Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
با لە گەنجان یاخی بین!!

با لە گەنجان یاخی بین!!

Closed
by August 5, 2008 گشتی

     زۆرن ئەو گووتە  و دەستەواژانەی ستایشی گەنجان دەكەن و بە داینەمۆ و سەری ڕم و پێشەنگی گۆڕان و ئافرێنەری بزاف و شۆڕشەكان و وزەی شاراوەی كۆمەڵگا و…هتد ستایش كراون. لە راستیشدا ئەو گووتە و دەستەواژانەی گەنجانی پێ ناوزەد دەكرێت لەگەڵ سروشت و راستینەی گەنجاندا یەك دەگرێتەوە و ناكۆك نییە، بەڵام كاتێك یەكدەگرێتەوە و ناكۆك نابێت كە بەراستی و لە كەسێتی و فیكر و ژیان و كرداردا گوزارشت لە سروشت و راستینەی گەنجانەی خۆی بكات، نەك لە كەسێتی خۆیدا نامۆ بووبێت و كۆی پەتا و نەخۆشیە كوشندەكانی تێدا كۆ كردبێتەوە، بەڕادەیەك لە ئەقڵ و رۆح و هەڵسوكەوتیدا، پیرانە و  بەساڵاچووانە بێت.
    مخابن ئەوەی دەبینرێت، زۆربەی گەنجان لەم بەشەى ئەم وڵاتە دوورن لە سروشتی گەنجانەی خۆیانەوە، گیانی یاخیگەرێتی و جەربەزەیی تێیاندا كاڵ بووەتەوە، زۆرن ئەو گەنجانەى بێبەرین لە گیانی بەرپرسیارێتی و داهێنان و دەستپێشخەریەوە، نامۆن بە مۆڕاڵ و جۆش و خرۆش و چالاكوانێتی. راستە كۆمەڵگای ئێمە كۆمەڵگای چەپاندن و كوشتنی گیانی گەنجێتیە، دەسەڵاتیش دەسەڵاتی دەبەنگكردنی تاك و بە مێگەلكردنی كۆمەڵگایە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو راستیەدا گەنجێتیش بە واتای یاخیبوون و شكاندنی كۆت و بەند و نەریتە سواو بۆگەن و داڕزیوەكانی كۆمەڵگا دێت، بە واتای  هەڵشاخان بە ڕووی دەسەڵاتی ملهوڕ و گەوج دێت…
   لە راستیدا گەنجان بە یاخیبوونەوە جوانن، بەئەرك و مافەكانیانەوە خاوەن ناسنامەن، بە گیانی سەركێشیەوە گەنجن، ئەگەر گەنج یاخی نەبێت و سەركێشی گۆڕان و وەرچەرخانەكان نەكات، كەواتە لە سروشتی گەنجێتی خۆی دەرچووە، بۆتە بوونەوەرێكی دیكە.
   لەكاتێكدا كێشە و گرفتە ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان تا دێت ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبن و تا ئاستی گێژاو و فەوزا چووە، كەچی زۆربەی هەرە زۆری گەنجان هێشتا دەست لە ئەژنۆ و بێهودەییانە چاوەڕێی رەحمەتى دەسەڵاتن تا شتێكیان بۆ بكات، زۆر بێخەم و بێباكانە لە خۆی و دەوروبەر و ژینگەكەی دەڕوانێ و قەدەرگەرایی تا قووڵایی رۆح و هزر و ناخیدا رۆچووە، تا ئەو رادەیەی شكور بێت بە بەشی خۆی و ئارەزوو و داخوازی ئازادی و گەیشتن بە مافەكانی تا بڵێی كز بووە و خۆی شایستە بە ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر نابینێ. مسۆگەر ئەمەش كوشندەترین دۆخە كە گەنجان تێی كەوتبن. بێگومان هۆكاری بنچینەیی گەیشتنی گەنجان بەم دۆخە تراژیدیایە، نەبوونی هۆشیارییەكی هەمەلایەنەیە و لەئاكامى دەرك نەكردن و راست نەخوێندنەوەی ئەو بارودۆخەیە، كە كۆمەڵگاكەمان پێیدا تێدەپەڕێت، مسۆگەر ئەگەر هۆشیاری نەبێت ئەوا ئیرادەی خۆ رێكخستن و چالاكی نواندنیش نابێت.
 لە راستیدا هۆشیاری مەرجی بنچینەیی (تاك) بوونە، تاكێتیش لە "هۆشیاربوون"ەوە سەرچاوە دەگرێت و بە خۆڕێكخستن كردن و چالاكی نواندنیشدا دەرباز دەبێت، تا لەكۆمەڵگای ئێمەدا تاك نەبێتە خاوەن ناسنامە و ئیرادەی ئازادانەی خۆی و دەستبەرداری ئەو دەبەنگیە نەبێت كە دەسەڵات و كۆمەڵگای نەریتی بەسەریدا سەپاندووە، ئەوا شتێك نییە ناوی رۆحی گەنجێتی و یاخیبوونی گەنجان بێت. ئەم رۆحەش بە هۆشیاری دێتەدی و بە ڕێكخستەبووونیش یاخیبوونی گەنجانە بەرەو هەڵكشان دەچێت، ئەگەرنا گەنجبوون تەنها بەڕێژەی تەمەن پێوانە ناكرێت، كۆمەڵناسی دەمێكە دەستبەرداری ئەو پێوانە بایۆلۆژییە بووە كە گەنج و گەنجبوون تەنیا بە تەمەن بپێوێت، بەڵام كە گەنجان ئامادەگی رۆحی و هزری كرداری تێدا نەبێت بۆ یاخیبوون و نەتوانێت ببێتە خاوەن پرۆژەیەك، نە هەر تەنیا بۆ خودی خۆی، بەڵكو بۆ سەرجەم كۆمەڵگاش، ئەوا مسۆگەر ناتوانێت گەنجێتى خۆی بسەلمێنێ و مۆركی خۆی لە قۆناخە هەستیار و مێژووییەكان بدات. بۆیە بۆ ئەوەی گەنجان سەرلەنوێ گەنج ببنەوە و یاخی ببن ئەوا پێویستە لێیان یاخی ببین، بۆ ئەوەی گەنجان لە دەسەڵاتی ملهوڕ و كۆمەڵگای داڕزیوو یاخی ببن پێویستە لێیان یاخی ببین. بەواتایەكی دیكە؛ هەرتەنیا ستایشكردن ناتوانێت راستینە و وزە و توانستى گەنجان بخاتەڕوو، بەڵكو پێویست دەكات رەخنەش بكرێن و لایەنە بەكەموكوڕییەكانیشیان بەر رەخنە بدرێن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.