Skip to Content

62 Views

چاوە لە خەمی کۆچی ئەمیر ئەدوێ

چاوە لە خەمی کۆچی ئەمیر ئەدوێ

Be First!
image_print


بە بۆنەی ماڵاوایی ئەمیری حەسەنپوورەوە
(٢٠١٧/٦/٢٤ – ١٩٦٣/٨/١٠)
…….

مەرگ ناخۆشترین هەواڵە. تاڵترینی هەواڵی مەرگی ئەزیزانە کە بێڕادە جەرگبڕە. تەکانێکی ئێگجار گرانە دڵت پێی ئەتەزێ، ئەهەژێ، ڕائەچڵەکێ. تەزووی چیامانی تا سەر مۆخی ئێسقانت ئەچێ، تەنانەت ئەگەر ئاگاداریش بووبی کە ڕەنگبێ بەو زووانە ڕوو بدا.
بۆ وایە؟ چونکە ئەزانی ئەوە دیسان چاوگەیەکی ژیان، ژیانی ئینسانێک، لەوانەی پڕبەدڵ خۆشت ویستوون، وشکانی هاتوە و هەرگیزیش ناژیێتەوە. هەواڵی هەر مەرگێک، با چاوەڕوانکراویش بێ، شەقژنێکی تاڵە، مەرگێکی ناگەهانیە، تەنینەوەی وەکوو ژەهری هەلاهەل ئانیە، دەسبەجێ بە گشت گیانتدا ئەگەڕێ.
بۆ من وا بوو. هەواڵی کۆچی هاوڕێی دێرین و خۆشویستەنیم ئەمیری حەسەنپوور دڵی تەزاندم. زەینی هەژاندم. ڕایچڵەکاندم. بردمیەوە ڕۆژانی سەرچاوەی ئاشناییمان. گەڕاندمیەوە لای دواسووڕی گفتوگۆکانمان بەرلەوەی ماڵاوایی بکا. دەفتەری داستانێکی نۆستاڵژیکی لاپەڕ لاپەڕ هێنایەوە بەر چاوم.
دە وەرە بیخوێنەوە!
دە مەهێڵە هێرشی فرمێسک و هەنسک بەری ڕەهێڵەی بیرەوەریەکانت بگرن!

“پۆلە کۆتر”ەکەی زانستگای تاران

سەرەتای ساڵانی چلی هەتاوی (شەستەکانی سەدەی بیست)، ژمارەیێک خوێندکاری کوردزمان کە لە خوار و ژووری کوردستانەوە ڕوومان کردبووە زانکۆکانی تاران، لەوێ یەکمان ناسیەوە، بەرەبەرە تانوپۆی ئاشنایەتیمان لەسەر ڕایەڵی زانست و سیاسەت و ئەدەب و هونەر تەنیەوە و کۆمەڵێکی نیمچە هاوشێوەمان پێکەوە نا. لە بارودۆخی تایبەتی ئەو شوێن و زەمانەدا، زەمینە بەر لە هەموو شت بۆ گەشەی شێعر و زمان لەبار بوو، گەشەیەک لە بەر تیرێژی کزی سیاسەتی تاریک و ڕوونی ئەو سەردەمەی ئێران و کوردەواریدا. لە تاران جموجووڵی تازەی “جەبهەی میللی”، کرانەوەیەکی سیاسی هێنابووە ئاراوە، لە کوردستانی ئەودیویش بزووتنەوەی ئەیلوول سەری هەڵدابوو، سەرنجمانی ڕاکێشابوو.
چەن ساڵێک دەرفەتمان دەست کەوت، ئەوەندەی لە وزەماندا بوو، بەو پێیەی حاڵ و هەوای سەردەمی لاوەتی مەجالی ئەهێشتەوە، جێ پەنجەی نوێخوازی کاڵ و کرچی خۆمان بە ڕەوتی شێعری مۆدێرنی کوردیدا نا و نەخشینمان کرد. دیارە دەرفەتەکە کەمخایەن بوو، بە کۆتایی خوێندنی هەر کەسە، کەلێنێکی تێئەکەوت. زۆری نەبرد وەک تۆوی هەرزن پەرژوبڵاو بووین و هەر کامە لە بن دەوەنێک گرساینەوە. هۆنراوەی “بەسەرهات”ی عەلی حەسەنیانی: “پۆلە کۆترێک بووین، بێخەم، بێخەیاڵ …” گێڕانەوەی ڕۆمانتیکی ئەو کورتە داستانەیە(١).

