Skip to Content

Friday, May 27th, 2022

له‌گه‌ڵ سلێمانی دا نا بۆدیکتاتۆریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیا!

Closed
by February 19, 2011 گشتی

 
خۆپیشاندانی سلێمانی و کوشتنی ڕێژوان و خه‌لتانی خوێن کردنی خۆپیشانده‌ران ودواتر عه‌سکه‌رتاری کردنی ته‌واوی شاری سلێمانی و هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌رۆکی پارتی ولێپرسراوی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی( فازیل میرانی )به‌ بڕینی ده‌ست وقاچی نارازیان، ئه‌و ئیددیعایه‌ی سه‌رانی پارتی به‌ کرده‌وه‌ پوچه‌ڵ کرده‌وه‌ که ده‌ڵێن‌ ئه‌وان به‌ زۆر وله‌ ڕێگه‌ی کوده‌تاو تانک و تۆپ و زرێپۆشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیان نه‌گرتۆته‌ ده‌ست وسه‌لماندی که‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ 17ی شوباتی  2011 سلێمانی خه‌ڵتانی خوێن ده‌کا هه‌ر ئه‌و هێزوده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ 31ئابی 1997 شاری هه‌ولێربه‌یارمه‌تی سوپاوتانکی به‌عس زه‌لیل وکۆنترۆل ده‌کا.
سلێمانی ڕۆژی 17.2 جارێکی تر ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لماند که‌ ئه‌و غوبنه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی میلیشیای چه‌کداری بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی   ماوه‌ی 20 ساڵه‌ به سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا  سه‌پێنراوه‌ ناتوانرێ تا سه‌ر قبوڵ بکرێت و هه‌لومه‌رجی که‌وتنه‌ به‌ر نه‌فره‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆر وسه‌ره‌رۆوهاره‌ بورژازیه‌کانی ناوچه‌که‌ که‌ به‌شۆڕشه‌کانی تونس و میسڕ ده‌ستی پێکردوه‌ ئه‌و ئومێده‌ی له‌ دڵی خه‌ڵکی کوردستانیش دا بوژانده‌وه‌ که‌ ئازادی و ژیان و که‌رامه‌تی ئینسانی ، به‌ها ونرخی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ له‌ پێناویاندا ئیراده‌ی خۆیان بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌. به‌ مانایه‌کی تر سلێمانی هه‌مان ئه‌و هاواره‌ی دوباره‌ کرده‌وه‌ که‌ نزیکه‌ی 20 ساڵ له‌ مه‌وپێش ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی به‌ هیوای ئازادی وخۆشگوزه‌رانی له‌ گۆرنا، سلێمانی  سه‌رمه‌ستی هه‌مان ئه‌و شنه‌ نه‌شئه‌ به‌خشه‌یه‌ که‌ مرۆڤایه‌تی ناوی ناوه‌ ئازادی ویه‌کسانی وخۆشگوزه‌رانی، سلێمانی شه‌یدای هه‌مان ئه‌و خه‌ونه‌یه‌ که‌ شاپوروقابیل ونه‌زیرو به‌کرعلی وسه‌رده‌شت عوسمان وڕێژوانه‌کان به‌ ئازادی وخۆشبه‌ختیه‌وه‌ له‌ کوردستانێکی ئازادو مه‌ده‌نی و کراوه‌ی سه‌رده‌میدا ده‌یانبینی.
بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان له‌گه‌ڵ سلێمانی بۆ ئازادی، بۆ خۆشگوزه‌رانی، بۆ ژیان وکه‌رامه‌تی ئینسانی و له‌به‌رامبه‌ر تانک وزرێپۆش وعه‌سکه‌رتاریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی پارتی و کوشتن وله‌ خوێن هه‌ڵکێشانیی هاوڵاتیان وگه‌نجانی ناڕازی وهه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست وقاچ بڕینه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌، مه‌یدان وشه‌قامی شاره‌کان کۆنترۆل بکه‌ین.کاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ کارگه‌ وکارخانه‌ و قوتابخانه‌ وگه‌ره‌ک وفه‌رمانگه‌کان ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خۆمان بهێنینه‌ مه‌یدان و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی سلێمانی داوای کشانه‌وه‌ی ده‌ست به‌جێی هێزه‌ میلیشیاکانی پارتی له‌ ده‌وروبه‌ری سلێمانی وکردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی باره‌گای چه‌کداری له‌ شاره‌کان وله‌شوێنی کاروژیانی خه‌لک وڕاده‌ست کردنی ده‌ست به‌جێی تاوانبارانی کوشتنی ڕێژوان و خه‌ڵتانی خوێن کردنی سلێمانی، بکه‌ینه‌ سه‌رتۆپی  جوڵانه‌وه‌ی عادیلانه‌ی خۆمان بۆ ژیان وخۆشگوزارانی ئازادی!
 ‌

19.2.2011
ibrahimhwssain@hotmail.com

Previous
Next