Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
گفتوگۆی گۆڤاری ٢٣ی ئەدەبی هزری ڕەخنەیی لەگەڵ عەبدوڵڵا سلێمان

گفتوگۆی گۆڤاری ٢٣ی ئەدەبی هزری ڕەخنەیی لەگەڵ عەبدوڵڵا سلێمان

Closed

 


                                        عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ

             لە تەوەری تایبەت بە پڕۆسەی وەرگێڕان بۆ گۆڤاری 23ی ئەدەبی هزری ڕەخنەیی

 

 

 

گۆران ڕەسوڵ : بەو پێیەی كە هەموو دەستەواژەیەك پێناس و ناسینی خۆی هەیە، چۆن پێناسەی وەرگێڕان بكەین ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : چەمکی وەرگێڕان وەک هەر چەمکێکی تر کەوتۆتە بەردەم گەلێ پێناسەی جیاجیاوە. هەر لەبەرەبەیانی مێژووەوە مرۆڤ پێویستی بە وەرگێڕان هەبووە و دەستی بۆ بردووە و هەوڵیداوە بیناسێت و پێناسەی بکات. سەرەتا ئەو ئارگیومێنتەی لەسەر ئەوەی ئایا وەرگێڕان زانستە یان هونەرە گەلێ بیرمەند و ناوەندی ڕۆشنبیری هێناوەتە قسە. هەندێک وەرگێران بەهونەر دەزانن . هەندێکیتر بەزانست و هەشە بەهونەر و زانستی ناو دەبات. وەرگێران ئاڵوگۆڕی فەرهەنگییە لە میانی گواستنەوەی دەقێک لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر. ئەم هونەرە ئەرکی گواستنەوەی مانای دەق لەزمانی لێوەرگێڕدراو بۆ مانای دەق لەزمانی بۆوەرگێڕدراوی لەسەرشانە. ئەوە ئاشکرایە زمانی لێوەرگێڕدراو سەرچاوەی خوڵقاندنی دەقە تازەکەیە. کەواتە دروستکردنی هاوبەهایی مانا لەنێوان دەق لەزمانی لێوەرگێڕدراو و دەق لە زمانی بۆوەرگێڕدراو دەتوانین ناوبنێین وەرگێڕان. ئەوەی پێشتر دەگووترا وەرگێران بریتییە لە گۆڕینی بابەت یان دەق لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، یان ئەوەی دەگووترێت وەرگێران بریتییە لە گواستنەوەی مانا و تێگەیشتنی دەق لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر دەتوانن بەشێک بن لەو پێناسە هەمەلایەن و گشتیگیرییەی بۆ هونەری وەرگێران دەکرێت. ئاشکرایە پرۆسەی وەرگێران وەک بنیادنانی پردێک وایە لەنێوان دوو زمانی جیاوازدا و لەسەر ئەو پردەوە لەشکرێک لە مانا و دەلالەت و ئاماژە خەریکی پەڕینەوەن. دەتوانین گواستنەوەی مەعریفە و دانانەوەی کۆدەکانی دەق لەنێو کایەی زمان لەپرۆسەی وەرگێڕانێکی سەرکەوتوودا ببینین . بێجگە لەمانەش خودی وەرگێران هەم پرۆسەیە و هەم پراکتیکە و هەم شارەزاییە. دەکرێت وەرگێران لەبونیادی خۆیدا وتووێژی مانا بێت. بۆیە ئەگەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو وتانەی سەرەوە پێناسەی وەرگێران بکەم ئەبێت بڵێم وەرگێران پرۆسەیەکە تیایدا کۆمەڵێ کۆد و مانای مەعریفیی دەقێکی دیاریکراوی زمان و کلتوورێکی دیاریکراو دەگۆڕێ یان دەیگوازێتەوە بۆ هەمان مانای مەعریفیی و دانانەوەی هەمان کۆد لە دەقێکی تر و زمان و کلتوورێکی تر.