“هیوا” و شێوەی شێعری گۆران

لەو کەشوهەوایەدا ئەمیری هێشتا تەمەن بیست ساڵ، چالاکوانێکی چازانی مەیدانی زمان و شێعر و ئەدەب بوو. ژمارێکی تریش تێکۆشەری ئەو بوارانە هاودەم و هاوڕێی بوون؛ لە ناویاندا سێ لاوی شێعردۆستی نوێخوازی ژانری شێعر: سوارەی ئێلخانیزادە، عەلی حەسەنیانی و فاتحی شێخولیسلامی (چاوە)، سێ کەسێ بوون کە دواتر بە “سێکوچکەی شێعری نوێی کوردستانی ئێران” ناویان دەرکرد.
کاتێک هەواڵ گەیشت کە ٢١ دێسامبری ١٩٦٢ ئه‌ستێره‌ی ژیانی گۆران، داهێنەری شێعری نوێی کوردی، لە ئاسمانی ئه‌ده‌ب ئاوا بوە، ئەو کۆمەڵە خوێندکارە بڕیارمان دا چەن بابەتێک شێعر و وێنە و وتار بۆ ژمارەیەکی تایبەتی “ڕۆژنامەی کوردستان” بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕەسواری نوێگەری شێعری کوردی، فەراهەم بکەین. کارەکان کران و بە یارمەتی دوکتۆر صدیقی مفتی زاده سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، ژمارەی تایبەتی گۆران (ژمارەی ١٩٧، ٨ی ئه‌سفه‌ندی ١٣٤١، ٢٧ی فێڤریەی ١٩٦٣)، جوان و ڕێکوپێک دەرچوو.(٢)
“تاران: هیوا”، ئەمیری حەسەنپوور، وتارێکی پڕۆفێشناڵی نووسی بە ناوی: “بەسەرهات و شوێنەواری مامۆستا گۆران”. لەوێدا بە شەیداییەکی شیرین ئەداوە، وێچوونی شێوەی شێعری نوێی گۆران و شێوەی “بەیت و چریکە”ی کۆنی کوردی بەراورد کردوە و بە وێنە هێنانەوەی وەستایانە هەر دوو بەری وێچوونەکەی پیشانی خوێنەر داوە.

با بەشێکی بخوێنینەوە:

“به‌ڕاستی شێعری گۆران مۆسیقای تێدایه؛ كه خوێنه‌ری شێعره‌كانی له كاتی خوێندنه‌وه دا گوێی لێ ده‌بێ و ئێحساسی ده‌كا. له “به‌یت و چریكه‌”ی كوردیدا نه‌سر و هه‌ڵبه‌ست و مۆسیقا تێكه‌ڵن. به‌یتبێژ له به‌یتێكدا ئه‌وی هه‌ڵبه‌سته ده‌بێ به ئاهه‌نگ بیخوێنێ و ده‌نگی لێ هه‌ڵێنێ. هه‌ر هه‌ڵبه‌سته‌ش هه‌وای خۆی هه‌یه. هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆران ده‌ڵێی به‌شێكه له‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له چریكه‌یه‌ک هێنراوه‌ته ده‌رێ و عنوانێكی له‌سه‌ر دانراوه.
لێره دا وێنه‌یه‌ک له هه‌ڵبه‌ستی دوو چریكه‌ی به‌ناوبانگی كوردی (خه‌ج و سیامه‌ند) و (مه‌م و زین) ده‌بینین كه به دوای واندا هه‌ڵبه‌ستێكی گۆران دێ. ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه ئی زۆر كۆنن. شه‌باهه‌تی شێوه‌ی شێعری گۆران (نه‌ک شه‌باهه‌تی مه‌عنا) له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له بیرێكی ساكار و ژیری كوردی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌رده‌كه‌وێ:

