندەی “گەندەڵی”  ڕۆژانە بەکاربهێنرێت. جگە لەوەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵە جیاوازەکاندا هەمیشە وشەی “گەندەڵی” بازاڕێکی چاکە بۆ خوێنەر و گوێگر و تەماشاکەر، بەڵام لەناو زمانی شەقامەکانیشدا هەمیشە ئەم وشەیە دووبارە دەکرێتەوە و بەگشتی پەنجە بۆ چینەکانی سەرەوەی دەسەڵات و سیاسەتمەداران ڕادەکێشرێت: کێ خاوەن بڕوانامە نییە و خاوەنی دەسەڵاتە، کێ بووە بە خاوەنی چەند سەد دەفتەر دۆلار، کێ کوڕەکەی یان کچەکەی بە نمرەیەکی نزمەوە لە زانکۆ وەرگیراوە، کێ بۆ جێبەجێکردنی کاری ناسیاوێک هەنگاوێکی نایاسایی ناوە بەبێ لێپرسینەوە  . . . هتد
هەر کەسێک، کە تێڕوانینێکی واقیعیییانەی هەبێت بۆ ڕووداوەکانی ناو کوردستان هەرگیز نوکوڵی ناکات لەم دیاردانە و پێویستیش ناکات لم بکرێتە چاوی هیچ کەسێکەوە، کە ئەم شتانە بوونیان نییە. بەڵام چەند دیاردە و ڕووداوێکی ئەم چەند ڕۆژەی پێشوو پرسیارێکی گرنگی لە مێشکمدا دروستکرد: ئایا گەندەڵی لە چ ئاستێک و چینێکی کۆمەڵگاکەماندا زیاتر ڕەگی خۆی داکوتاوە؟
– قوتابییەکی پۆلی سێی بنەڕەتی کە هەتا ئێستا ناتوانێت ناوی خۆی بە تەواوەتی بنوسێت، ئایا کێ بەرپرسە لە ئاستە نزمەکەی ئەو قوتابییە؟ گەندەڵی مامۆستاکەیەتی؟
– شوفیۆرێکی تەکسی، کە دوو هێندەی حەقی خۆی لە کەسێک دەسەنێت، ئایا گەندەڵی نییە؟ لە هەمان کاتدا سەندیکاکەش ئیجازەی تەکسی دەداتە تەکسییەکی دەرەوە، کە هەرچی دابینکردنی ئاسایشی نەفەرەکان بێت لەو ئۆتۆمۆبیلەدا نییە ئایا گەندەڵی نییە؟
– پزیشکێک کە لە ماوەی چوار پێنج کاژێری دەوامی پاشنیوەڕۆی زیاتر لە پەنجا نەخۆش بەڕێدەکات. ئایا ئەمەش ناتوانین بیدەینە پاڵ گەندەڵیی؟
– وەستایەک کە “ناوەستایەتی” خۆی لە کارەکانیدا دەسەلمێنێت و پۆزی دەستڕەنگینی لێ دەدات ئایا گەندەڵ نییە؟
– فرۆشیارێک کە هەلی هاتنی جەژن ئەقۆزێتەوە و نرخەکانی بەرزدەکاتەوە ئایا گەندەڵییەکی بازرگانی نییە؟
هەموو ئەمانە و چەندەها نموونەی تر کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگاکەدا دووبارە و سێبارە و سەدبارە دەبنەوە بریتین لەو گەندەڵییەی کە لە ناو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاکەدا بەرفراوانە. هەر یەکێکیش لەم کەسانە کەسانێکی تر دەکەن بە قوربانی گەندەڵییەکەیان و لە هەمان کاتدا خۆشیان قوربانی گەندەڵیی کەسانێکی ترن، ئەگەرچی گەندەڵییەکان لە هەمان توێژ و ئاستدا بێت لە سنوورە ئاسۆییەکەی کۆمەڵگادا یاخود بە شێوەیەکی ئەستونی بێت و لە چینە بەرزەکانی تری کۆمەڵگا و دەسەڵاتەوە بێت.