 

گۆران ڕەسوڵ : ئەو پرەنسیپ و تایبەتمەندیانە چین كە وەرگێڕ لە وەرگێڕانی تێكستێكدا دەبێ كاریان لەسەر بكا ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : وەرگێر کاتێک ئیش لەسەر تێکستێک دەکات بەمانای لەهەوڵی داڕشتنەوەی دەقێکی نوێیە کەهەڵگری هەمان مانا و هێما و ئاماژەی دەقە ئەسڵییەکەیە. واتە وەرگێر ئەبێت هەوڵبدات وێنەیەکی دروست و نزیک لە دەقە ئەسڵییەکە بدات بەدەستەوە و زیندوویەتی دەقەکە نەفەوتێنێت و وردبینییەکی زۆر لەزمان و ڕەوانی و پاراوی بنوینێت. وەرگێر یان وەرگێڕکار دەبێت بەبەرپرسیارەتییەوە مامڵە لەگەڵ دەق و زماندا بکات تا لە جوانی و پاراوی و سەرکەوتن نزیک ببێتەوە. ئەرکی وەرگێرە هەوڵبدات ئەو پانتاییە لە میتافۆر و پەند و ئیدیۆم و وشە بازاڕییانە لەدەقدا بناسێتەوە و هاومانایی لەزمانی بۆوەرگێردراوی بۆ ئامادە بکات. چونکە یەكێک لەو زەحمەتییانەی دێتە ڕێی وەرگێر بریتییە لە گرفتی زاراوەناسی.

وەرگێر دەبێت بەجوانی لەدەقی زمانی لێوەوەرگێردراو تێبگات و مانای پەیامی دەقەکەی لا ڕوون بێت.

وەرگێڕ دەبێت شارەزایی ئەو بابەتەش بێت کە وەریدەگێڕێ.

وەرگێر دەبێت نووسەرەکە بناسێت و ئاگاداری نووسەرەکە و شێوازی نووسینی بێت.

وەرگێر دەبێت ستراکتۆری دەقەکە بناسێت و هەوڵ بدات لەمیانی پرۆسەی وەرگێراندا ئەو ستراکتۆرە لەزمانی بۆوەرگێردراو بینا بکاتەوە و نەهێڵێت ساختمانی دەق دووچاری شێواندن و بەسەریەکدا ڕووخان ببێتەوە.

وەرگێر دەبێت شێواز و تەکنیکی گونجاو لەزمانی بۆ وەرگێردراو بدۆزێتەوە کە ڕێک بەباڵای تەکنیک و شێوازی دەق بێت لەزمانی لێوەوەرگێردراو.

وەرگێڕ دەبێت خاوەن زەمینەیەکی مەعریفی باش بێت جگە لە عەشق و پەرۆشی و مومارەسە کردن کە ڕۆڵێکی بەرچاو  وکاریگەریان هەیە لە بەخشینی ناسنامە بە وەرگێری سەرکەوتوو.

وەرگێر دەبێت لە ئامڕازەکانی زمان و کردنەوە و ناسینی کۆدەکان و دووبارە بنیاتنانەوەیان شارەزا بێت و دەست ڕەنگین بێت.

وەرگێر دەبێت مۆرک و ناسنامەی زمانی بۆ وەرگێردراو لەدەقی تازەدا بەرجەستە بکاتەوە لەپێناو گەیشتن و هەڵگژان بەپەیژەی سەرکەوتن.

بەم پێیە گەر وەرگێر بەم ئامڕازانەوە دەست بەکار بێت، ئەوا بێ دوودڵی وەرگێڕانێکی پەسند و جوانمان پێشکەش دەکات.

 