ئه‌وه برام هاتووه، یه‌كه، سه‌ر تا پێی كینه و چه‌كه.
برام هاتوون دوونه، خه‌نجه‌ریان ده‌سوونه،
له بۆ گرتنی من هاتوونه،
برام هاتوون سێنه، هه‌موو شمشیر پێنه،
بۆ گرتنی من دێنه،
برام هاتوون چوارن، ته‌واو لێم داخدارن،
له گرتنی من هارن… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
چۆن بڵێن ئه‌وه‌تانێ ماوه! (خه‌جێ) (سیامه‌ند)ییه؟
به خودای خودای پاكی، به یه‌زدانی ڕووناكی
سوێند به جوانی و چاكی، به (تۆ) ڕۆڵه‌ی ئاو و خاكی
به خۆشه‌ویستی و جوانێ، به مه‌رگ و ژیانێ
به ڕۆژی ئاسمانێ، به ئاوه‌ڕوونكه‌ی كانێ،
به پیری كامرانی، لاوۆ هه‌رتۆم خودانی… [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند]
<> <> <> <>
میران ئه‌تۆ گه‌لێک به فیكری
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م میر مه‌م خۆی له‌سه‌ر ئه‌سپی ڕاناگری
میر! په‌كی خۆت مه‌خه خراپم لێ قه‌وماوه
ئه‌من گه‌لێكم پێ له تۆ خۆشتره ئه‌و ڕاوه
ئه‌مما، نه‌خۆشێكی بێ ئیختیارم، جه‌رگم بڕاوه
میر ده‌ڵێ: كاكه‌مه‌م له خۆم نابینم مراد و كاوێ
حوكمه ده‌بێ ده‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌مه ڕاوێ… [چریكه‌ی مه‌م و زین[

ئه‌وه‌ش به‌شێكه له “گوڵی خوێناوی” مامۆستا گۆران:

كوڕ:
بڕوانه: شایی‌یه، چۆپی‌یه، له‌و ماڵه،
گوێ بگره! زوڕنایه، ده‌هۆڵه، شمشاڵه!
زه‌رد و سوور تێكه‌ڵ بوون، ژن و پیاو، هه‌رایه،
له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه!
سا تو خوا، خێرا كه، با بڕۆین، ده‌ست بگرین،
به كامی دڵداری پێكه‌وه هه‌ڵپه‌ڕین!

كچ:
گوڵ نه‌بێ بۆ سه‌رم: ئاڵ چه‌پكێ، زه‌رد چه‌پكێ،
نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ن، نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ!

گۆران له ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی ئێجگار توانایه. مه‌به‌ستی خۆی ده‌توانێ وا ده‌ربڕێ كه خوێنه‌ری هه‌ڵبه‌سته‌كانی ئێحساسی وه‌ی بكا كه له‌گه‌ڵ خۆی قسه ده‌كا، وه یان له باسی دیمه‌نێک خوێنه‌ری هۆنراوه‌ی وی وه‌ده‌زانێ ئه‌و دیمه‌نه به چاو ده‌بینێ. “س. ج. ئێدمۆندس” مامۆستای زمانی كوردی له له‌نده‌ن، له كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: “له بابه‌ت هه‌ورامانه‌وه هیچ ته‌وسیفێكی من جوانتر نابێ له‌وه‌ی كه میرزا عه‌بدوڵڵا گۆران، هۆنه‌ری ئێسته‌ی كورد له گه‌شتی هه‌ورامان دا كوتوویه كه…”. هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌وێ باسی هه‌ورامان ناكا و گه‌شتی هه‌ورامانی گۆران وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر ئینگلیزی وه پێشكه‌ش خوێنه‌رانی ده‌كا:
شنه‌ی سێبه‌ری داری گوێز و توو
ئه‌سڕێ ئاره‌قی ڕێبواری مانوو
ته‌سكینی ڕێگای باخه‌وباخی وێڵ
“مانوو نه‌بی”یه: له‌م كێڵ بۆ ئه‌و كێڵ
“سه‌لامون عه‌له‌یک” مامه‌ی بن دار گوێز
سه‌لامی مانوو له پیری بێ هێز
“مه‌رحه‌با سه‌ر چاو” به‌چكه‌ی كاكۆڵ قیت [له گه‌شتی هه‌ورامان – ڕێگای ناو باخ]”(٣)