ئەوەش کە جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە ئەوەیە ، کە کاتێک باس دێتە سەر گەندەڵی دەسەڵات هەر یەکێک لەمانە دەبێتە خەمخۆری ئەم کۆمەڵگایە و بەهەموو شێوەیەک دژ بە کارە ناڕەواکان دەدوێن، بەڵکو دەگاتە ئەو ئاستەی کە ڕۆحی کوردایەتی خۆیان لە بەرزترین ئاستدا پیشان دەدەن، بەڵام . . .
لە سنووری دەسەڵات و لێپرسینەوەدا هەرچەند بە تەوەرە ئەستوونیەکەدا بەرزبینەوە هێندە دەسەڵات و لێپرسینەوە زیاتر دەبێت لە ئاستە ئاسۆییەکەدا. بۆ نموونە وەزیرێک لێپرسراوە بەرامبەر هەزارەها کەس لە ناو و دەرەوەی وەزارەتەکەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. ئاستە جیاوازەکانی هەر تاکێکیش دەتوانین لە سنووری کار و مامەڵاکنیدا بەدی بکەین، جا گرنگ نییە مەودای سنووری دەسەڵاتەکەی چەندە و چۆنە. تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەش گەر لە ئاستی کار و فەرمانکەی خۆیدا، ئەگەرچی کارێکی سادەش بێت. ئەو نموونانەی سەرەوە کە ئاماژەم پێداون بریتین لە چەند گەندەڵییەکی کەسانێک، کە هاوڵاتی سادەی کۆمەڵگاکەن و لەوانەیە خاوەنی هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و بەڕێوەبردن نەبن. جا ئەو هاوڵاتییە، کە نەتوانێت ئاوڕێک لە خودی خۆی بداتەوە و گەندەڵی بکات بە ڕێبازێک بۆ ژیانی خۆی، بە چ مافێک هەڵدەستێت بە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات و دەسەڵاتداران؟ ئەگەر هەمان کەس دەسەڵاتێکی زۆرتری بکەوێتە ژێر دەست ئایا گەندەڵتر نابێت لەو کەسانەی، کە ئێستا خۆی ڕەخنەیان لێ دەگرێت؟
کێشەی ئەم کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانە ئەوە، کە زۆربەمان تەنها بەرامبەرەکەمان دەبینین و شیکردنەوە و توێژینەوە و ڕەخنەی لەسەر دەگرین، بەبێ ئەوەی بوارێک بۆ خۆمان بڕەخسێنین چاوێک بە خۆماندا بخشێنینەوە و ڕەخنەیەک لە خۆمان بگرین، چونکە هەمیشە دەترسین لە دۆڕان و ڕەخنە:  دۆڕانی هەڵوێستێک، مامەڵەیەک یاخود ڕەفتارێک، هەرچی ڕەخنەش هەیە بە بەشێک لە دۆڕان لەقەڵەم دەدەین، چونکە هەر لە منداڵییەوە گەورەکانمان، بە هەموو شێوازە پەیوەندییەکانمانەوە پێیان، بوارەی ڕەخنەیان بۆ واڵا نەکردوینەتەوە و ڕەخنەیان بە فۆبیایەک داناوە لە ناو کۆمەڵگادا، ئێمەش بەرهەم و ئاوێنەی ئەو پەروەردە پڕ هەڵەیەین.