گۆران ڕەسوڵ : دەتوانین بنەماكانی وەرگێڕان بە شێوەیەكی گشتی بەكاربهێندرێت ؟ بە جۆرێکی تر دەكرێ پرەنسیپەكانی وەرگێڕانی تێكستێكی هزری بۆ وەرگێڕانی دەقێكی شیعری بەكاربهێنین ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : من وای دەبینم وەرگێر ئەو هەنگاوانە دەگرێتە بەر کە بۆ وەرگێرانی دەقێک پێویستن. دیارە شێواز و جۆری هەنگاوەکان ڕەنگە لای وەرگێڕکاران هەموو وەکو یەک نەبن، بەڵام بۆ وەرگێڕی جیددی هەمیشە دەست بەو بنەمایانەوە دەگرێت کەلە پرۆسەی وەرگێراندا پشتیان پێدەبەستێت. بەرجەستەکردنەوەی ئەو میتۆدەی کە دەبێت بنەماکانی وەرگێران لەپرۆسەی وەرگێراندا بەکار بهێنرێن یان بەدەستەوە بگیرێن جا دەقەکە هەر چییەک بێت، ئەبێتە خاڵی ناسینەوەی جەوهەری وەرگێڕان و ئایدێندتی بۆ دەقی نوێ و وەرگێر. بەڵام ئەوەی لێرەدا جیاکارییەک دەخوڵقێنێت خەیاڵە. لەدەقی ئەدەبی و بەتایبەتی دەقی شیعری خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناساندنی پەیام و مانا و ئاماژەکان. بۆیە لەسەر وەرگێر پێویستە شارەزایی باشی لەو بوارەدا هەبێت. من لێرە نامەوێت مەرجی شاعیر بوون بۆ وەرگێرانی دەقێکی شیعریی بکەمە پێشمەرج، بەڵام دەبێت ئەو مەعریفە و شارەزاییە لە سەر خەیاڵ و هارمۆنیای ناوەوەی شیعر و زمان لەئاستێکدا بێت بتوانێت خۆی لەقەرەی شیعر بدات. لە دەقێکی هزریدا وەرگێر تەنها و تەنها مانا و ئاماژەکانی بۆ گرنگە. بەڵام لەدەقی خەیاڵئامێزدا ئیتر ئەرکەکە قورستر دەبێتەوە و بەرپرسیاریەتەکەش فراوانتر. نەبوونی ئەو شارەزاییە پێوستە لە خەیاڵ و هارمۆنیای مۆسیقا و زمان لەپرۆسەی وەرگێراندا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە دەقە ئەدەبییەکە وەک ڕۆبەرت فرۆستی شاعیر دەڵێت” لەنێو بچێت”.

 

گۆران ڕەسوڵ : ئایا ئامانجی وەرگێڕان گەیاندنی مانای دەقە یاخود گواستنەوەی كولتوور، یان هەردووكیان بەیەكەوە. بە واتایەكی تر ئەركی وەرگێڕان وەك كردەیەك چییە ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : من پێشتر لەوەڵامی پرسیارێکدا ڕوونم کردەوە کە وەرگێران بریتییە لەگواستنەوەی مانا لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر. لەم دیدگایەوە پرۆسەی وەرگێڕان زیاتر لەهەوڵی یەکلاییکردنەوەی مانا دایە. ئەم ئاستە لەوەرگێران ئەگەر چی تا ڕادەیەک جێی پەسندە بەڵام کۆمەڵێ پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت لەچەشنی دەق ئاوێنەی  ڕەنگدانەوەی ژیان و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە، ئایا ئەو دەقە چ ئاستێکمان لەژیان نیشان دەدات؟ بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان،چ جێگایەکیان هەیە لەو دەقەدا؟ گەشە و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان ، مۆراڵ و زمان وەک ڕەگەزێکی کاریگەری جیهانی کلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵگە چ ڕۆڵێکیان هەبووە وهەیە لە نەخشاندنی دەق و جوانی و ئیستاتیکای دەق؟ بۆیە وەرگێر کە لەدەقێک ورد دەبێتەوە و دەیەوێت وەریبگێڕێت، ئەوا لە کلتورێک و ئینسکلۆپیدیاییەک وەرد بۆتەوە. بۆیە بەبڕوای من وەرگێران جگە لە گەیاندنی مانای دەق لەهەمان کاتدا گەیاندن و لێکگرێدانی دوو کلتوور و دوو ئینسکلۆپیدیان جیاوازیشە. بۆیە من وای دەبینم کە ئەرکی وەرگێڕان وەک کردەیەک بریتی بێت لە بەیەک گەیاندنی دوو شارستانی جیاواز لەپێناو گەیشتن بەو دەستکەوتە هزرییە مرۆییەی کە بە یەکێک لەئامانجە مرۆییەکان ئەژمارد دەکرێت.