“فەرهەنگی زارەکی”:
لێکۆڵینەوەی زانستی و بابەتی دڵڕفێن

ئەمیر ئەو خۆشەویستی و شارەزایەتیەی بۆ “بەیت و چریکە” و بەگشتی ئەدەب و کولتووری زارەکی کوردی، لە بیست ساڵیدا بوویە و لەو وتارەی یادی گۆراندا تۆماری کردوە، لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا پەرەی پێداوە و بە یارمەتی شارەزایی زیاتری لە زانستی مۆدێرندا، پاراوی کردوەتەوە.
لە نووسراوێکی پڕپێزی زمانەوانیدا بە ناوی: “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، لە پێشەکی کتێبی “فەرهەنگی زارەکی موکریان” (بەرگی یەکەم دانانی سەلاح پایانیانی)دا. بە وردبینی شارەزایانە، خوێنەر دەباتە گوڵزاری دەیان بابەتی دڵڕفێنی ئەدەبی زارەکی: “بەیت و باو” و داستانی شیرینی خۆشخوانەکان و بەیتبێژەکان، لەوانە بەیتبێژی هەرەگەورە عەلی بەردەشانی، بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی “هەڵکەتی و خڕناڵ” و “وسوو شایەر”….(٤)
هەر لە وتاری فەرهەنگی زارەکیدا، ئەمیری حەسەنپوور وێڕای داکۆکی لە هەوڵدان “بۆ کۆ کردنەوەی کەلەپووری زارەکی و بڵاو کردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی نووسراو”(٥) باسێکی تێروتەسەلی ڕوونکەرەوە ئەکا لە موخالەفەتی “پەتی گەری” لە زمانی کوردیدا، بەتایبەت لە لایەن ژمارەیێک فەرهەنگنووسەوە. ئەمیر لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەیدا دەڵێ: ” دوو سیاسەتی پەتی کردن و پەتی نەکردن، هیچ کامیان یەکدەست و یەکدەنگ نین. بۆ وێنە، لە بزووتنەوەی پەتی کردنی کوردستانی عێراق و ئێراندا، هێڵی ئەهوەن و سەرەڕۆ بەدی دەکرێ. مامۆستا هێمن لەگەل ئەوەشدا وشەی پەتی، بەتایبەت ئی زمانی زارەکی، دەکاردێنا، دژی پەتی کردنی سەرەڕۆیانە بوو… پەتیگەرە سەرەڕیەکان زمانی کوردییان تەواو کز و هەژار کردووە. ئەگەر فەرهەنگی زمانی ئینگلیسی پڕە لە وشە، کە لە سەدان زمانی دنیا وەرگیراون، ئەگەر فەرهەنگی فارسی پڕە لە وشەی عەرەبی و تورکی و یۆنانی و هیندی و فەرانسەیی و ئینگلیسی و زۆر زمانی تر، زۆربەی فەرهەنگە کوردیەکان، وشە خوازراوەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە بێژنگی پەتیگەری دەدەن، بۆ وێنە ئەو وشانە لە شێعری نالی، شاعیری پایەبەرزی کلاسیکدا دەکار هاتوون: حازر- حوجرە- حوسن- حەقیقەت- عوجب- عوریان- عوزار- عوقدە- عومر- عەسر- عەیب- عەیش-عیبادەت- عیشق- عیلم- عینایەت- غارەت- غوربەت- غوفران- غوڵام- غەرامەت- غەریق- غەواس {دیوانی نالی و فەرهەنگی نالی، مارف خەزنەدار، بەغدا، ١٩٧٧}(٦)