هەروەک چۆن دیموکراسی لە کۆمەڵگایەکدا ناتوانرێت تەنها لە دەسەڵاتەوە بخرێتە سەر زەمینەی واقیع تاکو ئەو کۆمەڵگایە نەتوانێت رۆحی دیموکراسی قبوڵ بکات و ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان بگرێتە خۆی، بە هەمان شێوەش گەندەڵی ئاوێنەی ئاستی گەشەی کۆمەڵگایەکە.  ئەگەر دەسەڵاتداران ڕێبەری ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە بن، ئەوا لە لایەکەوە زۆربەی کۆمەڵگاش بەشداری ئەو گەندەڵییە دەکات و لەلایەکی تریش بەشێک یان زۆربەی تاکە سادەکانی کۆمەڵگاش لە سنووری خۆیدا گەندەڵییەک ڕۆژانە بەجێدەهێنێت. واتە گەندەڵی لە هەردوو تەوەرە ئاسۆیی و ئەستوونییەکەیدا هەن. هەرچەندەش لە تەوەرە ستوونییەکەی کۆمەڵگادا بەرزبینەوە، بواری دەسەڵات زۆرتر بێت، لە هەمان کاتیشدا هێندە بوار و جۆرەکانی گەندەڵیش فروانتر دەبێت، بەڵام تاکەکان لە بەشی خوارەوەی دەسەڵاتە ستوونییەکەشدا لە سنووری دەسەڵات و تواناکانی خۆیاندا بەشدارن لەو گەندەڵییەدا، گەر بەشێکی زۆری کۆمەڵگاش نەبێت ئەوا هێندە زۆرن، کە ڕێگر بن لە گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بەرپاکردنی زۆر کێشەی ڕۆژانە لە ناو شەقامی کۆمەلگادا.
ئەوەی کە یارمەتی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییەش دەدات بریتییە لە نەبوونی سیستمێکی جێگیر و پتەوی یاسایی و بەڕێوەبدرن لە ناو هەرێمدا، کە یارمەتی دەدات سنوورەکانی بواری کار و بەڕێوەبردن سەربەستییەک و بێپلانییەک بە خۆیەوە ببینێت. بێکۆنترۆڵیی و نەبوونی لێپرسینەوە سیمای نەبوونی ئەو چوارچێوە یاسایی و سیستێمییەیە کە لەناو کۆمەڵگادا هەن. لە لایەکی تریش ئاستی  ڕۆشنبیریی و هەستی نەتەوایەتی کاریگەرێکی ترە بۆ بەرفراوانیی و بەردەوامبوونی ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە.
کوردستان تاکە ناوچە نییە لە جیهاندا، کە بە دەست گەندەڵییەوە بناڵێنێت، بەڵکو ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ئەوروپا و ئەمریکای باشوور و چەندەها ولاتانی تری جیهانی سێهەم هەمان کێشەیان هەیە، ئەمەش هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئێمەش چاوی خۆمان لە دیاردەکان بنوقێنین و لەبیر خۆمانی بەرنەوە، بەڵکو هەروەک لە هەندێک وڵاتی وەک ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئاسیای باشوور هەوڵێکی زۆر دەدرێت بە هۆی یاسادانان و سەربەستی دادگاکان و بنەمایەکی پتەوی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبردن، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، کە هەنگاوەکان بۆ ڕێکخستن و پتەوکردنی کۆمەڵگا و سیستێمی سیاسی و ئیداری خێراتر دەکات. 
کۆمەڵگای کوردی بە هەموو توێژ و چینەکانییەوە بە قۆناغێکی گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت وە لەم قۆناغەی ئێستادا گەندەڵی بووە بە یەکێک لە دیاردە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی. لە لایەکەوە سیستێمی بەڕێوەبردن کەشێکی وای خولقاندووە و یارمەتیدەرێکە بۆ ئەم دیاردەیە، بەڵکو بەشداریکەریشە تیایدا. لە لایەکی تریشەوە ئەم دەسەڵاتەش ئاوێنەی ئاست و گەشەی ئەم کۆمەڵگایەیە و هەر توێژە سادەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە کە ڕۆژانە لە ناو چوارچێوەی گەندەڵیدا خۆی دەژێنێت: گەندەڵی لە هەردوو تەوەری ئاسۆیی و ستوونیی کۆمەڵگادا بەرفراوانە. گەر بۆ چارەش هەوڵی زۆر جدی و زانستییانەی بۆ نەدرێت، ئەوا وەک هەرێمێکی تازەپێگەشتوو کاردانەوە نێگەتیڤەکانی لەپاش چەند ساڵێک زەقتر دەردەکەوێت.

 

کامەران چروستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.