 

گۆران ڕەسوڵ : ئەو خاڵە لاوازانە چین كە لە وەرگێڕانی تێكستێكدا دەبینرێن ، كاتێك ئەو تێكستە لە زمانی یەكەمەوە وەرناگێڕدرێت و بەڵكو بە فلتەری زیاتر لە زمانێكدا رۆیشتووە ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : لەپرۆسەی وەرگێڕاندا کاتێک وەرگێر بەهرەمەند نەبێت لە پێداویستییەکانی وەرگێران لەڕووی شارەزایی و زمان و مەعریفە و لەبەردەستدا بوونی ئامرازەکانی وەرگێڕان، ئەوە لەئاکامدا خوێنەر ڕووبەڕووی دەقێکی تازە بەڵام لاواز و ناکاریگەر دەکاتەوە. خوێنەری زیرەک و تیژبین هەر زوو وەرگێڕانی باش لەخراپ جیا دەکاتەوە. یەکێک لەو خاڵە لاوازانە مەسەلەی داڕشتن و ڕستەسازییە لەزمانی بۆ وەرگێڕدراو. وەختێ وەرگێر نەتوانێت ماناکانی دەق بەڕوونی و بەزمانێکی سفت و جوان دابڕێژێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە خوێنەر ڕووبەڕووی داڕشتنێکی خراپ و ئاست نزم دەکات. یاخود ستراکتۆری دەق و ساختمانی دەق لەبەر یەک بترازێن و خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی بکات و دەروازەیەک نەبێت لێی بچێتە دەرەوە. خاڵیکی تر لەدەقی ئەدەبیدا لەدەستدانی ئیستاتیکایە کەڕەنگە ئەم ڕەگەزە بەمانای ژیان و مردن بێت بۆ دەق. کاتێک تێکستێک لەپرۆسەی وەگێڕاندا بەنێو هەموو ئەگەرەکانی زمانی یەکەمدا تێپەڕیوە و ناشزانرێت بەبەراورد بە ئاستی دەقی یەکەم لەچ ئاستێکدایە، بۆیە کە ڕووبەڕووی وەرگێرانێکی تر دەبێتەوە دەبێت ئەگەری ئەوە دابنێین کە بەشێک لە ڕەونەق و جوانی و ڕەنگە ئاماژە و ماناش لەنێو بچن. سەرباری ئەمەش هەندێ وەرگێر هەن کە زۆر بەسەلیقە و لێزان و کارجوانن کە لەکاری وەرگێڕاندا زۆرترین هەوڵ دەدەن تا مەبەستەکان بەجوانی بگەیەنن و دەستبردن بۆ کاری ئەو وەرگێرانە زیاتر دڵنیایی لای خوێنەر دروست دەکات. تێپەڕبوونی دەقێک بە فلتەری زیاتر لە زمانێک کارێکی نیگەتیڤ نییە و من بە دروستی دەزانم تا ئەو جێیەی کە وەرگێر گوناهی چییە کە شارەزایی لەو زمانەدا هەیە کە وەرگێرانی لێوە ئەنجام دەدات و و لەزمانی یەکەمدا نییەتی. مادام وەرگێر هەوڵی خۆی دەخاتە گەر بۆ ئەوەی کاری شیاومان نیشان بدات، جا هەرچییەک بێت جێگای دەستخۆشییە و ئەتوانم بڵێم من لێرەوە ئەم جۆرە وەرگێرانانە ئەگەر خراپیش بن من نەفییان ناکەمەوە و وەک هەندێ کەس هەوڵ دەدەن ئەو هەوڵانە بێبایەخ نیشانبدەن. لێرەشەوە پێمباشە کورتە ئاماژەیەک بە چەمکی “خیانەت” بکەم لەوەرگێراندا. چ ئەوانەی کە وەرگێران بە خیانەت دەزانن یان ئەوانەی پێیان وایە وەرگێرانی خراپ خیانەتە لەدەق یان لە دەقنووس جگە لە دروستکردنی لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی وەرگێران هیچیتر نییە. من بڕوام بەو چەمکە نییە و وەرگێران هەرچەند خراپیش بێت ناکاتە خیانەت و ناگاتە ئەو ئاستەی پێی بووتریت خیانەتە لە داهێنان و جوانی، بەڵام شێواندنی ڕێزی خوێنەرە و لەسەر وەرگێڕ پێویستە ئەو ڕێزە لەئاستێکی بەرزدا بهێڵێتەوە.