ناسیۆنالیسم و زمان لە کوردستان
١٩٨٥- ١٩١٨
ئەم کتێبەی ئەمیری حەسەنپوور (٧) تێزی دوکتۆراکەی بووە کە بە ناوی “فاکتەری زمان لە ئاڵوگۆڕی نەتەوەییدا: ستانداردیزە کردنی زمانی کوردی، ١٩٨٥- ١٩١٨”(٨)، ساڵی ١٩٨٩ لە زانستگای ILLINOISی ئەمریکا قبووڵ کراوە. لێکۆڵینەوەیێکی وردی پڕزانیاریە بە ئینگلیسی کە بەداخەوە تا ئێستا وەر نەگێردراوەتە سەر کوردی یان فارسی. بەشکەم تێکۆشەرانی نەسڵی نوێ کە توانا و ئێنێرژی ئەو کارە لە خۆیاندا شک ئەبەن، دەس بدەنێ تا خەڵکانێکی فراوانتر کەڵکی لێ وەرگرن.
هەر لەو بوارەدا ئەمیر لێکۆڵینەوەیێکی ورد و بەسوودی هەیە لەسەر ئەو وشە کوردییانەی مانایان پیاوسالارانە و دژ بە ژنە و پاشماوەی کولتووری کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارین کە ئێستاش هەر بە کار دەبرێن و بەرهەم ئەهێنرێنەوە. بۆ وێنە وشەی “پیاو” یان “مرۆڤ” بۆ مانای ئینسان، بەشەر و …(٩).

دوا بەرهەمەکان:

تەدریسی کۆمەڵناسی لە ئێرانی ساڵەکانی ١٣٤٠
ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان

ئەمیری حەسەنپوور تێکۆشەرێکی نەسرەوتووی مەیدانی سیاسەت و زانست و زمانەوانی و میدیا، لێکۆڵەرێکی وردبین و قووڵ تێوەچووی ئەدەبیاتی نووسیار و زارەکی بوو. لە چاو باری دژواری تەندوروستی ئەم ساڵانەی، لە گیان و لەش بە بەرداکردنی ئەوەی لە زەینیدا زەخیرەی کردبوون بە شێوەی کتێب و نوسراو و وتووێژ بە سێ زمانی ئینگلیسی و کوردی و فارسی، زۆر چالاک بوو.
دوو نووسراو کە ساڵی ڕابردوو (٢٠١٦) بڵاوی کردوونەوە، یەکیان وتارێکی ئاکادێمی فارسیە بە ناوی: “امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠”(١٠)، ئەوی تریان وتارێکی کوردیە بە ناوی: “ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان” بۆ ناساندنی پڕۆژەیەکی تەحقیق و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕاپەڕینی وەرزێران لە ناوچەکانی بۆکان و فەیزوللابەگی لە ساڵانی ١٣٣٢- ١٣٣١ لە دەورەی سەرۆک وەزیری مصدق و دواتر ڕووخان و زیندانی کردنی مصدق بە کوودەتای ٢٨ی موردادی ١٣٣٢(١١). ئەوەندەی ئاگادارم کاک ئەمیر لە ژوور بیست ساڵەوە سەرقاڵی کۆ کردنەوەی زانیاری و بەڵگە و ئەنجامدانی دەیان وتووێژ بووە لەسەر ئەو ڕاپەڕینەی جووتیاران. مێژوویەکی پشت گوێخراو کە جیا لە ئەمیر تەنیا سێ کەسی تر دەستیان بۆ بردوە: ئەنوەری سوڵتانی، عومەری عەسری و ڕەحمانی موحەممەدی. بەرهەمەکەی کاک ئەمیر کە قەرارە چوار بەرگ بێ، کارێکی کارستانە لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی چینایەتی کوردستانی ئێراندا.

چاوێک بکەین لە بەشیکی وتارەکە:

“… له بارودۆخی کوردستاندا، ته بایی و ناتهبایی، ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكی
پێوەندی ئاڵۆز و بەرینیان ھەیە، چ لە سیاسەت چ لە بەرھەمھێنانی زانست و ھونەردا، ناكۆكی ناوخۆیی لەبیردەكرێ و لە سای ناكۆكی دەرەكیدا دەشاردرێتەوە. بەڵام بێدەنگ بوون لە ناكۆكی ناوخۆیی ھەڵە یان فەرامۆشكاری نییە و زۆرتر رێبازێكی سیاسی و ئیدەئۆلۆژییە… لەو نووسراوەدا باسی بارودۆخی لێكێۆڵینەوە لە بابەتێكی وەپشت گوێخراو دەكەم راپەڕینی وەرزێرانی موكریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢). بە كورتی، ئیمكانات، دەستكەوتەکان وكۆسپەكانی لێكۆڵینەوە لە مەڕ ئەو ڕاپەڕینە وەبەرچاو دەخەم، دەوری رێبازی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی لە گێڕانەوە و دانان و خوڵقاندنی مێژووی ئەو ڕاپەڕینەدا پێشان دەدەم. ئەوەی لێرە نووسیومە خودی لێكۆڵینەوەكە نیە و گوزارشتێكە سەبارەت بەو پڕۆژەیه كە بە ھیوام تا ساڵێكی دی لە چوار بەرگدا بڵاو بێتەوە … لەو گشتە ناتەباییانەی لە كوردەواریدا ھەبووە، ئەوەی لە زانستی کۆمه ڵی و مێژوونووسیی و
ھونەردا كەمتر باسی كراوە، ناكۆكی چینایەتی بە تایبەت خەباتی وەرزێران لە دژی چینی ده سەڵاتداری دەرەبەگ )ئاغا؛ به گ؛ خان؛ فئۆدال( و خه باتی چینی کرێکار )که پێکھاتەیێکی نوێیه ( له دژی چینی سەرمایەدار. كێشەكە ھەر بێدەنگی كردن لە خەباتی چینایەتی نییە. كاتێكیش ئەو باسانە كراون كێشەوبەرە دەگەڕێتەوە سەر ھەڵوێست و روانگە و بۆچوون. لێكۆڵینەوە و وەدیھێنانی زانیاری سەبارەت بە خەباتی چینایەتی خۆی ده بێته گۆڕه پانی خەباتی چینایەتی. باسی راپه ڕینی 1331 له سه ره تاوه تا مێژوونووسینی ئێسته ی له خه باتی چینایه تی دا نوقم بووه “.(١٢)

یادی ئازیزە
باسی کارەکانی ئەمیری حەسەنپوور ناکرێ لە کورتی ببڕێتەوە. بە پێی ناسیاوی شەخسیم دڵنیام سەرباقی ئەوەی بەرهەمی زۆری بڵاو کردوەتەوە، هێشتا چەن قاتی ئەوانە لە زەینیدا مابوون کە بەداخەوە مردن مەجالی نەدا بیانڕەخسێنی. سەد حەیف و خەسار! خەسارەتێکی گەورەیە تەنیا بەوە قەرەبوو دەکرێتەوە کە ئەوانەی ناسیومانە، ڕێز و پێزانمان بۆ یادگارە بەپێزەکانی هەبێ و تا لە دەستمان دێ زیاتر بیناسێنین.

چاوە/ فاتح ش.

١٤/٤/ ١٣٩٦ – ٥/٧/ ٢٠١٧

———
(١) “بزەی زەمەند”، هۆنراوەی عەلی حەسەنیانی (١٩٩٢-١٩٣٩) ، بڵاوکەرەوە جەعفەر حوسێنپوور (هێدی)، ١٩٩٣. لل. ١١٤-١١٢
(٢) یادی مامۆستا گۆران،
http://hedih.blogspot.se/2004/03/blog-post_14.html
(٣) بڕوانە ژمارە (٢)
(٤) “فەرهەنگی زارەکی” لە خولی تێکنۆلۆژی زماندا، دوکتۆر ئەمیر حەسەن پوور، پێشەکی کتێبی: “فەرهەنگی زارەکی موکریان”، سەلاح پایانیانی، ١٣٨٥، لل. ٧٧-١٣
(٥) هەمان جێ، ل. ٦٥
(٦) هەمان جێ، لل. ٦٧-٦٥
(٧) Nationalism and language in Kurdistan 1918- 1985,
Mellan Reseach University Press, 1992, 520 pages
(٨) THE LANGUAGE FACTOR IN THE NATIONAL DEVELOPMENT: THE STANDARDIZATION OF THE KURDISH LANGUAGE, 1918-1985
(٩) The (Re)production of Patriarchy in the Kurdish Language, WOMEN OF A NON-STATE NATION,
Edited by: Shahrzad Mojab, pp 227-263
(١٠) امیرحسین آریان پور و تدریس جامعەشناسی مارکسیستی در دهۀ ١٣٤٠، ایراننامە، شمارە ١، سال ١، بهار ٢٠١٦
(١١) ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان، ١٣٣٢- ١٣٣١ (١٩٥٣- ١٩٥٢)، گۆڤاری Derwaze ، ژمارە ١ .
(١٢) هەمان جێ، لل. ٢-١
***

Previous
Next

Leave a Reply