Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
پەیامی دووەمی دەنگەکان بۆ دەستەڵاتی هەر دوو حزبەکە

پەیامی دووەمی دەنگەکان بۆ دەستەڵاتی هەر دوو حزبەکە

Closed
by March 9, 2011 تایبەت

 

 
ناڕەزاییی جەماوەری کوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی و شارەکانی دەوروبەری بەردەوامە، بێ ئەوەی دەستەڵات نەک هەر بە تەنگ وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواکانی خۆپێشاندەرانەوە بێت، بەڵکو هەموو ڕێگایەک بۆ سەرکوتکردنی کچان و کوڕانی یاخی دەگرێتە بەر. کار گەیشتە ئەوەی چەکدارانی حزب زۆر بێشەرمانە هەڵبکوتنە سەر خێمەکان و بیانسووتێنن. هەر لەوێ زۆرێک لەو هەڵسووڕاوانەیان بە دزی و بە ئاشکرا زیندانی کرد. ئەو دەستەڵاتە، کە لە ماوەی حوکمی خۆیدا سەدان تەلاری بەرز بەرزی چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەنفالچی و تاوانبارانی تر دابین کردووە، ئێستا زەندەقی لەو چەند خێمەیە چووە، کە بوونەتە سیمبۆلی ناڕەزایی لە ئاستی ناعەدالەتی و گەندەڵیدا. ئەو دەستەڵاتە، کە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا بانگەشەی بۆ پرینسێپەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی کردووە، ئەوا بەم کردەوانەی زیاتر ئەوەی لە گوماندا نەهێشتەوە، کە بۆ مانەوەی خۆی سڵ لە هیچ کارێکی دڕندانە ناکاتەوە. ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانی ژێردەستەی ئەو دەستەڵاتەدا دەگوزەرێت، تەنیا نیشانەی ترسی ئەوە لە ڕقی جەماوەری ڕاپەڕیو، کە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا کەمترین مافی پێیان ڕەوا نەبینیوە. هەموو ئەوانەی ئێستا ئەو دەستەڵاتە دەیانکات و وا دەزانێت دەتوانێت خۆی لە داخوازییەکانی جەماوەر بدزێتەوە، هەر لەم ماوەیەی پێشوو دەستەڵاتداران لە هەندێک وڵاتی عەرەبی کردیان و تێیدا سەرکەوتوو نەبوون. ئەو دەستەڵاتە لە قەڵەمڕەوی خۆیدا درێغیی لە کوشتن و بڕین نەکردووە، دەستی لەوە نەپاراستووە هەڕەشە لە هەر کەسێک بکات، کە بزانێت نیازی خۆپێشاندان و ناڕەزاییی هەیە، با ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییانە بە شێوەی هێمنانەیش بن. هەر زوو خوێنی چەند منداڵێکی لە سلێمانیو ده‌وروبه‌ری ڕشت، کە تاکو ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەک لەگەڵ بکوژاندا نەکراوە. داخستنی زانکۆ و ناردنەوەی بە زۆری خوێندکاران بۆ شارەکانی خۆیان، کارێکی دژ بە مافی مرۆڤە و دوور و نزیک لەگەڵ ئەو بانگەشانە نایەنەوە، کە چ سەرۆکەکان و چ بەرپرسان لە مێدیای حزبەکانیاندا بۆ ئازادی و دیمۆکراسی دەیانکەن. ئەو دەستەڵاتە ئێستا لە هەر کاتێکی تر زیاتر خەریکی ئەوەیە دووبەرەکی لەنێوان شار و هەرێمەکاندا دروست بکات، کە چاک دەزانێت ئەم پلانە دوور لە شارستانییەی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش سەر بگرێت، ئەوا دواتر لەبەردەم وریابوونەی جەماوەردا دەپووکێتەوە. ئیتر ئەوان لەوە تێدەگەن داخوازییەکانیان هیی هەموو ئەوانەن، کە بە درێژاییی دەستەڵاتی ئەو حزبانە لە مافەکانیان بێبەش کراون، جا گرنگ نییە دانیشتووی چ شار و لادێیەکن.
ئێمە وەک سایتی دەنگەکان، کە کەناڵێکی ڕاگەیاندنی کوردیین، ده‌نگمان له‌گه‌ڵ ده‌نگی خه‌ڵکدایه‌ بۆ ژیانێکی باشتر،بەو دەستەڵاتەش دەڵێین زۆر خێرا دەست لەم شێوازی تۆقاندنە هەڵگرێت و وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی جەماوەر بداتەوە. ئێمه‌ به‌هەموو شێوەیەک بەرگری لەم خۆپێشاندان و ناڕەزاییە جەماوەرییە دەکەین و خۆمان بە بەشێک لەوان و هه‌موو ئه‌و گۆرانکارییه‌ دیموکراتییانه‌ی ناوچه‌که‌ ده‌زانین.
 
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌نگه‌کان

9/3/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.