 

گۆران ڕەسوڵ : قسەیەك هەیە كە دەڵێن دەبێ وەرگێڕ جگە لەو زمانەی دەیزانێ و وەریدەگێڕێ ، شارەزاییەكی تەواوی لە زمانی خۆی (زمانی دایك) هەبێ و ئەوسا دەتوانێ وەرگێڕانێكی تۆكمە ئەنجام بدات. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئێمە هێشتا زمانێكی یەكگرتوو و ستاندارمان نییە و نووسەران و وەرگێركاران بە پێی ناوچەگەرییەتییەوە دەنووسن، لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : بەڵێ ئەوە زۆر ڕاستە کە وەرگێر دەبێت شارەزاییەکی تەواوی لەزمانی بۆ وەرگێردراو هەبێت تا بتوانێت وەرگێرانێکی جوان ئەنجام بدات. وە ئەوەش ڕاستە کە کورد بەداخەوە زمانی ستانداردی نییە و ئەوەی هەیە دایەلێکتی جیاجیا هەیە لە سۆرانی و بادینی و زازایی و هەورامی و کەلهوڕی. وەرگێریش کە دەستوپەنجە لەگەڵ دەقدا نەرم دەکات دێت بەو دایەلێکتە دایدەرێژیتەوە کە زاڵە بەسەریدا. سۆرانییەک بەشێوەزاری سۆرانی و بادینی بەشێوەزاری بادینی ..تاد دەنووسن و دەخوێننەوە و وەردەگێرن. ئەمە ناچارییەکی مێژووییە و خاڵیکی لاوازی کوردە کەلەم سەرەتای هەزارەی سێیەمە زمانێکی ستانداردی نییە و وەرگێرەکانی پەنا دەبەن بۆ شێوەزارە جیاجیاکان. زمانی گەشەسەندوو بەهۆی گەشەی کۆمەڵگەوە داهێنانێکی مەزنی عەقڵی مرۆڤە و ئێمەی کورد لەو گەشەکردن و داهێنانە مەزنە بێبەشین. هەموو کەسێکی دڵسۆز بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کورد حەز بە گۆڕینی ئەم دۆخە دەکات کە نازانرێت چەندیتر دەخایەنێت. ئەم هەلومەرجەش بە توندی پەیوەندی بەبارودۆخی سیاسی کوردستان و حیزبە سیاسییە باڵادەستەکانەوە هەیە کەڕۆڵی بەرچاویان گێراوە و دەگێڕن لە قەتیسمانی ئەم دۆخە و لەگۆ خستنی هەر هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە زمانێکی ستانداردی یەک شێوە لەسەرتاسەری کوردستان. 

 

