Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
خەون و عەولەسیسەکانی کوردستان

خەون و عەولەسیسەکانی کوردستان

Closed

وا هەشت دەیە لەنێوان دوو سەدەدا تێدەپەڕێ بەسەر کوشتنی عەولە سیس. عەولەسیس بەکۆمەڵێ خەونەوە لەڕاپەڕینە خوێناوییەکەی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی کوژرا. خەونەکانی عەولەسیس ئازادکردنی کوردستان بوو لەداگیرکاری ئیمپریالیزمی ئینگلیز کەئەو کات حکومڕانی ئەو وڵاتە دەستکردەیان ئەکرد کە ناوی عێراقیان لێنابوو. عەولەسیس بەگوللەی ئیمپرالیزم گوژرا.بەڵام خەونەکانی سەوز بوون و داری خەباتیان ئاودا و باخچەیەکیان لەئومێد پێکهێنا. کەئەمڕۆ لەهەر جێگایەکی ئەم کوردستانە ئەگەر گوڵێک مابێ بۆ بۆنکردن، شەقامێک مابێ بۆ پیاسەکردن، سێبەرێک مابێ بۆ حەوانەوە و هەتاوێک مابێ بۆ خۆشەویستیکردن ئەوا بەری ڕەنج و ڕژانی دڵۆپە خوێنی عەولەسیسەکانی کوردستانە.
ئەگەر دوێنێ عەولەسیس بەگوللەی ئیپریالیزم کوژرا، ئەوا ئەمڕۆ ڕێژوان بەگوللەی دەسەڵاتی کوردیی دەکوژرێ. ئەگەر عەولەسیس دەیەها خەونی ڕزگارکردنی کوردستان و سەربەخۆیی لەگەڵ جەستەیدا خەڵتانی خوێنکرا، ئەوا ئەمڕۆ ڕێژوان لەگەڵ دەیان خەونی ژیانی ئارامی و ئازادی و کۆمەڵگای پێشکەوتووەوە خەڵتانی خوێن دەکرێت. ئەگەر خەونەکانی عەولەسیس بووبێتن بەهەوێنی تێکۆشانی مرۆڤی کورد لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەوا خەونەکانی ڕێژوان دەبن بە سەکۆی دەنگهەڵبڕینێکی نوێ بەڵام بۆ ژیانێکی نوێ. ژیانێک لەدەرەوەی دزی و گەندەڵی و بەرژەوەندی بنەماڵە و نۆکەریکردنی وڵاتان و بێڕێزیکردن بە خەڵک . ژیانێکی نوێ پڕ بێت لە شکۆ و ڕێز، لێوڕێژ بێت لەئارامی و خەونی ڕەنگاوڕەنگی مرۆڤی کورد.
میللەی خۆی کرد بەخاوەنی خوێنی عەولەسیس و مێژووش لەدووتویی خۆیدا بەوپەڕی نەزاهەتەوە ڕوحی بۆ هەڵگرتووین. ئەمڕۆش دیسانەوە میللەت خۆی دەکاتەوە بە خاوەنی خوێنی ڕێژوان و ڕێژوانەکانی تر. ئەو خوێنانەی خەریکن ئەبن بە مۆتەکەی ترس و مەرگی دەسەڵاتی کوردی نزیکتر دەکەنەوە. مێژووش تا دونیا ماوە بەناهەق ڕژانی ئەو خوێنەمان بۆ هەڵدەگرێت و ڕیسوایی و شەرمەزاریش بۆ ئەو بتانەی کە دەستیان چووە خوێنی خەڵکی بێتاوان.
هەر وەک چۆن ڕوحی عەولەسیس بەشادی لەنێوانماندا هاتوچۆ دەکات، ئاواش ڕوحی ڕێژوان و ڕێژوانەکانی تر ئازادانە و سەربەرزانە جێمان ناهێڵن و دەیانەوێ لەگەڵ باهۆزی کەوتنی بتی دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیکەنە شایی و لۆغان.

                    19-02-2011
                      کەنەدا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.