گۆران ڕەسوڵ : لە كوردستاندا وەرگێڕانی بە كۆمەڵ یان دەستە بە دەگمەن هەیە و ئەگەر هەشبێ هەوڵی جدی نین و تا ئێستاش سەنتەرێك یان كۆمەڵەیەكی تایبەت بە وەرگێڕكاران نییە , ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : نەبوونی وەرگێرانی بەگروپ یان دەستەجەمعی یان بەکۆمەڵ خاڵێکی لاوازە بەتەوێڵی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی لە کوردستان. ئەم خاڵە لاوازەش لەو بڕوایەوە هاتۆتە بوون کە دەسەڵاتداران بڕوایان بە وەرگێران نییە و نرخ و بەهای وەرگێران ناناسن. لەهەر سەردەمێکداو لەهەر بڕگەیەک لەمێژووی مرۆڤایەتیدا لەکوێدا وەرگێران بەهەرمێن بووبێت و بایەخی پێدرابێت، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە ئاستێک لەگەشەیان بەخۆیانەوە بینیوە. یان وەک شیگیو مینوورا دەڵی ” ئەو میللەتانەی لەکاری وەرگێراندا چالاکن لەڕووی فیکرییەوە زیندوون” . بۆیە دەبینین لەسەردەمی جیاجیادا وەک سەردەمی بابلییەکان لەعێراق و سەردەمی فیرعەونەکان لەمیسر و دواتر لەیۆنانی کۆن و ئینجا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و تا ئەمڕۆ بەچاوی پر بایەخەوە لەوەرگێرانیان ڕوانیوە و جێگە و ڕێگەی تایبەتیان بۆ داناوە. دەسەڵات گەر بایەخی مەعریفە و وەرگێران بزانێت و کاریگەری وەرگێران لەسەر بەرەوپێشچوون ببینێت، ئەوکات ئامادە دەبێت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکات و دەیان دەستە و گروپ لە وەرگێڕکاران پێکدێنێت و ئیتر دەکەونە وەرگێرانی دەستکەوتە فیکری و مەعریفییەکانی مرۆڤایەتی. دکتۆر عەزەدین محەمەد نەجیب دەڵێ”کاتێ وڵاتی یابان بەڕووی جیهانی ڕۆژئاوا کرایەوە تەنها زانستەکانی خۆرئاوای وەرگێڕا و ئەدەب و فەرهەنگەکە تایبەتەکەی بۆ خۆرئاوا جێهێشت”. بەڵام لەباشووری کوردستان لەبەرئەوەی دەسەڵات نەخەمی مەعریفەی هەیە و نەپێشکەوتن، بۆیە نە بودجە بۆ وەرگێران دابین دەکات و نە پاڵپشتی وەرگێرکارانیش دەکات. ئەوەی هەیە جگە لە خولیا و دڵسۆزی وەرگێرکاران لەدەرەوەی نەخشە و سیستمێکی دروست بەولاوە هیچیتر نییە. ئەم خولیایەی وەرگێڕکارانیش جێگای ستایشە و تا ئەندازەیەک توانیویانە هەنگاوێک بنێن کە بەبەراورد بە ڕابردووی کورد جێی وردبوونەوەیە.

 

گۆران ڕەسوڵ : ئایا وەرگێڕانی تاكە كەسی لەگەڵ وەرگێڕانی بە گروپ و یان دەستە چ جیاوازییەكی هەیە ؟

عه‌بدوڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ : بێ هیچ دوودڵییەک ئەتوانم ڕێ بەخۆم بدەم و بڵێـم ئەوە ئاشکرایە کە وەرگێڕانی بەگروپ یان دەستەجەمعی تا ئاستێکی زۆر چاکتر و پوختترە لە وەرگێڕانی تاکە کەسی. چونکە لێرە دیسان ڕووبەرووی مەسەلەی وردبینی و دیققەت ئەبینەوە. تاکە کەس هەرچەند شارەزا و لێزان بێت لەزمانی لێوە وەرگێڕدراو و هەرچەند بەدیقەت و وردبین بێت و چەندینجار بەسەر دەقەکەدا بچێتەوە، لەوانەیە هێشتا هەندێ گۆشە و کەلێن لە دەقەکەدا مابن کە پڕ نەبووبێتنەوە. بۆیە تێڕوانین و سەرنجی کەسی دووەم یان سێیەم بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە زۆرجار لەسەر بەرگی کتێبی وەرگێڕدراو بینیومانە کە نووسراوە فڵانە کەس پێیدا چۆتەوە و بەراوردی کردووە. من ئەمە بەکارێکی چاک و سوودبەخش دەزانم ، بەڵام هێشتا ناتوانێ جێگای گروپ بگرێتەوە. لەلایەکی تریشەوە وەرگێرانی بەگروپ متمانە لەلای خوێنەر دروست دەکات. کاتێک دەبینی لەسەر کتێبێکی زانستی یان ئابووری نووسراوە لیژنەیەک وەریگێڕاوە خوێنەر بێ دوودڵی دەکەوێتە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی و دەست دەکات بەخوێندنەوەی. بۆیە ئەگەر قسە لەسەر جیاوازی شێوازی تاک و گروپ بکرێت لەوەرگێراندا ئەوە متمانە دەبێتە خاڵی جیاکردنەوەی ئەو دوو جۆرە شێوازە لە وەرگێران.

 

ئەیلولی 2012 

کەنەدا

  سازدانی : گۆران ڕەسوڵ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.